بەهرۆز جەعفەر: ڕێبازی مام گەورە بو، بەڵام!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموومان ئەزانین، خوالێخۆشبو مام جەلال خەزێنەیەکی گەورەی ڕۆشنبیریی بو، مەحاڵی کرد بە حاڵ، بەشێوەیەکی سەرسورهێنەرانە ئیدارەی جیاوازییەکانی ئەدا، دۆستی پەکەکەو تورکیاش بو، دۆستی موجاهیدینی خەلق و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بو، ئیدارەی ئەمریکا وەک کلیلی چارەسەریی و فاکتەری ڕاگرتنی گرفتەکانی عێراق تەماشای ئەکرد، لە دروستبونی یەکێتیەوە لە سوریا دەیان نوخبەی کوردی سوریای لەلای خۆی جێگە-کردبوەوەو دۆستایەتی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی ئەسەدیش پاراستبو. مام جەلال نوێنەری هەموو کورد بو، ئەیتوانی بەناوی پارتی و یەکێتی و ئیسلامی و چەپ و ڕاستەوە قسە بکات و نوێنەرایەتی بکات.
مام جەلال، بە وەفا بو بۆ هاوڕێکانی، تاکە فاکتەری راگرتنی تەواوی هاوسەنگییەکان بو، دوای ئەو ئیتر دۆخەکە بو بە کەس بە کەس، کەسانی هەلپەرست و سیاسیی بێ حورمەت هاتنە پێشەوەو، ئیتر هاوسەنگییەکان تێکچون:
دوای مام، لای ئێرانییەکان یەکێتی بەشدارە لە تیرۆرکردنی قاسمی سولەیمانی دا، لای ئەمریکیەکانیش یەکێتی هاوکاری ئێرانە، لای پەکەکە یەکێتی جاسوسی بەسەر کادرەکانیەوە بۆ تورکیا ئەکات، لای تورکیاش سلێمانی و یەکێتی هاوکاری پەکەکەن و سەدان جار بە درۆن پەلاماری داوە. لای شیعەو سووننە دوای مام کەس بۆ گەلی عێراق و بۆ یەکێتی کار ناکات تەنها خەریکی خودی خۆیانن.
مام جەلال سەرۆک کۆمار بو، بە هەفتە لە کەرکوک ئەخەوت، دوای کۆچی مام سەدان دۆنم زەوی کورد لە کەرکوک داگیرکراو یەکێتی بە مۆڵەت و تکا ئاگری نەورۆز لەشارەکە ئەکاتەوە. ڕەوانشاد مام جەلال سەرۆک کۆمار بو لەسەر مێزی نانخواردنەکەی حکومەتی عێراقی پێک ئەهێنا، دوای ئەو پێگەکەی بۆ بازرگانی بەکار ئەهێنرێت. مام سیاسەتی وەک قسەوباسی ڕۆژنامەکان « حچی جەرائید» تەماشا نە ئەکرد، دوای ئەو لە پێگە گەورەکەیدا دوومانگە خەریکی کڕینی وێبسایتێکی کوردیی پڕ خوێنەرن!.
بەڵێ بەدڵ، بە نیەت لای ئێمە مامێکی گەورە بو. بەڵام ئەگەر هەر بە ڕاستی لای ئێوە ( تۆ) مام ئەوەندە پیاوێکی گەورە بو بۆچی هێشتا تەرمەکەی نە نێژرابو ڕێبازەکەی ئەوت چۆڵ کردو بەرەیەکت جیاکردەوە؟!.
یەکێتی و یەکێتیەکان ئەبێت بپرسن، ئەگەر پیلانەکەی سەری گرتبایە ئێستا یەکێتیش وەک مام نە نێژرابو!؟.
ئەوانە، نە “مام ” یان ویستوە نە ماڵی مام، نە کورد نە مێژوو، نە هاوڕێ، ئەوانە دەیان بۆندی بازرگانی خۆیان و پلەو پایەی خۆیان ئەوێت. مام سەرۆک کۆماری عێراق بو عێراقییەکان داخوازی خۆیان ئەهێنایە سلێمانی، ئێستا کە خۆپیشاندان ئەکرێت لە بەغدا میدیا عەرەبییەکان پڕوپاگەندەی ئەوە ئەکەن ئەوە هێزی یەکێتی بوە خۆپیشاندەرانی بەغدای سەرکوت کردوە!؟.
مام عێراقی گەورە کرد، بەڵام خەڵکی دیکە یەکێتیان بچوک کردەوەو، ناو ماڵی کوردیان بۆ مەلەزاتی خۆیان تێک داو، خۆشیان بچوک کردەوە. مام و ڕێبازی مام بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن و کۆڕ بۆ خۆ- گەرمکردن نییە، بۆ شینی کورسی بۆ خۆ داتاشین نییە. مام گەورە بو، لە پارکی ئازادی سەکۆی دروست کردبو خەڵک قسەی پێ بڵێن، کە دژی ئەو و شۆڕشەکەی کتێبیان ئەنوسی ئەو خۆی پێشەکی بۆ کتێبەکە ئەنوسی و ئەرکی چاپ کردنەکەشی ئەگرتە ئەستۆ. لەبەرئەوەی ترسی نەبو بڵێن مام جەلال زانکۆی بە پارەی خەڵک بۆ خۆی دامەزراندوە، مام کافتریای نەبو، بەرتیل و ڕەشوەی نەبو، مام خۆی بە ناڕاستەوخۆ پارەی عێراقی نە ئەبردە دەرەوەی ووڵات و دوایش بچێت پرۆژە پێشکەش بکات بۆ گەڕانەوەی پارە دزراوەکانی عێراق.!. دە هەڵسەنگاندنێک بکەن کورد دەمێکە وتویەتی ” گوێز بە ژمارە مایەکەی دیارە”.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت