عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: پێڵاوەکانى ڕۆژین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەند چەک بەدەستێک، هەموو گۆشەیەکى شەقامەکەیان تەنى بوو. لەم سەرو ئەوسەرى فولکەکەدا ‏وەستابوون. ‏هەر ئۆتۆمۆبیلێک ئەهات نەفەرەکانیان دائەبەزاند، یەک بە یەک دەیان پشکنى ئێوارە. لەکار ‏ئەگەڕایەوە بەرەو ‏ماڵەوە، دەستیان کرد بە پشکنینى. پێناسەکەى بەدەست ئەفسەرەکەوە بوو. ئەم ‏دیوو، ئەو دییوى ئەکرد. ئەو ‏کەسەى دەیپشکنى:‏
‏-‏ گەورەم هیچى پێ نییە. تەنیا جووتێک پێڵاو نەبێت!‏
‏-‏ ‏ جوان بیگەرێ ‏
‏ ئەو ئێوارەیە.. ئەم و چوار کەسى تریان دەسگیر کرد.. بەچاو بەستراوى بەرەو ئەو ژوورانەى دیدەنى ‏سەدان و ‏هەزاران کەسى ترى کردبوو.‏
کە ئیفادەیان لێ وەرگرت، تەنیا جووتێک پێڵاوى پێ بوو.. ئەو پرسیارانەى لەگوێدا دەزرنگایەوە ‏کە دەربارەى ‏ئەبوون
‏-‏ بۆ کێت کڕیووە؟
‏-‏ ‏ بۆکچەکەم.‏
‏-‏ چەند مناڵت هەیە؟
‏-‏ ‏ تەنیا ئەو مناڵە.‏
‏-‏ تا ئەو کاتەى تووشى زیندان نەهاتبوو، گیانى ماندوو بوو. تا ئێوارە ئارەق بەناوچەوانى دا ‏دەهاتە ‏خوارێ. بەڵام ئاشناى گورزى قورسى کێبل نەبوو. مێشکى لەمناڵی یەوە دوو چارى ‏کڵافەیەک ئازارو مەینەتى ‏هاتبوو. بەڵام فێرى شەق و تێهەڵدان و دارو ئاسن پیادان نەبوو. ‏نینۆکەکانى شین هەڵگەڕابوو، پەڵەى بۆیەو ‏چەورى پێدا لکابوو.. بەڵام فێرى دەرهێنان نەبوو. بۆ ‏یەکەمجار دوو چارى ئەم بارە نالەبارە هات. ئەشکەنجە ‏ئەوەندە تینى بۆ هێنا تا لەهۆش خۆى ‏چوو.‏
کچەکەى ماوەى هەفتەیەک دەبوو ووڕکى لێ گرتبوو. هەموو ئێوارەیەک دەهات بەپیریەوە..‏
‏-‏ بابە گیان پێڵاوت بۆ کڕیم؟
‏-‏ ‏ گیانى بابە، سبەینى بۆت دەکڕم. پەلە مەکە. هەر ڕۆژە بیانوویەکى بۆ دەهێنایەوە. بەلام ‏ئەمجارەیان ‏هەر لەبەیانیەوە لەخولیاى ئەوەدا بوو بۆى بکرێت. بیرى لەوە دەکردەوە ئەم ئێوارە ‏وەک ئێوارەیەکى تر دێت ‏بەپیرییەوە.‏
‏-‏ ڕۆژین گیان پێڵاوم بۆ هێناویت.‏
ڕۆژین دەست دەکاتە ملى.. ئەم لاو ئەو لاى ماچ دەکات.. دەست دەکات بەقسە خۆشەکانی ئەوەندە ‏دەیڵێت و ‏دەیڵێتەوە.. خۆى و ژنەکەى دەخاتە قاقاى پێکەنینێکى پڕ لە خۆشەویستى و هیوا.‏
چلەى هاوین بوو لەهۆڵێک دا، ژمارەیان خۆى لە 119 بەندى ئەدا.. لەوانە دوو سال شێت بوون.. ‏نەخۆشى ‏پێست وگۆج وئیفلیج بوون و مردن، هەڕەشەى لە هەموویان دەکرد.. لەبەردەم دەرگاکەدا ‏چوار تەنەکەى سەر ‏بەتال دانرابوو. پیساییان تێ دەکرد. دەبوایە هەر ڕۆژەى یەکێکیان لە دەرەوەى ‏هۆڵەکە بیڕژن. ئەشکەنجە ‏زۆربەى گیراوەکانى تاسان بوو. بى هیوایى لەروویاندا دەبینرا. ئازارى ‏نینۆکە هەڵکەنراوەکانى فشارى بۆ ‏هێنابوو. شەوى ڕابردوو زیاتر لە هەر شەوێک ئازاریان دا. مێشکى ‏کاس بوو.. تاس بردییەوە. چووە باوەشى ‏زنجیرە خەوێکى پچر پچڕەوە. لەخەونەکەدا لە دەرگاى ‏ماڵەوەىدا. ژنەکەى دەرگاى لێ کردەوە. زەردەخەنە ‏لەسەر لێوى. هەردووکیان پشکوتوبوو. چاوى ‏گێڕا، ڕۆژین دەستى بەدامێنى کراسەکەى دایکییەوە گرتبوو!
ویستى بڵێ
‏-‏ پێڵاوم بۆ ڕۆژین کڕیوە ئەوە چەند مانگە، بەڵام گیرابووم، مەگەر نەتان زانى بوو؟..!!‏
هەرچەندى ئەکرد دەنگى دەرنەدەهات زیاتر تینى دایە خۆى. هەنگاوەکى لەدواى نەدەهاتن. ‏ویستى رۆژین ‏لەباوەشى بگرێ. روومەتە گەشەکانى ماچ بکات. پرچە زێرینەکەى لەسەر دەم و چاوى ‏لا بدات. یەکێک لەدواوە ‏گرتى. ئاورى لێ دایەوە کەللە سەرێکى زل. کەتەیەکى رەش تاڵە. ئەوەى ‏شەوى رابردوو ئەشکەنجەى دابوو. ‏دەستەکانى درێژ کردو نینۆکەکانى لەقورگى گیر کرد.. تینى دایە ‏پەنجەکانى و ویستى بیخنکێنێ. هاوارى کرد. ‏هاوارەکەى زیاتر پر بە هۆڵەکە دەنگى دایەوە، لەو ‏خەوە بەخەبەر هات. دووبارە هاتەوە دنیا تایبەتییەکەى.‏
هێشتا بیرى لە خەونەکەى دەکردەوە. حەزى دەکرد ئەم جارەش چاوەکانى بچنەوە خەو. چاوە ‏شینەکانى رۆژین ‏ببینێتەوە. لە باوەشى ئەو خەیاڵەدا بوو، پاسەوانێک خۆى کرد بەژوورا.‏
‏-‏ هەستە نۆرەى تۆیە.. هۆڵەکە خاوێن بکەرەوە.. هەستایە سەرپێ. بەرەو دەرگاکە جووڵا. ‏چاوێکى گێڕا ‏بەتەنەکە لێوان لێوە پرەکان دا. تەنەکەى یەکەمى نایە سەر شانى. پیسایى لە ‏لێوارى تەنەکەکەوە دەهاتە ‏خوارێ، ئازاى گیانى سواخ دا.. هەر بەو جۆرەش، دووەم و سێیەم و ‏چوارەم.. هەر بەو بەرگە سواخ دراوەوە خۆى ‏کرد بەژوورا!!‏

ژمارەیان پانزە کەس بوو کە هاتنە ئەم ژوورە تایبەتییەوە. ئەم لەوان زیاتر گومانى ئەکرد. رووى ‏کردە ‏هاوڕێکەى
‏-‏ من هیچ ئومێدێکم بە ئازاد بوون نییە. بەڵام تۆ هێشتا هیوا بڕاو نەبووى. گەر رۆژێ لە رۆژان ‏ئازاد ‏بووى. بەرۆژین بڵێ:‏
‏- بابە پێڵاوەکانى بۆ کڕیت، بەڵام فریاى گەڕانەوە نەکەوتم.‏
هێشتا قسەکانى تەواو نەکردبوو، بەو نیوە شەوە، چەند کەسێک هاتن، پێش خۆیان دا، لە ‏ساڵۆنێکى درێژو تەنگى ‏پێچاو پێچەوە ئاودیووى ژوورێک کرا.. چەند پەتێکى تیا هەڵخرابوو، ‏چاوەڕوانى ئەوەیان لێ کرد گیانى سست ‏بێت. زمانى لە گۆ بکەوێت. قاچەکانى زیاتر بەتین تر بوو. ‏چاوەکانى گەش و پر لە چاوەڕوانى بوو.. چووە ‏بەردەم پەتەکەوە وتى:‏
‏-‏ ‏ مەوداى ئەوەتان نەدام، پێڵاوەکان بگەیەنمە کچەکەم.. ئەو پێڵاوانەى زۆر لە ئێوە بەنرختر ‏بوون.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت