دانا مەنمی: نوسینەوەی بیرەوەری و ،كورد و نامۆبوون بە مێژوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەكێك لە قورسترین ئەركە فیكرییەكانی توێژەرو لێكۆڵەریی مێژوویی، ڕاوەستانێكی ڕەخنەییە لە بەردەم ئەو مێژووەی كە بكەرە سیاسییەكان وەكو چیرۆك بۆ خۆیان و حیزب و سەرۆكەكانی خۆیانی دەنوسنەوە. ئەركی توێژەی ڕاستگۆو بە سەلیقە لێكدانەوەی ئەو دەقانەیە كە قسه‌ له‌سەر مێژووی سیاسی و ژیانی سیاسی ئینسانەكان دەكەن. ئاوكێشترین بابه‌ته‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ن، كه‌سی لێكۆڵه‌ر له‌م جۆره‌ بابه‌تانه‌دا ‌تا دره‌نگتر بێته ‌گۆ، باشترە لەوەی زوتر بێتەگۆو، هەڵەیەك تێپەڕێت بەسەریدا. پێویستە توێژەران و لێكۆڵەران و پسپۆڕانی ئەو بوارە خۆیان بە دوور بگرن له‌ هه‌ست و سۆز بۆ یار و رق له‌ نه‌یار. لێكۆڵەرو توێژەری بە توانا و بەسەلیقە ئه‌و كه‌سه‌یه،‌ قسه‌ی تازه‌ و لێكۆلینه‌وه‌ی گرنگ پێشكه‌ش بكات و پشتی ڕووداوه‌كان بخوێنێته‌وه‌، به‌راوردی پێش و پاشی كاره‌ساته‌كان بكات، هۆكارو ده‌ره‌نجامی گۆڕانه‌كان بخاته‌ ڕوو. دەبێت بابه‌ت و ڕووداوه‌ مێژوییه‌كان به‌رده‌وام خوێندنه‌وه‌ی نوێ و هه‌ڵێنجانی زیاتریان تێدا بكرێت.
مێژوو ئەگەر پسپۆرێكی مێژووی یان توێژەرو لێكۆڵەرێكی ژیر نوسیبێتیەوە، لایەنی جوان و ناشیرین، دۆست و دوژمن، ستەمكارو ستەملێكراو،نخیانەتكارو شۆرشگێر، شكست و سەركەوتن، هەڵەو كەموكوڕییەكانمان بۆدەردەخات. ئەركی پسپۆری مێژووی هەم بریتی یە لە راستکردنەوەی تێكستەكان و هەمیش پاڵفتە كردن و رێکخستنەوەی مێژوو بە فورمێكی ئەكادیمیانە بۆ ئەمڕۆ و ئایندەمان، نوسینەوەی مێژوو یان بیرەوەرییەكان پیویستی بە پانتاییەكی فراوانی بیركردنەوەو ئەقڵی رەخنەیی و ڕەخنەی ئەقڵی هەیە، هەرچەندە بەپێی زانستی دەرونناسی بیرەوەری نابێتە جێگرەوەی مێژوو. بەڵام هەموو كەسێكیش مافی نوسینەوەی بیرەوەری هەیە و، كێشەكە لێرەدایە كە نوسینەوەی بیرەوەرییەكان زیاتر پەرچەكردارەو دۆخێکی سایکۆلۆژی و بیرکردنەوەی لای خوێنەر بەرهەمهێناوە لەوەی كە بەعس باشتر بووە لەمان! خۆ ئەگەر بێت و بپرسین بۆ ئەو هەموو زوڵم و ستەمەتان كردووە؟ هه‌زاران بیانووت بۆ ده‌هێننه‌وه‌ بۆ داپۆشینی تاوانەكانیان، بە دەردی فرۆید دەلێت: ئه‌گه‌ر بێت و زۆر له‌ تاوانبار بكۆڵینه‌وه‌ ده‌بینه‌ لایه‌نگری، چونكه ستەمكار‌ بیانویەكی به ‌ده‌سته‌وه‌یه‌ بۆ تاوانكردن.
لەگەڵ نوسینەوەی هەر بیرەوەرییەكدا كاریگەری نەرێنی و زیانێك زیاتر لەو خودی بیرەوەرییەكان و لەو مێژووە دەدرێت كە دەمانەوێت هەڵێنجانی لەبارەوە بكەین، هۆكارەكەیش ئەوەیە هەموو ئەوانەی كە دەست و پەنجەیان لەم كایەدا نەرم كردووە بە ناخێكی پر لە هەڵچوون بیرەوەرییان نوسیوەتەوەو، نەیانتوانیووە لە نووسینەكانیاندا ئەو هەڵچوون و شێواوییە بشارنەوە. زۆرینەی بیرەوەرییەكان جۆرێك لە ورێنەیە و، روداوەكانیش تێكەڵ و پێكەڵی پێوە دیارە. هەمیشە لێرەو لەوێ بە هەر کەسێک گەیشتبێتم دەرگای دڵم بۆ کردووەتەوە و تا لە توانامدا بووە، لە بارەی كاریگەرییە خراپەكانی نوسینەوەی ئەو بیرەوەرییانە پەیڤیوم. ئەز ئەم لێشاوی نوسینەوەی بیرەوەرییە ئەوەندە زۆر و تێکەڵوپێکەڵن لە مێشک و خەیاڵماندا جێ بە یەکدی لەق دەكەن. هێشتا لە خوێندنەوەی بیرەوەرییەك تەواو نەبوین و لە ناخماندا جێگەی خۆش نەکردووە، بیرەوەری یەكێكی دی بڵاودەكرێتەوەو خۆی بە ژووردا دەکات و بێ ئەوەی فلتەرێکی بەهێز پاڵفتەیان بکات. لە نێوان دوو بیرەوەریدا كە دژ بەیەك و بە كینەو حەقدەوە وەك پەرچەكردارێك نوسراوە ئاوی ڕووح و هەوای دەروونمان بە جارێک پیس و بۆگەن و دووکەڵاوی دەکات.
كورد نەتەوەیەكی نامۆی نێوجەنگەڵی مێژووە و ناتوانێت بەروبومی مێژووی خۆی بچنێتەوەو توانای دەربازبوونی لە باجی مێژووی نییە، بۆ دەربازبوونی لە باجی مێژووی پێویستە كورد خۆی بناسێت و مێژووەكەی بە فلتەرێکی بەهێز پاڵفتە بکات و نوسینەوەی بیرەوەرییەكان دوور بن له‌ هه‌ست و سۆز بۆ یار و رق له‌ نه‌یار، كورد لە ناو ئەم نامۆبوونەدا كە شكاوە هەر چەکی دانەناوە، بەڵكو عەقڵیشی داناوە. چونكە خودی كۆمەڵگا ژێردەستەیە و مێژووش لەناو ئەم پرۆسەیەدا فۆرم وەردەگرێت، فۆرمێك كە كۆمەڵگای ژێردەستەو زەلیل كردووەو مێژووییەك كە بە جۆرێک نوسراوەتەوە کە بە كۆمەڵگا نامۆ بێت.كاتێك دەلێم كورد نەتەوەیەكی نامۆی نێوجەنگەڵی مێژووە مەبەستم ئەوەیە سەرباری هەموو ئەو دەرفەت و ئیمكانییە مەعنەوی و ماددیانە نەتوانراوە دیراسەكی وردی بێلایەنانەی زانستی مێژووی بكرێت و موراڵێكی زانستی بۆ نوسینەوەی مێژوو گەشە پێبدەین، هەتا بگرە مێژووی فیكری و كلتوریش لە داگیركاری ڕزگاری نەبووە و ئەمەش بە دیوێكی تردا زەوتكردنی ئیرادەی ئینسانی مرۆڤی كوردە كە هێشتا ئازاد نییە لەناو تراژیدیای داگیركاری و ژێردەستەیی سیاسیدایە كە كوێرانە لایەنە سیاسییەكان تەفاعول لەگەڵ مێژوی شاخ و شاری خۆیان و مێژووی فیكری و ئەدەبی دا دەكەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت