نەوزادى موهەندیس: سووتاندنى دارستانەکان، سووتاندنى سیەکانى گۆى زەویە!

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکێکى تر لەو دیاردانەى کە مەترسیەکى گەورە دروستدەکەن بۆ سەر تەواوى گۆى زەوى و شارستانێتى مرۆڤایەتى بریتیە لە سووتاندنى دارستانەکان یان بڕینەوەیان یان کەمکردنەوەى سەوزاییە، بەداخەوە ئەم دیاردەیەش هێندەى دەستى مرۆڤەکان خۆیانن نیوهێندە کاریگەرى سروشت نیە، جا ئەم دیاردەیەش وەکو هەموو دیاردە مەترسیدارەکانى ترى سروشتى و دەستکردى بە بەردەوامى وەرزەکانى ساڵ لە دێر زەمانەوە هەبوون و ڕوویانداوە و بونەتە مایەى زەرەر و زیانى گەورە بە شارستانێتى و ئاوەدانى کۆمەڵگە مرۆڤایەتیەکان لەناوچە جیاوازەکانى جیهاندا. بۆ ئەم دیاردەیە و ئەوانى تریش هەموانیان پێکەوە هەڕەشەیەک و ئاڵنگاریەکى گەورە دروست دەکەن بۆ سەر گۆى زەوى.
ئاگرکەوتنەوەى دارستانەکان: بریتیە لە گڕگرتنى دارستانەکان و جەنگەڵەکان Wild fireو لە ئێستاشدا پێى دەوترێت گێژەڵوکە ئاگرینەکان. دارستانەکان بەهۆى ئەوەى کە ڕووبەرێکى گەورە و فراوانى گۆى زەوى دادەپۆشن و کاریگەرى گەورەیان هەیە لەسەر پاکڕاگرتنى کەشوهەوا و دەرکردنى بڕى ئۆکسجین و هەڵمژینەوەى گازى دووەم ئۆکسیدى کاربۆنى زیانبەخش کە هۆکارى سەرەکیە بۆ دیاردەى پەنگخواردنەوەى گەرماى گۆى زەوى وەک سیە ڕاستەقینەکانى مرۆڤ ناسراون بۆ تەواوى گۆى زەوى و هەر لەبەرئەمەشە کە بوون و بەردەوامى و پارێزگاریکردنیان کارێکى گەلێک گرنگە چونکە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە مان و بوونى مرۆڤ و ئاژەڵ و زیندەوەرەکانەوە هەیە.

هۆکارەکانى ئەم دیاردەیە
1. جا ئەم دیاردەیە هەندێک جار سروشتیانە ڕوودەدەن بەهۆى هەورەبروسکە و گڕکانەکان وبەرزبونەوەى پلەى گەرما و ڕەشەباش هێندەى تر ئاگرکردنەوەکە بڵاودەکاتەوە. یان بەهۆى گلۆربونەوەى بەردە بریقەدارەکان و بەریەککەوتنیان و دروستبونى بزیسکەى ئاگر و یانیش خۆبەخۆ ئاگر دەکەوێتەوە.
2. زۆر جارانیش هۆکارەکان دەستکردى مرۆڤەکان خۆیانن بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بەشێوەیەک 95% لە ئاگرکەوتنەوەکان لە هەڵەى مرۆڤەکانەوە ڕوودەدەن بەمەبەست بەهۆى بەجێهێشتنى ئاگرەکانى دواى سەیرانکردنەکان و فڕێدانى جگەرە بەدەستى ئەنقەست و ڕوودانى ڕووداوى ئۆتۆمبێلەکان لە دارستانەکان و یان بەهۆى شۆرتى کارەباوە یان بڕین و دزینى دارودەرختەکان لەلایەن دزى دارەکانەوە بەنیەتى پێشوەختە ئاگریان تێبەردەدەن یان جووتیارەکان بۆ دروستکردن و فراوانکردنى زەویە کشتوکاڵیەکانیان ئاگر لە دارستانەکان بەردەدەن. یان بەهۆى جەنگ و هێرشە سەربازیەکانەوە ڕوو دەدەن. ئەم هۆکارانەش بە گوێرەى سروشتى زەوى و جۆرى خاک و دۆخى کەشوهەواى ناوچەکەوە دەگۆڕێن.

جۆرەکانى ئاگرەکان
جۆرى ئاگرەکان دەوەستنە سەر بوونى:
1. جۆرى پوش و پەڵاشە بڵاوبوەکان.
2. بەرزیان لە زەویەوە.
3. ڕێژەى شێ.
4. شێوەى زەوى و کاریگەرى لەسەر کەوتنەسەرى تیشکى خۆر کە کاریگەرى لەسەر بڕى ئاوى هەبوو هەیە لە زەویەکەدا.
1. ئاگرە تاجیەکان Crown Fires: مەترسیدارترین جۆرى ئاگرەکانە بە تایبەتى ئەگەر درێژەى کێشا بۆ ناو شارەکان و بیناکانى دەوروبەر. ڕەنگە ئاگرە بەرزەکان ڕێگەى فڕۆکەوانیش بگرن بەسەر ناوچە کارەساتبارەکاندا.
2. ئاگرە مام ناوەنجیەکان Ladder Fires: هەموو جۆرە ڕوەکە مامناوەنجى و نزمەکان دەسوتێنێت و ئەو ڕوەکانەى کە خۆیان هەڵدەواسن بە دارە بەرزەکانەوە دەبنە هۆى دروستبوونى ئاگرى تاجى مەترسیدار.
3. ئاگرە ڕووییەکان Surface Fites: ئەم جۆرە ئاگرە بڵاودەبێتەوە لەناو پووشە کورتە باڵاکانى سەر ڕووى زەوى دارستانەکان.
4. ئاگرە زەمینییەکان Ground Fires: ئەم جۆرە ئاگرە بڵاودەبێتەوە لەناو ڕەگى درەختەکان و لەناو توخمە ئۆرگانیەکانیشدا. ئەم جۆرە ڕەنگە چەند ڕۆژ و هەفتە بەردەوام بێت بەڵام مرۆڤ پێى نازانێت.

زیانەکانى ئاگرکەتنەوەى دارستانەکان
گەورەیى و فراوانى ڕووبەرەکەى و توندى و خێرایى بڵاوبونەوەکەى و بەردەوامى و درێژخایەنى و چۆنێتى کۆنتڕۆڵکردنى، ڕێژە و ئاستى زیان و کاولکاریەکانى ئەم دیاردەیە دەردەخەن،زیانەکانیش وەک:
1. پیسبوونى خاک و هەوا.
2. تێکدانى سیستەمى ژینگەیى لەناو دارستانەکاندا بەتەواوەتى.
3. لەناوبردنى هەموو زیندەوارنى ناوى و کۆچکردنیان بۆ ناوچەکانى تر.
4. لەناوبردنى دارە بەتەمەنەکان کە نرخ و بایەخێکى گەورەیان هەیە کە تەمەنیان سەدان ساڵ دەبێت و ئەمەش زەرەروزیانێکى گەورەى ئابوریان لێدەکەوێتەوە بەتایبەت بۆ ئەو وڵاتانەکەى کە دارو تەختەکان دەچنە زۆرێک لە پیشەسازیەکان.
5. دەبێتە هۆى هەڵکشانى دیاردەى بەبیابانبوونى کیشوەرى، چونکە دارستانەکان ڕێگرن لە کشان و کۆبونەوەى گردۆڵکە لمیەکان.
6. دارستانەکان ژینگەیەک و سەرچاوەیەکى بە پیتى خاکن.
7. دەبێتە هۆى وێرانکردنى جێگەى نیشتەجێبونەکانى نزیک دارستانەکان.
8. لەناوبردنى ناوچە گەشتیارەکان.
9. ڕووتاندنەوەى زەوى و کەمبونەوەى سەوزایى.
10. زیادبوونى ڕێژەى گازى کوشندەى دووەم ئۆکسیدى کاربۆن لە هەوادا و ئەمەش دەبێتە هۆى بەرزبونەوەى پلەى گەرما و ڕوودانى پەنگخواردنەوەى بەرگە هەواى گۆى زەوى.

ئەرێ بەڕاست ئاگرکەوتنەوەى دارستانەکانیش هەر زیانیان هەیە و هیچ سوودێکیان نیە؟
وەکو هەموو دیاردە و نەخۆشیەکان و ڕووداوەکان، ئاگرکەوتنەوەى دارستانەکانیش لایەنى باش و خراپیان هەیە و هیچ کات هیچ دیاردەیەک بەتەنها زیانى نیە، بەڵکو لەبەرامبەریشدا گەر بچوکیش بێت سوودێکیان هەر هەیە،یان دیاردەکان بەگشتى گەر بەلاى هەندێکەوە زیان بەخش بن ئەوا بەدڵنیایى بۆ هەندێکى تر سوودبەخش دەبن، جا سوودەکانى ئاگرکەوتنەوەى دارستانەکانیش بریتین لە:
1. ئاگرکەوتنەوەى دارستانەکان دەبنە هۆى ڕزگاربوون لەهەندێک دارودرەختى چڕ کە ڕێدەگرن لە گەیشتنى تیشکى خۆر و ڕووناکى بۆ هەندێک ڕوەکى بن ئەو درختانە و دەبنە هۆى گەشەنەکردن و باڵانەکردنیان وەک ئەوەى ڕوودەدات لە دارستانەکانى ئامازۆن لە کیشوەرى ئەمریکاى لاتین و بە دیارکراویش لە وڵاتى بەڕازیل کە بەشى هەرە گەورەى دارستانەکانى ئامازۆنى تیادایە.
2. ئاگرکەوتنەوەى دارستانەکان بە سوودن بۆ ئەو دارانەى کە بڵاوبونەوەى تۆوەکانیان پشت دەبەستێتە سەر پلەى گەرمى بەرز وەک هەندێک لە جۆرەکانى سنەوبەر کە ناکرێتەوە تەنها لە پلەیەکى گەرمى بەرزدا نەبێت، ئەم ئاگرکەوتنەوە و بڵاوبونەوەى تۆوانەش هۆکارن بۆ دروستبوونى دارستانى نوێ لەناوچەى نوێدا.
3. ئاگرکەوتنەوەى دارستانەکان دەبنە هۆکارى لەناوبردنى ئەو مێروە زیانبەخش و مشەخۆرانەى کە لەسەر ڕەگى دارودرەختەکان دەژین و دەبنە هۆى بڵاوبونەوەى جۆرەها نەخۆشى.
هەربۆیە هەندێک جار ئاگرکەوتنەوەى دەستکرد دروستدەکرێت بۆ ڕزگاربوون لەو کێشانە.

ڕێگاکانى کۆنتڕۆڵکردنى ئاگرەکان:
لە وڵاتە پێشکەوتوەکان ئامێر و ئامڕازى پیشکەوتویان هەیە و لە دواکەوتوەکانیشدا ئامڕازەکان سەرەتایین، بەڵام زۆرجاران بەهێزى و توندى و فراوانى ئاگرەکان وادەکەن کە وڵاتە پێشکەوتوەکانیش نەتوانن بەکاتى دیاریکراو کۆنتڕۆڵى ئاگرەکان بکەن.بەڵام بە شێوەیەکى گشتى بەهۆى ئەم ئامڕازانەوە دەتوانرێت کۆنتڕۆڵى ئاگرەکان بکرێت:
1. لەلایەن هێز و یەکە ئامادەکراوەکان بۆ ئاگرکوژاندنەوەى دارستانەکان و بەکارهێنانى توخمى دژە ئاگر، وەک خوێ ناژەهراویەکان بۆ بەرگرى ئاگر لە پاڵ بەکارهێنانى ئاو لە ڕێگەى فڕۆکەوە.
2. یان بەهۆکارى هەڵکەندنى خاک و دابڕینى ناوچەکان لە ئاگرەکان بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبونەوەى زیاترى ئاگرەکان.
3. یان کردنەوەى چەند ئاگرێکى بچوک لەبەردەم ئاگرەکەدا بۆ ڕێگەگرتن لە زیاتر بڵاوبونەوەى.

خراپترین و پڕ زیانترین ئاگرەکان لە جیهاندا:
لە مێژوودا گەلێک جۆر ئاگرکەوتنەوە ڕوویانداوە لەوانە:
1. ئاگرى پیشتیگۆ لە ئەمریکا لەساڵى 1871 کە تائێستاش لە مێژوودا بە بەهێزترین ئاگرکەوتنەوە دادەنرێت بەهۆى کاریگەریە کاولکاریەکەیەوە کە 17 گوندى سوتاند و ژمارەى قوربانیانى کە بەتەواوەتى نەزانراوە بەڵام نزیکەى 1500-2500 قوربانى بوون.
2. ئاگرى گەورە Great Fire لەساڵى 1910 لە ئەمریکا کە 80 کەس بونە قوربانى کە زۆرینەیان پیاوانى ئاگرکوژێنەوە بوون و هەر ئەم ئاگرەش بوو کە بوە هۆى دەرکردنى یاساى پارێزگاریکردن لە دارستانەکان.
3. ئاگرى کالیفۆڕنیا لە ئەمریکا لە ساڵى 2017 بە بەهێزترین ئاگر دادەنرێت لەم ساڵانەى دواییدا کە بوە هۆى سووتاندنى 600خانوو،کۆچکردن و ئاوارەبوونى 100هەزار کەس و ڕووبەرى 85هەزار هێکتار زەوى گرتەوە.
4. ئاگرکەوتنەوەکان لە سەدەى بیست لە دەیە ساڵەکانى 1910 و 1980 وسەدەى بیست و یەکیش لە دەیە سالاڵەکانى 2000 و 2010 و 2020دا ڕوویانداوە.
5. لە زۆرێک وڵاتان و ناوچەکانى جیهان ئاگر لە دارستانەکان بەربۆتەوە وەک :
دارستانەکانى ئامازۆن لە بەڕازیل. لە کیشوەرى ئەمریکاى لاتین کە ساڵانە چەندین جار دووبارە دەبێتەوە و لەساڵى 2020 بۆ ماوەى 3 هەفتە بەردەوام بوو.بەگەورەترین و مەترسیدارترین ئاگر دادەنرێت چونکە دارستانەکانى ئامازۆن لە 20% ئۆکسیجنى هەموو جیهان بەتەنها دابین دەکات.
• ئەندەنوسیا لەساڵانى 1999-2005 زیانەکانى 95هەزار کم2 لەدارستانى سووتان.
• ئوستوڕالیا لە ساڵانى 1983 و 1995 و 1997 و2000 و 2014 و 240هەزار کم2 لەدارستانى سووتاندوە.
• یۆنان: لە سەدەى نۆزدەهەمدا دوو ئاگرى زۆر گەورە کەوتونەتەوە و دەیان کەس بونەتە قوربانى و هەزاران کم2 سووتاون.
• ئەمریکا لەساڵانى 2007 زیاد لە 20 ئاگر کەوتۆتەوە لە ولایەتى کالیفۆڕنیا و 2004 لە ئۆکلاهۆما کە 500خانوى وێرانکرد و 200کم دارستانى سووتاند.و لە ئەریزۆناش 340کم دارستانى سووتاند.و پورتوگال و ئەرجەنتین و جەزائیر و بەریتانیا و تورکیا و چیللى و باشورى ئەفریقیا و ڕوسیا و کەنداو… هتد. لەو وڵاتانەن کە ئاگر لە دارستانەکانیان بەربوە.

نوێترین ئاگرکەوتنەوەى دارستانەکان:
1. لە 28/7/2021دا ئاگرێکى گەورە لە دارستانەکانى تورکیا و لەناوچەکانى سەر کەنارى دەریاى سپى ناوەڕاست و لە جێگە گەشتیاریەکانى ئەنتالیا و مەڕمەڕیسا کەوتنەوە و ژمارەیان گەیشتە 130-180 ئاگر و ڕووبەرى 95هەزار هێکتار زەویان سووتاند و لە 10 ساڵى ڕابووردوودا ئەمە گەورەترین ئاگر بوە کە تورکیا بەخۆیەوە بینیوە.و تورکیا وەک وڵات نەیتوانى کۆنتڕۆڵى ئاگرەکە بکات و دەرکەوت کە تائێستا تورکیا فڕۆکەى ئاگر کوژێنەوەى نیە و لەوڵاتانى یەکێتى ئەوروپاوە یاریمەتى درا و لەگەڵ وڵاتانى ڕوسیا و ئۆکرانیا و ئازەربایجان و ئێران و… هتد.
2. هەر لەهەمان ماوەدا لە کۆتایى مانگى 7/2021دا 1584 ئاگرى گەورە لە یۆنان کەوتۆتەوە کە 100هەزار هێکتار دارستانى سووتاندوە و لەساڵى 2019شدا 953 ئاگر کەوتونەتەوە بەهۆى گۆڕانى کەشوهەواوە یان هەڕەشەى کەشوهەواوە و ئیتالیا و ئیسپانیاش ئاگریان لێکەوتونەتەوە.
لەکۆتایدا، دیاردەى ئاگرکەوتنەوەى دارستانەکان دیاردەیەکى مەترسیدارى بەردەوام و زۆر کاریگەرە بۆ سەر ئێستا و ئایندەى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى و شارستانێتى مرۆڤ و تەواوى گۆى زەویش و بەهۆکارى سروشتى و دەستکردەکان کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبوندان و کاریگەرى خراپیان لەسەر بەرزکردنەوەى پلەى گەرماى زەوى و چاوچنۆکى سەرمایەداران و پێشکەوتنى پیشەسازى و پێویستیان بە دار و تەختەى زیاتر ڕەنگە ئەم دیاردەیە لە زیادبوندا بێت و سەرتاپاى دارستانەکان بکەونە بەر هەڕەشەى سووتان و لەناوچوون ،بۆیە گرنگە سیاسەتێکى جیهانى و نیشتیمانى توند هەبێت بۆ بەرەنگاربونەوەى سووتانى دارستانەکان بەدەستى ئەنقەست و ڕێگە لە بڕینەوەیان بگرن و هانى هاوڵاتیانیش بدرێت کە ساڵانە دار و درەختى نوێ بڕوێنن و دەوڵەتانیش بۆخۆیان لەبەرنامەى ساڵانەیاندا کار بۆ ڕواندن و فراوانبوونى ناوچە و ڕووبەرى سەوزاییەکان بکەن،بەپێچەوانەوە ئەوا تەواوى مرۆڤایەتى دەکەوێتە بەر هەڕەشەیەکى جدى بەهۆى کەمبونەوەى ئۆکسجین وزیادبوونى ڕێژەى گازى دووەم ئۆکسیدى کاربۆن و خنکاندن و وشکردنەوەى دارستانەکان کە وەک وشکبونەوە و پوکانەوەى سیەکانى مرۆڤە. لەکوردستانیشدا دیاردەى ئاگرتێبەردانى دارستانەکان ساڵانە دووبارە دەبێتەوە زۆرجاران بەدەستى ئەنقەست و زۆرجاران بەدەستى تیرۆریستان و بە بەردەوامیش کارى داگیرکارانى کوردستان بوە لە کۆن و نوێدا و هەمیشە سیاسەتى سووتماککردنى خاک و سەوزایى کوردستانیان ئەنجامداوە و لە ئێستاشدا دەبینین کە ڕۆژانە لەلایەن هێز و سوپاى تورکیاوە ڕەز و باخ و دارستان و گوندەکانى کوردستان تۆپباران دەکەن و بە ئەنقەست ئاگر بەردەدەنە دارستانەکانى کوردستانەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت