بورهان شێخ رەئوف: گەڕێكی تری گفتوگۆكانی تایبەت بە دۆسێیەی ئەتۆمی ئێران لە ڤیەنا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جارێكی تریش ئێرانیەكان و ئەمریكیەكان گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەیەك بۆ ئەو تەنگەژەیەی كە لە پاش كشانەوەی ئیدارەی ترەمپ لە ڕێككەوتننامەی (5+1) هاتە كایەوە لە ساڵی 2018.
هەرچەندە پێناچێت ئەو وتوێژانەی ئێستای ڤیەنا ئاسان بێت بە هۆی زۆری ململانێكانی نێوان هەردوو وڵاتی ئێران و ئەمریكا.
لەلایەكی ترەوە بەشێكی زۆری دامودەزگاو دامەزراوەكانی حكومەتی ئەمریكا لەو بڕوایەدان كە هیچ ڕێككەوتنێك ناتونێت ئێران بووەستێنێت لەوەی كە بۆمبی ئەتۆمی دروست بكات، چونكە بە كردەوە ئێرانیەكان نزیك بوونەتەوە لە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئاستێك كە دەتوانن چەكی ئەتۆمی بەرهەم بهێنن.
لەهەمانكاتدا پێكهێننانی تیمی دانوستانكاری ئێرانی بە سەرۆكایەتی (عەلی باقری كانی) كەسەربەباڵی پارێزگارە توندڕەوەكانە،كەپێشتریش ڕایگەیاندبوو هیچ سەرسام نیە بەو ڕێككەوتننامەی كە لە ساڵی 2015 ئیمزایان كردبوو لەگەڵ پێنج وڵاتە گەورەكە، ئاماژەی بەوەش داوە ئەگەر ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بەشی زۆری سزاو گەمارۆكانیش لاببەن هێشتا قورسە بۆ وڵاتەكەی بگاتە ڕێككەوتن و سازان لە گەڵ ئەمریكا.
دوای كشانەوەی ئەمریكا لە ڕێككەوتننامەی ( 5+1) و سەپاندنەوەی سزا كۆنەكان و (1500) سزای تریش، ئێرانیش لە هەمبەر ئەو هەنگاوانەدا وەكو كاردانەوەیەك هەموو ئەو ڕێكارانەی كە بەسەر بەرنامە ئەتۆمیەكەیدا سەپێنرابوو هەمووی وەلا نا، لەماوەی ڕابردوودا شەش گەڕی دانوستان لە نێوان ئێرانی سەردەمی سەرۆكایەتی میانڕەو حەسەن رۆحانی و وڵاتانی ( بەریتانیاو ئەلمانیا و فەرەنساو چین و روسیا )بەڕێوەچوو بە بەشداری نوێنەری یەكێتی ئەوروپا، بە ئامۆژگاری ڕابەری كۆماری ئیسلامی ئێران عەلی خامەنەئی، ئێران چووە ناو دانوستانەكەوە بەمەرجێك ئێران ڕاستەوخۆ لە گەڵ ئەمریكا دانوستان نەكات.
لە حوزەیرانی 2021 یش دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئێران ئیبراهیم رەئیسی كە لەباڵی پاریزگارەكانی ئێرانە تاكتیكی نوێی گرتە بەر بۆ دواخستنی دانوستانەكانی تایبەت بە دۆسێیەی ئەتۆمی.
ئەگەرچی هەر لە ساڵی 2015 و ئیمزاكردنی ڕێككەوتننامەی (5+1) تا كاتی كۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆكایەتی حەسەن رۆحانی و وەزیری دەروەی جواد زەریف لە مانگی ئابی 2021، كەوتبوونە بەر پەلامارو هێرشی توندی باڵی توندڕەوەی كۆماری ئیسلامی كە ئێستا باڵا دەستن و هەرسێ‌ دەستەڵاتەكەی وڵاتیان بە دەستەوەیە تۆمەتباریان دەكردن بە ملكەچبوونی زیاتر بۆ خۆرئاواییەكان و ئەمریكا.
لە كۆتا ڕۆژەكانی دەستەڵاتی رۆحانیدا سوپا سالارەكەی ڕایگەیاند لەدوای شەش گەڕی دانوستان، ئەمریكیەكان ئامادەییان پیشاندا (1040)سزامان لەسەر لاببەن كە ناكۆك بوو لە گەڵ ڕێككەوتننامەكە، بەڵام سەدان سزای تر لە ژێرناوی پشتیوانی تیرۆر وپێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و رۆكێتی بالیستی و چالاكیەكانی ئێران دژ بە ئارامی ناوچەكە هەر بەردەوام دەبوون.
لە 31/10/2021 ڕۆژنامەی سوبح سادقی نزیك لە سوپای پاسدارانی شۆرشی ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند نیازو بەرنامەی نوێی ئێران بۆ زیندووكردنەوەی ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی سووربوون و پێداگیرییە لە سەر لابردنی هەموو سزا قورسەكان لە سەر وڵاتەكەیان، وەكو گرنتی و بەڵێنێك لە لایەن وڵاتە خۆرئاواییەكانەوە كە پابەندن بە ڕێككەوتننامەكەو و جارێكی تر پاشگەز نابنەوە لە بەڵێنەكانیان.
لە ئەمریكاش ئاستی جەماوەری سەرۆك بایدن زۆر دابەزیووە بەگوێرەی ناوەندەكانی ڕاپرسی، بە هۆی تۆمەتباركردنی ئیدارەی بایدن بەوەی كە قایل بووە بە مەرجەكانی ئێران بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاكانی سەر ئێران لەمەڕ دۆسێیەی ئەتۆمی،كە ئەمەش وادەكات بایدن و دیموكراتەكان ڕیزبەند بكرێن بەوەی پشتیوانی حكومەتی توندڕەوی ئیبراهیم رەئیسیان كردووە. لەلایەكی ترەوە ئیدارەی بایدن ناتوانێت گرەنتی ئەوە بكات بە یاساییەك كە جارێكی تر وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەو ڕێككەوتننامە پاشگەز نابێتەوە. بەڵام وڵاتە ئەوروپیەكان دەتوانن دڵنییایی بدەنە ئێران كە ئەوان پشتیوانی ڕێككەوتننامەكەن ئەگەر ئەمریكاش بكشێتەوە، لە دوای كشانەوەی ترەمپیش لە ڕێككەوتننامەكە بەریتانیاو فەرەنسا و ئەڵمانیا هەوڵیانداخۆیان لە سزاكانی ئەمریكا ببوێرن بۆ هەڵسوكەوت لە گەڵ ئێران لە ڕێگای دانانی میكانیزمێك بۆ پشتیوانی چالاكیە بازرگانیەكانی كۆمپانیا ئەوروپیەكان لە گەڵ ئێراندا، بەڵام بانك و كۆمپانیاكان ئامادە نەبوون بەرژەوەندیەكانی خۆیان بخەنە مەترسیەوە و بكەونە ژێر سزای ئەمریكاوە.
لە كۆتاییدا ئەگەری شكستهێنانی ئەم دانوستانانە زۆر بەهێزە بە هۆی قووڵی ناكۆكیەكانی هەردوولا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت