محەمەد عەبدوڵڵا: پەڕلەمان شکستی بە قۆرتێکیتری ئەحزابی کوردی هێنا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێشتر ئەگەر هەندیک ڕاستیی دانوستانەکانی نێوان بەغداو دەسەڵاتی کوردی، یان تاڵان و بڕۆی مافیاکانی کوردت باسکردایە، تەنانەت نەیارەکانیش باوەڕیان نەدەکرد، بەهۆی ئەو سۆزەی هێشتا لەناخی خەڵکدا ماوە بەرامبەر بە ئەحزابی کوردی، بەڵام ئەوەی لەپەڕلەمان ڕووی دا، دەرگایەکی بۆ باوەڕهێنان کردەوە.
لەپەڕلەمان چی ڕوویدا؟ ماوەی چەند هەفتەیەکە پەڕلەمانی عێراق خەریکی سەرپێخستنی یاسای قەرزکردنە، تا حکومەتی عێراق بتوانێت لەم قەیرانەدا مووچەی فەرمانبەران دابین بکات، هەڵبەت لەوێ هێشتا پەرلەمان هەیبەتێکی ماوەو نەبۆتە دەسکەلای بەچکە مەسئولێک. لەو ماوەیەدا نائیبە کوردەکان، جگە لە سێ چوارێکیان کە لەژێر فەرماندیی خاتوون نائیب ڤیان؟ دان، کاریان تەنیا قورسکردنی دەرچواندنی یاساکە بوو، بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق نەتوانێت مووچە بدات و ئەوەش بکەنە شەرعیەتی دزینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. عەرەبەکانیش کێشەیان لەگەڵ کورد نەبوو بەوپێیەی ڕێکەوتنی مانگی 10 دەستەبەری پشکی کورد لەقەرزەکە دەکات. تا دوا شەوی دەرکردنی بڕیارەکە، کاتێک عەرەبەکان کڵێشەی یاساکە دەخەنە بەردەستی نائیبە کوردەکان و فەرماندەکەیان، هیچ تێبینیەکیان نابێت تەنیا ئەوەندە داوا دەکەن کە تا سەعات هەشتی شەو مۆڵەتیان بدەن بۆ ئاگادارکردنەوەی مەرجەعەکەیان، پێش سەعات هەشت لارینەبوونی مەرجەعەکەیان ڕادەگەیەنن، چونکە بەحساباتی فەرماندەو نائیبەکان یاساکە لەنێوان خودی عەرەبەکان تەوافوق بەدەست ناهێنێت. بەڵام ئەوەی ڕویدا پێچەوانەبوو، یاساکە ڕەزامەندی زۆرینەی بەدەستهێنا، ئیتر لەتاو شکستی خۆیان دەستیانکرد بەگیروگاز و لەهۆڵەکە خۆیان تۆران، عەرەبەکانیش لەپێناو قوتی خەڵکی هەموو عێراق بە کوردیشەوە یاساکەیان دەرچواند، لەوێشدا هاوڵاتی کوردیان لەبیرنەکردو پەراوێزێکیان بۆ هێشتەوە تا نیوەی داهات تەسلیم بەبەغدا بکەن و لەبەرامبەردا مووچەی تەواو بنێرن.
ڕەنگە هێشتا ڕوون نەبێت، بۆیە دەبێت بزانرێت کە بەدرێژایی دانوستانی ئەحزابی کوردی لەگەڵ بەغدا لەبارەی پشکی هەرێمەوە، بۆ ئەوە بووە بەغدا بەشەکەی هەرێم نەنێرێت، نەک وەک ئەوەی میدیا یارو نەیارەکان بەزۆر کردویانەتە مێشکی خەڵکە داماواکەمانەوە. بەغدا هیچ جیاوازیەک ناکات لەنێوان هاوڵاتیان و بەردەوام سوورە لەسەر ناردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەوە حکومەتی هەرێمە نەک هەر پارەی نێردراوی بەغدا دەدزێت و تەپڵی کوردایەتی لێدەدات و داهاتی نەوتی بەتەواوی حەپلوش کردووە، تەنانەت داهاتی کۆی سێکتەرەکانی دیکەی ناوخۆی بەسەر دەیان مافیای سەر بە سێ ئیقتاعە عەسکەریەکەدا دابەشکردووە. تۆ هەرئەوەندە نییە مووچەکەت دەدزرێت، بەناوی باج و خەراج و غەرامەو ڕسوماتەوە بەدەیان شێواز پارەت لێدەکێشرێتەوە، بەجۆرێک هەموو عورف و عادەتێکی تێپەڕاندووەو چۆتە قاڵبی سەرانەوە، ئەو پارانەی شۆڕشگێڕەکان لەهەرێم لەخەڵکی دەسەنن لەهەندێک کاتدا لەنێوان سێسەد بۆ پێنجسەد ئەوەندەی عێراقە.
جگە لەوەش ماشێنێکی ئیعلامی گەورەیان خستۆتە گەڕ گوایە نەوتەکەیان تورکیا دەستی بەسەردا گرتووە، بەداخەوە لەمەدا نوسەرانی بەناو بێلایەن و دەیان سۆشیالخۆری بندیوار و ئەندامانی حیزبە توڕدراوەکان لە دەسەڵات، بوونەتە کەڕەنای بەلاش. نەوتی هەرێم نەک تورکیا هیچ دەوڵەتێک تەنانەت ناتوانێت بچوکترین ئاستەنگیشی بۆ دروستبکات، بەو پێیەی نەوتی هەرێم لەباشترین جۆرەکانی نەوت و تێچووی کەمترین و کرێی گواستنەوەی هەرزانترینە، بۆیە ئاسانکاری بۆ کرا تا سووتەمەنی ئیسرائیل دابینبکات. بۆیە تۆ کە وا دەزانیت تورکیا دەسەڵاتی بەسەر نەوتی هەرێمدا هەیە، بەیەک سێرچی بچوکی ناو گۆگڵ زانیاریت دەستدەکەوێت، ئەوەی تۆ دەیڵێیت لە حەفتاکانی سەدەی پێشوەوە کۆتایی هاتووە.
ئەگەر لەبەر خەمخۆری برا عەرەبەکانمان نەبێت، هەرێم لەقەیرانی داراییدا نییە تا قەرزی بدرێتێ، تا ئەم ساتەش داهاتی هەرێم زۆر لەوە زیاترە کە چەند ساڵێک لەمەوبەر لە بەغداوە وەک مووچە بۆی دەهات، ئەم قسەیە هیچ بەڵگەیەکی ناوێت، تەنیا ئەوەندە نەبێت بەو لێدوانانەی ئاشتی هەورامیدا بچۆرەوە کە لەسەرەتای پرۆسەی دەرهێنانی نەوتەوە تا ڕۆژی دەرکردنی داونی، ئیتر بۆت دەردەکەوێت کە داهاتی نەوت چەندە، ئەگەر تاقەتی ئەوەشت نییە لەخۆت بپرسە چۆن حکومەتی عێراق ڕازییە بە نیوەی داهاتی هەرێم تەواوی مووچە بدات، لەکاتێکدا ئەحزابی کوردی بە هەموو داهاتەکە مووچەیان پێنادریت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت