دانا مەنمی: داپۆشینی فەزیحە بە زمانی جنێوفرۆشی و لەکەدارکردن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای سی ساڵ حوكمرانی كوردی كەچی ئەو کابینە بەهێزەی کە پارتی دوو ساڵ لەمەوبەر بانگەشەی بۆ دەکرد ناتوانێت ڕەخنە هاونیشتیمانییەک هەزم بکات، بەدریژایی سی ساڵی حوکمرانیەتی خێزانە لە سیاسی کەوتووەکان ئازادی ئینسانەکان لە ژێر پرسیاردا بووەو لە کابینەی نۆیەم دا ئازادی ڕەخنەو ڕەخنەگرتن و روانینی جیاواز پاشەکشەی کردو بەرەو دۆخێكی مەترسیدارو نەخوازراو دەڕوات، گرتنی چالاکووانان ڕۆژنامەنووسان و ئەشکەنجەدان ودانپێنان لە ژێر فشار و ستەمی توند و تیژیی و هەڕەشەی پڕ لە زەبر و زەنگ، بەشێکە لە سیمای سیاسی کابینە بەهێزەکەی پارتی و برا گەورە کە تەنها پارتی لێی بەرپرسیار نییە بەڵكو یەكێتی و گۆرانیش سەھمی خۆیان بەردەكەوێت.
لەدەرەوەی زیندانەکانیش پارتی لە ڕێگەی کابینەی نۆیەمەوە دۆزەخی بۆ هاونیشتیمانیان بونیاد ناوەو هەر مرۆڤێک دەردە دڵ ، گلەیی و گازندە ، ڕەخنە و ڕەخنەگرتن، دیدوڕوانینی جیاوازی خۆی بخاتە ڕوو بەرشاڵاوی گرتن و هێرش و پەلاماردان و ڕاودوونان دەکەوێت و دەیان تۆمەتی بێ بنەمایی بۆ هەڵدەبەسترێت ،لە کاتێکدا مرۆڤ ئازادە پڕ بەگەرووی هاوار بکات بڕوخێ ستەمکار ! بڕوخێ گەندەلکار ! بڕوخێ و بڕوخێ و هەموو ئینسانێک ئازادە سیمای ناشیرینی ئێوە و گەندەڵی وهێرش و پەلاماردانەکانتان بۆ سەر ڕۆژنامەنوسان بە دونیای دەرەوە ئاشنا بکات.
زمانی گوزارشتکردنی پارتی و کابینەی نۆیەم بەڕوونی هەست بە بوونی ڕقێکی گەورە دەکەیت بەرامبەر بە ئازادیخوازان و سیستەمی دیموکراسی ، لەمێژە پارتی کار لەسەر ناشیرینکردنی ئیرهابی فیکری دژ بە کەسایەتیەکان و چالاکوان و ڕۆژنامەنوسان دەکات ، هەر جارەو ڕۆژنامەنوسێک یان کەسایەتییەکی سیاسی لە ژێر میکرۆسکۆبی پارتی جنێوباران دەکرێت، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر حکومەتێکی گەورە گران بۆ پینەکردنی فەزیحەی 18 ملیۆن دۆلاری براگەورە ! کە مشتێکە لە خەرواری گەندەلکاری خاتونێکی کوردی لەئەمریکا جنێوباران کردووەو تۆمەتی ئەخلاقی بۆ دەهۆننەوە ،لەکاتێکدا دەبوایە ئەم کابینە بەهێزە! ئەم حکومەتە گەورەو گرانە ! ئەم برا گەورەیە ! لەبری هۆنینەوەی تۆمەت بوختانی ئەخلاقی بۆ خەڵک بەڵگەی قایلکەریان بخستایەتە ڕوو ، نەک بەو زمانە و بەو ئاستە نزمە گوزارشت بکەن! ئێستا دەزانین کابینەکەی براگەورە ! نەک نەیتوانیووە بەرگری لەخۆی بکات بەلکو ئینفیعالی کردووەو رقی هەڵرشتووەو خۆی خاڵی کردووەتەوە ، هیچکات پارتی و کابینەکەی براگەورە! نەیتوانیوە بە زمانێکی شێنەیی و شارستانی ڕەش وسپی تێکەڵ نەکات و وەڵامی ڕەخنە بە ڕەخنە بداتەوە ، هەمیشە پارتی و کابینەی براگەورە ! ڕق هەڵگرتوو و كینەلەدڵ بوون ، لەوەڵامدانەوەشدا حەوسەڵە تەنگ و هەناسەسوار بوون ،غەڵبەغەڵب و هەراوهۆریا دەنێنەوەو پەنا بۆ زمانی زبر و هۆنینەوەی تۆمەت و بوختان دەبەن ، زمانی زبر و سووكایەتییکردن برینێکی ترە لە جەستەی کوردبوون کە کابینەی براگەورە پەنای بۆ دەبات.
ئاخر کابینەکەی براگەورە ! کە ئیمکانی هەزمکردنی رەخنەو ڕەخنەگرتنی نییە و وجودی خۆی لە فەنابونی ئەوی تردا دەدۆزێتەوە هەر ئەبێ چاوەڕێی ئەوە بكەین بەردبگرێتە ئینسانەکانی ترو کار لە سەر ناشیرینکردنیان بکات، ئەم زمانەی کە ئیستا کانینەی نۆیەم و پارتی پەنای بۆ دەبەن زمانی شەڕفرۆشتنە بە خەڵک، ئاخر شەڕ دوو جۆرە ، جۆرێکیان پەنا بردنە بۆ چەک و جۆرەکەی تر پەنا بردنە بۆ جنێودان و هۆنینەوەی تۆمەت بوختان، شەڕی ئیستای پارتی لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان شەرە لە ڕێگەی زمان و سلوکی وەڵامدانەوە، بۆیە پارتی وەک حیزبێکی شەڕەنگێز حکومەتی هەرێم وەکو حکومەتیکی بازرگان بۆ داپۆشینی فەزیحەکانی تەنیا زمان و ئامرازەكانی لەكەداركردن و جنێوفرۆشی شك دەبات بە ئامانجی ئەوەی زیاتر دۆخەکە بشڵەژێت و زیاتر بازاڕەکە بشێوێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت