ناکام مەحمود ئەحمەد: فەیسبووك بووە بەکابوسی ئەم کۆمەڵگایە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەواڵی مەرگ و کوشتن و سوتاندن و دزین و بێڕەوشتی مەزاری گەرمی ئەم ڕۆژگارە، بێ منەت و مرۆڤ پڕوکێنەن. بەجۆرێك هزر و ڕوانینی تاکی کورد تێك شکاوە و تێك دەشکێت لەدەست ئەم ڕاگەیاندن و هەواڵانەی تەزوی سارد و غەمی قورس بەسەر چاو دڵ و دەرون مانا دێنن.
ڕەنگە نەتوانین چیدی وەك خۆمان بین، سێبەرەکان هێندە نزیکن کە تاکی کورد لەبەردەم تاقی کردنەوەی ئومێد و گەش بیانیدا ئەژنۆی دەشکێت. نازانین ڕوو لەکام ژینگە و کار و کۆمەڵ و دانیشتن بکەین کە دوور بێت لە باس و خواستی تاوان و سزاو زوڵم و زۆری.
خەریکە خۆکوشتن و ئەو کوشتن دەبێتە دیاردە و ئەمەش دەرئەنجامی زوڵم و نایەکسانی و لایەنیگری یاسا و دادگاکان و بێ ئیرادەیی حکومەت بۆ بڕیاری بەسزا گەیاندنی تاوان باران.
خەڵکی بڕوای بەیاسا و دادگا و سزادان نەماوە، سەرەڕای باجەقورسەکەی زوڵم لێ کراو خۆی دەیەوێت تۆڵە بکاتەوە. تاکەشتێك کە تاکی کورد لەم قۆناغ و سەردەمەدا بیری لێ نەکاتەوە لێبوردن و لێ خۆش بوونە، ئامادەیە بۆ هەموو سزایەک بۆ زیندانی تاهەتایی بۆ لەسێ دارەدان بۆ ڕاکردن لەکۆمەڵگا و خۆشاردنەوە لە شیشی تاقەت پروکێنی زیندان، بەڵام ئامادە نیە و شەرمەزارییە ئەگەر بیر لە وشەیی لێ بوردەیی و واز هێنان لەو حەقەی بکاتەوە کە ڕەنگە دەوران بەبەرچاوی خۆیەوە حەقی بسێنێت. خێزان و دۆستایەتی و پەیوەندیەکۆمەڵایەتیەکان و مۆرکی رەسەنایەتی ئینسان لەدەست دەدەین.
نابینم و نابیستم ڕۆشنبیر و نوسەر و ئەدیبان بێنە سەرخەت و هاوار بکەن بڵێن بەسە،هەرچەندە ئێستا ئەستەمە کەناڵێك یان گۆشەیەك بدۆزیتەوە تا پەیامەکەت بگەینیت، چونکە حکومەت بەجدی کاری لەسەر ئەوە کردووە هیچ سەکۆیەك نەمێنێت بۆ ڕۆشنبیران و دڵسۆزانی ئەم کۆمەڵگایە. ئەمە لەبێ هەڵوێستی و بێ دەنگی ڕۆشنبیران و نوسەرانە، لەبێ دەربەستی و ڕەشمەکردنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییە دەنا چۆن دەبێت ئەم هەم و کارەسات و ڕوداوە دڵ تەزێنانە بەسەر ئێمە دا تێ پەڕێت،
ڕۆشنبیر پێویستە لەسەر هەموو دیاردەکان بەپێی ئەزمون و شارەزایی خۆی قسەی هەبێت و خاوەن هەڵوێست بێت، بەس نایان بینم، ئەرکی ڕۆشنبیر لە نوسەری و بینەری و خوێنەری زیاترە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت