دانا مەنمی: کۆچ لەپێناو نان و ئازادی و كەرامەتدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە دنیای نوێدا ھۆکارە ڕامیارییەکان و نەبوونی ئازادی و نەبوونی نان و دیموکراسی و نا یەکسانی کار و ژیان، دەتوانن لە و ھۆکارانە بن کە دیاردەی کۆچ بەرفراوان بکەن، هەموو کۆچێک ئاڵوگۆری جوگرافیایەکی ناھەموارە بۆ جوگرافیایەکی گونجاو، تەنیا هۆکاری کۆچی کوردان بە لێشاو لە سنورەکانی بیلاڕوسیاو پۆڵەنداو لیتوانیا ھەژاری و نالەباری ژیان و نەبوونی ئاسایش و سەقامگیریی و مەترسییە لە سەر بەھاکانی و نەبوونی ئازادییە لە کوردستان، کۆچی بە کۆمەڵی کوردان نیشانەی فەشەلی سیاسی و ئابوری دەسەڵاتدارێتی کوردییە لە ماوەی سێ دەیەی تەمەنیدا، کە مرۆڤ وەک بونەوەرێکی سەرگەردان ئاشنا دەکات بە ژیانی تاراوگە و لە شوێنی لە دایکبونییەوە بۆ شوێنێ کە پێی نامۆیە کۆچ دەکات.
دیمەنی ڕوماڵکردنی پەیامنێرێکی کەناڵی (RT)ڕوسیا لە سنوری نێوان بیلاڕوسیاو پۆڵەندام بینی کاتێک ڕوماڵی لێشاوی کۆچبەران لە سەرسنور دەکات، پەیامنێرەکەی کەناڵی (RT)ڕوسی لە ڕوماڵکردنەکەیدا دۆخی کۆچبەران شرۆڤە دەکات و باس لەوە دەکات کە زۆرینەی کۆچبەرەکان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و هۆکاری کۆچەکەیان دەگێڕنەوە بۆ خراپی دۆخی سیاسی و ئابوری لە هەرێمی کوردستان، دۆخی ستەم و فەسادو نادادی یەکێکە لەو هۆکارانەی کە مرۆڤ بیر لە کۆچ بکاتەوە.
ئاشکرایە ئەو کۆچەی ئێستا کۆچی ناچاری و هەلهاتنە لە حوکمڕانیەتی کابینەکەی نۆیەم، ئێستا کابینەی نۆیەم شەڕی نان و ئازادیی لەگەڵ خەلکی کوردستاندا دەکات، دەستکەوتی پارتی وەک حیزبی حاکم و زۆرینەی پەرلەمانی و خاوەنی کابینەی نۆیەم لەژێر دروشمی کوردستانێکی بەهێزدا! قەیرانی نان و مەترسی لەسەر شکۆی مرۆڤبون و قەیرانی ئازادییان لە پاڵ شکستی ئابوری دا کەڵەکە کردووە، پاشان کێڵگەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان کێڵگەی حیزب و بنەماڵەیە، هەندەسەی کۆمەڵایەتیش هەندەسەی مێنتەڵییەتی خێڵە ، لە ئیستادا حیزب و بنەماڵە و خێڵ یەکڕیزو کۆکن لەسەر بچوکردنەوەی عەقڵ و هوشیاری و ئازادی و ئیرادەی مرۆڤ،کۆچ هەڵهاتنە لەم باڵا دەستییەی حیزب و بنەماڵەو مێنتەڵییەتی خێڵ.
لەئێستادا کۆمەڵگای کوردی بەزەحمەت خۆی دەداتە دەست گۆڕانکاری، هەژموونی خێڵ و هەژموونی حیزب زالە بەسەر بوارەکانی ژیانی کۆمەلگادا، تەنیا ڕیگایەك بۆ ڕزگاربوون لەم سیستەم و دەسەڵاتە تەقلیدییە سەركوتكەرە حیزبییە، خێڵەكییە، خێزانییە بریتی یە لە شۆڕشێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی کە ئەوەش لە ئێستادا زەحمەتە و خەلک ئیرادەی لاواز بووە، خۆ ئەگەرنا لەئێستادا بۆ رزگاربوون کۆچ باشترین بژاردەیە، کۆچ لەپێناو “نان و ئازادی و كەرامەت” دا ڕەوایەو تاکی کورد لە کوردستان لەسەر حیسابی خۆی برسیکراوەو ئازادیشی لێ زەوتکراوەو کەرامەتیشی دەشکێندرێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت