كەمال محەمەد: دەستپێشخەرو ڕۆڵی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی لەهەرێم كێ ئەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەكەشیێكی تەمومژاوی گێژاودا گۆڕانكارییە بێ خێرەكان بۆ زۆرینەی گەلانی ناوچەكە تەراتێن ئەكەن، ئێمەی هاوڵاتیانی ئەم خاكەش ڕۆژ بەڕۆژ خوازیارین بەردەوامكردنی ژیانمان لەگەڵ سەردەم بگونجێنین، سەرباری هەمو چاوەروانی و كارەساتە تراژیدییەكانی سەر گەلەكەمان هێشتا یۆتۆپیای ئومێد بە بەرەبەیانی ئازادی لەگەڵماندایەو بە هیوایەی شانازی كردن بە ڕابردوو ببێت بە ئومێد بۆئێستاو داهاتوو.
سەرچاوەی ئەم سیستەمە هەڵەو پڕ لە گەندەڵییە هۆكاریی درەنگ كەوتنی چارەسەری بوە، چارەسەرێك كە بتوانێ ببێتە واتادارترین شێوەی ڕزگاربون لە كائیوسە هەنوكەییەكە كە گەندەڵییە لە سیستەمە حكومرانییەكەدا، بەڵگە نەویستە كە ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی بەكاریگەرترین ئامرازی چارەسەركردنی كێشەكانەو مێرگی ڕاستەقینەی پێشكەوتنی سیستەم و دیموكراسییە.
لەعێراق گەندەڵی باڵی كێشاوە بەسەر تەواوی سێكتەرەكاندا،كۆمەڵگای عێراقی ساڵانێكە بونەتە قوربانی دەستی ئەو سیاسی و پارتە سیاسییانەی كە لە وتارو قسە ڕەنگاو ڕەنگەكانیان زیاتر هیچ هەڵوێستێكی واقعییان نەبوە كە هاوڵاتیانی عێراقی بەشێك لەدروستكردنی ئومێدەكانیانی تیادا ببینن. كەدور بێت لەحەماسەت و سۆزی سیاسی و ئایینی و نەتەوەیی،گرفتی گەورەی سیاسی و كاربەدەستانی ئەوە بوە نەیانتوانیوە ڕاستكردنەوەكان بۆ هەڵەكان لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدەن و دەرفەت و دەرەتان بۆ پڕۆژەی فرە بژار و چەمكی پلان بڕەخسێنن بێ گومان ئەمەش بۆ هەرێمی كوردستانی دوای ڕاپەرین هەر ڕاستە!
ئاشكرا كردنی ڕاستییەكان و لە تاریكی نەهێشتنەوەی ئەو گەندەڵی و پارانەی لەعێراقدا براون ئەركێكی گرنگی ئەخلاقی سیاسی و بەرپرسیارێتییە كە لە مێژودا ڕەنگ ئەداتەوەو بەتاڵكردنی سیحری گەندەڵكارانە كە لە ڕێگەی پڕۆژە یاساكەی سەرۆك كۆمارەوە بە شەفافبوندا تێدەپەڕێت ئەگە هەموان لەپەرلەماندا دەنگی لەسەر بدەن، ئەم پڕۆژە یاسایەش پێچەوانەی بەرژەوەندی هەمو ئەوانەیە كە لە ژێر پەردەی نەتەوەو میلیگەرایی كێشەكان و گەندەڵییەكانیان دەشارنەوەو چارەسەری ئاستەم ئەكەن، هەڵوەستە كردن و هەڵسەنگاندنی ئەم پرۆژەیە زۆر گرنگە ئەگەر بتوانرێ بكرێتە چارەسەرێكی ڕیشەیی و بە پرەنسیب لەبەرژەوەندی گەلی عێراق و هیچ هەوڵێك لەمە باشتر نییە كە بەیاسا ڕێگری لە گەندەڵكاران بگیرێت لەهەر پلەیەكی باڵاشدا بن.
لەهەرێمی كوردستانیش وەك بەشێك لەعێراق قەیرانی سیستەم لەدوای ڕاپەڕینەوە دەستی پێكردوە و سیاسەت و ناسییۆنالیزمی كوردی كراوەتە ئامرازی دیماگۆژییەت و لە ناوەڕۆك و ڕواڵەتدا سیستەم و چارەسەری كێشەكان نەیتوانیوە تێری وەڵامدانەوەی ژیان و ئامانجەكانی هاوڵاتیان بكات و دواجار هەموان لەچاوەڕوانی چارەسەرییەوە كەوتونەتە نێو بێچارییەوە و ئەگەر بە تیۆریش باسی مافی ئابوری و سیاسی و یاسایی بكرێت ئەوا لە ناوەڕۆك و پراكتیكدا ئەم مافانە بە قورسایی هی چینی دەسەڵاتدارە.
لەهەرێم سیستەمی سیاسی پارتەكان لە بێزراوترین ئامرازەكانی رەوایەتی پێدانی ئەم حكومڕانییەیە، لە كوردستانی ئەمڕۆماندا نەتوانراوە بیر لە پراكتیكێكی بەهادارتر بكرێتەوە لە ڕیفۆرمدا و بكرێتە پڕۆژەیەك و بە یاسا و دەستوردا دەنگی لەسەر بدرێت و سنوری قسە تێ پەڕێنێت، دەستپێشخەرو ڕۆڵی ئەو پراكتیكەش بە كەسانێك ئەكرێت كە خاوەنی ئەو خەسڵەتانە نەبێت كە بخوازێ لە ڕێگەی ئارەزو و حەسرەتەكانی دەسەڵاتخوازی بەربەست بۆ ڕوبەروبونەوەی گەندەڵی و گەندەڵكاران دروست بكات و پێویستە سەرەكیترین ئەركی سەبارەت بە گۆڕەپانی سیاسی و سیستەمەكەی سەرلەنوێ گەڕاندنەوەی ئەو قورسایی و بەهایانە بێت كە لەدەستی داوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت