ھوشیار ئەحمەدی: ساڵانێکە کورد، مراز لەسەر گۆڕی داگیرکەرانی ئەخوازێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەسحابەی چی، کاکی برا!
چاوچنۆکێکی کوژراوە
بۆچی لە خاکێکی ترا
ئەسحابەیەک نەنێژراوە؟
ئەسحابەی چی، کاکی برا!
عەرەوێکی حوشترەوانە
ئەم قەوانە و دەف لێدانە
گاڵتە بە ئەقڵی کوردانە”
بەشێ لە ھونراوەیەکی مامۆستا “ھۆمەر دزەیی”.

لای دێیەکەی ئێمەیش وەک تەواوی کوردستان، چەند گوند و تەپۆڵکەیەکی لە بواری نیزامییەوە ستراتژیکی لێیە، کۆماری ئیسلامی ناوی کوژراوەکانی خۆی لێناون. لەوانە “تەپە حەبیب” گردێ بوو لە سەر رێگای #بۆڕیەر ھەم زاڵ بوو بەسەر جادەی سەرەکیی #ژاوەرۆ دا، ھەم بەسەر بەشێ لە ھەرد و ھەوارەکانی خەڵکی ئاواییا. یان “قولە قەمەری”، ئەویش ھەروا لوتکەیەکی بوڵەندی زاڵە بە سەر پانتاییەکی زۆرا و شوێنێکی ستراتژیکە.
ئەمانە ئەگەر وەک پێشان رۆشنگەری نەبوایا، ئیمکاناتی زانیاری گواستنەوە نەبوایا، دوور نەبوو دوای چەند دەیەتر، ئەگەر رێژیمی ئێران بمێنێ و شۆڕشی کورد لاوازتر بێ، ئەو شوێنانە وەک پیرۆز سەیر بکرێن، ناوی کەسەکان وەک رزگاریدەر لە زەینەکانا جێگیر ببێ.
ھەر لە کوردستانا، لە پەنا ئاوایی و ھەوارگە و چۆم و شاخ و گرد و کانیاوەکانا شوێنگەلێ ئەبینین بە نەردە و گومبەزی دەوردریاگن، دارێکیان لەسەرە، قەو دارەکە پڕی پەڕۆی سەوز و جۆراوجۆری ئاوات و مرازخوازانە.
گوایە ئەم گۆڕانە گۆڕی ئەسحابەی رزگاریدەرن و بە دەستی کافرە کوژیاگن. ئەشبینی لە کەندەڵان و لاڕێگە و قەدپاڵەکان تەپە کوچک ھەڵدریاگەسەو، ئێژن گوایە ئەوەش کافری مەلعونە.
لێکۆڵینەوە و لێتوێژینەوەی نەگەرەکە، ھەر تۆزێ خۆمان تێفکرین، بۆمان رۆشن ئەوێتەو، ئەم ئەسحابەگەلە زۆربەشیان ناویان نیە و تەنیا بە ئەسحابە سوور، ئەسحابە کوژیاگ، ئەسحابە درێژ، ئەسحابە ڕەش و ئەم چتگەلە ناسیاگن، ھەر ھەمان داعشەکانی 1400 ساڵ پێشترن.
ئەوانەی لە بیابانە عەرەبییەکانەو ھاتن، ئێمە بکوژن، تاڵان بکەن، ماڵوێران بکەن، کەنیشک و ژن و دایک و خوەیشکمان وەک کەنیز و سەبایا و دەسکەوتی شەڕ تەک خۆیانا ببەن.
ئەوەی تریش وا 1400 ساڵە تف و لەعنەتی لێ ئەکەین، بە مەبەستی رەجم کردنی شەیتان ئاسا، ھەفت کوچکی بۆ ئەخەین، براکانی ئێمە بووگن، پێشمەرگەکانی ئەو سەردەمەی کورد بووگن و بە دەست داعشە کۆنەکان و تاڵانچی و ئەنفالچییەکانی دووانەی عەرەب_ئیسلام کوژیاگن.
بەڵێ ئەو ئەسحابەگەلەی 1400 ساڵە وەک گۆڕی پیرۆز ئەچنە سەریان و لەتە پەڕۆیان بەدارەوە بۆ ئەبەستن، مرازیان لەسەر ئەخوازن و دار و کوچکیان ماچ ئەکەن، لە خۆشترین حاڵەتا جیھادگەرێکی داعشی یان حەسەن پلاێسێکی حەشدی شەعبیین.

ھەر لە سەر ناوی ئەسحابە و کافرەکان، مامۆستا “ھۆمەر دزەیی” ئێژێ:
گەڕام بە پەڕەی مێژووا
نەمدۆزیەوە نێوێکی وا
تومەز ئەسحابەی موبارەک
نێوی (چلێب) یان (حەمیر)ه
نێوی گوایا کافرەکەش
یان (بایز)ه یان (باپیر)ه.

بەڵام بەداخەوە ھەندێ لەو لێکۆڵینەوانەی لەم بوارەوە کریاگن، ھەوڵ ئەدەن بێژن، ئەمانە موجاھێد و پیاوچاک و ئەسحابەی ئیسلام نین، تەنیا کۆمەڵێ چەتەی عەرەب بوون و بەس، بۆیە نابێ لەژەر ئیسلەمیان حیساب بکەین. واتە دیسانەوە وەک کوردێکی جاشی دووانەی عەرەب ئیسلام، ئەیانھەوێ پاکانە بۆ داعشەکانی ئەو دەم بکەن، وەک چۆن زۆر مەلا و پیەوی دینی و تەنانەت رێبەری حیزبی ئیسلامی سیاسی ھەن، دوای دڕندەییەکەی داعش لە شنگالیش ھەر ئامادە نەبوون بێژن داعش ھەڵەیە، مەحکومە.
بەکورتی، ئیمکاناتی زانیاری گەیاندن و گواستنەوە زۆرە، نەسڵی ئەمڕۆش کە ئەکەنە باب و باپیر و دایک و داپیرانی داھاتوو، ھەموو دەستیان بەو ئیمکاناتە ئەگەیێ. با وەک ئەرک، ھەر کەس لای خۆیەوە بە پێی توانا، ھەوڵی رۆشنگەری لەم بارەوە بدات، بەڵکوو کورد وەخەبەر بێ و بکەوێتە سەر رێگای راستەقینەی خۆی کە نەتەوە و نەتەوەخوازی و نیشتمان پەروەری و رزگاریخوازیی نەتەوەیی و بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی، خزمەتی نەتەوە و نیشتمانە.
پێویستە مێژوونووسانمان ھەوڵ بدەن لانیکەم مێژووی ھاوچەرخ وەک خۆی بنووسنەوە، ئەگینا فارسەکان بامانی ئەنووسنەوە و “قاسم تروریست”مان لێ ئەکەنە پاڵەوانی رزگاریدەر، ئەگینا عەرەبەکان “حەسەن پلایس”مان لێ ئەکەنە پاڵەوانی رزگاریدەر، توڕکەکان “مورات عەلەمدار”مان وەک پاڵەوان بەسەرا ئەسەپێنن.
رۆحی پێشمەرگەکانی سەردەمی شەڕی داعشی کۆنمان [بە قەولی نەزانان، کافرەکان] لەتەک پێشمەرگە گیانفیداکانی شەڕی داعشی نوێدا شاد و ئارام بێ.
سەربەستی و سەربەرزی با کورد و رزگاری و ئاوەدانی بۆ نیشتمانی جوانمان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت