محەمەد بەرزی: بەڵای گەندەڵی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گەندڵی سیاسی بریتییە لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی گشتی، بۆ ئامانجی نایاسایی. یان: تاوانی بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی تایبەتی. بە گشتیش ئەم خیانەتە ناشیرینە بە نهێنی ئەنجامدەدرێت، کەسانێکی چاوچنۆکی مفتەخۆر پێی هەڵدەستن، کە تەنها خەیاڵیان لای گیرفانی خۆیانە و بە هیچ تێر ناخۆن، هێز و دەسەڵاتی پێشێلکردنی یاسایان هەیە. ئامانجەکەشی بریتییە لە:

1 – دزی و فێڵ و ساختە .

2 – وەرگرتنی بەرتیل و دیاری گرانبەها .

3 – سپیکردنەوە و ئاودیوکردنی پارە .

4 – یاریکردن بە ئەنجامی هەڵبژاردن و پەردەپۆشکردنی ڕاستییەکان.

بێگومان هەموو دەسەڵاتێکی سیاسیش بە شێوەی جیاواز، ئەگەری تووشبوونی بە پەتای گەندەڵی هەیە. گەندەڵیش چەند جۆرێکە، بڵاوترینییان بریتیین لە: خزمایەتی، بەرتیل، ڕووتاندنەوە و بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی تایبەت.

ئاشکرایە لە هەندێک وڵاتدا، کە یاسا سەروەرە، داواکاری گشتی و هێزی پۆلیس و ئاسایش، دەسەڵاتی رەهایان هەیە و زۆر بە چاکی توانای لێپرسینەوە و بەرەنگاربوونەوە و بنبڕکردنی گەندەڵییان هەیە. بەڵام لە هەندێک وڵاتی تردا، کە بنەماڵە و حیزبە سیاسییە خۆسەپێنەرەکان بە تۆبزی حوکم دەکەن، یاسا و هەموو جومگەکانی دەوڵەت بە کەڵەگایی بۆ بەرژەوەندی خۆیان قۆرخدەکەن، داواکاری گشتی و هێزی پۆلیس و دەزگای چاودێری دەبن بە پارێزەری گەندەڵکاران. هەر بۆیە لە ژێر سایەی ئەو جۆرە دەسەڵاتە پاوانخوازانەدا، مافی مرۆڤ پێشێلدەکرێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش ڕێژەی گەندەڵی هەڵدەکشێت و وەک خۆرە هەناوی کۆمەڵگا دادەوەشێنێت. ڕاستەوخۆش کاردەکاتە سەر داهاتی وڵات، بەمەش هەموو کەرتە گرنگەکان، تووشی پشێوی و پاشەکشە و دواکـەوتن دەبن.
گەندەڵی یەکێکە لە مەترسییە هەرە گەورەکانی بەردەمی پڕۆسەی بوژاندنەوەی ئابوری. لە بواری سیاسیشدا، شکستی گەورەی بەردەمی دیموکراسی و حکومەتی پاکی نیشتمانییە. لە هەڵبژاردنەکانیشدا، پڕۆسەی هەڵبژاردن و دامەزراوەکانی یاسادان تووشی ئیفلیجی دەکەن. پەڕلەمان دەبێتە پەڕلەمانێکی کارتۆنی دەستەمۆی بێ ئیرادە، کە هیچ ڕۆڵێکی لە یاسادانان و بڕیارە سیاسییەکاندا نابێت و لا لە کێشە ڕەواکانی خەڵکی ناکاتەوە. لە دادگاکانیشدا ئەوەی بوونی نەبێت سەروەری یاسایە. پاشان گەندەڵی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، دەبێتە هۆی پێشێلکردنی ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی و بڵاوبوونەوەی بێکاری و هەژاری و دانانی کەسانی نەشیاو لە شوێنی شیاودا و هەموو دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان لە ئەرکەکانی خۆیاندا پاشەکشەدەکەن. دامەزراوەکانی دەوڵەتیش تووشی کەمتەرخەمی و بێسەروبەری دەبن، خزمەتگوزارییەکان بە شێوەی یەکسان دابەش ناکرێن، کۆمەڵگا دووچاری قەیران و پشێوی و برسێتی دەبێتەوە. حکومەتیش جگە لە حکومەتێکی پۆلیسی ستەمکاری بەرژەوەندی خواز، هیچی تر نابێت. باشترین نموونەش حکومەتی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان و عیراقە. دیارە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی گەندەڵیش زۆرن، کە لێرەدا ئاماژە بۆ هەندێکیان دەکەین:
1– نەبوونی دیموکراسی. سەرۆک و ئەندامانی خێزانەکەی هەموو شتێکن، هیچ کەس و لایەنێکی خوارخۆیان ناتوانن بە بڕیار و ڕێنماییەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن.
2 – پێشێلکردنی یاسا و لاوازی دادگاکان و دەزگای چاودێری.
3 – نەبوونی ئازادی، کە دەسەڵاتی خۆسەپێنەر هۆکارێکە بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی گشتی و سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد. بەمەش گەندڵکاران بێ ترسی فشار و دەنگی رکابەر ، بەردەوامی بە خیانەت و گەندەڵی خۆیان دەدەن.
4 – هەژاری و کەمی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و بێکاری و بەرزبوونەوەی ئاستی ژیان و گوزەران.
5 – نە بوونی کەسی شیاو لە شوێنی شیاودا و پڕکردنەوەی پۆستە گرنگەکان، لە لایەن خزم و دۆست و نۆکەرە بێ تواناکانی گەندەڵکارانەوە.
6 – ڕەوشت، دیارە ڕەوشت پاڵنەری سەرەکی هەموو مرۆڤێکە بۆ کاری چاکە، یان خراپە. کەسانی خاوەن ڕەوشتی بەرز و دەستپاکی ڕاستگۆی لە خواترس ، دوورن لە خیانەت و خراپە، بەڵام بە پێچەوانەوە کەسانی بێ ڕەوشتی چاوبرسی، گویێ نادەنە دزی و خراپە و سەرپێچی، کۆش لە هیچ ناکەن و بە ئاسانی دەستدرێژی دەکەنە سەر مافی کەسانی تر.
7 – بەکارهێنانی سامانی گشتی بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان.
8 – باج وەرنەگرتن لە کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت، کە سەر بە دەسەڵاتن و زیادکردنی باج و سەرانە لەسەر هاوڵاتییان.

9 – لاوازی ڕۆڵی کۆمەڵگا و دامەزراوەکان، لە چاودێریکردن و دۆزینەوە و ئاشکراکردنی گەندەڵیدا.
10 – بێباکی و نزمی ئاستی ڕۆشنبیری و بیرکردنەوەی هاوڵاتییان، کە بە ئاسانی لە خشتەدەبرێن و پشتگیری و هاوکاری دزەکان دەکەن، لە هەڵبژاردنەکانیشدا دەنگییان پێدەدەن، لە هەمان کاتدا بێ توانایی ڕای گشتی بۆ دیاریکردنی لایەنی سیاسی پاک و دڵخوازی خۆیان.
ئەوەی شایانی باسە گەندەڵی هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی گەلان و ڕوخانی پایەکانی دەوڵەت و شارستانییەتە، لە ئەنجامیشدا دەوڵەت ڕووبەڕووی لاوازی و پووکانەوە دەکات و بە ئاسانی تووشی هەرەس و نسکۆ و نەمانی دەکات. ئاشکراشە ئەمڕۆ سیاسییەکان و دەسەڵاتدارانی کورد، لە هیچ گەندەڵییەک خۆیان ناپارێزن . هەموو خەون و خولیا و سەودایەکی ژیانیان تەنها پارە و سامانە. کار گەیشتۆتە ئەوەی هەر لە پێناوی پارەدا، هەزاران خانو و باڵەخانە و زەوی و زار بە عەرەب بفرۆشن و دیموگرافی و شوناسی ڕەسەنی شار و گوندەکانمان، وەکو کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان بگۆرن ، ئەوەی بەعسیش بۆی نەکراوە بۆی تەواوبکەن. پاش چەند ساڵێکیش حکومەتی عیراق بە تۆپزی لە هەرێمدا سەرژمێری بۆ ڕێژەی کورد و عەرەبمان بۆ بکات. جا ئەو کاتە سیاسییە خەمساردە بازرگانەکان، چییان بۆ کەرکوک و خانەقین کردووە، هەر ئەوەندەشییان بۆ سلێمانی و هەولێر و دهۆک پێ دەکرێت. هەر خواش خۆی دەزانێ چارەنووسی ئەو میللەتە کڵۆڵەمان بەرەو کام هەڵدیر دەڕوا.
لەدواجاردا ئەوە ماوە بڵێم: ئەمڕۆ لە کۆمەڵگاکەماندا هەموو جۆرەکانی گەندەڵی ( سیاسی، ئابوری، خاک فرۆشی و بەدڕەوشتی ) ئەوەندە بڵاوە، دۆخێکی وایان هێناوەتە کایەوە، کە بە درێژای مێژوو میللەتەکەمان تووشی بارودۆخی وا خراپ نەبووە. ئەوەتا خەڵکی لە تاو برسێتی و نەداری و بێکاری و زوخاوی هەرا و بەڵاوە، ئەوەندە ناخیان وێرانە، بە ناچاری ئاوات بە نان و ئاو و کارەبا و شــــەقـی داگیرکەران دەخوازن.. بە ڕاستی مرۆڤی ژیر و بە ئاگا ناتوانێ سەر لە کاری ئەم دەسەڵاتە بێباکە دەربکا، هەر دەڵێی قوڕقوشمی کراوەتە ناو گویێ، نازانێ لێشاوی دزی و گـەنـدەڵی و زۆر و ستەم، تەخت و تاراجی زۆرداران ڕادەماڵێ و کارەساتی گەورە و گران بە دوای خۆیدا دەهێنێ.

تێبینی : بۆ ئەم باسە سود لە چەند سایتێکی عەرەبی وەرگیراوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت