شەریف ھەژاری: دۆخی ئێستای عێراق و سەرکردەکانی کورد!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زیاتر لە سی ساڵە چەندان دەرفەتی ستراتیژیی بۆ کورد لە عێراق دەڕەخسێت. بەڵام لەبەر ئەوەی سەرکردەکانی کورد خاوەن پلانی ڕێکخراو و بەرنامەی ستراتیژیی نین، زۆرینەی دەرفەتەکانی پێشویان لەدەست دا. لە ئێستاش دا سەرکردەکانی کورد بۆ ئەو دەرفەتانەی کە لە داھاتوش دا دێنەکایە، ئامادەیی و خۆسازدانێکی ئەوتۆیان نییە!
لە ساڵی 1991 دا، زێڕینترین دەرفەت بۆ کورد ڕەخسا. سەرکردەکانی کورد ‘بە سیکۆلار و ئیسلامییەکان’ەوە، زۆر زوو دەرفەتەیان بەسەر کورددا داڕوخاند بە سازکردنی جەنگی ناوخۆ و لە یەکترکوشتنی ھەزاران ڕۆڵەی کورد. ئەوەش بوە ھۆی خاپورکردنەوەی ناوچە کیمیابارانکراو و ئەنفالکراوەکان و، بڵاوبونەوەی ھەژاریی و نەداریی و کاولکاریی لە کوردستان داو، باشوری کوردستان بەسەر چەندین بەش دا کە حیزبەکان دەسەڵاتیان تێیدا ھەبو، دابەشکرا! ھەربۆیە لە دۆخێکی وادا ھیچ بەرنامەیەکی ستراتیژییان بۆ دوای ڕوخاندنی سەددام نەبو. ئەوەش بوە ھۆی ئەوەی سەرکردەکانی کورد ‘بە سیکۆلار و ئیسلامییەکان’ەوە دەرفەتەکان ھەر لە ساتی ڕوخانی ڕژێمی سەددام تا بەدرێژایی دە ساڵ 2003 تا 2013 کە عێراقی دوای سەددام خۆی نەگرتبو، نەقۆزنەوە و، تەنیا شوێن دۆلار و پۆست بکەون!
عێراقی دوای 2014، عێراقی فاشیزمی شیعی بو. فاشیزمی شیعەی عێراق لە سێ تایبەتمەندی دا دژی ھەرێمە. چونکە تایبەتمەندی فاشیزمی شیعەی عێراقیی تێکەڵەیەکە لە ‘فاشیزمی فارسی ئێرانیی+فاشیزمی عەرەبی عێراقیی+ فاشیزمی مەزھەبی ویلایەتی فەقێی خومەینی’ دژی ھەرێمی کوردستانی سونەمەزھەب ‘لە دیدی فاشیزمی ویلایەتی فەقێ’دا!
بۆیە ئەوان زۆر زوو بە سانایی توانیان بە بڕینی موچەی فەرمانبەران و دەستی دەستیکردن بە ناردنی بودجەی ھەرێم: بڕبڕەی پشتی ئابوری کوردستان بشکێنن. چونکە وەک ئاماژەم پێ دا: لە پاش 1991 حیزبەکانی کوردستان لە بری بنیاتنانی دامەزراوەیەکی تۆکمەی حوکمڕانیی، ئەوا شەڕی ناوخۆیان خولقاند. خۆ ئەگەر سەددام نەڕوخابایە، نەتەوەکەمان لە ناو شەڕی ساردی حیزبەکان دا دەیان ساڵ لە ژێر ھێڵی ھەژاریی، دەمانەوە!
خاڵێکی ستراتیژی کە بۆ کورد زۆر گرنگە: بریتییە لە ململانێی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و شیعەی ئێرانیی. چونکە بەرەی شیعەی ئێران بونەتە ھاوپەیمانی ڕوسیا-چین. کەچی تا ئێستا سەرکردەکانی کورد لەبەر ئەوەی ھەمو ئامانجێکیان بەدەستھێنانی پۆستە و، توانای تێفکرینی سیاسیی-ستراتیژییان نییە. نەیانتوانیوە بە باشی وەک کاراکتەری یاریکەر لە ململانێی ئەو دوو بەرەیەدا، بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی کورد بھێننەدی!
یەکێک لەو کارانەی کە پێویست بو بیکەن، سەرکردەکانی کورد دەبو لە ڕوخانی سەددامەوە وەک بەرنامەیەکی ستراتیژیی، چەندین ڕێکخستنی تۆکمەی نھێنییان لە بەسرەو بەغدا و موسڵ دا بڕواندبایە بۆ ئەوەی لە کاتی ئاڵۆزی ئەو شوێنانەدا، زیاتر دۆخەکە بشڵەقێنن یاخود لە بەرژەوەندی ھەرێم بیانخەنەگەڕ. لە پشتی ڕێکخستنێکی تۆکمەی ڕوێنراوی واشەوە، دەبو لە ڕوی میدیایەوە لەو شوێنانەدا میدیای سێبەر بەنھێنیی بڕوێنن و… ھتد!
ئێستا کە دۆخی بەسرەو بەغداد ئاڵۆزە، ئەگەر کورد بەرنامەی داڕێژراوی ستراتیژیی پێشوتری ھەبایە، دەیتوانی بەسانایی لە شارەکانی ناوخۆی عێراق دا شەڕی ناوخۆ لەنێوانیان دا بخولقێنێت یاخود ھاوکێشەکە بە قازانجی خۆی بەکاربێنێت. لە ئەگەرێکی واش دا جوڵە بۆ ڕزگارکردنی ھەمیشەیی کەرکوک- خانەقین- شنگال بکات!
بەھەرحاڵ، دۆخی عێراق تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت. پێویستە پارتیی ھێندەی تەرکیزی لەسەر وەرگرتنی موچەیەکی عێراق یان بەدەستھێنانی دوو پۆستی وەک وەزیری دەرەوەیە ئەوا بەرنامەی ستراتیژیی تۆکمەی ھەبێت، ھەم بۆ ئەو ئەگەرانەی کە لە عێراق دا دێنەکایەوە و، ھەمیش بەرنامەی گشتگیری چاکسازی ستراتیژیی لە ھەرێم بگرنەبەر. پێویستیشە یەکێتیی لە بری ئەوەی ڕابکات بەدوای شیعەکان و پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار داو، لە بری ئەوەی لە ئێستاوە بەرھەم سالح و مەلا بەختیار ململانێی وەرگرتنەوەی پۆستی جارێکی تری سەرۆکایەتیی کۆمار بکەن ئەوا بەرنامەی تۆکمەی ستراتیژییان بۆ ڕزگاریی کەرکوک- خانەقین ھەبێت و، بەرنامەی چاکسازییەکی گشتگیریان بۆ پارێزگاکانی سلێمانیی و ھەڵەبجە ھەبێت.
ڕونە، لە تێفکرینی من دا پێشوتر سەلماندومە کە سەرکردەکانی کورد سیاسەتزان و ستراتیژزان و دبلۆماتکار نین. بەلام دۆخی عەرەبەکانی عێراق ‘ بە شیعە و سوننە’وە وادێتە پێش چاوم کە ئەستەمە سەقامگیری سیاسیی- ستراتیژیی تێدا بەدی بێت، چونکە بوەتە جێی ململانێی ھێزە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەکان. خۆ ئەگەر جار-جارە بەشێوەیەکی ‘کاتی’یش دۆخی ناوخۆی عێراق ئارام بکرێتەوە، ھەر پێشبینیم وایە: لە ڕوی ستراتیژییەوە ئەستەمە لە عێراق دا لە نێوان ئەو ھەمو گروپانەدا سەقامگیری سیاسیی بێتەبون. کەوابو پێویستە سەرکردەکانی کورد ھەروەک چۆن سامانی میللەت دەبەن و پۆستی باڵا بۆ خۆیان مۆنۆپۆل دەکەن، بەرپرسیارێتیی ھەڵبگرن و بۆ جارێکیش بێت بەوردی شەن و کەو و تەتەڵەی دۆخەکە بکەن و، خۆیان بۆ چەندین ئەگەر ئامادە بکەن و، بۆ ھەر ئەگەرێک بەرنامەیەکی ستراتیژی تۆکمەیان لە پشتییەوە ھەبێت!
لە ھەمو ئەوانەش گرنگتر ئەوەیە: لە ناوخۆدا بەرنامەی ستراتیژی گشتگیری چاکسازیی بگیردرێتەبەر.
بەدڵنیایشەوە، نەک لە تەکتیک دا، بەڵام پێموایە: لە ڕوی ستراتیژییەوە دۆخی عێراق ھەر ئاوا نابێت! دوو ئەگەریش کە ھەمیشە ھێزە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەکان بەدەستییانەوەیە بریتییە لە: ئەگەری سازکردنی شەڕی ناوخۆ لە عێراق دا، یان: ئەگەری ڕێکخستنی کودەتای سەربازی! تەنانەت ئەگەری ھاتنەناوەوەی ھێزی تری ئیقلیمییش بۆ ناو عێراق و چەندین ئەگەری تر دەبێت پێشبینی بۆ بکرێ و، پێویستە کورد خۆڕێکخستن و بەرنامەی ستراتیژی بۆ ھەر ئەگەرێکیان ھەبێت! ئەگەر نا، بێ-پلانی سەرکردەکانی کورد: نەتەوەکەمان لە ئەگەری ئاگری جەنگەکانی ناو عێراق دا، ئەگلێنێت!

شەریف ھەژاری: خوێندکاری دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت