محەمەد عەبدوڵا: هەڵەبجە، شەڕی کۆتایی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵانە لە ناوەڕاستی مانگی سێدا زامەکانی هەڵەبجە هەڵدەدەنەوە و بۆ بەدەستهێنانی بەزەیی زلهێز و دەوڵەتە دراوسێکان دەکەونە شینوشەپوڕ، بێئەوەی ئاوڕێک لەو خەڵکە داماوەی هەڵەبجە و دەوروبەری بدەنەوە، بەڵام تا کەی دەتوانن ڕاستی ڕووداوەکان بشارنەوە.
نەک هەر وەک دەسەڵاتی ستەمکاری کورد، تەنانەت گەلی کوردیش بەردەوام دەیەوێت وەک غدرلێکراو خۆی دەربخات، لەو هەموو کێشمە کێشمەی مێژوودا بۆ جارێکیش ڕووداوێک، یان کارەساتێک وەک خۆی لێکنەدرایەوە و سەرکردەیەک جورئەتی ئەوەی نەبوو بڵێت؛ تاوانی من بوو، یان گەل ڕووبەڕووی بێتەوەوە و لەسەر خیانەت و هەڵە پەنجە بکات بە چاویدا و سزای بدات.
کەس گومانی لەوە نییە کە شەڕی هەڵەبجە بۆ هاوڵاتییانی شارەکە دڕندانەترین کارەساتە، گەورەترین زوڵمە لە خەڵکی بێچەک و بێزیانی شارەکە کراوە، بەڵام تا ئێستاش نە دەسەڵاتی کوردی و نە هاوڵاتی و نە مێژوونووسان و نە ئەکادیمیستانی ئێمە، نەهاتن لێکۆڵینەوەیەک لە بارەی ئەو کارەساتەوە بکەن، تا ئێستا یەکێک باسی نەکردووە کە ئەوە شەڕێک بوو لە نێوان دوو زەبەلاحترین سوپای ناوچەکەدا ڕوویداوە، یەکێکیش بوو لە شەڕە هەرە گەورەکانیان، تا ئێستاش هەر ئەوەندە دەڵێن فڕۆکەکانی عێراق هاتن و شارەکەیان بۆردومان کرد، کەس بە جۆرێک باسی نەکرد کە ئەو شەڕە نەگریسە لە نێوان دوو لایەندا بووە، ئەو شارەش کرایە سووتەمەنی ئەو شەڕە نەگریسە.
جیاوازی شەڕی هەڵەبجە لە کۆی شەڕەکانی دیکەی نێوان هەردوو سوپای عێراق و ئێران ئەوەیە کە چەکی کیمیاوی تێدا بەکارهات، تا ئێستاش لە دەرەوەی خۆمان یەکلا نەبۆتەوە کە کام لەو دوو سوپایە ئەو چەکە قەدەغەکراوەی بەکارهێناوە، ڕاستە ئێمە باوەڕمان بەوەیە کە سوپای عێراق بەکاریهێناوە، ئێمە سەرچاوەمان تەنیا ئەدەبیاتی ئەو حیزبانەیە کە خۆیان بەشداری شەڕەکە بوون، لە کاتێکدا پێویستە بە دۆکیۆمێنت و لەڕێگەی لێکۆڵینەوەی زانستییەوە ئەوە بسەلمێنین، چونکە هەر ئێمە دەڵێن عێراق بوو، دەنا لەدەرەوەی خۆمان تا ئێستا یەکلایی نەبۆتەوە، تەنات ئەمریکا و ڕۆژئاوا کە سووربوون لەسەر ئەو بۆچوونە، لە نائامادەیی بەڵگەکاندا، ئەوانیش بۆچوونیان گۆڕاوە، ئێمە هەر لە یەک لاوە سەیری شتەکان دەکەین، لە کاتێکدا شەڕ لە نێوان دوو لایەندایە، ئەوەتا ئەرشیفی سوپای ئێران دەیان بەڵگە و گێڕانەوەی تێدایە کە هەندێکیان چاپ و بڵاویش کراونەتەوە، بەڵام یەک مێژوونووسی ئێمە نەیتوانیوە دەستی بۆ بەرێت و ڕاستییەکان بسەلمێنێت.
ئێران هەر لەسەرەتای جەنگی هەشت ساڵەوە دەیویست بە هۆی زۆری دانیشتوانەکەیەوە شەڕەکە بەرێتەوە، ئەو کاتە ژمارەی دانیشتوانی ئێران نزیکەی 45 ملیۆن کەس بوون، لە کاتێکدا عێراق تەنیا سیازدە ملیۆن بوو، ئێران لەسەروبەندی شۆڕشی ئیسلامیدا بوو، کاتێک شەڕەکە هەڵگیرسا هێشتا دامەزراوەکانی پێکنەهێنابوو، لە بەرامبەردا عێراق لە ڕووی دارایی و چەکەوە زۆر لە ئێران باشتربوو، بەڵام لە کۆتا مانگەکانی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران عێراقدا، تاڕادەیەک هاوکێشەکان بە ئاراستەیەکی دیکەدا ڕۆیشتن، چونکە ئێران دڵنیابوو ئەو هۆکارە نابێتە فاکتەری سەرکەوتنی لەبەرامبەر ئەو هەموو هاوکارییەی عێراق لە وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژئاوا وەریدەگرێت، هاوکارییەکان زۆر زیادیان کرد بوو، تەنانەت لە شەڕی فاودا پێشکەوتووترین تەکنەلۆجیایان بۆ بەکارهێنا، بۆیە بیری لە وەستانی شەڕەکە دەکردەوە، کە دواییش شەڕی هەڵەبجە ئێرانی ناچار بە ڕاگرتنی یەکجاری جەنگەکە کرد.
ئێران دڵنیابوو درێژەدانی زیاتر بە جەنگەکە زیانی بۆ خۆی زیاترە، بەڵام بۆ پتەوکردنی دەسەڵاتی خۆی لەناوەوە دەیویست بە دەستکەوتێکی بەرچاوەوە بێتە دەرەوە، ئەو کەسانەی ئەو ڕۆژگارەیان لە بیرە دەزانن ڕاگەیاندنەکانی ئەوکاتەی ئێران پڕبوون لە پەیام کە تا کەربەلا ناوەستن، تەنانەت وا خستبویانە مێشکی هەوادارانیانەوە کە گوایە ئیمام مەهدیی چاوەڕوانکراو لەگەل ئیمام خومەینیدا کۆبۆتەوە و وتوویەتی دەچنە کەربەلا، ئەم پڕکردنی مێشکی خەڵکە بۆ ئەوەبوو بە تەواوبوونی شەڕەکە شۆک نەبن، لە لایەکیتریشەوە بۆ بەرزکردنەوەی ورەی هێزەکانی بوو، بۆ عێراقیش تاکتیکێک بوو تا سەری لێبشێوینێت، لە یەک کاتدا لە سێ شوێنەوە دەستی بە جموجۆڵی سەربازی و ئامادەکاریکرد، لە ڕۆژهەڵاتی بەسرە و ڕووبار ئەلجاسم و هەڵەبجە، ئەو دوو شوێنەی یەکەم بەهۆی نزیکیان لە کەربەلاوە زیاتر جێی سەرنج بوون، چونکە وای لە عێراق کردبوو کە بڕوابهێنێت مەبەستی کەربەلایە، ئەوە بوو لە بەسرەوە هێرشێکی بەرفراوانی کرد، ئەو شەڕە عێراقیەکان ناویان نابوو (الحصاد الاکبر) لەو شەڕەدا ئێران تووشی شکستێکی گەورە بوو، دواتر لە ڕوباری جاسمەوە هێرشی کرد، ئێرانیەکان بەو شەڕە دەڵێن (کەربەلا 5) لەوێشەوە شکستی هێنا.
شەڕی هەڵەبجە کارێکی هەروا ئاسان نەبوو، ئامادەکاری هێجگار گەورەی بۆ کرابوو کە چەند مانگێک زیاتر لە پێش شەڕەکەدا دەستی پێکردبوو، ئەویش لەبەر دوو هۆکار، یەکێکیان ئەوەبوو ئێران دەیزانی دوا شەڕیەتی، دووەمیش دوای ئەوەی لە چەند شوێنێک هەردوولا چەکی کیمیاویان بەکارهێنابوو، بۆیە ئەگەری بەکارهێنانی زۆری هەبوو.
کارەکتەری سەرەکی شەڕی هەڵەبجە هێزە کوردییەکان و فەیلەقی بەدر و حیزبە ئۆپۆزسیۆنە عەرەبیەکانی دیکە بوون، ئەو کاتە هێشتا بەدر نەبووبوو بە ڕێکخراو و هەر فەیلەقی پێدەوترا، سەرەتا ئامادەکارییەکان لە ناو خاکی کوردستاندا دەستیپێکرد، لە ڕێگەی ناردنی ئەفسەر و فەرماندەکانی سوپای پاسداران بە جلی کوردی و لەگەڵ مەفرەزەی تایبەتی پێشمەرگەدا بۆ دانانی نەخشەی تەواو و دیراسەی تۆبۆگرافی ناوەوە و دەستنیشانکردنی هەموو ئەحداسیاتی سەربازی. (عبدالرزاق الحیالی) کە یەکێک بووە لە ئاندامانی فەیلەقی بەدر و بەشداری شەڕی هەڵەبجە بووە، دەڵێت: لە کۆتایی ئامادەکارییەکاندا تەنانەت فەرماندە شەمس، کە ئەفسەرێکی باڵای ئێرانی بووە و سەرکردایەتی فەیلەقی بەدری کردووە، لەگەڵ جێگرەکەی (ابوعلی البصری) کە ئێستا یەکێکە لە فەرماندە باڵاکانی حەشدی شەعبی، لە شاخەکانی قەرەداغەوە سەرپەرشتی ئامادەکاری و شەڕی هەڵەبجەی دەکرد.
لەلایەکی دیکەشەوە تەواوی فەرماندەکانی هێزە بەشداربووەکان، بۆ ماوەی چەند مانگێک لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا جەولەیان بە ناوچەکانی سەر سنوور و دەوروپشتی هەڵەبجەدا کردووە، تا تەواو شارەزابوون و لەگەڵ سروشتی ناوچەکەدا ئاشنابوون. هێزە چەکدارەکانیش بە کورد و عەرەبەوە بۆ ماوەی چەند مانگێک لەژێر مەشقی قورسدا بوون تا سەرکەوتن مسۆگەر بێت، لەو مەشقانەش کە زۆر جەختی لێکراوەتەوە، خۆپاراستن و چارەسەر بووە لە چەکی کیمیاوی، تەنانەت ئەلحیالی دەڵێت: (ئەو شوێنانەی مەشقمان لێدەکردن تاڕادەیەکی زۆر بە گرد و دۆڵەکانیانەوە بە هەڵەبجە دەچوون، دوای تەواوبوونی مەشقەکان هەموومان تەواو شارەزای هەڵەبجە و چەکی کیمیاوی بووبووین. دوا ڕۆژی مەشقەکان، کە دوو ڕۆژ پێش هێرشەکە بوو، لە تەنگی کەنەش لە کرماشان مانۆڕێکی سەربازی ئەنجامدرا، ئەو شوێنە بە ڕێژیەکی زۆر لە هەڵەبجە دەچوو، دوای مانۆڕەکە یەکسەر بەرەو بەرەی شەڕ بەڕێکراین.
سەعات دوو و نیوی شەو پێشڕەوی دەستیپێکرد، هێزەکانی پێشمەرگە لە پێشەوە، ئێمە لە دوایانەوە، ئینجا هێزە ئێرانیەکان، پێشمەرگەکان بە هۆی شارەزاییەوە لە ماوەیەکی کوورتدا چوونە ناو شارەوە، سوپای عێراق فریای هیچ نەکەوت، پێشتر لە نێو هەموو دۆڵ و گردەکاندا ڕێگای ماشێنە سەربازییەکان ئامادەکرابوون، بۆیە بەخێرایی گەیشتین، ئێمە بۆمان نەبوو بچینە ناوشارەوە، پێش هێرشەکە ئاگادار کرابووین، بەڵام هۆکارەکەمان نەدەزانی، لەوێ فەرماندەکەم ئاگاداری کردم کە نەهێڵم کەس دابەزێتە خوارەوە، چونکە بە کیمیایی لێماندەدرێت، بەڵام بە چاوی خۆم بینیم پێشمەرگە نەیدەهێشت خەڵک لە شارەکە بێنە دەرەوە).
باشترە بزانین شەڕی هەڵەبجە ناوی (وەلفەجری 10)یە، یەک سەرباز و پێشمەرگە بە چەکی کیمیاوی بریندار نەبوون، تەنیا خەڵکە بێدەرەتانەکە نەبێت، کە نەیانهێشت بڕۆن و ڕوحی خۆیان دەرباز بکەن، کارەکتەرەکان خۆیان باسی تاڵانی دەکەن، سەرەتاش بە بانکەکە دەستیپێکرد، حەیالی عەرەب ئەو زانیارییانەی داینێ، ئەی بۆ تا ئێستا کوردە پێشمەرگەیەکی بەشداربووی خولەکانی خۆپارێزی لە چەکی کیمیایی، بۆی باس نەکردین چۆن تاڵانییان کردووە و چەند سەعات پێش بۆردومانەکە ئەو زانیویەتی بۆنی کیمیایی دێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت