ھوشیار ئەحمەدی: خەم”یش ھاوشانی “عەشق” لە باڵای شێعری کوردی ئاڵاوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر عەشق روخساری ئەدەبیاتی شێعریی کوردی وەک وەویی سورئاڵ و کاڵیلەو چاوشینی کورد لە سەر زینی ماینێکی شین رازاندووەتەوە، خەم(غەم) یش توانیویەتی ھەیبەت و شکۆ و قەڵافەتی زاگرۆس ئاسا، قوت و قاییمی پیرە داربەڕووییەکی قەدپاڵی چیایەکی نیشتمانەکەمان بە شێعر و ئەدەبیاتی کورد ببەخشێ.
بە زوانێ سادە ئەکرێ بێژین، عەشق و خەم، شایی و دڵمەنێ، کەیف سازی و خەمباری، خەندە و پێکەنین وەک یەک لە نیشتمانی شێعر و ئەدەبیاتی کوردییا باڵایان کردووە و شان و شەوکەتیان نواندگە. بە ڕادەیەک، ئەگەر عەشق و خەم ، یان شایی و خەم لە شێعری کوردی دەرخەی، وەک لەشێک ستونی فەقەراتی شکابێ، زرم ئەداریەتەو.
زۆرێ لە شاعێرانمان عاشق بووگن، دیارە سروشتی شاعێری نەرمونیانی، ھەست ناسکیی، سۆز و میھرە و ئەمەش ئەبێتە ھۆی ئەوەی زیاتر لە ناسکییەکان و جوانییەکان وردببنەوە، ڕامێنن و لەسەڕیان بوەستنەوە و ھەر ئەمەش ئەبێتە ھۆی ئەوەی ھەم سانا لە داوی عەشق بکەون، ھەمیش بە ھۆی شکەستە عەشقییەکەوە(زۆربەیان بە دڵبەر نەگەییشتوون) لە بەحری خەم و ژان و ئازار و ھیجرانی عەشقە ناکامەکەیانا ببنە پسپۆڕی دەرد و خەم.
با بۆ وێنە لە خەمێکی مامۆستا مەولەوی وردبینەوە. بەم شێعرەیا دیارە ، کەلاوی دەرد و خەمە، بۆیە بە ناڵان و زارییەوە رووی دەم ئەکاتە جەنابی خەم:
خەمە فرسەتێ ساتێ، وە بێ خەم
گەردی پاڵاکەش بگێروون وە چەم
بە زوانی سادە ئێژێ: تکایە یا خەم، دەرفەتێکم پێ بدە، تا لانیکەم بۆ چەن چرکەساتێ، بە خاترجەمی و لەسەرخۆیی و ئارامییەوە تۆزی پێڵاوەکانی لە چاوەکانم بگرم، بخەمە سەر چاوەکانم. دیارە ئازیزێکی یان لە سەرەمەرگا بووە، یان مردووە. بەڵام ئاماژەی پێ نەکراوە.
مەولەوی وائەزانێ گەردوون فەلەک، سروشت، کائینات لە تەکیا سەری شەڕ و کێشەی ھەس، سەنگەری لێ گرتووە، گلەیی لە فەڵەک ئەکا و ئێژێ، ئاخر من چەم پێ کردیە ئاوا بڕیاری دوژمنایەتی تەکما داوە!؟
بە سەرسووڕمانەوە لەو ھەموو دژایەتییەی گەردون لە تەک ئەوا، بە خۆی ئێژێ ئەشێ شتێکی گەورەم دژ بە فەڵەک کردبێ، وا بەو جۆرە سەری دژایەتی و شەڕی لەتەکا کردوومەوە. چەم کردیە؟! مەگەر کوچکم داگە (مینای فەڵەک)بە شیشەی ئاسمانا؟!

چەرخی چەپ چەنیم ڕاس بەستەن کەڵەک
مەر من سەنگم دان وە مینای فەڵەک
مینا: تەنیا شیشە نیە، بەڵکوو رۆحی شیشەیە، شیلەی شیشەیە، جۆرێ تایبەتە لە شیشە بە رەنگی شینێکی توخی ئاسمانی و زیاتر با کاری جوانکاری و نەخش و نگاری تایبەت لە سەر زێڕ و زیو بەکاردێ. لێرەدا مەولەوی بنمیچی ئاسمانی بە مینای فەڵەک ناو ھاوردگە و دێڕی مەگەر من کوچکم داگە لە مینای فەڵەک، زیاتر بەو مانایە تێ، مەگەر من کوفرێکی گەورەم کردگە، ئاوا ئەبێ خەم بوینم و نوقمی ھیجران و حەسرەت و خەفەت بم!؟
مەولەوی لە شێعرەکانیان فرە وشەی چەپگەرد بەکارتێرێ. مەبەستی لە چەپگەرد، چەرخی چەپگەڕە، مەبەست لە چەرخ، ھەر ھەمان فەڵەکە، مەبەست لە فەڵەک، ئاسمان و ھەسارە و ئەستێرەکانیە، بەو چەشنەی باس کریاگە گوایە لە ڕێڕەوێکی تایبەت و رێکوپێکا ئەسووڕێن و کاریگەرییان لەسەر یەکتر و سروشت و کائینات و سەرئەنجام مرۆڤ و ژیانی مرۆیی ھەس.
مەولەوی بەردەوام گلەیی ھەس، چەرخی گەردون لە تەک ئەوا ناسازێ، بە پیچەوانەی مەیل و حەز و خولیا و ئاوات و ئارەزوەکانی ئەو ئەسووڕێ. خۆی وتەنی سەری شەڕی تەک ئەوا ھەس. ئەمە شەڕی مەولەوی و فەڵەک، فرە شاھکاریی شێعریشی خوڵقانگە.
لە کۆتایی ئەم شێعرا ئێتر وەک کورد ئێژێ، گیان ئەگەیێتە کونالوتی ، خوایە یان بمگەیێنە بە مرازەکەم، یان گیانم لێ بستێنەوە، یان ھیچ نەبێ تاقەت و سەبرێکم پێ ببەخشە بەرگەی ئەو قورساییە بگرم.
چەپگەرد نمازۆ ساتێ فەراغەت
ئەی خوا یا وەسڵ، یا مەرگ، یا تاقەت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت