دانا مەنمی: کابینەی نۆیەم و جەنگی مان و نەمان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پارتی بە مەبەستی ترساندنی خەلکی بادینان، لە پرۆسەیەکی نا یاسایی و نا دیموکراسیدا لە مانگی 8ی پارسالدا بە دەیان رۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان رفاندو ئێستا ماوەی ساڵێکە بەناهەق زیندانی کراون، لەکاتێکدا زیندانییەکان ھیچ بەڵگەیان لەسەر نییە بۆ ئەو تومەتانەی دەخرێنە پاڵیان، زیندانییەکان بە شێوازێکی ناشارستانی و وەحشیانە لەبەر چاوی خێزان و منداڵەکانیان لە نیوە شەودا بە لێدان ڕفێراون، چالاکوان و رۆژنامەنوسەکانی بادینان لە زینداندا خواردنیان کەم و خراپە وپێداویستی سەرەتیان پێ نادەن و جێگەیان تەنگ و تەسکە و لەبەر پیسی و خراپی شوێنیان زیندانیەکان توشی نەخوشی پێست بوون و چارەسەری پزیشکی یان پێنادرێت، بەشێک لە زیندانییەکان زیاتر لە چەند مانگ لە ژووری تاکەکەسی (انفرادی)دا بوون و سزای ئەشکەنجە دراون و شەڕی دەرونیان لەگەڵدا دەکرێت و لە مافی بینینی خێزان و کەسوکارو پارێزەرەکانیان بێبەشن، کە بەپێ (اصول المحاكمات الجزائية) مافی ھەموو زیندانییەکە خێزان و کەسوکاری ببینێت و پارێزەری ھەبێت، دوای ساڵێک لە زیندان سەرباری دروستکردنی تومەتی نارەواو سیناریۆی ڤیدیۆی گاڵتەجاری لەسەر زیندانییەکان! هێشتا پارتی نایەوێت چارەنووسی زیندانییەکان یەکلایی بکاتەوە.
لە ڕێککەوتی 6ی ئەم مانگەوە، چالاکوان و مامۆستاو ڕۆژنامەنووسانی بەناهەق زیندانی کراوی بادینان لەژێر دروشمی” يان مردن یان ماف و ئازادی” مانگرتنی سەرتاسەرییان لە خواردن کردووە ، ئێستا دۆخی بەشێکیان زۆر خراپە و بەشێکیش لە زیندانییەکان زیاتر لە 40 کیلۆ لە جەستەیان دابەزیووە، مانگرتن ئامرازێکی ئاشتیانەیە و بریتییە لە شێوەیەک لە شێوەکانی ناڕەزایی دیموکراسییانە کە دوا بژاردەیە چالاکوانە بەناهەق گیراوەکانی بادینان پەنایان بۆ بردووە، ئامانج لە مانگرتنی چالاکوان و ڕۆژنامەنوسەکانی بادینان شکاندنی کۆت و بەندی سیاسی یە لە پێناو ماف و ئازادییەکانیاندا، دووانەی ماف و ئازادی بۆ ئەوە نییە یەکێکیان هەلبژێرین ئەویترمان نەبێت بۆ ئەوەیە هەم مرۆڤی خاوەن ماف بین و هەمیش ئازادی، ماف بە مانای ئەوەی هەر مرۆڤێک خاوەنی مافی سروشتی و مافی دیموکرسییەو دواجاریش کرۆکی دیموکراسی ئازادییە کە هەموو ئەمانە بەسەر یەکەوە بۆ ووجودی ئینسان پێویستن ، ماف و نان و ئازادی تەواوکەری یەکترن پێکەوە ژیانی کەرامەتمەندانە بۆ مرۆڤ دابین دەکەن.
ئێستا کابینەی نۆیەم شەڕی نان و ئازادیی لەگەڵ خەلکی کوردستاندا دەکات، دەستکەوتی پارتی وەک حیزبی حاکم و کابینەی نۆیەم کە لەژێر دروشمی کوردستانێکی بەهێزدا! قەیرانی نان و قەیرانی ئازادییان لە پاڵ شکستی ئابوری سەربەخۆو شکستی ریفراندۆم دا کەڵەکە کردووە لەکاتێکدا ئەمانە هەڵگری پرۆژەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی و تەڵاقدانی عیراقن! پارتی و کابینەی نۆیەم لەپاڵ دروشمی کوردایەتی موزەیەفدا پرۆژەی زەوتکردنی نان و ئازادی و ژیان و کەرامەتی ئینسانەکانیان هەڵگرتووە ، ململانێ و جەنگ لەگەڵ ئەم حیزب و کابینە فاسدە دەبێ ململانێ و جەنگی مان و نەمان و شەڕی ژیان و کەرامەت و ئازادی و نان بێت، هەربۆیەشە چالاکوان رۆژنامەنوسانی بە ناهەق گیراوی بادینان دروشمی” یان مردن یان ماف و ئازادی” یان هەڵبژاردووە.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم ئەزمونی هەرێمی کوردستانی پڕ کردووە لە قەیران و لە ناکۆکی و لە برسێتی و لەئەگەری شەڕ و پێشێلکاری بەرامبەر چالاکوانان و مامۆستایان و ڕۆژنامەنوسان، ئەم کابینەیە بەرەو ستەمکارییەکی گەورەو حوکمی تاکڕەوییانەی خێڵەکی هەنگاو دەنێت و ماف وئازادی ئینسانەکانیان لە واتا راستەقینەکەی خۆی داماڵیوەو دابڕیووەو تەنها ماف و ئازادییان بەوانە ڕەوا بینیووە کە شەرعییەت بەم فۆڕمە تەقلیدییە خێڵەکییە ئەدەن و هەموو پرەنسیپ و مۆراڵەکان ژێر پێ دەخەن، کاتێک باس لە قەیرانی کابینەی نۆیەم دەکرێت کەیسی دەستگیرکراوانی بادینان دێتە ئاراوە و هەموو ئەو فشارانە زەق دەبنەوە کە لەدەرەوە و ناوەوەی کوردستان ڕووبەڕووی ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە تەقلیدییە خێڵەکییە بووەتەوە، هیچکات پارتی وەکو حیزبی حاکم و سەرۆکی کابینەی نۆیەم ناتوانن ئەو بڕیارە سەقەتە سیاسی و نایاساییەی پەیوەست بە کەیسی چالاکوان رۆژنامەنوسانی بەناهەق گیراو پینە بکەن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت