بورهان شێخ رەئوف: کۆچى پزیشکەکانى عێراق.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیاردەى کۆچ و ڕەو ساڵانێکى درێژە هەیە لە زۆر وێستگەى مێژوویى و لە زۆر کون و قوژبنى جیاوازى ئەم سەرزەمینە و بە مەبەست و ئامانجى جیاواز، ئیتر کۆچ و ڕاکردن لە زۆرو جەورو ستەم بێت یان کۆچ بۆ دابینکردنى ژیانێکى خۆشتر یان کۆچ لەگوندەوە بۆشار یان بە پێچەوانەوە.
ئەوەى دەخوازم ئەمجارە قسەو باسى لەسەر بکەم کۆچى توانا زانستیەکانى عێراقە بە تایبەتى لە بوارى پسپۆرى پزیشکى و ئەندازە بۆ دەرەوەى وڵات لە دواى پرۆسەى ئازادى عێراقەوە لە ساڵى 2003، بەتایبەتى ئەوەى وەزارەتى تەندروستى عێراق ئاشکراى کردووە لە ساڵى 2019 (20) هەزار پزیشک کۆچیان کردووەو و عێراقیان بە جێ هێڵاوە.

بۆ کۆچ دەکەن پزیشکەکان
1- ئەوەى لێکۆڵینەوەیەکى ((ناوەندى توێژینەوەو لێکۆڵینەوەى نوشدارى عێراقى)) ئاشکراى کردووە لە 92% پزیشکەکان هەست بە ئارامى و دڵنیای ناکەن لە کاتى کارکردندا.
2- هەر بە گوێرەى ئەنجامى هەمان لێکۆڵینەوەى ئەو ناوەندە عێراقیە 75% پزیشکەکانى بەشدار بووى لێکۆڵینەوەکە ڕوبەڕوى توندوتیژى و لێدان و سووکایەتى پێکردن و جوێن پێدان و هەڕەشە بوونەتەوە.
3- سێ یەکى پزیشکەکان ڕو بەڕوى لیژنەى لێکۆڵینەوە کراونەتەوە.
4- 13% ى پزیشکەکان بەرەوڕوى دادگاکان کراونەتەوە بەهۆى کارەکانیانەوە.
5- هەڕەشەى خێڵەکى و ڕوداوو تاوانکارى گەورە نابەرابەرى و ڕەفتارى نابەجێى کارگێڕى بەرامبەر پزیشکان و ترس لە تووش بوون بە پەتاو درم و نەخۆشیە پیسەکان لە دیارترینى ئەو هۆکارانەن بۆ کۆچى پزیشکان.
لەلایەکى ترەوە توێژینەوەیەکە ڕاپرسى لە گەڵ (606) پزیشک کردووە، لە پسپۆڕى جیاجیادا دەرکەوتووە 73% پزیشکەکان تەنها مووچەى حکومەت داهاتى سەرەکى ژیان و گوزەرانیانە، 84% پزیشکەکان کێشەى نەبوونى هەلى پێویستیان نیە بۆ ڕاهێنان و پێشخستنى لێهاتوویان و گەشەکردنى شارەزاییان، 89% سکاڵایان هەیە لەوەىکە ئامێرو کەرەسەى پزیشکى پێویستیان لە بەردەست نیە، 92% دەڵێن ژینگەى کارکردنمان گونجاو وئارام و خۆش نیە.
لە عێراقدا نائارامى بەهۆى شەڕو قەیرانەکانى چەند ساڵى ڕابردووەو هەرلە سەرهەڵدانى قاعیدەو دواتر داعش و شەڕى تائیفى و بوونى میلیشیاتى جۆراو جۆر دۆخێکى واى هێناوەتە ئاراوە ئەوە ئاکامەکەى بێت توانا زانستیەکانى وڵات هەر لە پزیشک و ئەندازیارو مامۆستایانى زانکۆ وڵات جێبهێڵن، لە کاتێکدا ئەمە کارەساتە گەورەکەیە، هەموو ئەمانە لە سەر بوودجەى گشتى عێراق تێچوویەکى ئێجگار زۆرە بەملیارەها دۆلار دەخەمڵێنرێت، حکومەتەکانى عێراق هەموو ئەو کادرو توانا زانستیە گرنگانە بەرهەم دەهێنێت بۆ ئەوەى خزمەتى گەل و وڵات بکەن نەک کۆچ بکەن!
لەوەیە تا ڕادەیەک ئاسایى بێت ئارامى و سەقامگیرى لە عێراقدا نەبێت، بەڵام ئەوەئاسایی نیە کە کارمەندانى دەوڵەت لەناو فەرمانگەکانیاندا ئارامیان بۆ دابین نەکرێت، ئەمە وێنەیەکى ڕوونى دۆخى ڕاستەقینەى عێراقە ،کە کادرە شارەزاو لێهاتووەکانى جانتاکانیان هەڵگرن و وڵات بە جێبێڵن.

مەترسى لەم کۆچە
ئەوەى مەترسى گەورەو سامناکە بۆ عێراق و عێراقیەکان ( کۆمیسیۆنى مافى مرۆڤ ) هۆشدارى بدات لە کۆچکردنى پزیشکەکانى عێراق لە کاتێکدا وڵات لە قەیرانێکى تەندروستى قورسدایە بەهۆى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا وە.
لێکۆڵینەوەى ناوەندە نوژدارییەکەى عێراق لە شوێنێکى تردا ئاماژەو بەوە دەدات 85% پزیشکەکانى عێراق بەهەند بیر لە کۆچکردن دەکەنەوە، سێ یەکى ترى پزیشکەکان کار بۆ ڕێکخستنى ڕێکارەکانى کۆچکردن دەکەنەوە.
بێگومان بارودۆخى دژوارى عێراق فشارو کاریگەرى ڕاستەوخۆى لەسەر پزیشکەکان هەیە، ئەوان لە نێوان بەرداشى خواستى هاوڵاتیە نەخۆشەکان و نەبوونى پێداویستیە پزیشکیەکاندان.
جگە لەوانەش بارودۆخى خراپى ئابورى و ئاسایش و کۆمەڵایەتى و پیشەیى و سایکۆلۆجى کاردانەوەى لە سەر دۆخى گشتى وڵات هەیە وبە تایبەتى پزیشکەکان، کە ئەمەش فاکتەرى سەرکى کۆچى پزیشکەکانە.
بۆیە لە کۆتاییدا پێویستە حکومەتى عێراق هەروەکو بینەرێکى ئەم مەشهەدە نەمێنێتەوە کە توانا زانستى و ئەکادیمیەکانى وڵات کۆچ دەکەن، بەڵکو پێویستە هەنگاوى خێرا بگرێتەبەر بۆ وەستاندنى ئەو کۆچە ئەویش بە ئەکتیفکردنى یاساى پێویست بۆ پاراستنى پزیشکەکان، باشترکردنى بارودۆخى کارکردنیان، ئەکتیف کردنى سەندیکاى پزیشکان، یاساى پاراستنى پزیشکان، هەر ڕێکارێکى پێویست بۆ بەرگرتن لە کۆچى پزیشک و توانا زانستیەکانى وڵات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت