بورهان شێخ رەئوف: بەرەو هەڵبژاردنى گشتى عێراق.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆژى 10 /10/2021 عێراقیەکان لە باکورەوە تاباشور بە کوردو عەرەبەوە بە سوونەوە شیعەوە بە کەمایەتیە ئتنیکیەکانەوە، سەرەڕاى گلەیى و گازاندەکانیان، نیگەرانیەکانیان، خۆیان ئامادەکردووە بۆ دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى خوولى پێنجەمى ئەنجومەنى نوێنەران، لە بارودۆخێکى سیاسى و ئابوورى فرە ئاڵۆز و نالەباردا، پێدەچێت ئایندەى پرۆسەى سیاسى عێراقى دواى 2003 یەکلایى بکاتەوە ئایا دەتوانێت درێژە بە ژیان و مانەوەى خۆى بدات؟
بە تایبەتى هەڵبژاردنەکە بە یاسایەکى نوێ بەڕێوە دەچێت و هەلى سەرکەوتنى حزب و لایەنە بچووکەکان کەمە، زۆر لایەن و پێکهاتەى عێراق ئاڵەنگارى گەورە دێتەر بەردەمیان.
زۆرێک لە ئاماژەکان ئەوەمان پیشان دەدەن کە شتى کتوپڕو چاوەڕوانکراو ڕوو نادات لەم هەڵبژاردنەدا، بەڵکو حزبە سیاسیەکانى سەر گۆڕەپانى سیاسى عێراق خۆیان نمایش دەکەنەوە بە شێوەیەکى تر، بە جیاوازییەکى کەمەوە لە زیادبوون یان کەم بوونى چەند کورسیەک لە فراکسیۆن و قەوارە سیاسیەکانیاندا،
بەهۆى یاساى هەڵبژاردنەکەوە کە عێراقى دابەش کردووە بۆ (83) بازنەى هەڵبژاردن، ئەمەش ڕێگرە لە دروست بوونى قەوارەى گەورە لە ڕووى ژمارەوە، تەنانەت وا لێک دەدرێتەوە کە 40 کورسى لە دەست هێزو لایەنە شیعیە تەقلیدییەکان کەمدەکاتەوە کە پێشتر خاوەنى 184 کورسى بوون، زۆر قورسیشە بزانرێت ئەو کورسیانە بۆ چ لایەنێکى سیاسى یان پێکهاتەیەکى دى دەڕۆن بە تایبەتى تر کە هەردوو لایەنى حکومى و تشرینیەکان بەشدارى ناکەن لە هەڵبژاردن کە لە خوارەوە بە درێژتر باسى دەکەم.

بەشدارى نەکردنى حکومەت
یەکەم جارە لە عێراقى نوێ ى دواى ساڵى 2003 سەرۆکى دەستەڵاتى جێبەجێکردن واتە سەرۆکوەزیرانى عێراق خاوەنى لیستى هەڵبژاردن نیەو پاڵپشتى هیچ لیستێکى بەشداربوو یان حزب و لایەنێکى سیاسى ناکات لە ڕۆژى 10/10/2021، کازمى ئەو بارە قورسەى نەخستە سەر لایەن شیعیە سەرەکیەکان کە خۆى نمایش بکات وەکو هێزێکى سیاسى نوێ کە ڕکابەرى و ململانێ ى ئەوان بکات لە پشکەکەى ئەو حزبو لایەنانە ئەمیش پشکى خۆى ببڕێت، وەکو ئەوەى حەیدەر عەبادى لە هەڵبژاردنى پێشوو ساڵى 2018 کردى کە لیستى نەسرى دامەزراند، هەرچەند خۆیشى ئەندامى سەرکردایەتى حزبى دەعوەى ئیسلامى بوو، بەڵام بەوەوە نەوەستا و لیستێکى نوێ ى ڕاگەیاند، بە تایبەتى دەنگدەرى عێراقى مەیل و سۆزى زیاترە بۆ ئەو هێزانەى کە لە دەستەڵاتدان یان لە دەستەڵاتەوە نزیکن، بە تایبەتى تر ئەگەر دەستەڵاتەکە خزمەتگوزارى یان کارى باشى کردبێت بۆ خەڵک، هەرچەندە ئەزموونى کازمى ماوەکەى کەم بوو، بەڵام هەوڵ و کارو چالاکیە سیاسى و دیبلۆماسیەکانى کازمى لە ناوچەکەدا بۆ ئاشتەوایى و بە تایبەتى نێوەندگیرى نێوان ئێران و عەرەبستانى سعودیە و ئاکامە پۆزەتیفەکانى بۆ سەر سەقامگیرى ناوچەى مایەى خۆشحاڵى کۆمەڵانى خەڵکە، هەرچەندە دۆخەکە سەقامگیرى و ئاشتەواییەکى ناسکى بە خۆیەوە دى، لەوەباشترە بەرەو خراپتر بڕوات.

ڕۆڵى تشرینیەکان
ئەوەى مایەى نیگەرانى زۆرە بۆ خەڵکى عێراق و پشتیوانانى خۆپیشاندانەکانى تشرین ئامادەنەبوونى بەشى زۆرى دەستەبژێرو سەرە دیارو بزوێن چالاکەکانى ئەو شۆڕشە جەماوەرییە بەرینەن کە قوربانى زۆریان دا لە پێناو ئازادى و دادگەرى وسەروەر بوونى یاسادا، کە جیگەى داخە نەیانتوانى خۆیان ڕێکبخەن وەکو قەوارەو لیستى سیاسى کارا بۆ بەشداربوون لە هەڵبژاردنەکەدا، ئەوەش ئاکامى دابەشبوون و یەکڕا نەبوون و کۆک بوون لەسەر بەرنامەیەکى گونجاو، واى کرد کە نەتوانن وەکو هێزێکى ئۆپۆزەسیۆنى نیشتمانى گونجاو ببنە نوێنەى خەڵکى ناڕازى لەم قۆناغە هەستیارەدا، کە گەلى عێراق وێڵە بە دواى هێزێکى ئەڵتەرنەتیف بۆ ئەو هێزو لایەن سیاسیە تائیفى و شکستخواردووانە کە لە ساڵانى ڕابردوودا نەیانتوانى خزمەتى گەلى عێراق بکەن و شکستیان هێنا لە بەڕێوەبردنى سامان و کارگێڕیدا.
تشرینیەکان هەڵەیەکى گەورەشیان کرد، بەشێکیان کاتێک بڕیارى بایکۆتى هەڵبژاردنەکانى 10/10/2021 دا، ئەم هەنگاوەش ڕادەى بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەدا زۆر کەم دەکاتەوە، ئەمەش بوارى زیاتر بە حزب و لایەنە تائیفیەکان دەدات کە پێگەى خۆیان بەهێزتربکەن، بە تایبەتى ئەگەر ڕێژەى بەشداریکردن لە پرۆسەکەدا لە 25% کەمتربوو، لەلایەکى ترەوە بایکۆتى تشرینیەکان گۆڕەپان بۆ خێڵەکان چۆڵ دەکات لە پارێزگانى باشوورو ناوەڕاست کورسى زیاتر بەدەست بێننن، چونکە ئەم یاسا تازەى هەڵبژاردن بوارییان بۆ دەڕەخسێنێت کە ئەوان کوسى زیاتر بە دەست بێنن لە جیاتلا کەسایەتى ڕووناکبیرو پێشکەوتووخوازو سیکۆلار.

مەرجەعیەتى سیستانى و هەڵبژاردنى تشرین
هەڵوێستى مەرجەعیەتى باڵاى شیعە کە خۆى لە کەسایەتى سەید عەلى سیستانى دا دەبینێتەوە، بۆ ئەم هەڵبژاردنە هانى خەڵکى عێراق دەدات بەشدارى فراوان بکەن لە پرۆسەکەدا و بێلایەنە بەرامبەر هەموو لایەنەکان، چونکە پێشتر لە بیرمانە کە هاوپەیمانى نیشتمانى شیعە هەبوو خۆیان وا پیشانى شیعەدەدا کە سیستانى پیشتیوانیانەوە فتواى پشتگیرى بۆ دەرکردوون، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا بەیەک ماوە لە هەموو لایەنەکان وەستاوەو داواى چاکسازى دەکات و پشتیوانى داخوازییەکانى خەڵک و تشرینیەکان دەکات، هۆشدارى توند دەدات لە بە بنبەست گەیشتنى دۆخەکە، هەروەها سەید سیستانى لەو بڕوایەدایە تا ئێستاش ئومێد هەیە لە ڕێگەى هەڵبژاردنەوە چاکسازى بکرێت و هەڵە و کەمووکورتیەکانى پێشوو پرۆسەى سیاسى ڕاست بکرێنەوە، لە هەمانکاتدا هەست بە نیگەرانى زۆر دەکات لە سەر ئایندەى عێراق و سەقامگیرییەکەى، لە بەر هەموو ئەوانە مەرجەعى باڵاى شیعە ڕووى دەمى دەکاتە هاوڵاتیان و کە پەندو عیبرەت لە ئەزموونەکانى ڕابردوو وەربگرن و ئاگادارى بەهاى دەنگەکانیان بن لە ڕۆڵى نەخشەکێشانى ئایندەى وڵاتەکەیاندا.

کوردو هەڵبژاردنى تشرین
کورد لە هەرێمى کوردستان کێشەى واى نیە، چونکە کورسیەکانى دیارى کراوەو لە بازنەکانى خۆى و هەر حزبەى ناوچەى هەژموون و پێگەى خۆى هەیە، لەوەیە گۆڕانکارى وا نەیەتە ئاراوە، ئەگەر لایەنێک چەند کورسیەکى زیاد یان کەم بکات کاریگەرى ئەوتۆى نابێت.

ناوچە جێناکۆکەکان
ئەوەى گرنگە ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستانە کە فشارى زۆریان لە سەرەو هەوڵى گۆڕینى دیمۆگرافیا دراوە، لە هەمبەر ئەمەشدا هاوپەیمانى کوردستان لە نێوان یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕان پێکهێنراوە کە گرنگى خۆى هەیە بۆ کەرکوک و ناوچەکانى تریش، لێتێگەیشتنیش لە گەڵ هەندێک لایەنى تر کراوە، کە مایەى ئومێدى باشى لێدەکرێت.
لە کۆتاییدا ئەم هەڵبژاردنە ئومێدى زۆرى لە سەر هەڵچنراوە، مەیدانى ململانێ ى سەختى نێوان ڕکابەرەکانە، مەترسى بەردەمیشى بایکۆت و چەکى دەستى میلیشیاکان و هەوڵى گزى و ساختەکارى ئەنجامەکانە، بۆیە گۆڕانکارى بە ڕێکارى یاسایى و دەستوورى کارێکى قورسە لە هاوکێشەى چەک و پارە و هێزدا، هیوادارم پێچەوانەکەى ڕاست بێت عێراق بەرەو ئارامى و سەقامگیرى و گۆڕانکارى بنەڕتى بڕوات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت