بورهان شێخ ڕەئوف: خۆپیشاندانەکانى خەڵکى ڕوسیا بۆ پشتیوانى لە ئەلیکسى ناڤالنى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆژى 23/1/2021 خۆپیشاندانى گەورەو فراوان لە مۆسکۆى پایتەخت و سەد شارى ترى ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو، کە لە دوو دەیەى ڕابردوودا خۆپیشاندانى وا لە ڕوسیاى فیدراڵدا نەکراوە، لە ئاکامى بڕیارى حوکمدانى دادگا بەسەر ( ئەلیکسى ناڤالنى ) سەرۆکى یەکێک لە پارتە ئۆپۆزەسێونەکان.
ناڤالنى بەرهەڵستکارى سەرسەختى گەندەڵى و حکومەتەکەى پوتین، هاوینى پێشوو کاتێک گەڕایەوە ڕوسیا دەرمان خواردکرا لەلایەن ئەندامانى هەواڵگرى وڵاتەکەیەوە وەکو سەرچاوەکان باسى دەکەن.

هۆکارى خۆپیشاندانەکان
ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانەکان کاتێک سەرى هەڵدا ( ناڤالنى ) دواى گەڕانەوەى بۆ ڕوسیا لە ماوەى پێشوودا بەدواداچوونێکى بڵاوکردەوە لە سەر شێوەى فلیمێک لە تۆڕەکانى ئەنتەرنێت لە سەر کۆشک و تەلارەکانى سەرۆک پۆتین لە دەریاى ڕەش و بڕى زۆرى ئەو پارەوتێچووانەى کە خەرجى کردووە تێیدا، کە ژمارەى زۆر قەبەو زەبەلاحن، بینەرانیشى لە سەر پێگەکانى ئەنتەرنێت ژمارەى گەورەو فەلەکین.
لە ئێستادا میدیاکانى ئۆپۆزەسیۆنى ڕوسیا باس لە گردبوونەوە کاریگەرى نەگەتیفى بیست ساڵ حوکمڕانى تاکڕەوى پۆتین دەکەن لە ڕوسیادا، بێ ئومێد بوونى زیاترى خەڵکى وڵات بەهۆى خراپى بارو دۆخى ئابورى، نیگەرانى و بێزارى و توڕەیى زۆرى گەل لە گەندەڵى تاقمى دەستەبژێرى دەستەڵاتى نزیک لە سەرۆک، لەوەش زیاتر دەبێژن ئەمە پەیامێگە لە نەوەى نوێى ڕوسیاوە بۆ پوتین کە ناتوانن تاسەر بە دۆخى ئێستا قایل بن.

شێواز و چۆنێتى ئەم خۆپیشاندانانە
خۆپیشاندانەکانى ئەمجارە جیاوازترە لەوانەى پێشووتر، یەکەمجارە ڕوسەکان جۆرێک لە گیانى بەرگرى پیشانبدەن، لە هەمانکاتدا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان هێمنانەیە و دوورە لە توندوتیژى، نە ئۆتۆمبیلى سووتاو نە تاڵانکردن وەکو ئەوەى لە شەقامى شارەکانى ئەمریکا هاوینى پێشوو ڕویدا، تاکە توندوتیژى کە بینرا توندو تیژى هێزەکانى پۆلیس بوو دەرهەق بە خۆپیشاندەران.

ڕوبەرى خۆپیشاندانەکان
ئەوەى چاوەڕوان کراو نەبوو کتوپڕبوو بۆ چاودێرانى ئەو دۆخە سەرەڕاى کەشوهەواى ساردى وڵات، فراوان بوونى ڕووبەرى خۆپیشاندانەکان بوو لە مۆسکۆى پایتەخت و شارە دوورەکانى تریش لە سەر ئاستى وڵات بە گشتى لە فلادیفستۆکەوە تا کالینیگراد تەنانەت لە شەقامەکانى شارى یاکوتسک خەڵکى خۆپیشاندانیان دەکرد کە پلەکانى گەرما لە ژێر سفرەوە بوو.
ئەوەى گرنگە بۆ ( ناڤالنى ) هەڵوێستى چالاکوانانى ڕوسیایە کە دەبێژن ناڤالنى گەڕاوەتەوە وڵات و ئنجا چالاکى و فلیم و بەڵگەکانى بڵاو کردۆتەوە، نەک خۆى لە دەرەوەى وڵات بێت و خەڵکى وڵات هان بدات بۆ چالاکى و خۆپیشاندانى مەدەنى و هێمنانە کە هەڵوێستێکى جوان مۆراڵیانەى (ناڤالنیە ) کە ژیانى خۆى خستۆتە مەترسیەوە و ڕیسکى پێوەدەکات.

پێگەى پوتین
هەرچەندە تائێستا سەرۆک فلادیمیر پۆتین پیاوى بەهێزى ڕوسیایەو دواى هەڵوەشانەوەى یەکێتى سۆڤیەتى جاران لە سەرەتاى ساڵانى نەوەدەکانى سەدەى ڕابردووەو ە دواى مردنى سەرۆکى پێشووى ڕوسیاى فیدراڵ (بۆریس یەلسن ) کە دۆخى وڵات شپرزەو ئاژاوەو جۆرێک لە پاشا گەردانى بوو، ئەم توانى ڕوسیا هەڵبسێنێتەوەو لە سەر شانۆى ڕوداوەکان ڕوسیا پێگەو کاریگەرى خۆى بە جۆرێک لە جۆرەکان بە دەست بهێنێتەوە، بۆیە گومان لە هێزو تواناى پۆتین ناکرێت لە ئێستادا بۆ کۆنترۆڵکردنى بارودۆخەکە، لە هەمانکاتدا چین و توێژى سیاسى نزیک لە سەرۆک پۆتین بەهەموو جۆرێک پشتیوانى و سۆزدارى خۆیان بۆ دەربڕیووە، بەڵکو فاکتەرى گرنگ بۆ گۆڕانکارى گەورەو بنەڕەتى لە ڕوسیادا پشتیوانى وڵاتانى خۆرئاوایە بۆ ئەم بزاڤە جەماوەرییەى ڕوسیا.

بۆ ناڤالنى دەرمانخوارد کرا؟
میدیاو چاودێرانى دۆخى ڕوسیا باس لەوەدەکەن بۆیە پۆتین ناوبراوى نەکوشت و دەرمانخواردى کرد بۆئەوەى نەبێت بە سمبول و فیگەرێکى دیارو کاریزما بۆ ئۆپۆزەسیۆنى ڕوسیا، دوایش کە دەرمانخواردەکە شکستى هێنا بوارى دا بڕوات لە ئەڵمانیا چارەسارى خۆى بکات، بەڵام لەلایەکى ترەوە ئەو پزیشکەى (ناڤالنى ) سەرۆکى پارتێکى ئۆپۆزەسیۆنى لە مردن ڕزگارکرد بە هۆکارێکى نادیار گیانى لە دەستدا، نەخۆشخانەى ئۆمسکى ڕوسیا لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد سێرگى ماکسیمیشین جێگرى سەرۆکى بەشى بێهۆشکردنى نەخۆشخانەکەیان لە تەمەنى (55) ساڵیدا لە ناکاو بە بێ هیچ پێشینەى نەخۆشیەکى درێژخایەن گیانى لە دەستداوە، کە ئەمەش نیشانەى پرسیارو سەرسووڕمانى زۆرى بەدواى خۆیدا هێناوە!

هەڵوێستى کەسایەتیە ئۆپۆزەسیۆنەکان
هەفتەى ڕابردوو هەندێک کەسایەتى و چالاکوانى سیاسى ڕوسى ناڕازى و دیموکراسى خواز لە پرێس کۆنفرانسێکدا کە غارى کاسبارۆف و فلادیمیر کاراموزا و میخائیل خودرکوفسکى و بیل براودر لە خۆگرتبوو داخوازى سەپاندنى سزاى دارایى بوون بە سەر پوتین و هاوپەیمانەکانى لەلایەن وڵاتانى ڕۆژئاواوە.

کاردانەوە دەرکیەکان لەسەرکەیسى ناڤالنى
لە دواى بڕیارى زیندانیکردنى ناڤالنى لەلایەن دادگاوە بۆ ماوەى نزیکەى سێ ساڵ، کاردانەوەى خێراى بە دواى خۆیدا هێنا هەربۆیە خێرا ( جوزیب بۆریل ) لێپرسراوى سیاسەتى دەرەوەى یەکێتى ئەوروپا بە فەرمى داواى لە مۆسکۆ کرد ناڤالنى کەسایەتى ئۆپۆزەسیۆنى روسی ئازاد بکەن کە ئەمەش کاردانەوەو نیگەرانى توندى مۆسکۆى بەدواى خۆیدا هێنا و بووە هۆى پاشەکشەى زۆر لە پەیوەندییەکانیاندا و ڕوسیا یەکێتى ئەوروپای بە هاوبەشێکى بێ متمانە وەسفکرد.
هەرچەندە ئەمە یەکەمجار نیە ڕوسیاو ئەوروپیەکان کێشەى وا لە نێوانیاندا لە سەر کەیسى لەو بابەتە ڕوبدات کە پێشتر دەگەڵ بەریتانیاشدا ڕویدا.
لە بەرامبەر نیگەرانى ئەوروپیەکاندا ڕوسەکانیش دەبێژن لێدوان و داخوازییەکانى ئەوروپا لە مەڕ کەیسى ناڤالنى بۆ گۆڕینى سەرنجى خەڵکى خۆیانە لە سەر کێشەو قەیرانە ناوخۆییەکانلەمەڕخۆیان .
لە هەمانکاتدا ڕاوێژکارى سەرۆکى ئەمریکا داخوازى لە ڕوسیا کردووە ناڤالنى ئازاد بکەن.
فەرەنسا داوا لە ئەڵمانیا دەکات پڕۆژەى غازى (نوردستریم 2 ) ڕابگرێت کەلە ڕوسیاوە دێت بۆ ئەوروپا، بەڵام ئەڵمانیا پێ ناچێت ئەوە بکات لە ئێستادا، بەڵام سەپاندنى سزا بەسەر ڕوسیادا بە دوور نازانێت لە ئایندەدا.

لە کۆتاییدا:
1. ئەوەى لە ڕۆژانى ڕابردوودا بینیمان لە کۆبوونەوەى حەشاماتێکى زۆر لە ڕوسیادا مایەى نیگەرانى و دوودڵى و دڵەڕاوکێش بوو بۆ کرملین، ئەوەى سەلماند کە هێشتا ئۆپۆزەسیۆن هەیە لە سەرشەقامى شارەکان.
2. هەرچەندە خۆپیشاندانەکان سەرەتا بۆ پشتیوانى و ناڕەزایەتى بوو دژ بە دەستگیرکردنى ناڤالنى، بەڵام دواتر بوو بە بزوتنەوەیەکى جەماوەرى ناڕازاى خاوەن خواست و داواکارى دژ بە گەندەڵى کە بە هێز و لەلایەن پۆلیسەوە بڵاوەیان پێکرا و زیاتر لە 3500 کەس دەستگیرکران.
3. دەکرێت بپرسین ئایا ئەم هەنگاوە ئازایانەى ناڤالنى ئۆپۆزەسیۆنى ڕوسیا یەکدەخات یان پۆتین بەسەر ئەم بزوتنەوەیشدا زاڵ دەبێت؟
4. ئایا بە دەستگیرکردنى ناڤالنى ئۆپۆزەسیۆن بڵاوەى لێدەکەن یان دەبێتە نیلسۆن ماندێلاى ڕوسیا؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت