ھوشیار ئەحمەدی: دڵ لای شاعێران.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لای فرەیێ شاعێران، دڵ دوامەنزڵگەی قەرار و بڕیارە، دڵ لای ئەوان، قانع وتەنی، نە ئەو دنکاڵە گۆشتەس تەنیا کاری ئاژینی خوێنە بە کەلەبەر دەمارەکامی کێڵگەی لەشا. بەڵکە کارخانەی ھەستییە، مەنزڵگەی ڕۆحە، باڵەخانەی خۆشەویستی و عەشقە، ئەڵقەی پەیوەندی عاشق و مەعشوق، دڵبەرو دڵدارە، دڵ ئەو نیشتمانەیە بە مەبەستی خۆشەویستی ھەوڵی داگیرکردنی ئەدرێ. دڵ کونجی مەیخانەی خەمە، ساقییە، بادەیە، پیاڵەیە، مەیە. دڵ فرە چتە، لە ڕێبازی زۆربەی شاعێرانا، دڵ کاری ڕۆح، مێشک، لەش، خەیاڵ، ھەست و..بەستوەتە کۆڵ خۆیا.
لەو ڕێبازەدا دڵ ھەس فراوانە، ھەس بوچکە، ھەس تەنگە، ھەس گوشایە، ھەس مەندە، ھەس تەنکە، بە پێی مرۆڤەکان دڵەکان جیاوازن.
لای ئەوان دڵ فڕگەی مەلی خەیاڵە، دڵ سەکۆی شایی و لۆغانە، شاد و خەمین ئەبێ، بریندار و ساڕێژ ئەبێ. بەڕاستی دڵ نەبوایا شاعێران چییان ئەکرد، ئەو گشتە بۆشاییەی دڵیان بەچی پڕ ئەکردەوە؟! وشە و ڕۆڵی دڵ لەدیوانی شاعێران بچنیتەوە، شیرازەی شێعر تێک ئەچێ، قافیەو ڕەدیفەکان لە گێژەنە دەرئەچن، وشەکانیتری ھەڵبەست ھەڵئەوەرن، ھەست و خەیاڵ بێ لانە ئەکەوێ.
کارمان بە سەر دینەکانەو نەبێ کە پێیانوابووە دڵ کاری مێشک ئەکات و پرۆسەی بیرکردنەوە و ڕامان و شیکاری و بۆچوون دەربڕین و بڕیاردان و… گشتیان بەرھەمی دڵن. ئەوان وەک شاعێران نەیانڕوانیوەتە دڵ، بەڵکوو وێدەچێ بە ھەڵە لە کاری دڵ تێگەییشتبن.
لە تەک ئەمەشا با لە ھەق لانەدەین، ھەر شاعێرانیش بوون دڵ بردن و دڵ دان و دڵ سپاردن و دڵ شکاندن و دڵ فڕاندن و دڵ ڕفاندنیان ھاوردە ناو ئەدەبیات و زوانی شێعر و بەستە و گۆرانی و بەند و…، ئەوان بەمەشەو نەوەستاون، جارجارەش دڵیان کردووەتە لۆکەی سەربڕینی تابوەکانی کۆمەڵگا، ئەو تابوگەلەڕ دڵ و ھەستە جوان و ئینسانییەکانیان سەدان ساڵ خنکاندووە، ئەو تابوانەی سەدان ساڵ جوانییەکانیان لە پەستو و پشتیرەکان شاردوەتەوە، بەڵێ ئەوان دڵیان کردووەتە شەکراو بۆ خنکاندنی دڵڕەقییەکان، بێ بەزەییەکان، ئەوان دڵیان کردووەتە تین و تاوی تواندنەوەی سەھۆڵی دڵە بەستووەکان، نەرم کردن و گەرم کردنەوەی دڵە ڕەق و ساردەکان…
ئەوان لە دووتۆیی پەڕەی ئێحساسی دڵیی دا، فرە شتیان درکاندووە، ئازایەتی و چاونەترسییان بەخشیوە، جارجارەش لە قاڵبی شێعرەکانیانا دڵیان کردووەتە کلیلی کردنەوەی دەروازەی زیندان و خەفەقانی دڵ و جوانی و لە دەمو زوانی گۆرانیبێژانەوە درگای دڵان و زیندانی دڵانیان پێ کردووەتەوە.

تواشای فایەق بێکەس کەن چەنێ زەریف ئێژێ:
دڵێ لە خۆیا داییم تەڕ نەبێ
سەرخۆشی بادەی ڕووی دوڵبەر نەبێ
مەفتونی باڵای قەد عەرعەر نەبێ
بە جامی شەراب کەیل و مەستی کەی
سا خوا ئەو دڵە، داییم پەستی کەی

یان قانع ئێژێ:
_ دڵ ھەر ئەو دنکاڵە گۆشتەس داییما پڕ بوو لە زووخ
جەرگەکەم چەشنی کەبابە بۆ کزیی کوردی ھەژار
_ براکەم حاڵەتم گریانە ئەمڕۆ
دڵ و جەرگم تەواو بوریانە ئەمڕۆ
_ خوێنی گەرمم ساردە بێشک ھەر وەکوو بەفراوی تۆ
دڵ وەکوو یەخبەندی تایە، بۆ نیشانە و ناوی تۆ

یان وەفایی ئێژێ:
_ دڵم پڕ خوێن و خوێنبارە بە غەمزەی نازی چاومەستان
_ نیگارا ئەی بە غەمزە ئافەتی دڵ، چاوی بیمارت
_ دڵی دێوانە لە سەر زوڵفی عالەم ، بەرییە

مەولەوی ماچۆ:
_ ئەی دڵ مزگانی، ئاما کۆچی یار
شای شایی سەردان خەمان کەرد فیرار
_ خەمین مەنیشە، خەم بدەر وەباد
فەلەک نمازۆ، کەس وەخاتر شاد

بێسارانی ماچۆ:
_ قیبلەم گرفتار، قیبلەم گرفتار
دڵ بە جەفای تا، بیەن گرفتار
_ دڵ موقەدەمەن، جەفاش تاڵیەن
جەزای دڵ سزاش، دەردی ناڵیەن

خاڵۆی کۆماسی ماچۆ:
_ عەرعەر باڵایێ، عەرعەر باڵایێ
دڵ کەفت نە تۆڕ دام، عەرعەر باڵایێ
_ شیرین ئەندامێ.. شیرین ئەندامێ
دڵ بیەن گرفتار، شیرین ئەندامێ
_ من پێسە بولبول نامم وانای گوڵ
من کەردم وە فەرش ڕای ئاموشۆت دڵ
_ دەرباری چەمان گرفتارێوەن
دڵ زەلیلی زام، زەخم دارێوەن
_ پەی چێش دڵ مەشۆ وە شوونی نەزەر
پەرێ ئەھلی دین حەزەرەن حەزەر
_ دڵ بێ قەرارەن. دڵ بێ قەرارەن
جە ھیجرانی یار، دڵ بێ قەرارەن
سەر تا پای باڵام ئالوودەی خارەن
رۆی رەوشەن جە لام چوون شەوی تارەن

یان سەید کامل ئیمامی(ئاوات) چەن جوان دڵی بە شار چواندووە:
من دەڵێم شاری دڵم باغ و گوڵستانە، دەچم
عەقڵ ئەڵێ نا، قەسەبەی شۆڕشی مەستانە، نەچی

یان مامۆستا عباسی حەقێقی ئێژێ:
_ دڵم ماتی غەمی ھیجرانی تۆیە
نەخۆشی دەردی بێ دەرمانی تۆیە
_ دڵی بردم نیگای چاوی خومارت
یەکەو گیراوی دوو مەستانی تۆیە
_ ئەگەر پەیمانەکەی دەستت شکاندم
دڵم مەشکێنە ھاوپەیمانی تۆیە

کوردی ئێژێ:
_توخوا ڕاستی بڵێ دوڵبەر، درەنگە
ئەوە موژگانە قوربان یان خەدەنگە؟
_وتم قوربان بکە ڕەحمێ بە حاڵم
وتی چبکەم، دڵی من میسلی سەنگە

سالم ئێژێ:
_ لە باغا غونچە دڵتەنگە لە حسرەت غونچەیی لێوت
گریبان چاک ڕوواوە گوڵ، لەبەر شەوقی گریبانت
_ وا دڵی ھێنامە جۆششش، جونبوجۆشی گیسویی تۆ
ئۆف خودا دیسان سەبا، بزواندی زەنجێری جنوون

مەستوورەی ئەردەڵان ئێژێ:
_ بە تاڵی پەرچەمی ئەگریجەکانت غارەتت کردم
دڵێکم بوو ئەویشت خستە ناو چاهی زەنەخدانت
_ دڵم مەشکێنە چونکوو مەخزەنی دەرد و خەمی تۆیە
فدای شەرت و وەفات بم چی بەسەر هات مەیلی جارانت
_ جە هووناوی دڵ کەردی غەڵتانم
نمانای پەنەم مەرگی سوڵتانم
_ دڵەی کۆسکەفتەم کۆسش کنیاوە
شادی و عەیش دیسان وەنەش سنیاوە
_ موسەلسەل گێسووی پڕ جەعدی سونبوڵ
لەرزانەن بە ناز پەرێ دامی دڵ
_ سەروان پایان ها لە گڵی
قومری دەستی لە ڕووی دڵی
نەوحەخوان جەمعی بوڵبوڵی

نالی ئێژێ:
_ شاھیدی فیکرم کە بێتە جیلوەگاھی دوڵبەری
شاھی خوسرەو، ڕۆحی شیرینی بە قوربانی ئەکا
_ چاوەکەت ئاگر لە سینەی عاشقی مسکین دەکا
مەستە مەیلی چەن کەبابێکی دڵی خوێنین دەکا

تاھێربەگی دڵتەڕ و شیرین زمان ئێژێ:
_ دڵ نەخۆشی دەردی ھیجران، جانی جانانم وەرە
لەت لەتە جەرگ و ھەناوم، ماھی تەبانم وەرە
_ دڵ لە ھیجرت، وا لە خەمدا، ماھی کەنعانم وەرە
زەخمە جەرگم با فیراقت، زووبە لوقمانم وەرە
_ گەر دەزانی چەند پەشێوە، حاڵەکەم بۆ دیتنت
سەد ئەۆەندەی زوڵفەکانت، دڵپەرێشانم وەرە

_ لەبەر بەژنت دەبێ سەر دانەوێنێ خەڵفی شمشادی
دڵی سەد عاشقت کردە نیشانەی تیری موژگانت
(ئەوە بەیتێکە لە شێعری کچی مھاباد)
_ لەبەر دەرکی ڕەشماڵان
دەبینی چاو کەژاڵان
دڵان دەبەن بە تاڵان
کاس دەکەن کوڕو کاڵان
_ پێش ئەوەی لاوی بەختەوەر
دەم ڕاگوێزێ لە سەر خاڵان
پێش ئەوەی شەوگەڕی دڵتەڕ
وەڕەز بێ لە ماڵەو ماڵان
_ جەرگی دەبڕین، تیری برژانگی
دڵگر بوو بسکی، لووس بوو لاجانگی

ھەژار ئێژێ:
_ لاوەکان، گەوەرە کچان، نازاران
دڵبەران، دڵتەڕەکان، دڵداران
_ دێتەوە باوی، ئەوەی دەستەی کوڕ
بێنە ڕیز، نێزە بەدەست و دڵ پڕ
_ دڵدانەوێکم ئێوە بۆ بنێرن
مەرگی داگیرکەر بە خۆم بسپێرن

وەلی دێوانە ئێژێ:
_ شەمی شەم ڕوومەت تۆ بەسەلامەت
سکاڵای دڵم کەوتە قیامەت
_ تاقی به‌ وینه‌ی تاقی برۆی ئه‌و
سوژده‌گای دڵ بێ به‌ رۆژ و به‌ شه‌و
_ بزانێ کوشته‌ی ئاخ و داخی دڵ
ئێش و ئازاری برده‌وه‌ تۆی گڵ
_ بەو قاش قەتران دڵ پێ ئێشاوه
ستوونێ یانەی کێت نەکێشاوه؟

مسباح ئەلئەدەبی دیوانیش ئێژێ:
_دڵ لە حەسرەت غەمزەکەی دوو نەرگسی پڕخەوتەوە
وەک خەمی زوڵفت عەزیزم، چوو بە ڕووتا کەوتەوە

سافی ھیرانی ئێژێ:
_ دڵ کەوتە خەیاڵات لە بەر غونچەیی لێوی
وەک نوقتەیێ مەوھومە، ئەگەر بێ نەبزێوی
_ ئەو دڵی بێ قەرارەکەم، کەوتە ھەوایی یارەکەم
سەبری لە کێوە چارەکەم، زەحمەتە دەردی وا گران
_ حەبیبا دڵ گەلێ بیمارە بێ تۆ
لە بەر دووری، لە ڕۆح بێزارە بێ تۆ

گۆرانی شاعێریش ئێژێ:
_ دڵم وا گێژ ئەدا گەرداوی یەئس و نائۆمێدی ڕەش،
مەگەر تۆ بێیتە ئێمدادم، گەلاوێژ، ئەی ستارەی گەش
_ منیش یەک لەو تماشاکەرانەم،
دڵ گیرۆدی ئەم جوانیی ئێوارانەم
_ کە دڵ کەوتە ناو دۆزەخی دەردەوە،
کە عیشق و شەبابی خوا بردەوە،

ئەحمەدی خانی ئێژێ:
_ ئەی ئاینەیێ دل ب جەمالا تە موجەللا
سەد سەفحە ب یەک زەررە ژ نوورا تە موتەللا
_ عشوەیەک دا مە سەحەر وێ پەرییا حووری سرشت
شەفەقا بەرقێ جەمالێ دل و جان سوهت و برشت
_ هنارن ژ بۆ من دەراغووش پەروەر
هنارەک د تازە حەبیبا دلارا

سەید یاقوبی ماییدەشتی ئێژێ:
_ دلبەر تۆ نەپرسی کە من ئەوقەر لە چە ماتم
حەیران خەم ئەبروو و زوڵفان سیاتم
ئەوزاع کەمیی دڵبەرە، عەیبی نییە بۆ من
هەرچەندە کە لاتم وە خودا مایلی لاتم
_ دڵم پابەست زولف یارەن ئەمشەو
لە بەخت من درێژ و تارەن ئەمشەو
دڵی دێرم عەزیزا ماچە بولبول
ژە سەودای ڕوخ، گوڵ خارەن ئەمشەو

مەلای جزیری ئێژێ:
_ نەوایا موترب و چەنگێ، فەغان ئاڤێتە خەرچەنگێ
وەرە ساقی حەتا کەنگێ، نەشۆیین دل ژ ڤێ ژەنگێ
حەیاتا دل مەیا باقی، بنووشین دا ب موشتاقی
_ دلبەر شکێنا شەککەرەک، «فَقُلتُ: يا روحي مَتىٰ؟»
گۆ من: حەتا خاتر هەبت، من گۆ: چ کم ئەز با هەتا
_ من د دل کۆڤان هەزارن داغ و کەیبەر بێحساب
محنەتا وەردێن ب خارن وێن د دل دا سەد نشاب

حەریق ئێژێ:
_ گاهێ بە شەرارەی غەم و گەهـ سەڕسەڕی هیجران
خۆشی نەبوو بۆ من نە بە گەرما نە بە سەرما
کەوتۆتە سەرم ئەشک و غوباری ئەلەمی دڵ
یەعنی: کە قوڕی میحنەتە کردوومە بەسەرما
_ لەم قەسوەتەدا دانەکەوێ پەردەیی زوڵمەت
بەرچاوی دڵم بگرێ، دەسا بێ بە گوزەرما
ئاوێنەیی دڵ ژەنگی قەساوەت ڕوخی پۆشی
خاکستەری دڵسووختەیی بێنە بەسەرما

مەحوی ئێژێ:
_ ئەرێ دڵ بێ شەرابی لەعلی گوڵ ڕەنگت لە گوڵ چ بکا؟
کە جیلوەی گوڵ لە گوڵشەن دا نەبێ، بولبول لە چڵ چ بکا؟
کە هەڵگیرسا لە نووری بادە شەمعی حوسنی جانانە
نەچێتە سەر تەریقەی حەزرەتی پەروانە، دڵ چ بکا؟
_ وەک بولبول ئەو دڵە بە گوڵی ڕوو کە ڕوو دەکا،
پەروانەیە زیارەتی شەمع ئارەزوو دەکا
_ کە دڵ دەتوێتەوە بۆ تۆ، دەکەی ئەو ڕۆژە تۆ بڕوا
کە خۆ دەرخەی وەکوو خۆر دڵ وەکوو شەونم لە خۆ بڕوا

حەمدی ئێژێ:
وەک عاشقە هاتۆتە دەرێ نێرگسی بیمار بۆ دیدەنی دڵدار
یادی وەتەنی کردووە یا گۆشەیی گوڵزار دوور بێ لە ئازار
ئەی غونچە نەپشکووتی دڵی کوردی مەگەر تۆ وا چووبی لەسەرخۆ
سەودایی گوڵان گەرمە لە مەیدان و لە بازاڕبولبول نییە بێدار

سەیفولقوزات ئێژێ:
_ دڵی وێران لە هیجران بۆوە مەعموور
حەسەن دووبارە بوو خۆشکەیف و مەسروور
بە تەنها ئەو غەمەم ماوە لە دڵدا
کە بووم لەو بەزمەدا مەحروم و مەهجوور
_ دەبا ساتێکی ساکین بێ لە ناڵین قەلبی خوونخوارم
دەبا تاوێکی فاریغ بێ لە گریان چاوی خوونبارم

حاجی قادر ئێژێ:
_ دڵ کە دەربەندی حەیا و نەنگ و نام و عارییە
ئەو قسووری کردووە دێ ئارەزووی نازی دەکا
_ دڵی ویستم دوو چاوی، دانی خۆشە
دڵم نایە دڵی بشکێ، نەخۆشە

ئەدیب ئێژێ:
_ ئەی ماهـ جەبین، ئافەتی دین، دڵبەری عەییار
ڕووت ڕەوزەیی ڕیزوان و نەعیمی گوڵی دلدار
_ تۆ لەلایێکی دەڵێی ئەهلی دڵ و ویجدانم
خاسسە مەنسووبی زەکی خاکی شەهی بورهانم
_ دڵی بردم مەواعیدی لەتیفت
کەچی ئەمڕۆ لە من بوە بووکی بێ بن
_ نایل بوو بە شیعرت، دڵی پڕ حوزنی شەبانە
قوربانی وجودت حەشەم و مڵک و خەزانە

شێخ ڕەزا ئێژێ:
_ بۆ نەسووتێ جگەر و بۆ چی نەبێ دڵ بە کەباب
بۆ چی نەڕوا لە تەنم ڕۆحی ڕەوان میسلی شەهاب
_ موئنیسی ڕۆژ و شەوم باعیسی ئارامی دڵم
ڕۆیی و من لە غەمی کەوتمە نێو بەحری عەزاب
_ تا لە تۆ دوورە دڵی غەمزەدە ئەی ڕاحەتی جان
مەشریق و مەغریبە مابەینی لەگەڵ سەبر و شەکیب
_ لێی دەپاڕێمەوە ئەی ڕۆحی ڕەوانم تو خوا
چییە دەرمانی دڵم؟ پێم دەڵێ: لاچۆ دڵە دەرد

زێوەر ئێژێ:
_ دەماغ ئەمشەو موعەتتەر بوو، سەبا بۆی دڵبەری هێنا
حەیاتم تازە بوو ساقی شەرابی ئەحمەری هێنا
_ بەسەر خانەی دڵی سووتاو زەمانە سەڕسەڕی هێنا
بە غەیری من کە مەحروومم لە ماچی لێوی شیرینی
_ باعیسی دووریتە گەر دڵ ناڵە و ئەفغان ئەکا
دەردی هیجرانە سەبەب گەر دیدە خوونئەفشان ئەکا
_ شەمعی ڕووت کەوتۆتە ناو زوڵماتی زوڵفی وەک شەوت
دڵ وەکوو پەروانە هەردەم مەیلی خۆ سووتان ئەکا
نەوغەزالێکی تیایە دڵفڕێن و دڵبەرە
سا بەخۆڕایی نییە دڵ مەیلی کانیسکان ئەکا

دڵدار ئێژێ:
_ دڵ بەدووی ئەفسانە کەوت و وای ئەزانی وا ئەبێ
ئیشی دنیا ڕەنجی پێ ناوێ، بە خۆی کۆتا ئەبێ
_ دڵ لە بەینی تەلعەتی ڕوو و زوڵفەکەی دەیجوورتە
گاهێ مەیلی شەو ئەکات و گاهێ مەیلی نوورتە
_ منداڵی هیوا، کوولەکەی دڵان
تازە غونچەکەی نێو باغی گوڵان

بەگشتی، لە دیوانی زۆربەی شاعێرانا، نە تەنیا کورد، ھی نەتەوەکانیتریش، دڵ لە کاریگەرترین کاراکتێرەکانە، ئەگەر دەربخرێ، لەوانەیە شێعر رەونەق، کاریگەری، تین و تاو و سۆز و سازی خۆی لە دەست بدات. ناێژم بێ دڵ شێعر ناھۆنرێتەوە، بەڵام نازانم دیوانی شێعرەکانی بێ دڵ بن، چۆنە. نەمدیوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت