ھوشیار ئەحمەدی: ئەنجامی فەلسفەی ئیشراقی ریشی پان و پرچی پڕ لە ئەسپێ!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەسێ باوەڕی بە فەلسفەی ئیشراق ھەبێ، ئەبێ زەربێکی سوور بە سەر عەقڵ و مێشکیا بێنێ.
(فەلسفەی ئیشراق) یانێ لە رێگای حای و حوی و ریازەتی مورتازی و ھەڵبەز و دابەز و حەرامکردنی بڕێ قووتی لەش و رۆح لەخۆت، نوورێ ئەچێتە دڵ و دەروونتەوە و وەک جنۆکە و ساحیر و جادوگەر و شەیتانت لەتەکا بێ، ھەموو شتێکت موعجیزەئاسا لە بەرچاو رۆشن ئەبێ و راستییەکانت بۆ دەرئەکەفێ.[بەقسەی ئیشراقییەکان و شێخەکەیان]. بەڵام سەدان ساڵە دەروێش حای و حووی ئەکا و بێجگە لە مل ئێشە و دیسکی گەردەن لە پیرییا، بێجگە لە دەس ماچکردنی شێخ، بێجگە لە بردنی سواڵی بۆ تەکیە و خانەقا، ھیچی پێ نەبڕاوە!
بەڵام فەلسفەی وڵاتانی پێشکەوتوو، ئیفلاتون ئاسا زیاتر لە 2500 ساڵ پێش، باسی کۆماری دیمۆکراتیک و رێبەریی زانا و بەکومەڵ ئەکات. ھێگڵ ئاسا باس لە “تێز، ئەنتی تێز، سەنتێز” ئەکا ، باس لە ھۆکار و بەرھۆ ئەکا، باس لە مەنتیقی کردار و عەقڵانییەتی وتار ئەکات. باس لە کرانەوەی عەقڵ و مێشک ئەکات، باس لە بونیاتنان و گەشەی مادی و مەعنەوی ئەکات.
ئەوان ھەر لە سەردەمی مەنتیقی ئەرەستوییەوە، بڕوای کۆنەپەرستانەی ئیشراقی و دەروێشییان فڕێدا. بۆیەش لە ئەنجاما ئەوان بوونە خاوەن سەروەریی یاسا، زانست، پیشەسازی و لە ھەموو بوارەکانا گەییشتنە بەرزترین ئاستی گەشەی مرۆیی، دونیایی.
بەکورتی دوکتۆر خەلیقی وتەنی: ئێمەش لە سایەی سەری بەناو فەلسفەی ئیشراقی و شێخ و مەشایەخ و تەکیە و خانەقاکانەوە تەنیا ژێردەستەیی، نەخوێنەواری، کۆمەڵگایەکی کاول و وێران و داتەپیو لە بواری ژێرخان و سەرخانی مادی و مەعنەویمان بۆ ماوەتەوە و ھیچیتر.
با بۆ ھەمیشە ئەم باوڕە کۆنەپەرستانانە لەگۆڕ بنێین و لە ھەرکوێش کەسێ بە ھەر مەبەستێ ویستی پڕوپاگاندا بۆ باوڕ و بیرۆکەی پاشکەوتووخوازانە بکات، پەردەی لەسەر ھەڵدەینەوە و پەتەی بخەینە سەرئاو.
_ تێبینی: وێنەکە گەرچی دەروێشێکی دەورانی قاجارە لە ئێران، بەڵام سیمایەکی ھاوشێوەی ئەو مرۆڤەیە کەلە مەخیلەی جەماعەتی ئیشراقی و تەرێقەت باز و شێخ و خانەقاخوازدایە.
ئەوان لە ھەوڵان میلەتی کورد بەرەو باوڕە کۆنەپەرستانە و بێ بنەما و خورافی و نھیلیستانەکانی سەفسەتەی ئیشراقی پەلکێش بکەن وبەم جۆرەش کۆمەڵگای کوردستان بۆ سەردەمی تەکیەو خانەقا و دەروێشایەتی و عەقڵ و خو و سروشتی تەسلیم خوازانەی دەروێشایەتی بگێڕنەوە بۆ شێخەکان ، ئەو شێخانەی کە خۆیان ھەمیشە دەروێشی ئەڵقەلەگوێی دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان بوون.
لەکورتیدا ئەوە وێنەی ئەو تاکە کوردەیە کە ئەوان بۆ داھاتوو لە باوڕیاندایە.
بۆی دیسان قسەکەی حاجی قادر وەبیردێنمەوە کە ئەفەرموێ:
بە ریشی پان و پرچی پڕ لە ئەسپێ
بناغەی کاری کوردان چۆن ئەچەسپێ؟!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت