زەبەنگ بەهادین: لە تۆرە کۆمەلایەتییەکاندا هەموومان فریشتەین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەنێک جار کە پۆستی کەسەکان لە سەر ۆڵەکانی فەیسبووک دەبینین، کە سناپ چێک دەکەینەوە کاتێک بە ئنستایا گوزەر دەکەین، هەست دەکەین لە بەهەشتدا دەژین، هەست بە ئارامی و بەختەوەری دەکەین لامان وایە جیهان پەلکە زێرینەیە و مرۆڤەکانیش هەموو فریشتەن. ئەو چەند خولەکە دەچینە جیهانێکی دیەوە، جیهانێک پرە لە مرۆڤایەتی لە بەزەیی لە راستی و لە جوانیەکانی ژیان، جێهانێک هەمووی ئاهەنگ و گەران و سەیرانە، جێهانێک تێیدا هەمووان جوان، پۆستی فەلسەفی و مرۆڤدۆستی و ویژدان ئاسودانە، وەلێ کە هەموویان دادەخەین وا دەزانین لە خەونێکدا بووین و خەبەرمان بۆتەوە.
ئەگەر لایەنێکی کۆمەلایەتی هەبوایە توێژینەوەی لەسەر تۆرە کۆمەلایەتیەکان بکردایە دڵنیابن ئەو راستییەی بۆ دەرەکەوت کە تۆرەکانی کۆمەلایەتی روی درۆکانمانی زیاتر کردوە، بۆتە دەمامێکی ئەستوور و بەکارمان هێناوە بۆ شاردنەوەی راستیەکانمان، کەسێک نابینی پۆستێ بکات لەسەر درۆکانی ئەمرۆی، کەسێک سنابێک بکات لە کاتێکدا دزیەک دەکات، کەسێک نایەتە بەر چاو لە ئینستاکەیا دەرونە نەخۆشەکەی نیشان بدات رق و ناشرینیەکان باس بکا، ئەو راستیانە نیشان بدات کە کۆمەلگای پێ وێران کردوە، سیاسیەک نییە پۆستێ بکا بلێ وا ئێوەم خەڵەتاند من ئێستا ئاوا گەندەلی دەکەم، سەرکردەیەک لە میدیایەکەوە دەرناکەوێ کاتێک واژوی خیانەتێکی گەورە بکا لە میلەتەکەی، تۆری کۆمەلایەتی بە خەونێکی پەمەیی دەچێت هەموومان تێدا قوربانین، جەلادەکەش نادیارە، وەک باخچەیەکە وایە هەمووی گوڵ بێت درکی تیا نەبێت.
دەبێت تاک باش بزانێت وەختێ لەسەر بابەتێک دەنووسێ یان پۆستێک دەکات بتوانێت ئەو پەیامە لە خۆیدا بەرجەستە بکات، دەبێت پۆستەکان ئاوێنەی کردارەکانی بێت، وەختێ نەتوانین ئاوێتەی ئەو پۆستە بین و بە کردار جێبەجێیبکەین بۆ بلاوی بکەینەوە، هەڵبەت ئەگەر راستگۆ بین لەگەل خۆماندا درۆی ناو تۆرە کۆمەلایەتیەکان ئازاری دەرونمان زۆرتر ئەدات کاتێک درۆ بکەین لەگەل هەموون لە پۆستێکدا ئەم. درۆیە دەمێنێتەوە لەو پۆستەدا ناسرێتەوە هەمیشە ئازارمان ئەدات، بەلام لێرە هێندە درۆ کراوە کەسی پۆستکەر خۆی لێ بووە بە راستگۆ هێندەی درۆ کردووە، تا گەیشتۆتە ئاستێک دەرونی تەواو تێکەڵی دوو کەسایەتی بووە و خۆی هەستی پێناکات، بەلام دلنیام کەسە نزیکەکانی باش دەزانن ئەمە دوو روویەکی زەقە لەودا دەرکەوتووە ، بۆیە ساتێک خۆت لە ناخەوە مرۆڤ نیت لەو جۆرە پۆستانە مەکە و بێدەنگ بە با هیچ نەبێت تەنها خۆت بزانی کە چەندێکە ناشرینی نەک هەمووان رووە راستەقینەکەت ببینن و ببیتە جێگەی گالتە وپێکەنینی کۆمەڵگا، چەنێک دەمامکی تۆرە کۆمەلایەتییەکان ئەستوور بێت لە کۆتادا هەر دەرزێت و روی راستەقینەت دەردەکەوێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت