بەهرۆز جەعفەر: کۆرۆنا لە چاوی هیندستانەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمڕۆ 26 ی نیسانی 2021 بو. لە هەریەکە لە فرانس- 24 و ئەلعەرەبیەو BBC و RT ئەو دیمەنانەی هیندستانمان بینی کە هەر ( 4 ) چوار خولەکێک کەسێک بە کۆرۆنا گیانیان لەدەست ئەدا و، تیمه‌كانی سوتانی لاشه‌ی مردوان ماندون به‌ده‌ست كاره‌كه‌یانه‌وه‌.
هیندستان، دووەم گەورەترین سیستەمی پێشکەوتوی تەندروستی لە بواری دەرمان و، پێنجەم گەورەترین ئابوریی جیهان(لە پێشی فەڕەنساو بەریتانیا) لە ساڵی 2020. ئەوە چوار ڕۆژە ئۆکسجینی لێ بڕاوە. هەریەکە لە فەڕەنساو ئەمریکاو بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتوەکان و WHO و دەوڵەتانی تر… خێرا-خێرا هاریکارن و دەرمان و ڤاکسین و ئۆکسجین و نەخۆشخانەی گەڕۆکی بۆ ئەنێرن.
لەماوەی ئەم ساڵەدا، نزیک بە ( 196000) سەت و نەوەت و شەش هەزار هیندی بە کۆرۆنا مردوون. ڕۆژانە بە بەردەوامی ( 200.000 دووسەت هەزار بۆ 250.000 دووسەت و پەنجا هەزار) تووشبوو ڕووئەکەنە نەخۆشخانەکان لەو ووڵاتە. تێچووی هیچ یەکێکیان لەسەر دەوڵەت بە بەراورد بە تێکڕای بەرهەمهێنانی نێوخۆیی (GDP) تا چاکبونەوە لە ( 600 $) دۆلار کەمتر نییە.!. بەردەوام نەخۆشخانەکانی لە ملیۆنێک سەروتر توشبوی کۆرۆنای تیابوە!. بە پێی Covid Statistics ئێستا زیاتر لە ( 2.7 ) دوو ملیۆن و حەوت سەت هەزار هیندی بەهۆی کۆرۆناوە لە نەخۆشخانەن!.
دوو هەفتەیە ژمارەکان ترسناکن، جیهان لە دۆخی هیند بەئاگاو ڕا-ڕایە، هەموو رۆژێک ( 350 بۆ 400 ) کەس لە هیندستان تەنها بە هۆی کۆرۆناوە ئەمرن “ ئەمە تەنها ئامارە فەرمییەکان، خودا بیزانێت هەزارانی تر لەم دونیایە لە دەرەوەی ئاگایی سیستەمەکان ڕۆژانە ئەمرن”.
بەپێی World Population Review ژمارەی دانیشتوانی هیندستان ئەمڕۆکە لە 26 ی ئەپرێڵی 2021 دا 1,391,026,008 یەک ملیارو سێ سەت و نەوەت و یەک ملیۆن و بیستو شەش هەزارو هەشت کەسێک بوە. نزیک بە ( 17.4 ) حەڤدە ملیۆن و چوارسەت هەزار کەس تووشی پەتاکە بون.
پەتاکە!. وادیارە بەم زووانە بەرۆکی مرۆڤایەتی بەر نادات!. لە سەرانسەری جیهاندا بە پێی Worldometer Coronavirus پتر لە ( 3.11) سێ ملیۆن و یانزە هەزار کەسی لەم ساڵەدا لەناو داوە.
ڕاپۆرتی (العربي الجديد- لندن) لە 26ی جانیوەری 2021 دا، بە پشت بەستن بە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی-IMF ، رێکخراوی گەشەی ئابوری جیهانی و گەورە شارەزایانی بوارەکە، زیانە ئابورییەکانی پەتای کۆرۆنا بە ( 22 ) بیستودوو تریلیۆن دۆلار ئەخەمڵێنێت بۆ ماوەی ( 2020 تا 2025 ). ئەمە ژمارەیەکی فەلەکییە، نزیک ئەبێتەوە لەوەی بڵێین کە ئەوەندە پارەی کاش ئێستا لەسەر زەوی دا نییە!. لە ( 2020 ) پوکانەوە ( انكماش) ی جیهانی بە ڕێژەی (3.5 ٪) بوە، ڕاپۆرتەکەی -IMF پێشبینی کردوە لە ( 2021 ) دا ئاستی گەشە (5.5٪) بێت!. بەڵام بە پێی ئاماژەکانی وێرانەیی هیندستان بێت کۆرۆنا زللەیەکی بەهێزتر لە ئابوریی ئەم جیهانە ئەوەشێنێت. هیند بەشێکی گرنگ لە ئابوریی دونیا پێک دێنێت، ئیمرۆکە 26ی ئەپرێلی 2021 ە نزیک بە 1/3 ی توشبوی ئەم پەتایە لە جیهاندا لە هیندستاندایە!.
هیندستان، زیاتر لە 2500 ئاین و زمان و ڕەگەزی جۆراوجۆری تێدایە، گەورەترین ووڵاتی بەرهەمهێنی ڤاکسینە کەچی هێشتا (10٪) ی هیندییەکان ڤاکسینیان بەکار نەهێناوە!؟. ئەمە هۆیەکی هەبێت ئەوەیە لەهیند دا کەس بڕوای بە ڤاکسین نییە، بەڵکو هەر گروپەو دوای خورافات و تەقالیدی خۆیان کەوتون. ته‌ماشاى دیمه‌نه‌كان ئه‌كه‌یت، سه‌مه‌ره‌و جیاوازیى هه‌روه‌ها مه‌ترسیدارىى ئاستى كۆرۆنا له‌ هیند ده‌رئه‌كه‌وێت، خه‌ڵك به‌ لێشاو كه‌ره‌سته‌ى نوستن و خواردنى له‌سه‌ر سه‌رو له‌سه‌ر شان ناوه‌و كۆچ ئه‌كات “وه‌ك ئه‌وه‌ى ده‌بابه‌و سوپاى داگیركه‌ر به‌دوایان كه‌وتبێت”. مردوو ئه‌سوتێنن، نه‌خۆش ئه‌پێچنه‌وه‌، له‌ شووشه‌دا خه‌ڵك هه‌ڵ ئه‌گرن!. ئه‌مانه‌ هه‌موو ئاماژه‌ن ئه‌وه‌ى پێشكه‌وتنه‌ زانستى و ئابورییه‌كان له‌ هیندستان نه‌یتوانیوه‌ ببێته‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كى خاوى كۆمه‌ڵایه‌تى و كه‌لتوریى كه‌ ده‌ستكارىى دیدو تێگه‌یشتنى كۆمه‌ڵگا به‌ یه‌ك ئاست بكات.
هێشتا بەتەواوی نازانرێت ئەم دەردە چی بو!؟. لە کوێوە هات؟. بۆچی هات!. چۆن بو؟. ئامانجەکە کێیەو چۆنە!؟.. هەریەکەو بەلایەکدا ئەیخەمڵێنێت. هەریەکەو بە میتۆدێک و بە تیۆرەیەک ئەیڕێسێت!. کۆتا ڤێرژنی قسە ئەوەیە کە؛ تاکە هیوای مرۆڤایەتی ڤاکسینە. ئەها.. ئەوەتا لە ئەمریکاو بەریتانیا بەهۆی ڤاکسینەکەوە ژیان ئاسایی ئەبێتەوە!. لەکاتێکدا ڕۆژانە بە دەیان کچ و کوڕی گەنج و فیگەری دیارو ئەستێرەی ناودار بە هۆی ڤاکسینەکەوە گیان لەدەست ئەدەن. بە هەزارەها پزیشک هەن ئەزانن ڤاکسینەکە سەرکەوتو نییەو مەترسیی هەیە، ئەنتی ڤاکسینن. قسە ناکەن!. ناوێرن…. تادوایی. چەندین وێبسایت هەیە خولەک بە خولەک وێنەو ناو و تەمەنی ئەوانە نیشان ئەدات بەهۆی ڤاکسینەوە ئەمرن ( لەبەر ئەوەی نەبێتە ڕیکلامێک ناویان ناهێنین).

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت