لوقمان مستەفا: تورکیا و یاسای قەیوم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەژێر سایەی بەناو دەستور و یاسای تیرۆرو یاسای قەیوم و یاسای ئاسایشی نیوخۆی تورکیا، پرسی لادان و بەند کردنی سەرۆک شارەوانیەکانی کورد، بەردەوام بوەتە ئەگەرێکی کراوە.
ئەوەی لەئێستادا لەتورکیادا دەگوزەرێت، دەسەڵات‌و کردەوەکانی حکومەتی سولتان ئوردوغان ریێک لەهەڵویستەکانی پینوشە، هیتلر، خورخە رافایل ویدلا، محەمەد سوهارتو، سەدام، فرانکوو موسولینی دەچێت. بەڕوونی دیارەو هەستی پێ دەکرێت کە ئەو ووڵاتە سەرتاپا بووە بە سەربازگەیەکی گەورەو عەسکەرتاریەت باڵادەستە، تۆتالیتاریەت بەشێوەیەک باڵی بەسەر تورکیادا کێشاوە فاشیزمی شەرمەزار کردووە.!
ئەوەتا فاشیزمی خودی دەوڵەتەکەی ئۆردۆغان و حیزبەکەی کە(ئاکەپە)یە ڕابەرایەتی دەکات، زۆر بێشەرمانە شانازی بەرەفتارەکانی فاشیزمەوە دەکات. هەروەک دەزانرێ ئایدۆلۆژیای فاشیزم { بریتیە لە گشتگەرایی، واتە پارتێکی سیاسی دیاریکراو لە ووڵات دەست بگرێت بەسەر ھەموو جومگەکانی ووڵات، فەزایەکی تایبەت یان ڕێکخراویکی سەربەخۆ نابینرێت {ئەم دەسەڵاتە بە هەموو مانایەک لەگەڵ نەیارەکانی هەنگاوەکانی فاشیزم پیادە دەکات، هەر لە کوشت وبڕوو بگرە تادەگاتە دەست درێژی بۆسەر ژن و مناڵ کەسانی کەنەفت و پەککەوتەی نەیارەکانی،زیندانەکانی تورکیا گەواهی ئەوەدەدەن، کە لێوان لێوە لە بەندکراوانی کوردو گوڵەنیەکان و ئەوانەی سیاسەتی ئۆردۆغانیان پێ قەبوڵ نیە، ئۆردۆغان و داروو دەستەکەی بەهەمووشێوەیەک بۆمانەوەی دەسەڵاتە تۆتالیتاریەکەی دەست لەهیچ ناپارێزێ، هەر رۆژەی پەلاماری پارچەیەکی کوردستاندەدات، چاچنۆکیەکەیان گەیشتۆتە ئاستێک تەنانەت پەلاماری دەوڵەتانی دەوروبەریشیان دەدەن، بە هەموو لایەکدا پەلەقاژەدەکات،خۆیان گووتەنی بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات دەست دەخەنە نێو دەستی شەیتانیشەوە،وەکردیشیان داعش لە باەشی ئەوان پەروەردەبوو.
ئەوەی لە ئێستادا لە تورکیا دەگوزەرێت ڕێک درێژە پێدەری ڕەفتارفاشیەکانی ئەتا تورکی باوکیانە دژ بە کورد و ئەرمەن لە ساڵانی ڕابردوودا ئەنجامیانداوە، کورد گوتەنی گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە. بەرنامەو سیاسەتی تورکیا بە ئاشکرا دیارە فریودەرانەیە بەتایبەت کە باس لە مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەکەن،ئەوش تەنها بۆ هەڵخەڵەتاندنی کەسانی ساویلکەی ناخۆ و لە گەڵ راکێشانی سەرنجی رای گشتی دەرەوەیە.
خۆ دیارە ئەم سوڵتانە. گاڵتەجاری بە دیموکراسی و مافی مرۆڤ دیێت، هەر لەدوای كودەتا سەرنەكەوتووەكەی تەموزی 2016، پەرلەمانی توركیا دوای یەك مانگ و لە 14ی ئابی 2016 ەوە خوێن بەرچاوی گرت وەک ئەوەی بڵێی کورد هەوڵی کودەتای دابێت،کەوتە پیلانگێڕی دژی کوردان هەڵسا بە دانانی (پرۆژە یاسای قەیوم) کەلە دەستوری توركیاشدا لە ماددەی 334 دا یاسای (قەیوم) رێكخراوە، وەک ئاگادارین کوردانی باکور بە هەڵبژاردن چەندین شاری گەورەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2015 بردەوە،ھەروەھا هەر لە دواین هەڵبژاردنی شارەوانی تورکیادا کەلە 31 ئازاری 2019 لە سنوری باکوری کوردستان بەشداریکردو توانی 58 شارەوانی بەدەستبهێنێت. کەچی سوڵتان بەپێی یاسای قەیوم هەڵسا بە بەپیلانگێری دژی هەڵبژێرراوی راستەقینەی خەڵک بە بیانووی ئەوەی ئەو سەرۆك شارەوانییانەی پشتگیرییان لە “رێكخستنە تیرۆریستییەكان” كردووە، دەسەڵات بە وەزارەتی ناوخۆ دراوە سەرۆك شارەوانییەكان لەكار دووربخاتەوە و لە شوێنەكەی ئەوان كەسی دیكە، كە لەلایەن دەوڵەتەوە دەستنیشانكراوە دادەمەزرێنرێت.
قەیوم دەستەواژەیەکە بەو کەسانە دەووترێت یاخود ئەو كەسانەیە كە حكومەتی توركیا لە دەرەوەی هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی شارەوانیەكان دایاندەنێت ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆكە هەڵبژێردراوەكان تۆمەتبار دەكات بە پشتگیری لە” رێكخستنە تیرۆریستییەكان” كە دەوڵەتی توركیا لێرەدا مەبەستی کوردە بەتایبەت پەكەكە.

(یاسای قەیوم) لە پەرلەمانی تورکیا بەدەنگی ئەکەپە و مەهەپە دەرچوێندرا.
دیارترین خاڵی یاساكە تایبەتە بە پرسی شارەوانەییەكان و تیایدا هاتووە، “هەمو ئەو سەرۆک شارەوانیانە لەکار دووردەخرێنەوە، کە پشتیوانی و پشتگیری لە ڕێکخستنە تیرۆریستیەکان دەکەن و قەیوم دەخرێتە جێگەیان”.
یاسای قەیوم دەتوانێت بە ئاسانی بەبیانوی تیرۆرەوە سەرۆك شارەوانیەكان بگۆڕێت . رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە میانی كۆبوونەوەیەكی جەماوەرییدا لە شاری (یۆزگات)رۆژی 25ی شوباتی 2019 لەبارەی شارەوانییەكانی باكوری كوردستانەوە وتی: “ئەو توانایەی دەوڵەت دەیخاتە بەردەستتان، ئێوە رەوانەی قەندیلی دەكەن، ئێوە دەڵێن (قسەکانی ئاراستەی هەدەپەکرد)ئەو شارەوانییانەی كە لە رێگای قەیوم زەوتكراون و جارێكی دیكە دەیانبەینەوە، ئەگەر هاوڵاتیانم دەرفەت بە بردنەوەتان بدەن، ئەوا ئێمەش یەكسەر بەبێ چاوەڕوانی جارێكی دیكە قەیوم دادەنێینەوە. کەواتە دیموکراسیەت و بنەماسەرەکیەکانی مافی مرۆڤ لە دەوڵەتەکەی سوڵتان ئەردۆغان نەک بوونی نیە بگرە لە ژێرپێی خستوون، ئەمەیە دیموکراسیەکەی سوڵتان ئەردۆغان.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت