بەهرۆز جەعفەر: بۆچی کۆچ نەکەن!؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە دوو هەفتەی پێشوو، پرسی «کۆچ» مان بەست بە گەمەیەکی هەرێمایەتی بۆ گرانبونی نرخی نەوت و گازی سروشتی لەسەر ئەوروپا لەم زستانەدا، دواتر بینیمان نرخی نەوت بەرزبۆیەوەو، بە پێی خەمڵاندنەکان نرخی نەوت ئەچێتە سەروو (100$). بەڵام مادام چەند بەرپرسێکی گەندەڵ و خیانەتکار کۆچ و کۆچبەری بە «ناڕەسەن» ناوزەند ئەکەن، ئەم چەند دێڕەی خوارەوە بە زەرورەت ئەزانم؛
تەنها داهاتی سێ وەزیری یەکلەدوای یەکی تەندروستی لە حکومەتی هەرێم خۆی لەسەرووی دوو ملیار دۆلار ئەدات، ئەو سێ وەزیرە دوو ملیار دۆلار لەسەر گەلی کوردو داهاتی کوردستان کەوتون، زیاتر لە (8 ) باڵەخانەی پزیشکیان هەیەو، لەگەڵ چەندین باڵەخانەی دیکەشدا دەست و گیرفانیان تێکەڵە، ئەوە جگە لەوەی هەمویان کۆمپانیای دەرمانیان هەیەو لەگەڵ چەندین کۆمپانیای دیکەی دەرمانیشدا دەست و گیرفانیان تێکەڵە، ئینجا هەرئەو سیانە کە وازیان هێناوە هێشتا وەزیری سێبەرن، هێشتا دەیان دەڵاڵ و دەسیسەیان لەو کەرتە هەستیارەدا هەیە. ئینجا ئەوە باسی بەڕێوەبەرە گشتییەکان ناکەین کە وەک ئەوان و بە شوێن پێی ئەواندا ڕێ ئەکەن. سەیری شارێکی وەک چەمچەماڵ (300) سێ سەت هەزار دانیشتوی هەیە، گەورەترین قەزایە لە هەرێمی کوردستاندا، پایتەختی شەهیدان و ئەنفالە تا ئێستا نەخۆشخانەی نییە!. خانویەکەو خێرخوازێک دروستی کردوەو نەخۆشی بۆ ئەبەن و وەک گەراج لە ئیسعافدا باری ئەکەن بۆ سلێمانی!. ئەوەش سلێمانی! لە هەر شوێنێکی ئەڵمانیا ئیتر دۆسلدۆرف یان بەرلین، هامبۆرگ یان هانۆڤەر یەک سیستەمی تەندروستی و یەک چارەسەریی هەیە، ئەوەی بۆ سەرۆک ئەکرێت هەر ئەوەیە بۆ کەسێکی لیبی و عێراقی ئەکرێت کە چوار ڕۆژە بوەتە خاوەنی ناسنامەی ئەو وڵاتە.
ئەوەتەی مێژوو هەیە کۆچ هەیە، هەر شوێنێک ئەمان و زەمان بوبێت مرۆڤ ڕووی لەوێ کردوە. کێ هەیە بە بێ هۆ نیشتیمانی خۆی چۆڵ بکات!؟. کێ هەیە دایک و باوکی خۆی جێبهێڵێت و خۆی بە قەدەرێکی نادیار بسپێرێت!؟. دەیان هەزار کەس لە شەڕی ناوخۆی کوردستانەوە کۆچیان کرد، دواتریش دەیان هەزار گەنجی دیکەش چونە دەرەوە، ئێستا دەرگا بکەنەوە لە هەرێمی کوردستاندا خەڵکێکی ئەوتۆ نامێنێتەوە، ئەوەی دەوڵەمەندە هەر ڕا-ڕایەو سترێسی هەیە، ئەوەی نە-داراو هەژاریشە هەر ترسی هەیە!. ئەوەی بەرپرس و سێبەرەکانی بەرپرسانە پەیتا-پەیتا خەریکی دەرهێنانی پاسپۆرتی دۆمینیکاو کڕینی موڵکن لە ئەوروپا…
نا یەکسانی و نا-دادییەکە لە هەرێمی کوردستان کەم نییە!. کابرایەک لەبەرئەوەی نە خوێنەوارو عەشایەرە لە سنوری کێڵگەیەکی گازیی هەرێمی کوردستاندا، لەماوەی ئەم حەوت ساڵە چەندین تەندەری وەرگرتوە، تەنها ئاژەڵە کێوییەکانی و باخەکەی سەروو (300)سێ سەت دەفتەر دۆلاری تێچوە، یەک ئەسپ (18) دەفتەر دۆلار ئەکڕێت، دەیان چەکداری لە دەوری خۆی داناوە، بایی دەیان دەفتەر دۆلار ئۆتۆمبیلی گرانبەهای ڕیز کردوە!. ئێمەش کە خاوەنی ئەو تێزەین هەرێمی کوردستان بخەینە سەر نەخشەی ووزەی جیهان و، ئاژانسی لێکۆڵینەوەی زانستیمان سەرپێخستوەو، لۆبی بۆ پرسی کورد بکەین و، کۆنفڕانسی گەورە -گەورە بەڕێوەبەرین، هەمومان دکتۆراو ماستەرمان لە زانکۆ باشەکانی دونیا خوێندوە، حکومەتی هەرێم و ئەزمونە کوردییەکە سودی یەک فلتەری جگەرەی بۆمان نەبوە، زیاتر لە (307) پرۆژەو پەیپەری زانستیمان سەبارەت بە پرسە ستراتیجیەکان داوەتە دامەزراوەکانی کوردستان، (307) دینار یان دۆلاریان پێ نەداوین!. پارتنەرشیپمان لەگەڵ بەشێکی دونیا هەیە بەڵام لەگەڵ هەرێمەکەی خۆمان نا!. نایشارمەوە لەناو ناوەندی سیاسیی و حکومی و ئەمنی کوردیدا، لەناو دەوروبەری بەرپرسانی باڵای ئەم هەرێمەدا نەک بێ باکی لە بەرانبەر خاک و تاکی هەرێم، بەڵکو بە ئاسانی ئەوە ئەبینم کە دژی پرسی کوردن، ئەیانەوێت ئەم دۆخە خراپتر بکەن، هەرکەسێک قسەیەک بۆ باشترکردنی ئەم فۆڕمەی ئێستا بکات ئەوان بە هەزار دەست کاری خراپی لەسەر ئەکەن!.
بۆجی گەنج کۆچ نەکات چاوەکەم!.دوو گەڕەکە ناوی نراوە هەرێمی کوردستان، سەدان کەس لەم حکومەتەدا پۆستی باڵایان وەرگرتوە، وەزیرن، سەرۆکی زانکۆن، لە هەر وڵاتێکی ئەوروپی بونایە ئەو ئیشەشیان پێ ڕانەدەبینرا کە بەیانیان و ئێواران دەرگای زانکۆیەک یان وەزارەتێک بکەنەوەو دابخەن!. ئاخەر خۆ ئەبێت تەماشا بکەن بە خەرجکردنی ملیارەها دیناری مانگانە بۆ حیزب و بۆ میدیا هێشتا (30٪) ی خەڵک بەشداری دەنگدانی کردوەو (10٪) یش دەنگەکانی سوتاندوە، بەهەموو حیزبەکان نوێنەری (20٪) ی خەڵکی کوردستانن!.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، من نەک ڕێگەیەک چەندین ڕێگەی ئاسانم هەیە لە هەر وڵاتێکی ئەوروپی و ئەمریکیدا بژیم، کۆچیش ناکەم. بێلایەنانە کاری خۆم ئەکەم، خۆشم ڕادەست نەکردوەو ناکەم. خاوەندارێتی لە دادگەری و پرسە نیشتیمانیەکان بۆ پێشخستن و پاراستنی کوردستان ئەکەم. لەڕاستییدا ئێمە خاوەنی ڕاستەقینەی کوردستانین، کە زۆربەمان بچینە دەرەوە، ئەوا ئەهریمەنەکان ئەبن بە زۆرینە لەناوەوەی کوردستان. چارەسەرەکە لێرەیە لە کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت