بورهان شێخ رەوف: پڕۆژەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستى سەوز.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دواجار مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە ڕۆژى 31/3/2021 بە سەرۆکایەتى شاندێک گەیشتە ریازى پایتەختى عەرەبستانى سعودیە، ئەو بەستەڵەکەى توانەوە کە لە ساڵى 1990 ەوە پەیوەندییەکانى ئەو دوو وڵاتە بڕابوو بە هۆى داگیرکردنى کوەیت لە لایەن عێراقەوە.
کازمى دواى دەستبەکاربوونى سەردانى وڵاتانى دەرودراوسێى عێراقى کرد، هەرچەندە بڕیاربوو یەکەم وڵات سەردانى سعودیە بکات و بڕیاریش درابوو، بەڵام بەهۆى نەخۆشکەوتنى شا سەلمانەوە دواخرا بۆ ئێستا، سەردانى تاران و ئەنقەرەى کرد.
حکومەتى عێراق لە سەردەمى عەبادى و دواى ئەویش عەبدولمهدى و نهاش کازمى لە هەوڵى ئاسایى کردنەوەى پەیوەندییەکانى عێراق و وڵاتانى عەرەبین کە قوڵایى ستراتیجى عێراقە بەلاى عەرەبەکانى عێراقەوە، ئیتر ئەو پرۆژەى کە کازمى بە ناوى ڕۆژهەڵاتى نوێەوە ناوى دەبات یان هەندێکى دى بە پرۆژەى شامى نوێ کە تائێستا سێ کۆبوونەوەى لوتکە لە نێوان هەرسێ وڵاتى میسرو ئوردن و عێراق لە قاهیرەو نیۆرک و عەمان گرێدراوە، چەند ڕۆژى ڕابردوو بڕیار بوو کۆبوونەوەى لوتکە لە بەغدا ببەستن، بەڵام بەهۆى ڕوداوى بەیەکدادانى دوو شەمەندەفەر لە میسر دواخرا.
مەبەست لەم کۆبوونەوەو جەمسەربەندییانە لەم ناوچەدا، لە نێوان سێ وڵاتدا تەواو کارى و دەستکەوتى ئابورى و سیاسى ئاسایش وڕۆشنبیرى دەبێت، شەقامى عێراقیش وەکو کاردانەوەکانیان لە میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا دەبینرێت خۆشحالن بەو پێشهاتە، هەوڵەکانى عێراق بۆ بەستنەوەى تۆڕى کارەباى عێراق بە ئوردن و ڕاکێشانى بۆڕى نەوت لە بەسرەوە بۆ عەقەبە، گۆڕینەوەى نەوت لە گەڵ کۆمپانیکانى میسربەرامبەر بەشداریکردن لە بنیاتنانەوەى ژێرخانى عێراق و زۆرشتى تریش سەرەتاى ئەو پڕۆژەن.

ڕێککەوتننامەى هاوبەش لە نێوان دوو وڵاتدا
عێراق و سعودیە چەند ڕێککەوتننامەیەکى گرنگیان ئیمزاکرد لە چەند بوارێکى جیاوازدا، سەرەڕاى ڕێککەوتنامە لە سکتەرى وزەو و وزەى نوێ بووەوە، هەروەها ریاز وبەغدا ڕێککەوتن کە سندوقێکى هاوبەش دابمەزرێنن کە سەرمایەکەى 3 ملیار دۆلار بێت بە گوێرەى بەیانى هاوبەشى هەردوولایان، کە سوودو قازانجى بۆ ئابورى هەردوولا دەبێت بە هاوبەشى کەرتى تایبەتى هەردوو وڵات.

نەوت
خاڵێکى ترى گرنگ کە دوو وڵات هاوڕابوون سکتەرى نەوتە کە هەردوو وڵات خاوەنى یەدەکى گەورەو هەناردەکەرى زەبەلاحى نەوتن بۆیە بڕیاریان داوە هەماهەنگى وهاوکارى و هاوهەڵوێستى خۆیان پەرە پێ بدەن لە ڕێکخراوى ئۆپیک کە سەقامگیرى بازاڕى نەوت بپارێزن و پابەند بن بە بڕیارەکانیەوە.

سیاسى و ئابورى
لە بوارى سیاسى و ئابوریشدا بڕیاریان داوە ئەکتیف کردنى گواستنەوەى زەمینى و ئاڵوگۆڕى بازرگانى لە نێوانیاندا، باسى زۆر دۆسیەى گرنگی تریان کردووە تایبەت بە پاراستنى ئاسایش و ئارامى ناوچەکەو پشتیوانى دەستپێشکەرییەکەى سعودیە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە یەمەن و دوور خستنەوەى ناوچەکە لە شەڕو ئاژاوە، کازمى بەڵێنى ئەوەى بە عەرەبستان داوە کە لە خاکى عێراقەوە هیچ هێرشێک نەکرێتە سەر عەرەبستانى سعودیە، ئەگەرچى لە ماوەى ڕابردوودا هەندێک دەنگۆى وا بڵاوکرابووەوە.
حکومەتەکەى کازمى هەرچەندە ماوەکەى کورتەوە ڕاگوزەرە، بەڵام لە هەوڵى ئەوەدایە وەبەرهێنانى دەرەکى بۆ عێراق ڕابکێشێت، بۆیە هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەى ئەو پەیوەندییانە لە گەڵ سعودیە بە گرنگ و پێویست دەزانێت بە تایبەتى لە بوارەکانى وزەو کشتوکاڵدا پشتیوانى عەرەبستان بۆ عێراق کاریگەرى خۆى دەبێت.

خۆرهەڵاتى سەوز
بابەتێکى ترى گرنگ کە پێش سەردانەکە کازمى، شازادە محەمەد بن سەلمان بە تەلەفۆن لە گەڵ کازمى باسى کردبوو پڕۆژەیەکى زۆر گرنگ بوو لە بوارى ژینگەدا ئەویش دەستپێشخەرى و پڕۆژەى ( خۆرهەڵاتى ناوەڕاستى سەوزە )ە کە لە گەڵ وڵاتانى ناوچەکە ئەنجام بدرێت بە مەبەستى ڕواندنى 50 ملیار دار وەکو گەورەترین بەرنامەى سەوزکردنەوە ى زەوى لە جیهاندا.
لە کۆتاییدا ئەوەى گرنگە ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى عێراق لە گەڵ دەوروبەرە عەرەبیەکەى دواى ساڵانێک لە دابڕان و درزو کەلێن بێگومان بەربەستى گەورەى ناوخۆیى و دەرەکى هەیە و کارێکى وائاسان نیە بە تایبەتى بۆ کازمى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت