بورهان شێخ ڕەئوف: داعش یان داشە هارە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دامە یارییەکى کوردەوارییە من لە دێهاتەکانى کوردستان دیومە خەڵکى ئەو یارییەیان کردووە، ئیتر نازانم میللەتانى ترى ناوچەکەش ئەو یارییەیان هەیە یان نا؟ بە کارەکتەرەکانى دەبێژن داشى دامە، ئەوەى لە بیرم بێت لە کۆتایى یارییەکەدا کە هەموو داشەکان خوران دوا داش کە بە تەنیا دەمێنێتەوە پێ ى دەوترێت ((داشە هارە )) کە بە هەموو لایەکدا بە ئازادى دەجووڵێت تا دەکوژرێت.
چەکدارەکانى ئێستاى داعشیش وەکو داشە هارەیان لێهاتووە ئێستا ڕۆژێک لە عێراق و ڕۆژێک لە سوریا و ڕۆژێک لە ناوچە جێناکۆکەکانى هەرێمى کوردستان پەلامارى هێزەکانى سوپاى عێراق و هەسەدەو سوریاو پێشمەرگەش دەدەن.
ڕاستە لە دواى پاککردنەوەى هەموو ناوچەو خاکى بندەستى دەوڵەتى خەلافەتى ئیسلامى داعش لە لایەن هاوپەیمانى نێودەوڵەتى و هێزەکانى پێشمەرگەو هەسەدەو سوپاى عێراق و ڕاگەیاندنى سەرکەوتن و کۆتایى هاتنى دەوڵەتى ئیسلامى، بەڵام داعش ئێستا و دواى ڕاگەیاندنى سەرکەوتنیش بە سەریدا، بە شێوازێکى نوێ خۆى ڕێکخستووەتەوە شەڕى پارتیزانى دەکات و سیاسەتى (( تاک گورگى )) پەیڕەو دەکات و دەست دەوەشێنێت و ڕادەکات.
داعش لە ئێستادا وەکو پێشوو ناتوانێت شارو ڕووبەرى فراوان داگیر بکات، بەڵام ئەوەىدەتوانێت بڵاوکردنەوەى ترس و نیگەرانى و بێزار کردنى خەڵک و بە ئامانج گرتنى کەسایەتى و هێزە ئەمنیەکانە.

فاکتەرەکانى سەرەکى مانەوەى داعش:
1. ئەوتوانایەتى بۆ کۆکردنەوە و ڕاکێشانى تیرۆریستى تازە لە عێراق و سوریا بە تایبەتى پارێزگاکانى خۆرئاواى عێراق و ناوچەى بادیەى سوریا، زیاتر بە هۆکارى خراپى بارو گوزەرانى خەڵکى ئەوناوچانەوەو داعشیش تواناى دارایى زۆرى لە بندەستدایە و چونکە ڕۆژگارێک بیرى نەوت و غازەکانى لە عێراق و سوریا لە ژێر دەستدا بوو، داعش بوو بوو بە زەنگینترین ڕێکخراوى تیرۆریستى وادیارە ئێستاش یەدەگى زۆرى داناوەو ئەمێستا سوودى لێ دەبینێت.
2. گەڕانەوەى داعش بۆ ئیستراتیجیەتى کلاسیکى لە تیرۆردا.
3. جێگیربوونى بەشى زۆرى هێزەکانى داعش و سەرکردایەتیەکەیان لە بادییەى سوریایە، کە هاوسنورى هەرێمى کوردستان وعێراقیشە و لەوێوە خۆى ڕێک دەخاتەوەو کە ناوچەیەکى بیابانى بەرفراوانە و بە ئاسانى کۆنترۆڵ ناکرێت.
4. جموجووڵەکانى داعش لە سوریا خاڵێکى گرنگە داعش هەمیشە کارى لەسەرکردووە بەستنەوەى هەردوو گۆڕەپانى عێراق وسوریایە بە یەکەوە ، لە بەرئەوە هەر کردەوەیەکى تیرۆریستى کە لە وڵاتێکیان ئەنجامى دەدات خزمەت بە کردەوەکانى لە وڵاتەکەى تر دەکات، هەر لەم چوارچێوەشدایە پەلامارو کردەوە تیرۆریستیەکانى لە پارێزگاکانى عێراقى نزیک لە سنوورى سوریا واتە موسڵ و ئەنبار زیاتر ئەنجام دەدات و بە پێچەوانەشەوە لە سوریا.

داعش لە نێوان چارەسەرى ئەمنى و سیاسیدا
ئەلقاعیدەو دواتریش داعش وەکو دوو ڕێکخراوی تیرۆریستى ئەگەر زیاتر لێ ى وردبینەوە وەکو کاردانەوە بەرامبەر بە پەراوێزخستنى سوونەکان سەریان هەڵدا و ئەو بەهانەیان کردە پاساو بۆ کۆکردنەوەو ڕێکخستنى سوونەکان و ماشێنى شەڕى تائیفیان پێ جۆشدا.
بۆیە چارەسەرى ئەمنى بۆلە ناوبردنى داعش بەتەنها کاریگەرى نیە و ئەوەى زۆر گرنگەو پێویستە بە تایبەتى لە عێراقدا جێبەجێکردنى دەستوورەو بەشداریکردنى هەموو پێکهاتەکانى عێراقە لە بەڕێوەبردنى وڵاتدا، دامەزراندنى دەوڵەتى دامەزراوەکان ، و سەروەربوونى یاسا ، سنووردارکردنى چەک بە دەستى دەوڵەتەوە و دامەزراندنى سوپاى نیشتمانى و تەجنیدى ئیلزامى، دابینکردنى خزمەتگوزارییە سەرەتاییە پێویستەکان بۆ خەڵکى عێراق لە ئاوو کارەباو تەندروستى و پەروەردەو ئاسایش و دابینکردنى هەلى کار و بەگژاچوونەوەى گەندەڵى کە زیانى زۆرى لە عێراق داوەو لە تیرۆر مەترسیدارترە.
لە کۆتاییدا لە ناوبردنى داعش و سەقامگیرى عێراق پێویستى بە هەوڵ و کۆششى زۆر هەیە لە هەموو بوارەکاندا، پێداچوونەوەو ڕیفۆرمى بنەڕەتى گەرەکە لە هەموو جومگە گرنگەکانى دەوڵەتى عێراقدا بە هاوکارى دۆست و هاوپەیمانەکانى ، بە پێچەوانەوە بەردەوامى دۆخى ئێستایە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت