سەلاح حسێن ئەفەندی: بۆچی بزوتنەوەی گۆران لە پاشەکشێدایە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم بزوتنەوەیە یان هەر پارتێکی تر، پێویستە پەناببرێت بۆ ئەو کارانەی بە کردەوە پێی هەستاون، نەکو دروشم و وتار و نوسراوەکانیان، کردەوە سەنگی مەحەکە نەکو وتار و دروشم.
زۆر ئاسانە، ئەم جۆرە پاشەکشێکردنە یاخود شکستهێنانە بخرێتە ئۆباڵی تاکە کەسێک یان بگەرێنرێتەوە بۆ تاکە فاکتەرێکی تایبەتی. لەراستیدا، ئەوانە دەگەرێنەوە بۆ چەندین فاکتەری مێژویی و کۆمەلایەتی و نێودەولاتی. لە رێگەی ئەو فاکتەرانەوە، بۆچون و پرۆگرام و مەزاجی تایبەتی ئەو تاکانەی کە سەرپەرشتی و سەرکردایەتی بزوتنەوەکە دەکەن، رۆڵی خۆیان دەبینن. بۆیە لێرەدا حەزم کرد هەوڵی دەستنیشانکردنی هەندێ فاکتەر بدەم:

نوخبەی سیاسی یان نوێنەرایەتی خەڵک؟
ئەو خەڵکە بەڕێزانەی کە بزوتنەوەکەیان بونیادنا پەروەردەی قۆناغێکی مێژویی تایبەت بوون، کە چەندین فاکتەری کۆنی کۆمەڵایەتی و ۆئیقلیمی و نێودەوڵەتی کاریگەری لەسەریان هەبوو، ئەو فاکتەرانە بوونە بنەمایەک بۆ سروشت وپرۆگرام و شێوازی کارکردنی بزوتنەوەکە:
A- بەشێک لەوانە، بۆ ماویەکی درێژ لە بزوتنەوەی چەبدا کاریان کرد بوو، کە پرنسیپ و شێوازی کارکردنی پارتی لینینی و دەوڵەتە سوسیالیستەکان کاری تێکردبوون.
B- زۆرینەی سەرکردە و پارت و بزوتنەوەکانی کوردستان، بگرە خۆرهەڵاتی ناوەراست، سروشتی کۆنی خێڵەکی و فیوداڵی خێڵەکی کاردانەوەی لەسەریان هەیە.
C- بە تایبەتی لە پەنجاکانی سەدەی پێشۆوە، رۆڵی وردە برژوا، لە خۆێنەوار و پیاوانی ریزەکانی سوپا و کاربەدەستانی دەوڵەت زیادی کرد. لە غیابی گەشکردنی ئابوری ئازاد و چینی ناوراست و کەرتی تایبەت، زەمینەکەیان قواستەوە. بە ناوی بزوتنەوەی نەتەوایەتی و دژایەتیکردنی ئیمپرالیزم و سایونزم و چەوساندنەوەی نەتەوایەتیەوە، بۆ قۆناغێکی مێژویی رۆڵێکی گەورەیان بینی. لە وڵاتە عەرەبییەکاندا، نمونەی عیراق، سوریا، میسر و لیبیا توانیان دەستەڵات بگرنە دەست، مەسەلەی فەلەستین و بزوتنەوەکەیان کاریگەری گەورەی هەبوو.
بەشێک لە دەستەڵاتداران یاخود سەررکردەکانی بزوتنەوەی نەتەوایەتی کوردی باشور هەمان سروشتیان هەبوو، هەوڵیان دا هەمان رێباز پەیرەو بکەن.
خاڵی هاوبەش لە نێوان ئەو سێ رێبازانەدا، بریتییە لەوەی کە نوخبەیەک، ئیلیتێک، کە بە حساب چالاکتر و وریاترن و ئازاترن لە خەڵک و هاونیشتمانیان، سەرکردایەتی پارتێک یان بزوتنەوەیەک دەکەن، بەپێیی بۆچون و چالاکی و خواستی خۆیان، رێرەوی بزوتنەوەکە دادەرێژن و هاوڵاتیانیش وەکو گەلەمەڕ بە دوایاندا دەکەون. ئەو جۆرە پارتانە، بە پيی تاقیکردنەوە مێژوویەکان، خۆیان لە خۆیاندا، رۆڵی چینێکی کۆمەڵایەتی تایبەتی سەرو هاوڵاتیان دەبینن و هەوڵی زیادکردن و پاراستنی بەرژەوندی و دەستەڵاتی ئەو نوخبەیە دەدەن نەکو بەرژەوەندی و دەستەڵاتی هاوڵاتی یاخود تۆژێکی کۆمەڵگە. بۆیە پارتێکی وا زەحمەتە، لە مەودای دوردا، بتوانێ نوێنەرایەتی خەڵک بکات، بەڵکو تەنها دەتوانێ نوێنەرایەتی نوخبەی سەرکردە بکات ، لە باشترین ئەگەردا بەرژەوەندی کادیران و هەوادارانی پارتەکە بپارێزێت.
هەندێک لە سەرکردەکانی بزوتنەوەی گۆران، بەخۆیان زانیبێت یان نا، وەک نوخبەیەک هاتنە پێشەوە. سەرکردەکەیان، هەر وەکو لە ئاسمانەوە هاتبێتە خوارەوە، وکو کاریزما و مرۆڤێکی پوخت و بێ هەڵە و مرجەع رۆڵی دەبینی.

تەسەروفکردن بە موڵکایەتی گشتیەوە
بە پێی بنەما و پرنسیپەکانی پارتی سوسیالیزمی لینینی، خێڵەکی یان فیوداڵی خێڵەکی و حیزب یان دەوڵەتی نوخبەی نەتەوایەتی، کە لەسەرەوە باس کرا، موڵکایەتی گشتی موڵکی دەوڵەتە، بەڵام سیاسییەکان و دەستەڵاتدارەکان تەسەروفی پێوە دەکەن. ئەوانە لە پێناوی بەرژەوندی نوخبە و مانەوەی دەستەڵاتیاندا، تەسەروف دەکەن بە سامان و داهات و موڵکی دەوڵەتەوە، بە هەوەسی خۆیان، بەپێی ئاستی تەبەعیەت و وەلایان، دەیدەن بە خەڵکی نزیک خۆیان. سەرکردە یان ئەندامێکی نوخبە رەنگە تەڵاقت بۆ بخوا کە خاوەنی هیچ نییە، رەنگە بە روکەش راست بکات، بەڵام لە راستیدا دەتوانی بە هەوەسی خۆی سوود لە موڵکی گشتی وەرگرێ و تەسەروفی پێوە بکات. بە پێچەوانەی سستەمی سەرمایەداری کلاسیکی، ئەم نوخبانە بە شێوازی جیاواز، قۆرخی بازار و کەرتی تایبەتی دەکەن.
کە بزوتنەوەی گۆران دروست بوو، دەستەڵاتدارانی هەرێمیان بەوە تۆماتبار دەکرد، کە سامانی وڵات دەدزن و تاڵانی دەکەن. بە کردەوە، قەولیان بە خەڵک دا، ئەگەر دەستەڵات بگرنە دەست، ئەو سامانەنە دەدەن بە خەڵک. کاری پارتێکی سیاسی کە نوێنەراتی خەڵک دەکات ئەوە نییە کە تەسەروف بە سامانی گشتیەوە بکات و بەسەر خەڵک و ئەندامەکانی و دۆستەکانیدا دابەشی بکات، بەڵکو دەبێت موڵکی گشتی و سەرچاوەی سروشتی، بە شێوەیەکی سەرەکی، بۆ گەشکردنی ژێرخانی ئابوری وڵات تەرخان بکرێت، لە هەمان کاتدا زەمینە خۆشبکرێت کە خەڵکی بتوانن لە ڕێگەی کار یان کاسپێوە خۆیان بژێنن و خۆشگوزەرانی بۆ خۆیان بڕەخسێنن.
بزوتنەوەی گۆران، لە رێگای وەرگرتنی هەندێک زەویوی و زار، وەرگرتنی پارە و کومپانیاوە لە هەندێ دەستەڵاتداران، دواتر هەوڵدان بۆ وەرگرتنی پۆستی سیاسی و ئیداریەوە، بونە شریکێکی بچوکی دەستەڵاتداران لەسوودوەرگرتن لە موڵکی گشتی و تەسەروفکردن یاخود هەوڵدان بۆ تەسەروفکردن پێوەی. چوونە ریزی پارتەکانی دەستەڵات و لە هاوڵاتیان و بەرژەوەندیەکانیان دوورکەوتنەوە. بۆیە شتێکی سەیر نییە، کە بە شێک لە ئەندامەکانیان، بۆ بەرژەوندی تایبەتی خۆیان، دەچنە پاڵ حیزبەکانی دەستەڵات یان پشت لە بزوتنەوەکەیان دەکەن. شتێکی سەیر نییە کە ئەو جەماوەرەی قەولیان پێدرابوو، بەشێک لە سامانی دەوڵەت بەسەریاندا دابەش بکەن، دواتر پشتیان تێکردن.

نە دوژمنایەتی نە پاشکۆیەتی
لە سەرەتای دروستبوون و فراوانبوونی بزوتنەوەکەدا، سەنگەری دژایەتی و دوژمنایەتیان بەرەوروی حیزبەکانی دەستەڵات گرت. هیچیان تیادا نەهێشتەوە. ئەوانە دز بوون، بناماڵە بوون، گەندەڵ بوون، نەخوێندەوار و نەزان بوون، خیانەتیان کرد بوو… بەڵام خۆیان نوخبە بوون، پاک بوون، خوێنەواربوون، زیرەک و لێهاتوو بوون.. بەلام هێندەی نەبرد، کە بەو دروشمانە نەیانتوانی دەستەڵات بگرنە دەست، کەوتنە هاریکاری ئەو دەستەڵاتدارانە و بەشداریکردن لە هەموو ئاستەکانی دەستەڵاتی هەردوو زۆنەکەدا.
لە نێوان رەش و سپیدا رەنگی تر هەیە. پارتێکی نوێ ئەگەر بەراستی بیەوێ گۆرانکاری لە کۆمەڵگەدا بکات، دەبێ لە لایەکەوە لە زەمینەو ئاستی گەشەکردنی کۆمەڵگەکەوە هەنگاوبنێ و بە نەفەسێکی درێژ و ژیرانە هەوڵی خولقاندنێکی زەمینەیەکی لەبار بدات کە خەڵکی، هاوڵاتیان، فرسەتیان بۆ دروستبێت بەرەو پێشەوە هەنگاوبنێن و لە پرۆسەکەدا بەردەوام بن. بەهێزکردنی دیموکراسی و کاری پەرلەمان، نە بە هاژوهوژ دروست دەبێت، نە بەوەی بەلاوازی و پاشکۆیەتی، بکەویتە وەرگرتنی پۆست و پایە و سامان لە دام و دەزگای دەوڵەتدا. بەڵکو لە رێگەی کاری پەرلەمانی و پاڵپشتی کۆمەڵگە و
رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە دەبێت. بە کودەتایەک یان بە تاکە هەڵبژاردنێک گۆرانکاری گەورە روونادات، بەڵکو ئەوە پرۆسەیەکە، هەتا پارتی سیاسی و دەوڵەوت و پەرلەمان هەبێت، بەردەوام دەبێت.
دوژمنایەتیکردنی حیزبەکانی تر، گلەیی و جنێودان، نەبوونی پرۆژە و پڕۆگرام بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، هیچ کاریگەری نابێت لەسەر دەستەڵاتداران و بگرە سودیشی لێوەردەگرن. پاشکۆیەتی دەستەڵاتداران، بوون بەشەریکیان لە دەستەڵات و تەسەروفکردن بە موڵکی گشتیەوە، زیاتر لە نوێنەرایەتی خەڵک دوریان دەخاتەوە و دەبنە کاربەڕێوەبەرێکی لاوازی دەستەڵاتداران.

بەرەی سیاسی یان کارکردن لەسەر بابەتەکان
بەتایبەتی لە ناوەراستی سەدەی رابوردوووە، لە خۆرهەڵاتی ناوەراست مودیلی دروستکردنی بەرەی سیاسی هاتە کایەوە. زۆربەی کات هیچ پرۆگرامێک یان پرۆژەی هاوبەشی ئەوتۆیان نەبوو، بە مەبەستی بوژاندنەوەی وڵات و خۆشگوزورانی ژیانی خەڵک.. هەتا ئێستا ئەو مۆدێلە باوە لە نێوان پارتە سیاسیەکانی عیراق و هەرێمی کوردستاندا. پارتی و یەکێتی بۆ ماوەی سی ساڵ لەسەر ئەو مۆدێلە رێکەوتون و حوکمڕانی دەکەن. ئەو جۆرە دەستەڵاتدارانە، لە پێناوی قواستنەوەی نارەزایی خەڵک و پوچەڵکردنەوەی رۆڵی ئۆپوسیسون، هەوڵی بەشداری پێکردنیان دەدەن لە دەستەڵاتدا یان لە بەرەیەکدا بۆ ئامانجێکی تایبەتی.
بزوتنەوەی گۆران، بە هۆی ئەو روانگەیەی هەی بوو بۆ کاری سیاسی و گرتنەدەستی دەستەڵات و تەسوروفکردن بە موڵکی گشتێوە، کەوتە ئەو داوەوەو بوو بە شەریکی دەستەڵاتداران یاخود شاگردیان… ئەمە وای کرد، کە خەڵکی، لە لاوازی بزوتنەوەکە بەولاوە، هیچ جیاوازێکی ئەوتۆ نەبینێ لە نێوان بزوتنەوەکە و حیزبەکانی دەستەڵاتدا، بۆیە لەلایەکەوە متمانەی خەڵکیان لەدەستدا و لە لایەکی ترەوە، بەشێک لە کادیرەکانیان زویر بوون و بەشێکی تریان چونە ناو حیزبەکانی دەستەڵاتەوە.
ئەو پارتانەی کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی و خواستی توێژ و پێکهاتەکانی کۆمەڵگە دەکەن، هەوڵ دەدەن کاربکەن لەسەر پرۆگرام داڕاشتن و پرۆژەدانان لەسەر ئەو بابەتانەی کە پەیوەستە بە بەرژەوندی هاوڵاتیانەوە، لە بواری بوژاندنەوەی ئابوریدا لەهەموو سێکتەرەکاندا، رێگەخۆشکردن بۆ پێشکەوتنی کەرتی تایبەت، رێگەوبان، تۆڕی ئینتەرنێت، کارەبا و ئاو، بەندا و گە شت و گوزار،سستەمی خوێندن و کلتور، ژینگە، وەرزش، سستەمی تەندروستی و دەرمان، پەروەردەی منداڵ، یەکسانی ژن و پیاو، مەسەلەی بێکاری و راهێنان، مافی موچەخۆران و ژینگەی کارکردن، چارەسەری مەسەلەی نەتەوایەتی، نەهێشتنی چەکداری حیزبی و بونیادنانی هێزی چکداری دەوڵەت، نزیکردنەوەی پێکهاتە نەتەوایەتی و ئاینیەکان لە یەکتری…. دانانی پڕۆگرام و پرۆژە لەسەر ئەو بابەتانە گەرەکە ببێتە بەردی بناغە بۆ کاری پەرلەمانی درێژخایان و دروستکردنی کوتلەی پەرلەمانی جیاواز لەسەر بابەتە جیاوازەکان. لەم ڕێگەیەوە پارتێکی سیاسی دەتوانێ نوێنەرایەتی خەڵک بکات و هەنگاو بەهەنگاو متمانە دروست بکات لایان. کارکردن بەو شێوەیە، حیزبەکە و کادیرەکانی بۆ کاری حوکمرانی پێدەگەیەنێ، هەوڵی بەشداریکردن دەدات لە پێناو خولقاندنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ گەشەکردنی وڵات و خۆشگوزورانی خەڵکەکەی، لە سەرو هەمویانە کەمکردنەوەی گەندەڵی لە ریزەکانی پارتەکە و دامودەستگاکانی دەوڵەتدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت