بەهرۆز جەعفەر: پەرلەمان بۆ کوردو سەرۆک کۆمار بۆ سووننە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تا ئێستا بەهێزترین سیناریۆ ئەوەیە پۆستی سەرۆک کۆمار بدرێت بە سووننەکان و حەلبوسی ببێت بەسەرۆک کۆمار. ئەم داوایە تورکیا پاڵپشتی ئەکات، پارتی دیموکراتی کوردستان پاڵپشتی ئەکات، سعودییە پاڵپشتی ئەکات، ئەمریکاش لارییەکی نییە. ڕەنگە تاکە بابەت بێت لە گۆی زەویدا کە ئیمارات و تورکیا لەسەری کۆکن. منیش پێم خۆشە چونکە:
1- سەرۆک کۆمار نەیتوانی یەک سانتیمەتر کێشەی ناوچە دابڕاوەکان نە لە بەغدا نە لە هیچ شوێنیک بباتە پێش، تەنانەت یەک سەردانی کەرکوکی نەکرد.
2- سەرۆک کۆمار نەیتوانی گرفتی مووچە چارەسەر بکات.
3- سەرۆک کۆمار نەیتوانی کێشەی پێشمەرگە چارەسەر بکات.
4- هەر نەیتوانی کێشەی ناو حیزبەکەی خۆی چارەسەر بکات، نەیتوانی گوێ لە هاوڕێکانی خۆی بگرێت، کەچی بۆ هەڵڵای میدیایی پرۆژەی زل-زلی هەرێمیی ئەخاتەڕوو گوایە ئەم پەیوەندی ئوردن و سوریا چاک ئەکات!. بۆ ئەوەی تۆزێک سەرنجی ئێران ڕابکێشێت پاڵپشتی بکەن!.
بگرە بە ئاشکرا بینیمان سەرۆک کۆمار خەریکی موئامەرەکردن بو لە هەرێمی کوردستان و لە پرسی پێشمەرگەو مووچە.
ئەوە هەبو مام جەلال بو، ئەیتوانی تەوافوق لە عێراق بپارێزێت، ئەویش لەبەر ئەوەی مام جەلال خەریکی گیرفانی خۆی نەبو، کافتریاو زانکۆ و کۆمپانیاو پارە سپی کردنەوەی نەبو، مام جەلال لەگەڵ ئەوەی هەڵەی هەبو ئەم هەموو سەگ و چەقەڵ و ڕێوی و گورگەی بۆ بەجێهێشتین، بەڵام بەردەوام خەریکی ئەوە نەبو میللەتەکەی خۆی و حیزبەکەی خۆی بکات بە قوربانی خۆی و پۆستەکەی.
مام خەریکی ئەوە نەبو بگەڕێت هەرچی گەندەڵ و تاوانبار هەیە، یان ئەوانەی تۆمەتبارن بە هاوکاری گروپە تیرۆریستیەکان لە لیستی تاوان دەریان بکات و لە سەفارەتەکانی عێراقدا دایان بمەزرێنێت!. کوا مام جەلال خەریکی ئەوە بو بەرتیل لە کۆمپانیا چینییەکان وەربگرێت لەبەرانبەر ئەوەی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا ئەیانسازێنێت!. هەرچییەک بو مام جەلال ئەخلاق و سیاسەتی زۆر لێک دوور نەخستبوەوە، ساڵی (1975) لە چایخانەکەی توڵەی توڵە لە دیمەشق گەنجێک پاسەوانێتی ئەندامانی دامەزرێنەری یەکێتی کردبو، مام جەلال لە (2005) کە بو بە سەرۆک کۆمار ئەو کەسەی دۆزییەوە دوو دکتۆرای هەبو، کردی بە ڕاوێژکاری خۆی.
بۆیە، ئەوەی بۆ کورد گرنگترە سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکایەتی پەرلەمانە، چونکە یاساکان لە پەرلەمانەوە دەرئەچن، چاودێریی و لیژنەکان لە پەرلەمانن، ئەو نیمچە ڕۆڵە تەشریفاتی و دیبلۆماسییەی سەرۆک کۆمار ئەیگێڕێت سەرۆکی پەرلەمان زۆر بەزیادەوە ئەتوانێت ئەو ڕۆڵەش بگێڕێت. کورد کە وەزیری دەرەوەی هەیە سەرۆک کۆماری بۆ چی یە!؟. بۆ ئەوەی خۆی قەبەو پڕ-ناوبانگی درۆینە بکات و دوایی کە لە کۆشکەکە دەریان کرد لە داخ دا ئاو بکاتە ژێر هەرێمی کوردستان؟!.
لە خولی ڕابردودا یاسای دادگای فیدراڵی لە پەرلەمان دەرچوێنرا کە ئەم یاسایە حوکمی دەستوری هەیە. سبەینێ ئەندامانی ئەم دادگایە کە هەر هەمویان عەرەبی شیعەن، ئەتوانن بڕیارێک بدەن تەواوی کەرتی و نەوت و گاز لە دەستی کورد دەربکەن!. لەم خولەدا ئەگەری زۆر هەیە دەستور ڕێککاری تیا بکرێت، ئەوەی ڕۆڵی گەورەی تیا ئەگێڕێت پەرلەمانە بۆیە پيویستە کورد لە پەرلەمانی عێراقدا هەژمونی هەبێت. کورد کە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی بە دەنگ و تەوافوق وەرگرت ئیتر پێویست ناکات هەموو خارێک حیزبەکان لە نێوان خۆیاندا بە سەدان ملیۆن دۆلار کڕین و فرۆشتن بە کورسی سەرۆک کۆمارەوە بکەن!.
ئەوەی ئەمێنێتەوە ئێرانە، تا ئێستا ئێران ڕێگر بوە لەوەی ئەم بیرۆکەیە سەر بگرێت. چونکە ئێرانییەکان لەوە گومان ئەکەن کە سووننە لە عێراقدا دەستەڵات بگرێتەوە دەست، ئەوان لایانوایە سەرۆک کۆمار دوو لیوای هەیە، ڕەنگە دەمەو بەیانییەک ئەم دوو لیوا سووننەیە لە عێراقدا کودەتایەک بکەن و حوکمی تەواوەتی بگرن بە دەستەوە.
دۆخەکە، ئەوکاتە خۆش ئەبێت کە نوری مالیکی ببێتەوە سەرۆکوەزیران و حەلبوسی ببێتە سەرۆک کۆمار!. کورد (پارتی) یەکیش هەر دەست ئەکەوێت بکرێت بە سەرۆکی پەرلەمان.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت