بورهان شێخ ڕەئوف: دوا ڕۆژەکانى ترەمپ لە کۆشکى سپى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرچەندە 20- 01- 2021 دوا ڕۆژى دەستەڵاتى سەرۆک ترەمپە لە کۆشکى سپى، بەڵام هەوڵ و تەقەلاکانى کۆنگریسى ئەمریکا بە دیموکرات و هەندێک لە کۆمارییەکانیشەوە بۆ ئەوەیە ترەمپ کارکەنار بکرێت بە تۆمەتى هاندان بۆ توندوتیژى.

هەوڵەکان خۆى لە سێ سیناریۆدا دەبینێتەوە:
1. دورخستنەوەو لەکارخستنى سەرۆک لە ڕێگەى کۆنگریسەوە: ئەمە بە فەرمى وەکو یەکەم هەنگاو دیموکراتەکان بە هاوکارى هەندێک لە کۆمارییەکان کە حزبى سەرۆک خۆیشین لە کۆنگریس یەکەم هەنگاویان بۆنا بە سەرکەوتویى بەرزیان کردەوە بۆ ئەنجومەنى پیران ، بەڵام ئەم هەنگاوە قورسترە چونکە لەئەنجومەنى پیران بە زۆرینەى ئاسایى ئاوا بڕیارێک تێناپەڕێت، بەڵکو پێویستى بە زۆرینەى 2/3 واتە 67 دەنگ لە کۆى 100 ئەندام هەیە،
دەستورى ئەمریکا ئەو دەستەڵاتەى بە دیاریکراوى داوە بە ئەنجومەنى نوێنەران کە سەرۆک کۆمار لەکاربخات واتە تۆمەتبارى بکات و دواتر ئەنجومەنى پیران مافى دادگایی کردنى سەرۆکى هەیە کە ئایا بێتاوانە یان تۆمەتبارەو لەکاری بخات.
2. ئەکتیفکردنى هەموارى دەستورى بیست و پێنجەم: هەروەکو سەرکردەکانى دیموکراتەکان و هەندێک لە بەرپرسە کۆمارییەکان نایشارنەوە ئەم ئۆپشنەیان بەلاوە گونجاوە. هەموارى بیستو پێنجى دەستورى ساڵى 1967 لە بڕگەى چوارەمیدا دەڵێت: لەکارخستنى سەرۆک لەلایەن جێگرەکەیەوە بە پشتیوانى ولایەنگرى زۆرینەى ئەندامانى کابینەى وەزارى، لەکاتێکدا گەیشتبنە ئەو بڕوایەى کە سەرۆک ناتوانێت ئەرک و دەستەڵاتەکانى بەباشى بە جێ بهێنێت، هەرچەندە ئەمە یەکەمجار نیە لە چوارساڵى دەستەڵاتى ترەمپدا بیر لەم هەنگاوە بکرێتەوە بە هۆى ڕەفتارە نابەجێکانى کە هەڕەشەبوون بۆ ئاسایشى نیشتمانى و زۆریش فشار لە جێگرى سەرۆک مایک بینس کرا کە ئەو هەنگاوە بهاوێت بەڵام تا ئێستا ڕاڕاو دوودڵە.
3. دەست لەکارکێشانەوەى ئارەزوومەندانەى ترەمپ: ئەم هەنگاوەیان واتە دەست لەکارکێشانەوەى ئارەزومەندانەى سەرۆک و تەواوکردنى ماوە یاساییەکەى تا بیستى ئەم مانگە لە لایەن جێگرەکەیەوە ، ئەویش لێبووردنێکى گشتى بۆ ترەمپ دەربکات، بەڵام پێناچێت ترەمپ بەمە قایل بێت چونکە ئێستا پەیوەندییەکانى لە گەڵ جێگرەکەى زۆر ئاڵۆزو نالەبار بووە و هیچ متمانەیەک لە نێوانیاندا نەماوە.

ترەمپ و چارەنووسى حزبى کۆمارى
پەلاماردانى کاپیتۆڵ هۆڵى کۆنگریس بەهاندانى ترەمپ لەلایەن لایەنگرانیەوە حزبی کۆمارى ڕوبەڕوى کێشەیەکى گەورە کردۆتەوە کە سەرکردایەتى حزبى کردووەتەسێ ئاڕاستەى جیاوازەوە، یەکێکیان خوازیارن لە ترەمپ دوور بکەونەوەو میکانیزمى وا دابنرێت کە ترەمپ نەتوانێت ڕۆڵى هەبێت لە سەرکردایەتى حزب ، ئاڕاستەى دووەم پێیان وایە ترەمپ یەکێک لە کارتە براواەکانى حزبە و نابێت دوور بکەوینەوە لێ ى و وازى لێبێنین، ئاڕاستەى سێیەم پێیان وایە کە ترەمپ بە کردەوە سەرکردایەتى حزبى کۆمارى دەکات وهەر هەوڵێک بۆ دەربازبوون لە دەستەڵاتى بێ سوودە.

لە کۆتاییدا:
1. سەرەڕاى ئەو تووڕەیى و نیگەرانیە زۆرەى کە لە ئاکامى پەلاماردانى کۆنگریسەوە لەلایەن خۆپیشاندەرانى ناڕازییەوە هاتە ئاراوە بە هاندانى ترەمپ بە تایبەتى لەلاى بەرپرسە کۆمارییەکانیش، بابەتى دوورخستنەوەو لەکارخستنى سەرۆک ترەمپ کارێکى ئاسان نیەو دووریشە، بەڵام ئەم کردەوە ناشیرین و قێزەونە لەلایەن ئەو تاقمە توندڕەو و ئاژاوەگێڕانەوە بە هاندانى ترەمپ پەڵەیەکى ڕەشە بۆ هەتا هەتایە لە مێژووى ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکادا.
2. لەلایەکى تریشەوە دەبێت ئەمریکا هەوڵبدات لە ڕێگەى دیالۆگى ناوخۆیی و دۆزینەوەى ڕێگە چارەى گونجاو خۆى دەرباز بکات لەم ئاریشە قورسە و پەراوێزخستنى ترەمپ و دیاردەى ترەمپیزم و لێسەندنەوەى ڕەوایەتى لە کەسى ترەمپ بۆ ئەوەى جارێکى تر بوارى نەدرێت هیچ ئەرک و کارێکى گشتى لە دامودەزگاکانى دەوڵەتى ئەمریکا وەربگرێت.
3. بۆیە ئەو ئەمریکایەى کە ڕۆژى 20/1/2021 جۆزیف بایدن سەرۆکایەتیەکى وەردەگرێت ئەو ئەمریکا نیە کە لە ساڵى 2017 جێگری سەرۆکایەتیەکى بە جێهێشت ، ئێستا ئەمریکا وڵاتێکى دابەشبووى و جەمسەربەندە بەسەرخۆیدا، لاواز لە ڕووى ئابورییەوە بەهۆى کۆرۆنا ڤایرۆسەوە، پاشەکشەى شکۆ و پێگەکەى لەسەر ئاستى جیهان بەهۆى سیاسەتە چەوت و نالەبارەکانى ترەمپ و لایەنگرەکانیەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت