محەمەد عەبدوڵا: گەمەی حوکمڕانی.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ناو بازاڕی سلێمانی خاتوونێکی بەخشراو هەیە، لەگەڵ ڕێز و حورمەتم بۆ بەڕێزیان، زۆربەی کات ئەگەر دڵی خۆش بێت، گۆرانی دەڵێت، ئەگەریش بێزار و هەراسانی ئەم ژیانە ئەتککراوەی ژێر دەسەڵاتی ستەمکارانی کورد بێت، ئەوا وتار دەدات. جا وتارەکانی، یان سیاسیین، یانیش ئایینین. هەڵبەت وتارەکانی بێ سەر و بنن و بە کەمی لێیتێدەگەیت، ڕۆژێک لە چایخانەیەک چام دەخواردەوە ئەویش لەو نزیکە وتاری دەدا، لە میانەی قسەکانیدا چەمکێکی بەکارهێنا بۆ من زۆر جێی تێڕامان بوو، بە تەواوی مێشکی داگیرکردم و بۆ ماوەیەک وەستاندمی، ئەو وتی: گەمەی حوکمڕانی.
گەمەی حوکڕانی، وەک چەمک و دەستەواژە، تا ئێستا لای هیچ نوسەر و ئەکادیمیستێکی ئێمە بەکارنەهاتووە، بۆ منیش زۆر نوێبوو. زۆربەمان بەردەوام بەدوای چەمکێک، یان دەستەواژەیەکدا دەگەڕێین تا پۆلینی ئەم شێوە دەسەڵاتدارێتیەی پێبکەین و بیخەینە ژێر پێناسەوە، یان نموونەیەکی لە دەرەوەی جەستەی شەکەتی کوردە حەیاتەکە بۆ بدۆزینەوە.
گەمەی حوکمڕانی، ڕێک و پڕ بە پێستی برادەرانە، نەک هەر بۆ ئەمڕۆ، بەڵکو تەواوی دەسەڵاتدارێتی کوردی لە کۆن و نوێدا، چ لە شاخ بووبێت و چ لە شار، زۆر بە جوانی دەچێتە ژێر ئەو دەستەواژەیەوە. تەنیا لە کارکردن و شێوازی حوکڕانیان وردبەرەوە، ڕێک بۆت دەردەکەوێت، حیزبگەلی کوردی تەنیا ویستی گەمەی حوکمڕانییە، نەک خودی حوکمڕانی.
پێش هەموو شتێک حوکمڕانی بەرپرسیارێتییە، دەسەڵاتی ستەمکاری کوردیش بە هیچ شێوەیەک بەرپرسیارێتی بچوکترین ئەرک هەڵناگرێت و بێ سێ و دوو دەڵێت؛ خەتای بەغدا و دوژمنانی گەلەکەمانە، وەک ئەوەی ئەو دوژمنانە ئیشوکاریان نەبێت هەر خەریکی دژایەتی ئێمە بن.
کە لە شاخ بوون ئەو ناوچانەی خۆیانی لێبوون، هەرچەندە ناویان لێنابوون ناوچە ئازادکراوەکان، بەڵام تەنیا بە شەو وابوو، دەنا کە ڕۆژدەبۆوە هێزی دەسەڵاتدارێتی عێراق کوێی بویستایە دەچووە ئەوێ، لەو ناوچانە بۆ زوڵم و ستەم خۆیان بە حوکدار دەزانی، بەڵام بچووکترین ئەرک و بەرپرسیارێتیان نەدەخستە سەر شانی خۆیان و بە وڵاتی بەعسییانیان لە قەڵەم دەدا، ئەوەتا ئێستاش نەوەکانیان نەوت دەدزن و پارەی خەڵکی ڕەشوڕووت دەخۆن، کەچی دەڵێن با پارە لە بەغداوە بێت، کە کێرڤی کوردایەتیشیان هەڵدەستێت دەڵێن عێراق ئەنفالمان دەکاتەوە، وەک ئەوەی ئەوان هۆکاری ڕاستەوخۆی ئەنفال نەبووبن، کاتێک مقاوەمەتیان نەکرد و خەڵکی سڤیلیان بۆ بەعسی دڕندە جێهێشت، هەروەک دوای سی ساڵ گەمەی حوکمڕانی کەرکوکیان جێهێشت و گەمەی خیانەتیان دایەوە بە ڕووماندا.
گەمەی حوکمداری میراتێکی سیاسییە و لە کۆنەوە لە ناو کورداندا ماوەتەوە، سەرۆک وەک سەرۆک خێڵ ڕەفتار دەکات، وا دەزانێت ئەرکی میللەتە ئەوان دەوڵەمەند بکات، ئەگەر هەر باسی ئەم ستەمکارانەی ئێستا بکەین، لە شەڕی دەربەند بە دواوە، کە حەفتا ساڵ دەکات، لەشاخ بووبێت، یان لە شار حوکمی ئەم گەلەیان کردووە، تا ئێستا بچووکترین سوودیان بە کەس نەگەیاندووە. لە باوکەوە بۆ کوڕ و کوڕەزا درێژەیان پێداوە، ئەگەر تەنیا دۆڵێکیشیان بەدەستەوە بووبێت، باج و خەراجیان سەندووە و مشەخۆری سەر جەستەی شەکەتی خەڵک بوون، تا ئێستاش لە هیچ شوێنێکدا بچووکترین بەرپرسیارێتیان هەڵنەگرتووە، وەنەبێت هەر حیزبەکانی خۆمان وابن، ئەوەتا هەندێک لە شۆڕشگێڕەکان تەنیا هێڵی بستۆکەیەک سنووریان بەدەستەوەیە کەچی گومرگ لە ڕەشووڕووتی سەر سنوورەکان دەسێنن.
ئەوەی لە دەسەڵاتی کورد دەبینرێت و بینراوە تەنیا گەمەی حوکمڕانییە نەک خودی حوکمڕانی. دەستخۆش خانمە بەخشراوەکە، ئەوەی تۆ وتت و درکاندت ئێمە درکمان پێنەکردبوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت