ســـەرکۆ یونس: زیـــــادەڕۆیی لــــەپێداویستیەکاندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرەڕای ئەوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، مانگی خواپەرستی و عیبادەت و ڕەحمەت وبەزەیی و خێرو سەدەقە و چاکەیە، بەڵـــام بەداخەوە، لەلای زۆربەی موسڵمانان، مانگی زێدەخەرجی وزێدەخۆرییە!
وایلێهاتووە مانگی ڕەمەزان، بووە بەمانگی خواردن و خواردەمەنی و خوانی چەورو شیرینی و شەربەت و بابەتەکانی تر.
زێدەخۆری و زێدەخەرجی لەم مانگەدا، تەنها نەبەستراوەتەوە بە چینێکەوە، بەڵکو هەموو خێزانەکان، بەهەژارو نەدارو دەوڵەمەندو خواپێداوەکانەوە، دەکرێت!
پێویستی بوون بۆ خۆراک و خواردەمەنی، یەکێکە لەگرنگترین هۆکارەکانی بەردەوامی بۆ ژیانی مرۆڤ، لەڕیزبەندی یەکەمی پێویستیەکانی تاکدا، ئەژمار دەکرێت.
بەگشتی هاونیشتیمانیانی هەرێم، بەکۆمەڵگایەکی بخۆرو زێدەخەرجی، دەناسرێت و زیاد لەپێویستی کەسەکان، پێداویستی بەکاردەهێنرێت.
لەمانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، داواکاری بۆ پێداویستەکان زیاتر دەبێت، بەبەراورد بەمانگەکانی تر، ئەمەش حاڵەتێکی دەگمەنی کۆمەڵگا ئیسلامیەکانە، بووە بە کلتور و هەندێجار چاولێکەری تاک و خێزانەکان.
زێدەخەرجی و زێدەڕۆیی، لەخواردن و خواردەمەنی، لەئاینی پیرۆزی ئیسلامدا، ڕێگەپێدراو نی یە، بەدەقی قورئانی {وَكُلُوا وَاشْرَ‌بُوا وَلَا تُسْرِ‌فُوا ۚ إِنَّهُ لَا يُحِبُّ الْمُسْرِ‌فِينَ} (الأعراف: 31)
هەروەها پێغەمبەری ئیسلامیش(صلى الله عليه وسلم) قەدەغەی زیادەخەرجی و زیادەخۆری کردووە، ( كُلوا وتصدَّقوا ، والبَسوا في غيرِ إسرافٍ).
زیادەڕۆیی لە خۆراک و خواردەمەنیدا، بووەتە دیاردەیەکی بەرچاو و کۆمەلگای کوردی، بەدەستییەوە دەناڵێنێت، هیچ خێزانێک نی یە، سفرەی بەربانگی بەبێ فیڕۆدانی بەشێک لەخوانەکەی نەبێت! هەرچەندە ئامارێکی دروست، لەم بوارەوە نی یە، بەڵام بەدڵنیاییەوە، نیوەی زبڵ وخاشاکی خێزانەکان، بریتین، لەپاشماوەی خۆراک وخواردەمەنی و میوە و سەوزە.
یەکێک لەحیکمەت و لەهەمانکاتدا، پەیامی سەرەکی ڕەمەزان، بۆ ئەوەیە مرۆڤ، هەست بەنیعمەتەکانی خوای گەورە، بکات وفێری ئارامگرتن و خۆڕاگری بکات، پەروەردەی دەروون کرۆکی بەڕۆژووبونە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە، خەڵک وەک تۆڵە سەیری بەربانگ و خوانی ئێوارە دەکات، لەکاتێکدا ئەمە ڕێک پێچەوانەی پەیام و فەلسەفەی ڕەمەزانە. هاوکێشەی عیبادەت، لەنێوان هۆکار و ئامانجدا، تەواو پێچەوانەیە.
لەلایەکی ترەوە، زیادەخۆری و زیادەخەرجی، کاریگەری لەسەر لایەنی تەندروستی هەیە، لەسەر ئەندام و جەستەی مرۆڤ، بەپێ ی توێژینەوە تەندروستیەکان ڕێژەیەکی زۆری نەخۆشیەکان، بەهۆی زیادەخۆرییەوە سەرهەڵدەدات، لەنمونەی ئەو نەخۆشیانە، زیادبوونی کێش و قەڵەوی، دەرئەنجامی قەڵەویش نەخۆشیەکانی فشاری خوێن و دڵ و شەکرە و سەوەفان و… هتد..
هەروەها دەرئەنجامی ئەم دیاردەیە، جارێکی تر قەیرانی گرانبوونی بازاڕ، سەرهەڵدەدات، بارگرانی زیاتر بەسەر گیرفان و داهاتی خێزانەکانەوە دروست دەبێت.
زانستی ئابوری، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە تاک و خێزانەکان، بەپێ ی پێویستی ئەندامانی خێزان و رۆژانە، پێداویستەکان دابین بکەن، زیاد لەپێویستی زەرەر لەگیرفان وداهات دەدات.
لەلایەکی ترەوە، دەرئەنجامی ئەم خواستە زۆرەی بەکاربەران و لاوازی ئابوری هەرێم، کەتوانای وەڵامدانەوەی خواستی ناوخۆی نیە، ناچار بۆ پڕکردنەوە، پەنا دەبرێتە بەر هاوردەکردن، بەپێ ی ئامارە ناڕەسمییەکان (90%) پێداویستە خۆراکی و خواردەمەنییەکان، لەدەرەوە هاوردە دەکرێت، داهات و پارەی نیشتیمانی دەچێتە گیرفانی وڵاتی هەناردەکارەوە.
لەبەرئەوە، زۆر گرنگە تاک وخێزان، بەووریایی و هۆشیارییەوە پێداویستییەکانیان بەپێ ی پێویست، دابین بکەن و زیاد لەپێویستی خۆیان نەکڕن، لەهەمانکاتدا نەبنە هۆی بەرزکردنەوەی نرخەکان.

* ئابووریناس

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت