بەهرۆز جەعفەر: ئاسۆی مەترسییەکی گەورە لەسەر کوردستان دەرئەکەوێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لێکۆڵینەوەیەکی ئێمە بەناونیشانی” ئاسایی بونەوەی پەیوەندییەکانی ئیمارات و تورکیا : فاکتەرە ناوخۆییەکانی، لێکەوتە هەرێمی و ئابورییەکانی” لە پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی بڵاوبۆیەوە «ئەتوانن بە پی دی ئیف» یش رایکێشن و بیخوێننەوە؛
گریمانەی هەرە بەهێز ئەوەیە کە دە ساڵە ئیمارات و تورکیا لە هەموو کیشوەرەکان دژی یەکتر پرۆژەیان هەبوە، دە ساڵیشە تورکیا باجی ئەوە ئەدا نەیتوانیوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەنداو، لەگەڵ ئیسرائیل و میسر باش بکاتەوە، تەنها لە پرسی ئەوەی گازی سروشتی نەگەیشتوە بە تورکیا، ئەم ووڵاتە لەو دە ساڵەدا دا زیانی سەروو (400) ملیار دۆلاری بەهۆی خراپی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو ووڵاتانە بەرکەوتوە. ئەوە بێجگە لە لایەنەکانی تری وەکو بازرگانی و گەشتوگوزارو نەبونی پەیوەندی توندو تۆڵی دیبلۆماسی زیانی بەرکەوتوە، بێجگە لەوەی ئیدارەکانی ئۆباماو ترەمپ و بایدن بەهۆی ئەم گرفتانەوە لەگەڵ تورکیا بەردەوام ناکۆکیان هەبوە.
لە بەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکەدا هاتوە، ئیمارات لەدوای میسرو ئوردن بەهێزترین بەرژەوەندی و پەیوەندی سیاسی لە ناو ووڵاتانی عەرەبی دا لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێکردوە، ئیمارات ئەندامە لە مونتەدای گازی سروشتی رۆژهەڵاتی دەریای سپی ( کە بارەگاکەی لە قاهیرەیە)، ئەگەر ئیمارات بتوانێت ئیسرائیل و تورکیا بە یەک بگەیەنێتەوە (کە ئەردۆگان چوار ساڵە لە دەرگا ئەدات) ئەوا گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردوستان و قەندیل دەست پێ ئەکات و لە یەکەم هەنگاودا ئەو ئیدارەیەی کورد لە باکوری سوریا پێکەوەی ناوە نامێنێت!.
ئەگەرچی 18 ی نۆڤەمبەری 2021، هەریەکە لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل « نەفتالی بینت» و سەرۆک کۆماری تورکیا « رەجەب تەیب ئەردۆگان» پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام داوە. وا دیارە قەتەر هەم ئاسایی بونەوەی پەیوەندیی تورکیاو ئیمارات هەم تورکیا و ئیسرائیلی پێ ناخۆشە ( چونکە مامۆستا عەلی قەرەداخی یەکسەر بەدوایدا فتوای دا کە پەیوەندی بەستن لەگەڵ ئیسرائیل حەرامە!). هەر لە سەرەتای نۆڤەمبەری 2021 ەوە بە پراکتیکی هێزەکانی سوریای دیموکرات «یەپەگە» ناوچە نەوتییەکانیان ڕادەستی ڕژێمی ئەسەد کردۆتەوە. هەرچەندە وەکو خۆن لەو بڕوایەدانیم ئیسرائیل پەیوەندی لەگەڵ ئەردۆگاندا ئاسایی بکاتەوە؛
– زۆر نییە ئەردۆگان دوو هاوڵاتی ئیسرائیلی لە تورکیا زیندانی کرد.
– ئیسرائیل پەیوەندی ئێجگار ستراتیجی لەمەڕ گازی سروشتی لەگەڵ قوبرس و یۆنان و میسر هەیە (ئەم وولاتانە ناحەخی سەرەکی تورکیان لەناوچەکەدا).
– ئەردۆگان هێشتا وازی لە هاوکاری پرۆ-فەلەستینیەکان و حەمماس نەهێناوە.
– هەوڵەکانی ئەردۆگان بۆ زیندوکردنەوەی خەلافەت و لێدوانە زۆر توندەکانی ساڵانی ڕابردوی بە هەند وەرگیراوە، متمانەی پێ ناکەن.
پرسیارەکە ئەوەیە: یەپەگەو هێزە شەڕکەرەکانی نزیک لە پەکەکە لە سوریا ئەچن بۆ کوێ ئەگەر تورکیا بە هاوکاری ئیمارات و ئیسرائیل ( یان بێدەنگی ئیسرائیل) دەری کردن لە سوریا؟. ئەگەرێکی کراوەیە کە تورکیا پەل ئەهاوێژێ بۆ موسڵ و کەرکوکیش کە لەدوای 16 ی ئۆکتۆبەرەوە هەژمونی خۆی لەو ناوچانە لە دەستداوە.
بێگومان دێن بۆ هەرێمی کوردستان و، لە ناو هەرێمی کوردستان شەڕی ناوخۆ دروست ئەبێت!. ئەوکاتە ئەم هەموو هێزە چەکدارە کوردییە هەریەکەیان بە ئەجێندەیەکی جیاوازەوە لەم ناوچەیە دۆزی کورد بەدەستی کورد چی لێ ئەکەن!؟. هەم زەمینەکە خۆی بۆ ئەمە ئامادەیە لە هەرێمی کوردستان، وە هەم بە پێی زانیارییەکان زەمینەش بۆ ئەمە سازدراوە، کە پەکەکە ڕێگە بۆ ئەو ڕۆژگارە خۆش ئەکات.
هەرچی پەیوەندی بە خراپی دۆخی خەڵک و خۆپیشاندانی خوێندکارانەوە بو، تا ئەو شوێنەی بابەتەکە مافی خوێندکارو دادپەروەری و خەمی ڕاستەقینەی چین و توێژە جیاوازەکانە، ئەوەی پاڵپشتی نەکات ناحەزی کوردوکوردستانە، بەڵام تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە گرفتەکانی ناو یەکێتی و ئەملاولای دیکەوە هەیە، زانیاری و شیکاریی و مەترسییەکی تر هەیە، ئەویش ئەوەیە ڕێگا سازەو سازدراوە «حەشدی شەعبی کوردیی» دروست ببێت و خەڵک خۆی ناونوس بکات!. ئەمە ماوەیەکی کەم بەر لە خۆپیشاندانەکان باسکراوە، ئەوەشی لەم فیکەو کارتە کەمێک هەڵوەستەمان زیاتر ئەکا، تویتی سەرکردە شیعییەکان و گرتە ڤیدیۆییەکانی حەسەن پلایس و چەندین فیگەری دیکە بو کە بۆ پاڵپشتی لە داوای خوێندکارانی سلێمانی و ناوچەکانی تر بڵاویان ئەکردەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت