زەبەنگ بەهادین: بەرپرسەکان و خەلکی ئاسایی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جیاوازیمان لە چیدایە، کئ باشترە لە کێ، کێن ئەوانەی پلەیان بەرزە و کێن ئەوانەی ئەوان بە لەخوار خۆیان دەزانن، کێن ئەوانەی پلەکان دەبەخشنەوە، ئایا مرۆڤەکان هەموو یەکسانن یان یەکسانی بوونی نییە و تەنها لە جیهانە خەیالێیەکەی ئەفلاتون دا هەیە.
کاتێک دەچیتە رێستۆرانتێک یان نەخۆشخانەیەک تەنانەت لە سەیرانگاکانیش دەبینی شوێنێک جیاکراوەتەوە بۆ بەرپرسەکان یان پارە دارە نا هوشیارەکان، شوێنی دانیشتنی جیا شوێنی ئوتۆمبیلی جیا، مامەلەی جیاواز، بەرزکردنەوەی بەرپرسەکان و پارەدارە نا ژیرەکان نزمکردنەوەی کەسانی ئاسایی، جیاکردنەوەیان بە بەرزکردنەوەیەکی وەهمی و خەیالاوی.
لە کۆمەلگای کوردی گرێی دەرونی بەرپرسە لە خۆ باییەکان و دەولەمەندە بوغراکان هێندە زەق بووە بە ئەستەم چارەسەر دەکرێت، بەشێک لە توشکردنی کۆمەلگایە بەشێکی دی لە خۆ نەبینینی خۆیانە و ئەو هەموو گرێ دەرونیانەی کە سالانێک زۆر لە ناویان دروستبووە.
لە هەر ولاتێک جیاکاری زۆر کرا رق و کینەی تاکەکان بەرامبەر یەکدی زیاد دەکات، چ پێویستە کەسێکی دەوڵەمەند یان بەرپرس بە ئۆتۆمبێلێکی گرانبەها هاتوو چۆ بکات یان نەخۆشخانەی تایبەتی هەبێت یان خوێندنگای گرانبەها و تایبەت، کێشە ئەوەیە ئەم گرێ دەرونیە و ئەم ناساخی مێشکە لە باوانەوە دەگوازرێتەوە بۆ وەچەکا ن، سەرنجامەکەشی دابەشبونی کۆمەلگاو دابرانی تاکەکانێتی لە یەکدی.
بەپێی ئاین جیاوازی تەنها لە نێوان زانا و نەزان هەیە، واتا کەسانێک کە زانست و بیر و هۆشمەندییان زۆرترە لەچاو کەسانێک کە نیانە وەک لەم فەرمودەیەدا لێرەدا نیشانەی پێدراوە ( قل هل یستوی الدین یعلمون و الدین لا یالمون)، بە پێی زانست و دەرونناسی تەنها لە ژیری و عەقلدا جیاوازی هەیە لە نێوان تاکەکان. لە فەلسەفەشدا هیچ جیاوازیەک نییە لە نیوان مرۆڤەکان. کەواتە کێن ئەوانەی ئەم جیاوازیانە دەخولقێنن وە لە پێناوی چیدایە؟.
دروستکردن و قەبەکردنی جیاوازی نێوان تاکەکان دەگەرێتەوە بۆ چەند هۆکارێک لەوانە هەست بە کەمبونی کەسی خۆ بە زلزان، بە واتا ئەم جیاوازییە دروست دەکات و پلە و پێگەیەکی تایبەت دەدات بەخۆی بۆ پرکردنەوەی ئارەزوەکانی خۆی و شاردنەوەی کەم و کوریەکانی. لە ڕوویەکی دیەوە تاکی لاواز ئەو جیاوازیە بەرجەستە دەکات بە نوشتانەوەی خۆی و قبولکردنی بەرز بوونەوەی ئەو بە هۆی نەزانینی خۆی هەلبەت لە نەزانین و ترسەوە ئەو ئەم کارە دەکات بۆیە ئەمەش دەبێتە پالنەر تا کاکی بەرپرس یان دەولەمندە بوغراکە زیاتر خۆی لە بەرزتر ببینێت و پێ بنێ بەسەر چینەکانی ژێرەوەدا.
دەبێت تاکەکانی کۆمەلگا ووشیار ببنەوە رێگە نەدەن بەو شێوەیە ئەو جیاکاریە زەق بکرێتەوە و گەشەی پێبدرێت، هەڵبەت ئەمە دەبێت بە هەولی هەموان بێت و بە هاوکاری میدیا و راگەیاندنەکان بۆ ئەوەی بتوانین کۆمەلگایەکی تەندروستمان هەبێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت