بورهان شێخ رەئوف: کاردانەوەکانى کشانەوەى ئەمریکا لە ئەفغانستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جۆبایدن سەرۆکى ئەمریکا کە سەرەتاى ساڵى 2021 دەستبەکاربوو لە کۆشکى سپى وەکو سەرۆک کۆمارى ئەمریکا بەڵێنى ئەوەى بە گەلى ئەمریکاو جیهانیش دا کە ئەم پێچەوانەى سەرۆکى پێشوو ترەمپ دەبێت کە دەیووت ئەمریکا پێش هەموو شتێک، بەڵکو ئەم دەیگووت ئەمریکا دەگەڕێنینەوە بۆ پێگە گرنگەکەى خۆى، بەڵام کشانەوەى خێراى هێزەکانى ئەمریکا لە ئەفغانستان، زۆرێک لە شرۆڤەکارانى گەیاندە ئەو بڕوایەى کە بڵێن بایدنیش جیاوازییەکى ئەوتۆى لە گەڵ ترەمپ نیە.

کاریگەرییەکانى ئەم پاشەکشەیە
پاشەکشەى بەپەلەو خێراو بێ بەرنامەى هێزەکانى ئەمریکا لە ئەفغانستان کاریگەرى ڕاستەوخۆى لەسەر پێگەو هەژموونى ئەمریکا لە جیهاندا هەیە، لە چەند خاڵێکدا بەیانى دەکەم :
1. لە دەستدانى متمانەو پێشینەى ڕاستگۆیى خۆرئاوا بە گشتى:
ئەمریکا پێشتر وا خۆى پیشانى جیهان دەدا کە دەستوەردان و داگیرکردنى ئەفغانستان هەوڵدانێکە بۆ بنیاتنانەوەى وڵاتێکى شکست خواردوو لە ڕووى سەربازى و سیاسیەوە، بەڵام بەم کشانەوە خێراو بێ پلانە و دەستبەردان لە نزیکترین هاوپەیمانەکانى لە ئەفغانستان، ئەوە ى سەلماند کە ئەمریکا هاوپەیمانێکى بێ متمانەیە، ئەمەش کاریگەرى و کاردانەوەى ڕاستەوخۆى لەسەر دیدو بۆچوونى هەموو هاوپەیمانەکانى واشنتۆن لە جیهاندا دەبێت. هەر ئەمەش وایکرد زۆرێک لە ڕۆژنامەو میدیاکانى چین بەراورد لە نێوان دۆخى ئەفغانستان و تایواندا بکەن، و باسى ئەوە بکەن ئەگەر چین ڕۆژێک تایوان بخاتەوە ژێر ڕکێفى خۆى ئەوا ئەمریکیەکان نایانە هاوارییانەوە ، پێدەچێت ئەم هەنگاوە کێشەى لەدەستدانى متمانە بۆ هاوپەیمانەکانى ئەمریکا بخوڵقێنێت لە هەموو شوێنێکى ئەم جیهانە.
2. پاشەکشەى هەژموونى ئەمریکا لە جیهاندا:
ئەم پاشەکشەى خێراو بێ بەرنامەیەى ئەمریکا لە ئەفغنستان خەریکە ئەو بۆچوونە باوە کۆتایى پێ دەهێنێت کەپێى وابوو ئەمریکا تاکە جەمسەرى بەهێز بوو لە جیهاندا، بەتایبەتى ئەم کشانەوەى ئەمریکا لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە ئەمریکا هیچ کام لە ئامانجەکانى لە ئەفغانستان بەدى نەهات، چ بنیاتنانى حکومەتێکى سەقامگیرو بەهێز، چ لەناوبردنى تیرۆر و نەمانى هەڕەشەکانیان بۆ سەر ئاسایشى جیهان.
3. تێکچوونى پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانى پەیمانى ئەتڵەسى:
هەرچەندە سەرۆک بایدن بەتەما بوو پەیوەندییەکانى ئەمریکا لە گەڵ هاوپەیمانە ئەوروپیەکانى لە هاوپەیمانى باکورى ئەتڵەسى چێ بکاتەوە دواى ئەوەى لە سەردەمى ترەمپ زیانى گەورەى بەرکەوتبوو، ئەم پاشەکشە بێ پلان و کتوپڕەى ئەمریکا لە ئەفغانستان ئەو هەوڵانەى بایدن دەگەڕِێنێتەوە بۆ چوار گۆشەى یەکەم بۆ بنیاتنانەوەى دۆستایەتى و هاوپەیمانى لە نێوان هەردوو کەنارى ئەتڵەسى.
کشانەوەى ئەمریکا هۆکارە بۆ دروستبوونى هەڕەشەو مەترسى بۆ سەر ئاسایشى ئەوروپا، بۆ نموونە سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا (بۆریس جۆنسۆن) ڕەخنەى توندى لە کشانەوەى ئەمریکا لە ئەفغانستان گرت و وتى (( ئەمە هەڵەیەکە هەموومان باجەکەى دەدەین ))، وڵاتە ئەوروپیەکان ترسى زۆریان لە سەرهەڵدانەوەى دوو دیاردەى مەترسیدار هەیە ئەوانیش تیرۆر و شاڵاوى پەنابەران لە ئەفغانستانەوەى بۆ وڵاتانى ئەوروپا، هەر بۆیە هەر لە ئێستاوە ئاماژەو پێشبینیەکان بۆ ئەوە دەچن کە کۆچبەرانى ئەفغانى لە وڵاتانى دراوسێوە بگەنە تورکیاو لەوێشەوە بۆ وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا.
لەوانەش گرنگترو مەترسیدارتر تیرۆریستان خۆیان تێکەڵى پەنابەران دەکەن و خۆیان دەگەیەننە ئەوروپا بۆ ئەنجامدانى کارى تیرۆریستى، تەنانەت دەرکەوت ئەمە هەر مەترسى و پێشبینى نیە، لەندەن لە ڕۆژى 23/8/2021 ئاشکرایکرد کە بەریان لە چوار کەس گرتووە کە لەناو لیستى قەدەغەى سەردانى وڵاتەکەیاندابوون لە فڕۆکەخانەى کابوولەوە بۆ بەریتانیا، هەروەها کەسێکى تریان دەستگیرکردووە کە توانیوویەتى بگاتە لەندەن لەناو ئەوکەسانەى کەلە گەڵ سوپاى بەریتانیادا کاریان کردووە.
لەلایەکى ترەوە ئەم پرۆسەى پاشەکشە خێراییە ئەمریکا لە ئەفغانستان ڕاستیەکى تریشى ئاشکرا کرد ئەویش ئەوەیە کە وڵاتانى ئەوروپا ناتوانن هیچ ئۆپەراسیۆنێکى سەربازى، تەنانەت چۆڵکردن و کشانەوەش بەبێ ئەوەى لە ژێر چەترو پشتیوانى ئەمریکادا بێت ئەنجام بدەن. ئەمەش بە ڕوونى لە پرۆسەى کشانەوە لە فڕۆکەخانەى کابول دەرکەوت، هەربۆیە لەندەن هەوڵ دەدات هانى واشنتۆن بدات بۆ ئەوەى وادەى پرۆسەکە درێژ بکاتەوە، تاوەکە بتوانێت هەموو ئەو ئەفغانیانە ڕزگار بکات کە یارمەتى سوپاى بەریتانیایان داوە، بۆیە لە حاڵەتى قایل نەبوونى واشنتۆن بۆ درێژکردنەوەى وادەکە، دەبێت بەریتانیا پرۆسەکە خێراتر بکات یان بەتەواوى بیوەستێنێت.
بۆیە ئەم ڕوداوانەى ئەفغانستان جارێکى تر ئەو مەسەسەلە گرنگانە دێنێتەوە ئاراوە کە پێویستە ئەوروپا سەربەخۆیى ئیستراتیجى خۆى بەدەست بهێنێت لە وابەستەیى ئەمریکا، واتە ئەوروپا ڕۆڵى سەربازى سەربەخۆ وازى بکات لە داهاتوودا.
4. سەرهەڵدانەوەى مەترسى و هەڕەشەى تیرۆر:
بەرپرسانى سەربازى و هەواڵگرى ئەمریکا پەلەیانە تاوەکو پلانى خێرا دابنێن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەى هەڕەشە تیرۆریستیەکان کە لە ئەفغانستانەوە سەرچاوە دەگرن، دەست بەسەراگرتنى خێراى کابول لەلایەن تالیبانەوە، ئەگەرى ئەوەى هەیە ئەو وڵاتە ببێتە پەناگەیەکى ئارام بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان، بە تایبەتى ئاماژەى بەهێز هەن کە بزوتنەوەى تالیبان پابەند نابن بەو ڕێککەوتنەوە کە لە شوباتى 2020 لە گەڵ واشنتۆن لە دۆحە ئیمزایان کردووە، کە لە دەقەکەیدا هاتووە کە بوار نادەن ئەفغانستان ببێتە بنکەیەک بۆ تیرۆریستان و هەڕەشە لە خۆرئاواییەکان بکات.
لەلایەکى ترەوە پێشبینى و ئاماژە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەفغانستان بووەتە پەناگەیەکى ئارام بۆ قاعیدەو داعش، تەنانەت شارەزا بێلایەنەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنى ئاسایشیان ئاگادار کردۆتەوە لەمانگى تەموزى 2021 کە ڕێکخراوى ئەلقاعیدە لە 15 ولایەتى ئەفغانستان لە کۆى 34 ولایەت بوونیان هەیە، لە هەمانکاتدا لە ئاکامى کۆنترۆڵکردنى ئەفغانستان بە تەواوى لە لایەن بزوتنەوەى تالیبانەوە هەموو زیندانیەکانى ئەلقاعیدەو تالیبان ئازاد کران کە ئەمەش تین و تاوێکى بەهێز بەو ڕێکخراوانە دەبەخشێت.

ئەڵتەرنەتیفى ئەمریکا لە ناوەڕاست و باشوورى ئاسیا
کشانەوەى ئەمریکا لە ئەفغانستان بۆشاییەکى ئەمنى زۆرى لە ناوەڕاست و باشوورى ئاسیا خووڵقاندووە، پێویستە لە سەر وڵاتانى دراوسێى ئەفغانستان هەڵسوکەوتى لەگەڵدا بکەن، بەتایبەتى ڕوسیاو چین و پاکستان و هندستان. بۆیە قورسەو ئەستەمە بۆ ئەمریکا جارێکى تر بتوانێت هەژموون و پێگەى لە و ناوچەدا دەست بکەوێتەوە. ئەمەش بە ئاشکرا دەرکەوت کاتێک هەموو وڵاتانى دراوسێى ئەفغانستان قایل نەبوون میواندارى بنکەى هێزە ئەمریکیەکان بکەن چ بۆ کۆکردنەوەى هەواڵ و کارى هەواڵگرى لەسەر ئەفغانستان یان بۆ جێبەجێکردنى گورزى سەربازى دژبە ئەلقاعیدە.
تاجیکستان و قەرغیستان کە هەردووکیان پەیوەندى ئەمنى توندو تۆڵیان لە گەڵ مۆسکۆ هەیە، قایل نەبوون پێگەى سەربازى ئەمریکا لە وڵاتەکانیان هەبێت، هەروەها پاکستانى هاوپەیمانى تالیبانیش بە هەمان شێوە قایل نەبوون، بۆیە پێشبینى دەکرێت کە پاکستان و چین پەیوەندى ئاسایش و ئابورى لە گەڵ تالیبان پێک بێنن، بە تایبەتى کە هەندێک بەشى گرنگى پڕۆژەى چینى ڕێگاى ئاوریشم و پشتێنە دەبێت بە خاکى ئەفغانستاندا بڕۆن.
لە هەمانکاتدا بەردەوامبوونى باڵوێزخانەکانى چین و ڕوسیا و پاکستان لە سەر کاروبارەکانیان لە کابول لە کاتێکدا باڵوێزخانەى زۆربەى وڵاتانى تر داخراون، ئاماژەى بەهێزن کە ئەم وڵاتانە سوودمەندى باشن لە پێشهاتەکانى ئەو وڵاتە، لە هەمانکاتدا ئەمە واتاى ئەوەیە کە واشنتۆن زیانى گەورەى کرد لە قازانجى وڵاتان و هێزى ئیقلیمى تر.کە لە خوارەوە بە کورتى ئاماژەیان پێ دەدەم:
1. بەهێز بوونى ڕۆِڵى ئەمنى ڕوسیا.
2. بەهێزبوونى هەژموونى ئابورى چین.
3. زیانى لە دەستدانى هەژموونى هندى لە ئەفغانستان.
4. جێگیرکردنى بەرژەوندییەکانى پاکستان.
لە کۆتاییدا دەرکەوت ڕووخانى خێراى حکومەتى ئەفغانستان لە بەردەم بزوتنەوەى تالیباندا، ئەمریکا ئیتر هێزێکى کاریگەر نیە لە ناوەڕاستى ئاسیادا، هەژموونى خۆى لە دەستدا، بەڵکو هێزی نێودەوڵەتى و ئیقلیمى نوێ ئەو بۆشاییە پڕ دەکەنەوە بە گرتنەبەرى سیاسەت و ڕێکارى نوێ، هەروەها پێویستە ولاتانى یەکێتى ئەوروپاش بیر لە ئیستراتیجیەتى سەربەخۆ لە واشنتۆن بکەنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت