بورهان شێخ ڕەئوف: عێراقێکى بێ داعش و میلیشیات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئیدارەى نوێی ئەمریکا پلان و ستراتیجیەتى نوێى هەیە بۆ عێراق، بە پێچەوانەى سەرۆکى پێشو ترەمپ کە بڕیارى دابوو هێزەکانى کەم بکاتەوە لەعێراق، بەڵام ئیدارەى بایدن بڕیارى دا پێداچوونەوەبەو بڕیارەدا بکات.
ئەو ستراتیجیەتە ڕۆژى 16/ شوبات 2021 لەزارى جێگرى باڵوێزى ئەمریکا ( ریتشارد میلز ) لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەیەکى گریمانەیى لە ئەنجومەنى ئاسایش ڕاگەیەنرا:
1. ئەمریکا بە هاوپەیمانێک و هاوبەشێکى جێگیر و جێمتمانەى عێراق و گەلى عێراق دەمێنێتەوە.
2. واشنتۆن کۆمەک و هاریکارى عێراق دەکات بۆ ئەوەى سەروەرى خۆى بپارێزێت لە بەرامبەر دوژمنە ناوخۆیى و دەرەکیەکانى.
3. بەرگرتن لە دروستبوون و سەرهەڵدانەوەى داعش.
4. هەوڵدان بۆ بنیاتنانى عێراقێکى سەقامگیر.
5. هاریکاریکردنى هەوڵەکانى ڕیفۆرمى ئابورى و بەگژاچوونەوەى گەندەڵى.
6. بەردەوامبوون لە کۆمەک و هاریکارى مرۆیى.
7. واشنتۆن پشتیوانى حکومەتى عێراق دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنى میلیشیا چەکدارەکان و بەرگرتن لە دەستوەردانى وڵاتانى ئیقلیمى لە کاروبارى ناوخۆى عێراق، هەروەها پێشکەشکردنى ڕاوێژ و هاوکارى بۆ هێزەکانى دژە تیرۆرى عێراق.

پشتیوانى ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنى پێشووەختە
یەکێک لەو فاکتەرانەى گرنگە بۆ سەقامگیرکردنى عێراق ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەردە لە ژێر چاودێرى نێودەوڵەتى، هەرچەندە بڕیاربوو لە مانگى شەشى ئەمساڵدا بکرێت بەڵام دواخرا بۆ 10/10 /2021، ئەگەر جارێکى تر دوانەخرێت لە بەرئەوەى هەندێک لایەن خواستى ئەوەیان هەیە، دژبە چاودێرى نێودەوڵەتیشن چونکە ئەوە بە پێشێلکردنى سەروەرى عێرا ق دەزانن.
ئەوەى گرنگە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بەیاسا پارەى پێویستى بۆ هەڵبژاردن تەرخانکرد، پرۆسەى تۆمارکردنى ناو و لیستى قەوارە سیاسیەکان و دەنگدەران تۆمارکرا، نەتەوە یەکگرتووەکان داواى لە پەرلەمان کرد یاساى دادگاى فیدراڵى تەواو بکات چونکە ئێستا دادگا ژمارەى ئەندامەکانى ناتەواوە دەبێت تەواو بکرێت بۆ ئەوەى لە کۆتایى پرۆسەکەدا ئەوان ڕاستاندنى ئەنجامەکان بکەن.

هەڵبژاردن و چاودێرى نێودەوڵەتى
حکومەتى عێراق داواى لە یۆنامى کردووە کە چاودێر دابین بکات بۆ هەڵبژاردنى تشرینى داهاتوو، بۆیە داخوازییەکە لە لایەن ئەنجومەنى ئاسایشەوە وتوێژى پێویستى لەسەر دەکرێت پێش ئەوەى بخرێتە بەردەم هەر 15 وڵاتەکەى ئەنجومەنى ئاسایش بۆ دەنگدان.
ئەمریکاش لەلایەن خۆیەوە هەروەکو لەزارى ( میلز) ەوە وترا پشتیوانى چاودێرى نێودەوڵەتى بۆ هەڵبژاردنەکانى عێراق دەکات بۆ مسۆگەرکردنى ئازادى و و پاکى و بێگەردى و ڕاستگۆیى هەڵبژاردنەکان، هەروەها وتى هاوکارى لە گەڵ عێراق و ئەنجومەنى ئاسایش و وڵاتانى ئەندامى نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین بۆ پێشکەشکردنى جوانترین نمونەى هەوڵ و تەقەلا بۆ سەرخستنى پرۆسەکە.
هەر لەو پێناوەشدا ئەمریکا بڕى 9.7 ملیۆن دۆلارى بەخشیە نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنەکە، لە هەمانکاتدا ئەمریکا داواى لە حکومەتى عێراقیش کردووە پلان و نەخشەى ڕشت و ورد دابنێن بۆ پاراستنى ئارامى و ئاسایشى هەڵبژاردنەکە، چونکە دەرکەوتنى میلیشیاتى چەکدارى توندڕەو گەورەترین کۆسپى بەردەم بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى پاک و بێگەردە.

پەلامارە ڕۆکیتیەکانى هەولێر
لێدوانەکانى بەرپرسەکەى ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدا هات کە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کەوتە بەر هێرشێکى مووشەکى لە ناکاو، بەڵام ئەمریکا کەسى تۆمەتبار نەکرد بە ئەنجامدانى ئەو کردەوە، بەڵکو وتى هەوڵدەدەین بۆ دیاریکردنى ئەنجامدەرانى.
لەلایەکى ترەوە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە بەیانێکدا ڕایگەیاند کە لەگەڵ لایەنى عێراقى لە هەوڵى ئەوەدان ئەنجامدەرانى ئەو کردەوە دیارى بکەن و سزایان بدەن، هەروەها باسیان لە بەرپرسیارێتى عێراق کردووە لە پاراستنى گیانى ئەمریکیەکان و ئەندامانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى کە لەسەر داواى حکومەتى عێراق لەوێن بۆ شەڕى داعش.
لە کۆتاییدا تا ئێستا سەرۆکى نوێى ئەمریکا بە هیچ کلۆجێک ناوى عێراقى لە وتارو لێدوانەکانى دا نەهێناوە، هەرچەندە عێراق گۆڕەپانێکى کراوەى ململانێى درێژخایەنى ئەمریکاو ئێرانە لە ساڵى 2003 ەوە ، بۆیە بووەتە مایەى ڕەخنەو گلەیى و گازندەى زۆربۆ سەرۆک بایدن لە ڕووى ناوخۆ یى و دەرەوەش کە لێکدانەوەى زۆر هەڵدەگرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت