محەمەد بەرزی: پیشەسازی و بوژاندنەوەی ئابوری.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموو دەوڵەتێک هەوڵدەدات سود لە سامانی سروشتی خاکەکەی خۆی وەربگرێت، تا لە ڕێگای پیشەسازییەوە ئابوری وڵاتەکەی ببوژێنێتەوە و ژیانی کۆمەڵگاکەی بەرەو باشتر بەرێت، سەربەخۆی ئابوری و سیاسی خۆی بپارێزێت و لە ژێردەستی و هەژموونی دنیای دەرەوە ڕزگاری بێت. بەڵام بە داخەوە لە دوای ڕاپەڕینەوە لە هەرێمی کوردستاندا، دەسەڵات نەیتوانیوە نان و کار و ئارامی و ئاسایش بۆ خەڵکەکەی دەستەبەربکات. چونکە سیاسییە بازرگانەکان، ملیان لە تاڵانی و شرەخۆری ناوە، بۆ کۆکردنەوەی سەروەت و سامانی خێرا، هەموو خەون و خەیاڵیان تەنها لای دوو شت بووە: ( پارەی گومرگ و دەرهێنانی بێ پلانی نەوت ). کەرتە گرنگەکانی وەک پیشەسازی، کشتوکاڵ، پەروەردە و ڕێگاوبانیشیان، بە تەواوی پشتگوێ خستووە. هەر بۆیە زوربەی هەرە زۆری کەرتە گشتییەکان، یان کراون بە کەرتی تایبەت و کەسێکی سەر بە حیزب و دەسەڵات دەستی بەسەردا گرتووە، یان بە تەواوەتی ڕاگیراون و بەرهەمی ئامادەکراویان لە دەرەوە بۆ هێناون.. هەر بۆ نموونە کاتیک کارگەیەکی پڕ داهاتی بێ کیشەی وەک کارگەی جگەرە دادەخرێت، ئەو دەسەڵاتدارەی لە پشت داخستنی کارگەکەوە بووە، خۆی بە تەنها جێگای کارگەکەی گرتۆتەوە و جگەرەی لە دەرەوە هێناوە. بەمەش ڕێک پارە و بژێوی هەزاران کرێکار و فەرمانبەر و جوتیاری تووتن و کاسبکارانی ناوبازاڕی، بێ ئارەق و ماندووبوون خستۆتە تەنکەی باخەڵییەوە. لە شەو و ڕۆژێکدا بۆتە خاوەنی ملیۆنەها دۆلار، وڵاتیشی پڕکردووە لە بێکاری و برسێتی، ڕێگای لە دامەزراندنی سەدان ڕۆڵەی ‌هەژارایش گرتووە. ئاخر لە هەموو دنیادا دەوڵەت پەنا و پەسێوی هەژارانە. کاتێک پڕۆژەیەک، یان کارگەیەک دەکاتەوە، هۆکاری سەرکی کردنەوەی، دۆزینەوەی هەلی کار و خۆشگوزەرانی هاوڵاتییەکانییەتی. پاشان لە وڵاتە تازەپێگەیشتوەکانی خاوەن سامانی نەوتدا، قازانجی پڕۆژەکان بە پلەی دووەم دێن. لە بیرمە ساڵێکیان لە سەردەمی بەعسی فاشستدا و لە کارگەی شەکری سلێمانیدا، کە ئێستا کراوە بە باڵەخانە. کیلۆیەک شەکری سپی، کە لە چەوەندەری خۆماڵی دەهاتە بەرهەم ( 14 ) دیناری سویسری لەسەر حکومەت دەکەوت، بەڵام لە بازاڕەکاندا هەر بە ( 150 ) فلس دەفرۆشرا. بەعس بەو زیانە گەورەیە، نە کارگەکەی داخست، نە نرخی شەکریشی لە سەر هاوڵاتیان بەرزکردەوە، سەددامیش نەهات کارگەکە بکات بە کۆشک و تەلار و باڵەخانە بۆ خۆی و خێزانەکەی. چونکە چاکدەیزانی بە داخستنی کارگەکە، هەزاران کرێکار و فەرمانبەر و جوتیار، وەک ئەمڕۆ بێ کار و کاسبی و برسی دەبوون و لە برساندا توورەکەی سواڵیان لە مل دەکرد و یەخەی خۆیان دادەدڕی .
ئەوەی شایانی باسە پیشەسازی ڕۆڵی سەرەکی لە بوژاندنەوەی ئابوریدا هەیە، جا جێگای خۆیەتی هەندێک ڕووناکی بخەینە سەر ئەو بوارە زۆر گرنگە، بە هیوای ئەوەی حکومەت، لا لەو کەرتە بکاتەوە و خۆی لە بەرهەمی بێگانە و لە ژێردەستی وڵاتانی داگیرکەر ڕزگار بکات.. بە گشتی پیشەسازی بریتییە لە کرداری گۆڕینی ماددەی خاو، بۆ بەرهەمی بە کەڵکی بایەخداری سوودبەخش. وەک گۆڕینی چەوەندەر بۆ شەکر، لۆکە بۆ قوماش، نەوتی خاو بۆ بەرهەمەکانی نەوت و پلاستیک و دەرمانی قڕکردنی مێروو و دەیان بەرهەمی تر. کە جگە لە بەرزبوونەوەی بەهایان و بەکارهێنانیان لە ناوخۆدا، دەکرێت هەناردەی دەرەوەش بکرێن.. بە گشتیش پیشەسازیی دەکرێت بە دوو جۆرەوە. پیشەسازی باویی بڵاو، وەک پیشەی دەستی، کە پێویستیان بە ئامێر و ئامرازی گەورە و گران نییە، وە پیشەسازی قورس، کە پێویستیان بە ئامێر و ئامراز و دامودەزگا و تەکنەلۆژیا هەیە. بێگومان بنەماکانی دامەزراندنی پیشەسازی نیشتمانیش بریتین لە:
1- شوێنی شیاوی لەبار، نزیک لە ماددەی خاو و سەرچاوەی وزەی پێویست بۆ ئیشپێکردنی.
2- بوونی ماددەی خاوی پێویست، کە کاریگەری گەورەی لەسەرخستنی پیشەسازییدا هەیە. نەبوونیشییان هۆکارێکە بۆ هاوەردە کردنییان لە دەرەوەی وڵاتەوە، بەمەش بارگرانی بۆ پیشەسازی و داهاتی وڵات دروست دەبێ.
3- بوونی کەسانی شارەزا و لێهاتوو ، هۆکاریی گرنگی دروستکردن و سەرکەوتنی پیشەسازییە.
4- بوونی ڕێگاوبانی پێویستی لەبار، بۆ گواستنەوەی کرێکار و فەرمانبەران و ماددەی خاو بۆ کارگەکان و گواستنەوەی بەرهەمی کارگەکانیش بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.
5- بوونی سەرچاوەی دارایی تەواو، بۆ دامەزراندنی پێویستییەکانی پیشەسازی.
6- دۆزینەوەی بازاڕ بۆ فرۆشتنی بەرهەماکان.
7- دابینکردنی سەرچاوەکانی ئاو و کارەبا و سووتەمەنی، بۆ ئیشپێکردنی کارگەکان. بێگومان بوونی نەوت و ئاو هۆکاری هەرە گرنگی سەرکەوتنی پیشەسازییە.
8- پشتگیری و هاندانی دەوڵەت بۆ دروستکردنی پڕۆژەی پیشەسازی نیشتمانی سەرکەوتوو، بە دەرکردنی یاسا و ڕێنمایی و هاندانی سەرمایەداران، بۆ وەبەرهێنانی پیشەسازی و دروستکردنی کەشێکی لەبار بۆیان و کەمکردنەوە، یان بەخشینیان لە باج و سەرانە. پاشان پێویستە دەوڵەت بۆ پاراستنی بەرهەمە پیشەسازییە خۆماڵییەکان، باجی زۆر بخاتە سەر بەرهەمی هاوردەکراو، کە هاوشێوەی بەرهەمی خۆماڵین. لە هەمان کاتدا و لەم قۆناغەدا، ڕێگربێت لەو پڕۆژانەی بەرژەوەندی گشتیی ناگرنە خۆیان.
بە گشتی پیشەسازیش سودی تایبەتی خۆی هەیە، کە دەکرێت لێرەدا ئاماژە بۆ هەندێکیان بکەین:
1- چارەسەرکردنی کێشەی گەورەی بێکاری و دۆزینەوەی هەلی کار و نەمانی هەژاری و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان.
2- دەستەبەرکردنی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ هاوڵاتییان بە نرخێکی هەرزانتر و باشتر لە بەرهەمی هاوردەکراو. ئەمەش هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی هەناردەکردنی ماددەی خاو بۆ دەرەوەی وڵات. چونکە پشتبەستن بە هەناردەکردنی ماددەی خاو، وڵات ڕووبەڕووی قەیران دەکات، بەتایبەتی لەو کاتانەدا، کە گۆڕانکاریی لە داوا و خواستی وڵاتانی دەرەوەدا دروست دەبێ.
3- کەمکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمی هاوردە. کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر داهاتی گشتی دەوڵەت دەبێت.
4- هەناردەکردنی بەرهەمەکانی پیشەسازی، هۆکارێکە بۆ بەرزکردنەوەی داهاتی گشتی و پاشەکەوتکردنی دراوی قورس.
5- پێشکەوتنی کەرتی پیشەسازی، جگە لە بوژاندنەوەی ئابوری دەوڵەت، ڕاستەوخۆش کاردانەوەی چالاکی دەبێت لە بوژاندنەوەی کەرتەکانی: کشتوکاڵ، بازرگانی، گواستنەوە، پەروەردە و گەشتوگوزاردا. بە تایبەتیش دەتوانێت چەندین ئاسانکاری بۆ کەرتی کشتوکاڵ بکات وەک: دروستکردن و ئامادەکردنی ئامیر و ئامراز، پەینی کیمیایی و دەرمانی قەلاچۆکردنی مێروو و… هتد.
6- پیشەسازی یارمەتیدەرێکی چاکە بۆ پاراستنی سەربەخۆیی ئابوری و سیاسی و ڕزگاربوون لە هەژموونی وڵاتانی داگیرکەر.
7- لە هەموو وڵاتێکدا کەرتی پیشەسازی، بە تایبەتی کارگە گەورەکان، بۆتە قوتابخانە بۆ پێگەیاندنی هەزاران کەسی شارەزای بوارەکانی کارەبا و میکانیک و دارتاشی و… هتد، کە توانیویانە خزمەتی زۆر گەورەی وڵات بکەن.

تێبینی : بۆ ئەم باسە سود لە چەند سەرچاوەیەکی عەرەبی وەرگیراوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت