ناودار زیاد: فەیسبووک لە نێوان پانتایى تایبەت و پانتایى گشتیدا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم ڕۆژگارەدا، کە گەشە و فراوانبوونى ئینتەرنێت و سۆشیاڵ میدیا و فەزاى سایبەریى و دیجیتاڵیی گەیشتووەتە تڕۆپک، پرسى کاڵبوونەوەى پانتایی تایبەت، یاخود بەتایبەتیبوونى پانتایی گشتی پرسێکى مشتومڕئامێزە. پرسیار لەبارەى نەمانى هێڵ و سنوور و جیاکەرەوە لە نێوان گشت و تایبەتدا لە ڕۆژەڤدایە. پێش داهێنانى ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەزاى سایبەریى، جیاکردنەوەى ئەم دوو پانتاییە لە یەکدى ئاسان بوو، بەڵام لەمڕۆدا بەهۆى تێکەڵاوبوون و ئاوێتەبوونیان بە یەکدى جیاکردنەوەیان ئاسان نییە و، چەندین پرسیار هەیە کە پێداچوونەوە بە ڕووبەرە گشتیى و تایبەتییەکاندا دەکاتە پێویستییەک: کەسێک پۆستێک لە فەیسبووکدا دەکات و دەنووسێت: بەنیازە بۆ سینەما یاخود بۆ کۆنسێرتێک بڕوات، ئایا ئەمە چالاکییەکى تایبەتە یاخود گشتیى؟ خەڵکى کە هەواڵى وەفاتکردنى کەسانى ئازیزیان لە فەیسبووک ڕادەگەیەنن، ئایا ئەوە کردەیەکى تایبەتە یاخود گشتیى؟ ئەدى ئەوەى ماڵ و چالاکییەکانى ناو ماڵەکەى لە فەیسبووک پۆست دەکات!؟ ئەمانە و چەندین پرسیارى دى بابەتى لێهزرین و توێژینەوەن، لەبەرئەوەى بەهۆى فەیسبووکەوە -وەک فەزایەکى مەجازیى- هەتا دێ شتە تایبەتییەکان بەگشتیى دەبن. ئەگەر واز لە ڕاڤەکردنى ئەو تێگەیشتنەى (ژان بۆدریار) بێنین کە پێى وایە “چیدى شتیک نەماوە بەناوى واقیع، بەڵکو ئەوەى هەیە زێدە واقیعە، واتا ئەو واقیعەیە کە لەلایەن وێنە و میدیا و سۆشیاڵ میدیا و تەکنۆلۆژیاى سایبەرییەوە داگیرکراوە و، دنیاى مەجاز واقیعى پەلکێشى خۆى کردووە: پەلکێشکردنى واقیع بە هەردوو پانتاییەکەوە”، ئەوا پەراوێزێک هەر دەمێنێتەوە بۆ ئەوەى گوتە و کردە و چالاکییە گشتییەکان لە تایبەتییەکان جیابکەینەوە، بەو پێودانگەى هەر قسە و گوتە و ئایدیا و پرس و چالاکییەک ڕەهەندێکى گشتیى هەبێت ئەوە دەچێتە خانەى گشتەوە. بە دەربڕینێکى تر، هەر قسە و گوتە و ئایدیا و پرس و چالاکییەک لەپێناوى مەبەست و بەرژەوەندیى و چاکە و ئامانجێکى گشتیدا بێت ئەوە دەچێتە خانەى ڕووبەریى گشتییەوە.
پاراستنى تایبەتمەندییەکانى ژیانى کەسیى و تایبەتیى هاوتایە لەگەڵ بەهاى کەسەکە و بەرجەستەبوونە ئۆنتۆلۆژییەکەى، چونکە مرۆڤ بە سروشتى خۆى سەربەخۆیى و ئارامى و ئاسوودەیى لەوەدایە کە بازنە و چوارچێوە تایبەتەکەى پارێزراو بێت. هاوکات خاوەنداریەتیکردن لە بوون و بازنەى بوون خزمەت بە بەرژەوەندیى و چاکەى گشتیى دەکات، چونکە هەر کاتێک ناوچە و ڕووبەر و کایە گشتییەکان بە پرس و بابەت و گرفت و کێشە گشتییەکانەوە سەرقاڵبوون ئەوا ئەگەرى بەرەوپێشچوون و گەشەسەندنى ژیانى کۆمەڵایەتى زیاتر دەبێت. بەپێچەوانەشەوە، ئەگەر پانتایى و فەزا گشتییەکان بوون بە موڵکى تایبەتیى ئەوا چاکەى گشتیى و بەرژەوەندیى گشتیى دووچارى زیان و بەرکەوتن دەبێتەوە.
سەربارى ئەوە، کاتێک مرۆڤ سنوورەکان تێکەڵ دەکات و، مەودا و تخوبى ئەوانى تر پێشێل دەکات و، خۆى بۆ ئەوانی تر ڕووت دەکاتەوە، لە سەرێکەوە بەم کارەى سیحر و ئەفسوونی خۆى بەتاڵ دەکاتەوە، لە سەرێکى ترەوە ئەرکى شوێن بزر دەکات و دەیشێوێنێ و، چیتر مرۆڤ نازانێت چ شتێک تایبەتە و، شوێن و پانتایی و فەزا تایبەتەکان کامانەن و جیاوازییان لەگەڵ گشتییەکاندا چییە، ئەمە هاوکات بەرجەستەکردنی خواستی سەرمایەداریشە، چونکە سەرمایەداریی دەیەوێت هەرچی هەیە و نییە، تەنانەت چێژ و خۆشییە تایبەتەکانیش چەند قات و کەڵەکە و قەبە بکات، واتا کەسێک کە تایبەتیترین وێنەکانی و ئەو خواردنەی دەیخوات و سەیارەکەی و ماڵەکەی و باخەکەی و هەرچی هەیەتی و نیەتی و چی دەکات و بۆ کوێ دەڕوات لە فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیشان دەدات ئەوا دەیەوێت بەم کارە سەرمایە و توانستەکانى نیشان بدات و، لەپێش چاومان چەند قات و قەبە و کەڵەکەیان بکات، ئەمەش کە جۆرێکە لە ڕیکلام و بانگەشەکردن بە قازانجى سەرمایەدارییە، چونکە بەم کردە و چالاکییانە کاڵا و ئامڕاز و بەرهەمەکان برەویان زیاد دەکات و مرۆڤ هەتا دێ کۆیلە و وابەستە و هۆگریان دەبێت.
سەربارى ئەوەى چیتر بە تێڕوانینى کۆن ناتوانین ڕاڤەى ئەم دوو ڕووبەرە بکەین، بەڵام تێکۆشان بۆ هێشتنەوەى سنوور لە نێوانیاندا لەپێناوى چاکەی گشتیدایە، چونکە چاکە و بەرژەوەندیى گشتیى بە پانتایی گشتییەوە گرێدراوە نەک پانتایی تایبەت، بەڵام بەو پێیەی کە پانتایی گشتیی تا ڕاددەیەک داگیرکراوە، لەبەرئەوە ئەنجامدانی کردەی چاکە ئاسان نییە، چونکە هەر شوێنێک کە گشتییە کۆنتڕۆڵ و چاودێرى لەسەرە -بەشێک لە گرفتەکە لێرەدایە- ئەمە نەک تەنها فەیسبووک لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، بەڵکو ڕووبەرە گشتییە بەرجەستەکانیش لە ڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە واتا بەهۆى تەکنۆلۆژیاى دیجیتاڵییەوە کۆنتڕۆڵکراون، ئەم کامێرایانە هەندێکجار ڕێگرن لە بەردەم کردەوەى چاکەدا، بۆ نموونە شەڕ لە نێوان دوو کەسدا ڕوودەدات بەڵام تۆ ئامادەنیت ناوبژیوانی بکەیت، چونکە کامێرای لێیە و ترست هەیە وەک شاهێد و گەواهیدەر لەلایەن دادوەرەوە بانگ بکرێیت. جاریواشە ئەگەر کامێرای لێ نەبێت تۆ ئامادەنیت چاکەکە ئەنجام بدەیت، بۆ نموونە کەسێک سەیارە لێی دەدات و سەیارەکە جێیدەهێڵێت، بەڵام تۆ ئەگەر دڵنیا نەبیت کە کامێرای لێیە ئەوا ناوێریت کەسەکە ببەیت بۆ نەخۆشخانە، چونکە دەترسیت تاوانەکە بەسەر تۆدا ساغبێتەوە. واتا تەکنۆلۆژیا لە یەک کاتدا هەم دڵنیاییمان پێ دەبەخشێت هەم دەمانخاتە مەترسییەوە! لە فەیسبووکیشدا بەو پێیەى پارتە سیاسییەکان و پاسەوانانى باوەڕى باو و کولتوورى باڵادەست هەمیشە ئامادەن بۆ لێپرسینەوە، بۆیە بەشێک لە تاکەکان بە سنوورداریى چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن و خۆپارێزى دەکەن، لە بەرانبەردا خۆیان بە کردە و چالاکى تایبەتەوە سەرقاڵ دەکەن و ڕووبەرى فەیسبووک دەکەن بە شوێنى چالاکییە تایبەتەکانیان.
نەک تەنها ئەم ڕەهەندە کۆمەڵایەتییانە کاریگەریان لەسەر بەتایبەتیکردنى پانتایى گشتیی هەیە، بەڵکو پاڵنەرى سایکۆلۆژیش هەن، لە دیارترینیان بریتییە لەو نەرجسییەتە بەهێزەى کە لە ناخى مرۆڤدا بوونى هەیە و، بە درێژایى مێژوو پێغەمبەر و ئەدیب و بیرمەندان لە هەوڵدابوون بۆ کـپکردن و خامۆشکردنى، چونکە نەرجسییەت بە ڕوانینى (ئەریک فڕۆم) ئەگەر بەرى پێ نەگیرێت یاخود لایەنە ئەرێنییەکەى پەرە پێ نەدرێت کە لە داهێنان و ئافراندندا جێکەوت دەبێت ئەوا سەر بۆ چاوچنۆکى و ناخ پەرێشانى و گوشارخستنە سەر یەکدى دەکێشێت. نەرجسییەت چ لە شێوەى تاک یاخود کۆمەڵدا بەو واتایەیە کە تەنها خۆت لا پەسەندە و خۆت پێ باشە و هەموو هەوڵێکت بۆ ئەوەیە ئەوانى تر دانت پێدا بنێن، ئەمەش وایکردووە لە ڕووبەرى فەیسبووکدا هەر کەس و لایەن و گروپ و حیزب و دامەزراوەیەک “بە یارى خۆیدا هەڵبڵێ”. تەنانەت نەرجسییەتى نەرێنى تا ڕاددەى توندڕەویى و دەمارگیریى و شێتیش دەڕوات، بەجۆرێک تەنها خۆت و سەرۆکەکەت و حیزب و ئایین و ئایدیۆلۆژیا و نەتەوەکەى خۆت دەبینیت. ئەمەش کۆمەڵگەى کوردیى دووچارى دەیان نەخۆشى فیکریى و سایکۆلۆژیی کردووەتەوە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە نە کەس خۆى وەک نەخۆش دەبینێت، نە ئەوانى تر وەک نەخۆش تۆ دەبینن. ئەمەش زیاتر بەهۆى ئەوەوەیە لە کۆمەڵگەى کوردیدا گرفتى عەقڵیى و سایکۆلۆژیى نە جێى بایەخى خەڵکییە، نە توێژەران، لەبەرئەوە داتا و زانیاریى پێویستمان لەبارەیانەوە نییە، بەڵام زۆر بە ئاسانى درک بە نەخۆشییەکانى دیماگۆجى، دڕدۆنگى، سەرکردەپەرستى، هەڵپە و دەسەڵاتخوازیى،،،تاد دەکەیت، بەجۆرێک ئەمانە هەر لەسەر ئاستى تاک و وەک حاڵەت نەماوەتەوە، بەڵکو بەکۆمەڵ و گروپ خەڵکیى دووچار کردووە و بووە بە دیاردە، هەر بۆیە لە فەیسبووکیشدا -وەک فەزایەکى گشتیى مەجازیى- ڕەنگیداوەتەوە.
لە کاتێکدا ئەگەر کۆمەڵگەیەک بیەوێت پێشبکەوێت و بەرەو شارستانیبوون بڕوات پێویستە گوتار و چالاکى و کردە و ڕەفتارەکانى لە پانتایى گشتیدا ڕووە و ئەو ئامانج و بەها کۆمەڵایەتییانە بێت کە مایەى چاکە و خۆشبەختى و ئاسوودەیین بۆ هەمووان، لە نموونەى ڕووبەڕووبوونەوەى نەخۆشیى و هەژاریى و گەندەڵیى، بڵاوکردنەوەى مەعریفە و هونەر، بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیاریى، یەکسانى لە نێوان مرۆڤەکاندا، ڕاستگۆیى لە بەها و بانگەشە سیاسییەکاندا،،،تاد. وێڕاى ئەوەى بە وەرگرتنى کۆمەک لە تێڕوانینەکانى (یۆرگن هابرماس)ى فەیلەسوفى ئەڵمانیی، فەیسبووک پێویستە شوێنى پەیوەندیکاریى نێوان تاکەکان بێت، پەیوەندیکارییەک لەسەر بنەماى گفتوگۆى عەقڵانیى بێت، گفتوگۆیەکى عەقڵانیى پشت بەستوو بە بەڵگە و ئەڕگیومێنت. بەڵام ئایا کۆمەڵـگەى کوردیى لە کوێى تێگەیشـتندایە لەم ئەرک و ڕۆڵە گرنگەى فەیسـبووک وەک پانتاییەکى گشتیى؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت