نەوزادى موهەندیس: دیاردەکانى بە بیابان بوون وڕاماڵینى زەوى، مردنێکى هێواش و بێدەنگى گۆى زەویە!

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیاردەى بەبیابان بوون دادەنرێت بە گرفتێکى جیهانى کە زۆرێک لە وڵاتان بەدەستیەوە دەناڵێنن لە ناوچە جیاوازەکانى جیهاندا.کە دەناسرێت بە کەمکردنى تواناى زەوى بۆ بەرهەمهێنانى بایۆلۆجى،یان تێکچوونى (لەدەستدانى) بە پیتێتى زەوى بەرهەمهێنەرە بە تێکڕایى و وایلێدەکات کە دۆخێکى بیابانى پێببەخشێت. لەبەر ئەوە بەبیابان بوون دەبێتە هۆکارى نزمبونەوەى بەرهەمى ژیانى ڕووەکى.ئەمەش دەبێتە هۆى بڵاوبونەوەى وشکەساڵى و وشکبونەوە لە زۆرێک لەناوچەکانى وڵاتانى جیهاندا.

پێناسە:
بەبیابان بوون بریتیە لە تێکچوونى زەوى لەو ناوچانەى کە وشکن یان نیمچە وشکن یان وشکن و نیمچە شێدارن.کە دەبێتە هۆى ونکردنى ژیانى ڕوەکى و هەمەجۆرى زیندەگى،ئەمەش دەبێتە هۆکارى ونکردنى چینى سەرەوەى خاک و دواتریش ونکردنى تواناى زەویە بۆ بەرهەمهێنانى کشتوکاڵى و پشتیوانى ژیانى ئاژەڵى و مرۆڤیشە.

جۆرەکانى بەبیابان بوون:
جۆرەکانى بەبیابان بوون و ئاست و مەترسیەکانى لەناوچەیەکەوە دەگۆڕێت بۆ ناوچەیەکى تر بەپێى جیاوازى جۆرى پەیوەندى لەنێوان ژینگەى سروشتى لەلایەک و مرۆڤیش لەلایەکى ترەوە. هەربۆیە چوار جۆرى بە بیابان بوون هەیە بەپێى پۆلێنکردنى نەتەوە یەکگرتوەکان:
1. بەبیابانبوونى سووک :بریتیە لە ڕوودانى لەناوچوون یان وێرانبونێکى زۆر سووک لە سەرپۆشى ڕوەکى و خاک، بەڵام کارناکاتە سەر تواناى بایۆلۆجى ژینگە.
2. بەبیابانبوونى مام ناوەنجى: بریتیە لە ڕوودانى لەناوچونێکى مامناوەنجى بۆ سەرپۆشى ڕووەکى و دروستبوونى گردۆڵکەى لمى بچووک یان قڵیشانى بچووک لەخاکدا و سوێربونیشى کە دەبنە هۆى کەمبونەوەى بەرهەم بەڕێژەى 10-15%.
3. بەبیابانبوونى توند :بریتیە لە بڵاوبونەوەى پوش و گژوگیا و درەختیلەى نەویستراو لە لەوەڕگاکاندا لە جێگەى جۆرە ویستراوەکان،هەروەها بەهۆى زیادبوونى کاریگەرى ڕووتاندنەوەوە کە کاردەکاتە سەر سەرپۆشى ڕوەکى و دەبێتە هۆى کەمکردنەوەى بەرهەم بە ڕێژەى 50%.
4. بەبیابانبوونى زۆر توند :بریتیە لە دروستبوونى بڕێکى گەورە لە گردۆڵکەى لمینى ڕووت و چالاک لەگەڵ دروستبوونى قڵیشانى زۆر و شیو ودۆڵ،و خاکەکەش بەر سوێربونێکى زیانبەخش دەکەوێت.ئەم جۆرە لە بیابانبوون بەمەترسیدار ترین دادەنرێت بەهۆى کاریگەرە گەورە و خراپەکانیەوە لەسەر تواناى بایۆلۆجى ژینگە.

هۆکارەکانى بەبیابان بوون
سەرەڕاى کاریگەریەکانى کەش وهەوا لەسەر بەبیابانبوون ئەوا گەلێک هۆکارى مرۆڤى و دەستکردیش کاردەکەنە سەر بەبیابانبوون لەوانە:
1. بەکارهێنانى بێسنوور و زیاد لە پێویست و نەگوجاوى زەوى کە دەبنە هۆى لێچوون یان داڕمان و ونکردنى خاک.
2. لابردن و بڕینەوە و ئاگرتێبەردانى دارستانەکان کە دەبنە هۆکارى لاوازبوونى خۆڕاگرى خاک.
3. شێوازى ئاودێرى خراپ سەرەڕاى وشکبونەوە.
4. ەوەڕاندنى بێویژدانانەى لەوەڕگاکان.

بەبیابانبوون بەهۆى گۆڕانى کەشوهەواوە ڕوودەدات وەک:
1. بەرزبونەوەى پلەى گەرما و کەمى بارانبارین یان نەبارینى کە دەبێتە هۆى وشکبونەوە و بوونە هەڵم و کۆبونەوەى خوێکان.
2. لافاو دەبێتە هۆى ڕاماڵینى خاک و دارودرەختەکان هەڵدەکێشێت کە بە پیتى زەوى ناهێڵێت.
3. جوڵەى گردۆڵکە لمیەکان کە دەبێتە هۆى داپۆشینى کشتوکاڵ و گژوگیا بەکاریگەرى ڕەشەباوە.
4. دابەزینى ئاستى ئاوى ژێر زەوى.
5. ئەو کشتوکاڵانەى کە پشت دەبەستنە سەر ئاوى بارانبارین بۆ ئاودێرى.
6. پشتبەستن لەسەر ئاوى بیرەکان بۆ ئاودێرى چونکە ئاوى ئەو بیرانە بەتێپەڕبوونى کات ڕێژەى خوێکانیان بەرزدەبێتەوە و دەبنە هۆى سوێربوونى خاک و بەبیابانبوون.
7. ڕەشەبا کە دەبێتە هۆى خێراتربوونى وشکبونەوەى ڕوەکەکان و بەتایبەتى ئەگەر درێژەى کێشا.
جا لێرەدا دوو هۆکار لەهەموان زیاتر دەبنە هۆکارى دروستبوونى دیاردەى بەبیابانبوون و کاریگەرى گەورەیان هەیە کە بریتین لە لافاو یان بارانى بەخوڕ و ڕەشەبا چونکە دەبنە هۆى ڕاماڵینى خاک،کە ژینگەى سروشتیە بۆ ڕوەک و ئاژەڵەکان،چونکە دروستبوونى خاکێک بە ئەستوورى 18 سم پێویستى بە 1400-7000 ساڵ هەیە.

لەنمونەکانى بەبیابان بوون:
1. دیاردەى بەبیابانبوون لە چین: بەهۆى گێژەڵوکەى لمى و خۆڵیەوە ڕوودەدات،کە بەتوندترینیان لە مێژوودا دادەنرێت کە لە باکوورى ئەو وڵاتە کەڕوویداوە،بەشێوەیەک کە هەڕەشەى لەناوبردنى تەواوى گوندێک دەکات و هەر ساڵێک 20 مەتر بیابانبوون لە گوندەکە نزیک دەبێتەوە.ئەمەش بەهۆى بڕینەوەى دارستانەکان و لەوەڕاندنى بێویژدانانەوە بوە.
لە ئێستادا دیاردەى بە بیابانبوون لە چین زۆر بڵاوبۆتەوە بەشێوەیەک بۆ هەر مانگێک 200کم زیاد دەکات.
2. دیاردەى بەبیابانبوون هەڕەشە لە تەواوى جیهان دەکات و بەتایبەتیش کیشوەرى ئەفریقیا،لەبەرئەوە نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ دژایەتى و بەرەنگاربونەوەى ئەو دیاردەیە ڕۆژى 17/6ى هەموو ساڵێکى دیاریکردوە بۆ ڕۆژى جیهانى بەگژداچوونەوەى بەبیابانبوون و وشکە ساڵى.

ئامارەکانى بەبیابانبوون:
1. لەسەر ئاستى جیهان:
• 30% ڕووبەرى زەوى هەڕەشەى بەبیابانبوونى لەسەرە کە کاریگەرى دەکاتە سەر 1 ملیار کەس لە جیهاندا.
• 1/3 ى زەویە وشکەکانى جیهان بەپراکتیکى زیاد لە 25% تواناى بەرهەمهێنانى لەدەستداوە.
• ساڵانە جیهان 10 ملیۆن هێکتار زەوى لەدەستدەدات بەهۆى بەبیابانبوونەوە (1هێکتار=10هەزار مەتر دووجا).
• تەنها لەساڵى 1988دا 10 ملیۆن ئاوارەى ژینگە هەبووە.
• بەبیابانبوون ساڵانە 42 ملیار دۆلار زیان بە جیهان دەگەیەنێت.لەکاتێکدا نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاندوە کە بەگژداچونەوەى بەبیابانبوون لە خۆپارێزى و چاککردنى زەوى و دووبارە ئامادەکردنەوەى زەوى تەنها نیوەى ئەو تێچوەى تێدەچێت کە بریتیە لە 10-22.4 ملیار دۆلار ساڵانە.

2. لەسەر ئاستى کیشوەرى ئەفریقیا:
• 32% لە زەوى وشکى جیهان دەکەوێتە کیشوەرى ئەفریقیاوە.
• 73% ئەو زەویانەى بۆ کشتوکاڵ بەکاردێن توشى ڕووتانەوە و داخوران بوون.
• لەهەندێک ناوچەى کیشوەرى ئەفریقیادا ساڵانە هەر 1 هێکتار زەوى بڕى 50 تەن لە خاک وندەکات.ئەمەش یەکسانە بە بڕى 20ملیار تەن نایترۆجین و2ملیار تەن فسفۆڕ و 41 ملیار تەن پۆتاسیۆم.
• ئەو ناوچانەى کە بەزۆرى توشى بەبیابانبوون بونەتەوە کەوتونەتە وڵاتانى : سیرالیۆن ولیبریا وغینیا و نەیجیریاو زائیر و ئەفریقیاى ناوەڕاست و ئەسیوبیا و مۆریتانیا و نەیجەر و سودان و ێۆمالەوە.

3. لەسەر ئاستى وڵاتانى عەرەبى:
• ڕووبەرى 9.7 ملیۆن کم2 لە کۆى ڕووبەرى زەوى وڵاتانى عەرەبى دادەپۆشێت کە یەکسانە بە ڕێژەى 68%.
• 90ملیۆن کەس هەژارى و وشکە ساڵى هەڕەشەیان لێدەکات.
• 500ملیۆن هێکتار زەوى کشتوکاڵى بونەتە بیابان.
• دیاردەى ڕاماڵینى خاک
دیاردەى ڕاماڵینى خاک وەکو هەموو دیاردە سروشتیەکانى تر میژوویەکى دێرینى هەیە و لە دێرزەمانەوە ڕوویداوە،بەڵام لەم سەردەمەى ئێستادا بەهۆى زیادبوونى چالاکیەکانى مرۆڤ و هەڵسوکەوتە نالێپرسراوێتێکەیەوە بەرامبەر بە ژینگە ئەم دیاردەیە زیادیکردوە،بەشێوەیەک بڕى ئەو خاکەى کە بەکاریگەرى ڕاماڵین لەجیهاندا لەدەستچوە لە 100ساڵى ڕابووردوودا یەکسانە بە 23% لە کۆى زەوى کشتوکاڵى بەپیت.
لەو چالاکیانەى مرۆڤ کە کە بە نەشارەزایى و ناشیانە کاریکردوە بریتین لە:
1.لابردنى چینى داپۆشەرى ڕوەکى سروشتى.
2. لەوەڕاندنى بێویژدانانە لەکاتى وشکە ساڵیدا.
3. مامەڵەى ناتەندروست لەگەڵ خاکدا وەک کێڵان لەکاتى وشکەساڵیدا.

جۆرەکانى ڕاماڵینى خاک:
1. ڕاماڵینى ڕەشەبایى : کە خۆى دەبینێتەوە لەدیاردەى خۆڵبارین و تەپوتۆز لەهەر کات و وەرزێکى ساڵدا و بەپێى توندى ڕەشەباکەش دەگۆڕێت.و کاریگەرى گەورەشى لەسەر ئەو ناوچانە دەبێت کە چینى داپۆشەرى خاکیان تێکچووە و بە تایبەتیش ئەگەر خێرایى ڕەشەبا لە 15-20کم/چرکە زیاتر بوو.
2. ڕاماڵینى ئاویى :دروستدەبێت بەهۆى لافاوى ئاوى سەر ڕووى زەوى یان لە ئەنجامى بەرکەوتنى دڵۆپى باران بەخاک و کاریگەرییەکەشى گەورە دەبێت هەرکاتێک بارانى بە خوڕ زیاتر بێت کە خاک ناتوانێت هەڵیبمژێت و لەبەر ئەوە لافاوى ڕاماڵەر دروست دەبێت.

چۆن ڕێگرى لە ڕاماڵینى زەوى و بەبیابانبوون بکرێت:
1- ڕووپێوێکى ژینگەیى ئەنجامبدرێت بۆ دیاریکردنى ئەو هۆکارانەى کە دەبنە هۆى تێکچوونى سیستەمى ژینگەیى.
2. جێگیرکردنى گردۆڵکە لمیەکان،بەهۆى:
3- دانانى دیوارى ڕێگر وەک بەربەست لەبەردەم هاتنەپێشى لمەکە.
4- دانانى هێواشکەرەوە یان خاوکەرەوەى بچوکى ڕەشەبا.

داپۆشینى گردۆڵەکە لمیەکان بە:
1- توخمى ڕوەکە مردوەکان.
2- بەروبومە نەوتى و کیمیاوى یان مەتاتیەکان.
3- ڕواندنى دارودرەختى گونجاو لە ناوەڕاستى گردۆڵەکە لمیەکاندا.
4- پارێزگاریکردنى لەوەڕگا سروشتیەکان و گەشەپێدانى سەرپۆشى ڕوەکى سروشتى.
5- ڕاوەستاندنى فراوانبوونى کشتوکاڵى دێمى لەسەر حسابى لەوەڕگا سروشتیەکان.
6- بەکارهێنانى لافاو بۆ کشتوکاڵکردن.
7- بڕینى دارودرەخت بۆ بەکارهێنانیان وەک سەرچاوەى وزە.
8- هاوسەنگکردنى کشتوکاڵى دێمى و بەسەرداچوونەوەى هۆکارەکانى ئاودێرى.
9 چاندنى وشک : کە بریتیە لە ڕواندنى ئەو دارانەى کە پێویستیان بە ئاوى کەم هەیە و بەرگرى زۆریان هەیە دژ بە وشکبونەوە.
10- باشکردنى پەیکەر و ژێرخانى خاک بە زیادکردنى توخمە ئۆرگانیەکان.
11- نەهێشتنى لارى ((مەیلانى))زەوى بەدروستکردنى شێوە قادرمەیى چین چین.
12- کێڵانى زەوى لەیەکەم وەرزى بارانباریندا.
13- دروستکردنى گۆم و دەریاچەى بچوک لە دۆڵەکاندا بۆ ڕاوەستانى ڕۆیشتنى ئاو.
14- دروستکردنى بەنداوەکان بۆ کەمکردنەوەى هێزى لافاوەکان.
15- پارێزگاریکردن لە سەرپۆشى ڕووەکى و دوورکەوتنەوە لە لەوەڕاندنى بێویژدانانە و توند.
لەکۆتایدا،هەردوو دیاردەى بەبیابانبوون و ڕاماڵینى زەوى دوو دیاردەى مەترسیدار و هەڕەشە ئامێزن و کاریگەرى خراپى گەورە دەکەنە سەر زەوى و خاکە بەپیتە کشتوکاڵیەکان بە هۆکارى ڕەشەباى توند و ئاو و لافاوە ڕاماڵەرەکانەوە،بۆیە گرنگە کە کارى پێویست ئەنجامبدرێت و پلانى پێشوەختەش ئامادەبێت لە وەرزەکانى زستان و ساڵانى وشکە ساڵى و کەمبارانیدا بۆ ڕێگەگرتن لەو دیاردانە.
لەکوردستانیشدا هەردوو دیاردەکە بونیان هەیە و بوشنەتە مەترسى بۆ ئایندەى ژیان و گوزەرانى مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەکەکان و لەوەڕگاکانیش،هەربۆیە عێراق و هەرێمى کوردستانیش دەکەونە چوارچێوەى ئەو ناوچانەى وڵاتانى عەرەبیەوە کە دیاردەکانى بەبیابانبوون و ڕاماڵینى زەوى کاریگەریان هەیە لەسەریان و بەکردارەکیش لە ناوچەى گەرمیاندا دیاردەى بەبیابانبوون لە ناوچەکانى کفرى و دووزخورماتوو و ..هتد دەستیانپێکردوە و لەناوچە شاخاویەکانیشدا ڕاماڵینى زەوى بەهۆکارى بارانى بەخوڕ و لافاوەوە کاریگەرى خراپیان داناوە. بۆیە ئەرکى حکومەتى هەرێمە کە پلانى پێشوەختە و ئامادەسازى تەواوى هەبێت بۆ ڕووبەڕووبونەوە و بەگژداچونەوەى ئەو دیاردانە بۆ دڵنیابون و زامنکردنى ئایندەیەکى گەشتر و ڕوونتر بۆ نەوەکانى داهاتوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت