حەسەن ڕازانی: بۆچی خەڵک باوەڕی بە هاتنە سەر شەقام و ناڕەزایەتی دەربڕین نەماوە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

(هاوکارەکانی دەسەڵات و سیستەمی سیاسی لە بێ ئیرادە کردنی خەڵک)
بە بڕوای من: ئەوەی کە دزی لێ دەکرێ و دزەکەش دەناسێ و ناشوێرێت بڵێ دزیم لێکراوە، بێ شک بەرنامەی بێ ئیرادەکردن و بێ هومێدکردن کاریی لەو کەسە کردووە. ئەو کەسەی کە کار دەکات و هەقدەستەکەشی بە تەواوی نادرێتێ و ناشوێرێت بڵێ کوا باقییەکەی، ئەوە بێ شک بەرنامەی بێ ئیرادەکردن و بێ هومێد کردن لەسەرئەو کەسە کاریی خۆی کردووە. ئەو کەسەی کە دەزانێت مافەکانی چین، دەبێ چی بۆ بکرێت، تێبینیش دەکات هیچ کام لەو مافانەی پێ نەدراوە، تەنانەت ئەوەی هەشی بووە لێی زەوت کراوە و هێشتاش ناوێرێت بڵێ کوا مافەکانم، ئیتر گوومانت نەبێ بەرنامەی بێ ئیرادەکردن و بێ هومێد کردن کاری خۆی لەسەر ئەو ئینسانە کردووە.
سیستەمی سیاسیی دەسەڵاتدار خاوەن و داڕێژەری بەرنامەی بێ ئیرادەکردن و بێ هومێد کردنە لە نێو خەڵک دا. هاوکارەکانی سیستەمی سیاسی لە جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیەدا زۆرن، بەڵام دیارەکانیان ، بە بڕوای من ، بریتین لە:
سیاسەتبازانی شکەست خواردوو، سیاسەتبازانی هەلپەرست و بەرژەوەندیخواز، کۆمەڵگای مەدەنی مۆڵخواردوو بەدەوری خولگەی سیستەمی سیاسییەوە، چالاکوانی درووست کراوو موتوربە کراو، ئەکادیمیستی مووچەخۆری بێ هەڵوێست، دەستەبژێری ڕووناکبیر کە ئەگەر ڕووناکی چرای سیستەمەکەی لێ ببڕیت بەردەمی خۆی نابینێت، ڕۆژنامەنووسی دەربار، نووسەرێک کە کۆپی و پەیست بووەتە سەرچاوەی نووسینەکانی، نووسەرێک کە لە خولگەی سیستەمەکە لا بدات ئیتر نووسەر نامێنێت، شاعیرو هۆزەوانی دەربار، تەنانەت ئەو بێژەرو دەنگخۆشەش کە بە هۆی کاریگەری ژێیەکانی قوڕگیەوە ڕۆڵ دەبینێت لە بزواندنی سۆزی خەڵک، بۆ وێنە کێشێکی دەرباریش ئەمە وەڕاست دەگەڕێت، سووپای بێ شوماری بن دیوارو مووچەخۆرە چل بە چلەکانی هەروەک سەردەمی فەوجە خەفیفەکانی بەعس، لەسەروو هەموو ئەوانەوە، ئەوانەن کە وا تێگەیێنراوون و پێت دەڵێن: بابە دانیشە کار نییە خوا چاکی نەکات، یان دەڵێن: دنیا بۆ فیڕعەون نەما بۆ ئەوانە چۆن دەمێنێت؟!و… هتد. هەموو ئەوانەی سەرەوە کە ئاماژەمان پێدان و زۆری تریش هەن کە هاوکاریی مانەوەی سیستەمە سیاسییەکەن.
ئیتر خەڵک لە نێو ئەو دنیا جەنجاڵەدا سەری لێ دەشێوێت و باوەڕی تەنانەت بە خودی خۆشی نامێنێت. بۆیە بێباوەڕیی ڕوو لە خەڵک دەکات لە بەرامبەر هەموو ئەوانەی کە بانگەواز دەکەن بۆ خەڵک کە بێتە سەر شەقام بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین. جا با هەندێک لەوانەش بەڕاستیان بێت و ئەم بانگەوازەیان بە ڕاستی لە بەرژەوەندی خەڵکیدا بێت. بەڵام باوەڕ کە نەما نەما ، ئیتر نامێنێت، درووستبوونەوەشی سەختە.
هۆی ئەم بێ باوەڕییەی خەڵکیش لە دوێنێی خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت. لەبەر ئەوەی خەڵک تەجروبەیەکی زۆر خەراپی هەیە لەگەڵ زوربەی ئەوانەی کە خەڵکیان هێناوەتە سەر جادەو شەقامەکان و هەروەها دەریش کەوتووە کە خەڵک بە کار هاتووە لە لایەن سیاسەتبازان و بەرژەوەندیخوازانەوە بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان. بۆیە باوەڕی نامێنێت بە بانگەوازی: خەڵکینە وەرنە سەرجادە. بەڵام سەرباری هەموو ئەوانەش، بە بڕوای من، خەڵک نابێت ئیرادە لەدەست بدات. خەڵک ئێستا نەبوویە، مافی دەخورێت، دزی لێ دەکرێت، کاری پێ دەکرێت و هەقدەستی کارەکەشی لە ژێر ناوی پاشەکەوتەوە نادرێتێ.
هەر بەو پارەیەی کە لەو میللەتە دەدزرێت، ئیرادەکەشی لێ زەوت دەکرێ و بێ هیواو ئومێدیش دەکرێت. زەمانێکی سەیرە گوڵم بە پارەی خۆت هیواو ئومێدو ئیرادەشت لێ زەوت بکرێت. مەبەستم ئەو بەرنامە جەهەندەمییەیە کە چەندین ساڵە لە دژی ئەو میللەتە بە کاردەهێنرێت..
ئەو میللەتە هێندە تەجرووبەی زۆری هەیە لە گەڵ چالاکوانانی کوردوستان، کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەحزابی موعاڕەزە لە چەپەوە بۆ ڕاست و لە دینییەوە بۆ نادینی و عیلمانی و… هتد، کە ئەو تەجرووبەیەش بە پێی مێژوو ناخۆش بووە، سەرکەوتوو نەبووە. ماندوو کەرو بێزراو بووە. زۆر دەگمەن هەبووە ئەو تەجروبەیە لانی زۆر کەمیشی بە سوودی میللەت شکابێتەوە. بۆیە ئەمە وای کردووە میللەت باوەڕی بە هیچ کام لە مانەی ناومان هێنان نەمێنێت. میللەت ئێستا سڵ لە خشەی پەتک و گوریس دەکاتەوەو وا دەزانێ هەژدیهایە.
بە رنامەی بێ هومێد کردن و بێ ئیرادەکردن و بە کۆیلەکردن کە زۆر دەمێکە بە چالاکانە کاری پێدەکرێت، بەرنامەیەکە هەتا بڵێی زۆری تێ دەچێت . بەڵام تێچووەکەی هەر لە گیرفانی ئەو میللەتە خۆیەوە دەردەهێنڕێت.
بە بڕوای من سیستەمی سیاسی یەکەو دوان نییە. ئەو زۆن و ئەم زۆنی بۆ نییە. جیاوازی ئەم بەرو ئەو بەر خۆی نزیک کردۆتەوە لە سفر. هەندێک کەس و لایەن لە ناوەڕاستی جوغەزەکەدایەو لایەکی ئەو سیستەمەشی وەخۆگرتووە، کە چی وا نیشان دەدا کە نە لەم بەرەو نە لەو بەرە. ( ئەمە بەشێکی بەرنامە جەهەندەمییەکەیە)
میللەت دابەش کراوە، ئەو بەرنامەیەی کە ئەو میللەتەی پێ بێ ئیرادەو بێ هومێد کردووە، هەر بە هەمان بەرنامە دابەشیشی کردووە. هەر بەشێکیان چەپڵە بۆ بەرێک لێدەدا جا با هەڵەش بێ، بۆ ئەو گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە لە دژی بەرەکەی تر بێت. ئەوەی ئەم لاش هەر وا دەکا. لەو نێوەدا زۆر کەم دەمێنێتەوە کە چەپڵە نە بۆ ئەم بەرو نە بۆ ئەو بەر لێ دەدا. بەڵام چونکە بە ژمارە کەمە دەکەوێتە بەر نەفرەتی زۆرینیەی چەپڵە لێدەر. سیستەمەکەش ئەوەی دەوێ و بەرنامەکەی بەم شێوەیە سەری گرتووە.
سیستەمەکە یەکەو کەسیان دژی کەسیان نییە. مێژوو ئەمەی سەلماندووە. میللەتیش هەمیشە کراوەتە بەهانە. شەڕ دەکەن و خەڵک بە گژ یەکتردا دەکەن وە دەڵێن: ئەوە لەبەر خاتری خەڵکە. شەڕ ڕادەگرن و بێدەنگەی لێ دەکەن و دەڵێن: ئاشتیمان قەبووڵکردووە لەبەر خاتری خەڵک. مێژووش هەموو ئەو ئیدیعایانە ڕەت دەکاتەوەو خەڵک تەنها بەکار دەهێنرێت.
بۆیە: گەر دەتانەوێت میللەت و خەڵک باوەڕتان پێ بکات دەبێ جیاوز بن لە سیستەم لە ڕووی کردارو خیتابی سیاسیتانەوە. دەبێ ئەمە بسلەمێنن. دەبێ ئیرادەو هومێد بگێڕنەوە بۆ ئەو کەسانەی کە لەدەستیان داوە. کارە هەرێ سەختەکە ئەمەیە . واتە گێڕانەوەی ئیرادەو هومێد بۆ خەڵک. تاکی خاوەن ئیرادە کۆمەڵگەی خاوەن ئیرادەی لێ پێک دێت. دڵنیا بن کە سیستەمی سیاسی گەندەڵ و دزو فاشیلیش ناتوانێت دەوام بکات لە ناو کۆمەڵگەیەکی بە ئیرادەدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت