سەرکۆ یونس: داهاتی زەکات، قەبارەی گەورە و کاریگەری بچوک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زەکات، یەکێکە لەبنەماکانی باوەڕبوونی موسڵمانان، خوای گەورە، لەساڵی دووی کۆچی واجبی کرد لەسەر باوەڕداران، بە دەقی ئایەتی {خُذْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ صَدَقَةً تُطَهِّرُهُمْ وَتُزَكِّيهِمْ بِهَا وَصَلِّ عَلَيْهِمْ إِنَّ صَلَاتَكَ سَكَنٌ لَهُمْ} [التوبة: 103]
بەپێ ی شەریعەت و بارودۆخی هەر کۆمەڵگاو وڵاتێکی ئیسلامی، زەکات بەخشین، مەرج وئەحکام و ڕێنمایی تایبەتی هەیە، کە لیژنەی باڵای ئایینی یان موفتی وڵات، بڕیاری لەسەر دەدات.
لەهەندێ وڵاتانی ئیسلامیدا، دەزگای تایبەتمەند و لیژنەی پسپۆڕ، هەڵدەستن بە وەرگرتن و دابەشکردنی داهاتی زەکات، بەسەر ئەو کەس وخێزان و چین وتوێژانەی کە زەکات دەیانگرێتەوە، بێ گومان بە شەفافی وبەدەستپاکی.
خوای گەورە، هیچ حوکمێکی لەسەر زەوی بەبێ حیکمەت دانەبەزاندووە، یەكێک لەحیکمەتەکانی زەکات، کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان دەوڵەمەندو هەژارانە.
زەکات، موعجیزەیەکە، لەبواری یاسادانان و ئابوری و وکۆمەڵایەتیدا، کاریگەری ودەرئەنجام وڕەهەندی ئابوری و کۆمەڵــایەتی هەیە، لەسەر تێکڕای دانیشتوان.
لەهەرێمی کوردستاندا، ساڵــانە ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم، بڕیار دەدات لەسەر بڕو جۆری زەکات، بۆ ئەمساڵ، لە فەتوایەكدا ڕێژەی زەكاتی دیاری کرد، زەكات لە(7)ملیۆن دینارەوە دەستپێدەكات، و بۆ هەرملیۆنێك بڕی (25) هەزار دینار، زەكاتی دەبێت لێ‌ بدرێت.
لەنەبوونی دەزگایەکی سەربەخۆی خاوەن کەسایەتی دەستپاکدا، زۆرێک لە لایەن و حزب و کۆمەڵە وگروپەکان، هەستاون بە دامەزراندنی لیژنە یان دەزگای حزبی بۆ کۆکردنەوەی زەکاتی خواپێداوانی ئەندام و لایەنگرانی خۆیان و دابەشکردنیان بەسەرکەسانی تاڕادەیەک نزیک لەخۆیان، زۆربەی کات ئامانجی سیاسی، لەپشت پێکهێنانی ئەم لیژنانەوەیە.
لەلایەکی ترەوە، بەهۆی نەبوونی هاوئاهەنگی و پەیوەندی لەنێوان ئەم لیژنانەدا، هەندێجار، کەس یان خێزان هەیە زیاتر لەجارێک زەکاتی پێدەدرێت، لەکاتێکدا لەوانەیە کەس و خێزانی تر هەبن، هیچیان بەرنەکەوتبێت!
هەروەها بەهۆی نەبوونی ئامارێکی دروست، نازانرێت چەند کەس و خێزان هەژارو بێ دەرەتانن، نازانرێت ژمارەی ئەو کەسانە چەندن، کەدەچنە ژێر سێبەری زەکاتەوە، هەندێجار کەسی ناشایستە زەکاتی، پێ دەدرێت.
تەنانەت حکومەتی هەرێمیش ئاماری دروستی لەلا نی یە! کەپێویستە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی و دەستەی ئاماری هەرێم، ڕێژەو ژمارەی هەموو ئەو چین وتوویژانەی کەهەژارو بێنەوان و ئەو کەسانە دەستنیشان بکەن، کەزەکات دەیانگرێتەوە.
بەپێ ی ئامارەکان، هەرێمی کوردستان، خاوەنی ڕێژەیەکی بەرچاوە لەسەرمایەداران، زیاتر له‌ 10 هه‌زار كه‌س سامانەکانیان سه‌رووی (5) ملیۆن دۆلاره‌ و 13سه‌رمایه‌داریش له‌ سه‌رووی ملیار دۆلاره‌وه‌ن، ئەگەر بەتەواوی زەکاتیان لێ وەربگرێت، ڕێژەی زەکاتیان نزیکەی (750) ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.
لەلایەکی ترەوە بەسەدان، دەوڵەمەند هەن کەبەهەڕەمەکی و بێ بەرنامەو پلان، زەکاتی سەروەت وسامانەکانیان دەردەکەن، بەڕێژەی بچوک و بڕی کەم، بەسەر زۆرترین کەسدا دابەشدەکەن، کەبەداخەوە کاریگەری لەسەر دۆخی دارایی کەسان دروست ناکات.
هەروەها ڕێژەیەکی زۆری زەکاتدەرانی تر هەن، خۆیان لەزەکاتدان دەدزنەوە، زەکاتەکانیان بەسەر کوڕو کچ و هاوسەرەکانیان دابەشدەکەن، یان بە پێچەوانەوە، بەبێ ئەوەی ئەم کەسانە لەو چینانە بن، کەخوای گەورە دەستنیشانی کردوون!

زەکات، چەندین کاریگەری هەیە لەسەر ئابوری لەوانە:

یەکەم: ڕۆڵی زەکات لەهاندانی وەبەرهێنان.
زەکات، بەیەکێک لەهاندەرەکانی پرۆسەی وەبەرهێنان دادەنرێت، ئەمەش لەڕێگەی بەگەرخستنی سامان ودارایی پاشەوکەتکراو لەوەبەرهێناندا، لەترسی کەوتنەژێر سایەی زەکاتەوە، کەواتە زەکات هانی دارایی پاشەکەوتکراو دەدات، بۆ بەگەڕخستن، ئەمەش دەبێتەهۆی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان و پاشان ڕەخساندنی هەلی کار، سەرئەنجام دەبێتەهۆی بوژانەوەی بازاڕو چالاکییەئابوریەکان.

دووەم: ڕۆڵی زەکات لەدوبارە دابەشکردنەوەی ساماندا.
سەرەڕای جیاوازی دەوڵەمەند و هەژاران، بەڵام ئاینی پیرۆزی ئیسلام چارەسەری ڕیشەیی داناوە و ڕێگەنادات دەوڵەمەند دەوڵەمەندتر بێت و هەژارانیش هەژارتر بن، لەپێناو گەورەنەبوونی بۆشایی نێوان چینەکانی کۆمەڵگا، ئیسلام زەکاتی واجب کردوە لەسامانی دەوڵەمەندان بدرێت، بەهەژاران وبێ نەوایان، بەمەش جارێکی تر سامان دابەشدەکرێتەوە و لەم ڕێگەیەوە ئاستی بژێوی هەژاران بەرزدەبێتەوە و دادپەروەری ئابوری لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا، بەدەستدێت.

سێ یەم: ڕۆڵی زەکات لەبەدەستهێنانی گەشەپێدانی ئابوریدا.
دەرکردنی زەکات لەسامان وداراییدا، دەبێتەهۆی دەستکەوتنی پارە لەلای هەژارونەداراندا، ئاستی داهاتیان زیاددەبێت، ئەمەش زیادبونی بەکاربردنی پەیدادەبێت و خواست لەسەر شمەکی بەکابردن بەرزدەبێتەوە وسەرئەنجام بەرهەمهێنان و وەبەرهێنانی زیاتر لێ پەیدا دەبێت، لەمەیشەوە هەلی کار دەرەخسێت و توانای بەرهەمداری ئاستی ئابوری تاک و کۆمەڵگا باشتر دەبێت، ئەمەش گرنگترین ئامانجەکانی گەشەپێدانی ئابورییە.

چوارەم: ڕۆڵی زەکات لەچارەسەرکردنی کێشەئابورییەکاندا.
زۆربەی کۆمەڵگا ئیسلامییەکان، تووشی ئاستەنگی ئابوری وکۆمەڵایەتی دەبنەوە، ژیانی ڕێژەیەکی بەرچاوی هاونیشتیمانیان، تووشی کێشە وقەیران دەبن، لەوانە بێکاری وجیاوازی داهات وکەمی پارە، لەبەرئەوە ئاینی ئیسلام، سنورێکی داناوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، ئەویش بەدەرکردنی زەکاتی ماڵ وسامانی خواپێداوان.
بەداخەوە زۆربەی کات، زەکات، ئامانجە گەورەکەی خۆی بەدەست نایەنێت و کاریگەری ئەوتۆی نیە، لەلایەنی ئابوری وکۆمەڵایەتییەوە.
دەرکردنی زەکات و دابەشکردنی بەسەر ئەوکەسانەی کە زەکات دەیانگرێتەوە، بەم شێوازە تەقلیدیە و بەخشین بە هەرەمەکی، مافی خۆی لەگرنگی زەکات بۆ ئابوری هاوچەرخ لەدەست دەدات، لەبەرئەوە زۆر گرنگە، دوبارە خوێندنەوەی ئایینی و زانستی بۆ زەکات بکرێت، هەروەها ئامڕازەکان و میکانزیمەکان گەشەیان پێ بدرێت، کەلەگەڵ بارودۆخی کۆمەڵگا وکێشە هاوچەرخەکاندا، بگونجێت، تا هیچ نەبێت، بەشێک لەو گرفت و کێشانە چارەسەر بکات، کەکۆمەڵـــگا بەدەستیانەوە دەناڵێنێت.

* ئابووریناس

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت