چێنەر عەوڵا: چۆن مامەڵەی لەگەڵ خیانەتکاری و دژە دیموکراسیەت بکەین؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جێگەی سەرنجە بزانین وڵاتان چۆن سزای ئەو تاک و کۆمەڵ و حیزبانە دەدەن کە رێگەی خیانەت و فروفێڵ و نایاسایی دەگرنەبەر دژی دام و دەزگا گرینگەکانیان کە کۆڵەکەی سیستەمی دیموکراسی وڵاتەکەیانن. سزادانی ئەو جۆرانە هەر تەنها رەهەندی یاسایی نیە، بگرە فراوانتر و قولترە. رەهەندەکانی تر کاریگەریان زۆر زیاترە هەم لەسەر خودی تاکی تۆمەتبار و بەشدار بوو وە، هەروەها بۆ لە ناوبردنی ئەو هەڵسوکەوتە لە داهاتوو. جیا لە رێگە یاسایەکان رێگەی کاریگەرتر هەن وەکو ڕێگە کۆمەلایەتی و ئابوریەکان.
لەو بارەیەوە چاوێک بە مێژوودا دەخشێنین، بەڵام سەرەتا با وەک نمونە لەوەی ئەو دوایانە لە ئەمریکا ڕوویدا دەست پێ بکەین. کە لایەنگرانی ترامپ هەڵیانکوتایە سەر بینای کۆنگرێس بۆ رێگە گرتن لە تەسدیقی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کە کاردانەوەیەکی زۆری لێ کەوتەوەو بە هەوڵێکی خیانەتکاری بۆ وێران کردنی دامەزراوەو بنەماکانی سیستمی دیموکراسی وڵاتەکە لێکدرایەوە. لەگەل ئەوەی زۆرێک لە بەشداربوان رۆژ بە رۆژو دانە دانە دەدۆزرێنەوە و دەستگیر دەکرێن و تۆمەتبارن بە شکاندنی چەندین یاسا کە داوا دەکرێ زیندانی بکرێن لە 10 بۆ 20 ساڵ. بەڵام ئەوەی مەبەستی منە کاردانەوەی زۆرینەی کۆمەڵگا بوو کە زۆر ڵە رێکارە یاسایەنانیان گرینگترە.

کاردانەوەکان:
– ناسینەوەی هەندێک لە دەسگیر کراوان لەڕێی دایک و باوک یان خێزانەکانیان بوە کە تەلەفونیان بۆ ئێف بی ئای کردوە کور یان مێردەکەیان ئیخباری کردوە.
– ئەوانەی بەشداریان کردوە زۆربەیان خراونەتە لیستی رەش لەلایەن دەزگای فرۆکەوانی مەدەنی FAA بۆ هەتا هەتایە ناتوانن لە فڕگەکانەوە سەفەر بکەن. کۆمپانیا فرۆکەوانیەکانیش رێگەی سەفەرکردنی ئەو کەسانەیان ڕاگرتوە وەکو تیرۆرست مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن. لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا چەند کەسانێک لە فرۆکەخانە دەست دەکەن بە گریان چونکە پێیان گوتراوە ئیتر ئێوە بۆ هەرگیز ناتوانن سەفەر بکەن.
– ئەو ئەندام کۆنگرێس و سیناتۆرانەی کە پشتگیری ئەو هەوڵەیان کردوە بە چاوێکی سوک سەیر دەکرێن. هیچ کۆمپانیایەک کتێب و نوسینەکانیان بۆ چاپ و بلاو ناکاتەوە کە ئەوەش مانای لە دەستدانی سەرچاوەی داراییە، وەکو کۆنگرێسمانی ویلایەتی میزۆری هەموو کۆنتراکتەکانی بۆ چاپ و پەخشی کتێبەکانی هەلوەشێنرانەوە. یان وەکو (تێد کروز) کە سیناتۆری ویلایەتی تەکساسە، کۆمپانیا و بازرگانان بە سەدان هەزار دۆلاریان دەبەخشیە کامپینەکانی وەکو بەربرێژی کۆماریەکان بۆ 2024 ئامادە دەکرا لەبەر ئەوەی پشتگیری لەو هەولە کرد هەموو بەخشینەکانی لێ راگیراوە بازرگانانی نزیک لە کۆماریەکان دەڵێن لەوە بەدوا پشتگیری ناکەین.
– جیا لە تویتەر و فەیس بووک و ئینستەگرام کە هەزاران ئەکاونتی لێ داخستن و کۆمپانیای ئەمازۆنیش هەرچی خزمەتگوازاری ئینتەرنێتە لە وێبسایتەکانیانی ئەو گروپانەیان راگرتوە کە وایکردوە ناوەندێکیان بەدەستەوە نەمێنێ بۆ بلاو کردنەوەی پڕوپاگەندەکانیان.
– کۆمپانیا فاینانسیەکانی وەکو گۆڵدمن ساک و زنجیرە بانکی جی پی مۆرگن و پەیپاڵ و ڤەنمۆ هەرچی ئاڵوگۆری دراوە لەو کەس و گروپانەی راگرتوە تەنانەت هەرەشە لە پارتی کۆماریش دەکەن گەر بێت و واز لە پشتگیری ئەو گروپانە نەهێنن بە سەدان ملیۆن دۆلاری ئاڵوگۆر و بەخشین لە کەس و گروپەکانەوە بۆ ئەو پارتە دەوەستێنن.
– ئەمە جیا لەوەی کە زۆربەی ئەندامانی پارتی کۆماری بە خودی (میتچ مەکانڵی) سەرکردەی دیاری کۆماریەکان پشتیان لە ترەمپ و ئەو گروپە وەرگێرا کە پشتگیری ئەو هەولانەیان کردوە. باس لەدور خستنەوەی ئەو کەسانە دەکەن لە ناو پارتەکەیان بە خودی ترەمپیشەوە.
– سەندیکای پارێزەرانی نیۆرک و فلۆریداش لە هەولی ئەوەدان کە ئیجازەی سەندیکا لە پارێزەرانی ترەمپ وەکو (رودی جولیانی و سیدنی پاول) بسەننەوە، چونکە ئەوەی کردویانە بە کارێکی قێزەون دژی مەبدەئەکانی ئەخلاقی پارێزەرایەتی لەقەلەم درا.
– دەورەی یاری گۆڵفی نیشتمانی رایگەیاند کە چیتر یاریگاکانی گۆڵفی کۆمپانیاکەی ترەمپ بەکار ناهینن کە ئەمەش زەرەری دەیان ملیۆن دۆلاری ساڵانە راستەوخۆ بە ترەمپ گەیاندوە.
– لە سەرچاوە رەسمیەکان ئەو روداوانە بە سەرەتایی لە دایک بوونی تیرۆریزمی ناوخۆ تۆمار دەکرێن و ترەمپیش وەکو سەرکردەی ئەوانە دەبینرێ هاوشێوەی (بێنەدیک ئەرنۆڵد) ی سەرکردەی خیانەتکاری سەردەمی شۆرشی سەربەخۆی ئەمریکیەکان سەیر دەکرێ و بەراوردی دەکەن. بۆ ئەوەی بەو شێوەیە خراپە ناوی بچێتە مێژوو، نەک دوارۆژ کەسانی تر بێن و مێژوو بشێوێنن بە گێرانەوە درۆ و هەلبەستراو.
ئەمە لەسەر دواین پێشهاتەکان خۆ گەر سەیری مێژووش بکەین بە هەمان شێوە ئەوانەی دژی ولاتەکەی خۆیان کاریان کردوە رووبەروی سزای قورس بونەتەوە. سەردەمانی داگیرکاری هیتلەر لە ئەوروپا هەر فەرەنسی و ئیتالیەک کە یارمەتی سوپای داگیرکەری ئەلمانی دابوو یان مامەڵەی لەگەل کردبوون، دواتر بە چەندان جۆر سزا دراون تەنانەت سەری ژنەکانیان دەتاشی پیاوەکانیان رووت دەکردنەوە تا رسوا بن و کۆمەلگاکانیان لەو خیانەتکارانە پاککردۆتەوە.
لە کۆتایدا ئەگەر بەراورد کاریەک و دەرسێک لەو بابەتەدا هەبێ بۆ کورد ئەوەیە کە کۆمەڵگای کوردی نەیتوانیوە روبەڕووی ئەو دیاردە قێزەونە بێتەوەو هەلوێستی کۆمەلایەتی و سزای سیاسی هەبێ بەرامبەر خیانەت و خیانەتکاری دژ بە وڵات لە لایەن حیزب و کۆمەل و گروپەکانەوە. لەبەر ئەوەی ئەم کردەوە بە قێزەون سەیرناکرێ و بکەران رسوا ناکرێن، بوەتە دیاردە و جێگای شانازی بۆیە حیزبە کوردیەکان رکابەری دەکەن کە زۆرترین خیانەت لە گەلەکەیان بکەن سەروەتیان بدزن، بنکە و بارەگای داگیر کەران بکەنەوە، لەگەل داگیرکەران دەست تێکەڵکەن کوردانی پارچەکانی تر تەسلیم بکەن، پەرلەمان و حکومەت و دامودەزگای یاسایی داخەن و هەلپەسێرن، تۆپخانەی داگیر کەران و تانکەکانیان بهێنە سەر یەکتری و دواتریش شانازی پێوە بکەن.
تا کورد وەکو تاک وە دواتر کۆمەڵگا نەگاتە ئەو ئاستەی بە دروستی وەکو وڵاتان هەلسوکەوت لەگەل ئەم دیاردەیە نەکات، خیانەت و خیانەتکاری هەرگیز کۆتایی پێ نایە و کوردی باشوریش خۆشی لەخۆی نابینێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت