بورهان شێخ رەئوف: کێشەو ململانێکانى جیهان و ناوچەکە لەنێوان هەڵکشان و هێوربوونەوەدا لە ساڵى 2022.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جیهان و ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست پێی نایە ساڵى 2022، بە زۆرێک لە کێشەو قەیرانەکانى ساڵى پێشووەوە، کە کاریگەری و لێکەوتەکانى تا ئێستاش بەردەوامە و یەکلایى نەبووەتەوە، وەکو کۆرۆناى نەگریس و قەیرانى ئابوورى و ململانێ و کێشەناوخۆیى و ئیقلیمیەکان، کێبڕکێی نێودەوڵەتى نێوان ئەمریکاو چین.
ساڵى 2021 دەوڵەتى ئیماراتى عەرەبى یەکگرتوو سیاسەتێکى نوێی پەیڕەو کرد ( زیرۆپرۆبلم ) لە گەڵ وڵاتانى ناوچەکە، بۆیە پێشبینى دەکرێت دەوڵەتى ئیمارات بۆ لەمەودوا جەخت لە سەر پەرەپێدانى بوارى ئابوورى بکاتەوە بە پلەى یەکەم لە سکتەرى سیاسەتى دەرەوەدا لە ساڵى 2022دا، لە سەر بنەماى ئەو گریمانەیەى کە پەیوەندییەکى زۆر توند هەیە لە نێوان ئارامى و هێمنى ئیقلیمى و پێشکەوتنى لایەنى ئابوورى.
ئەو ئاڕاستەیەى ئیمارات زیاتر لە هەموو ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست ڕەنگى دایەوە لە ساڵى 2021 دا، بۆیە زۆرێک لە چاودێرانى ناوچەکە لەو بڕوایەدان کە کە ئەو ئاڕاستەیە لە ساڵى 2022دا بە شێوازێکى فراوانترو گەورەتر درێژەى پێ بدرێت، زیاتر بە دوو هۆکارو هاندەرى گرنگ ئەوانیش:
1- پاشەکشەى زیاترى ڕۆڵى ئەمریکا لە ناوچەکە، خۆتەرخانکردنى زیاترى ئەمریکا بۆ ململانێ لە گەڵ چین لە ناوچەى ئاسیا، فشارکردنى زیاتر لە هاوپەیمانەکانى خۆى لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست بۆ کەمکردنەوەى پەیوەندییەکانیان لە گەڵ چین.
2- سەرهەڵدانى فۆرمێکى نوێى کەمکردنەوەى ململانێ و هەڵکشان لە نێوان وڵاتانى ئیقلیمى کە هۆکارى سەرەکى داتەپینى ئابوورییەکانیانە، بۆیە بیریان لە ئاشتبوونەوە و پێکەوەژیان کردۆتەوە، لە نمونەى وتوێژەکانى تورکیاو میسر و عەرەبستانى سعوودیە و ئێران.
لەگەڵ ئەوانەشدا ئارامى و سەقامگیرى ئیقلیمى پێشبینى کراو، کۆسپ و بەربەست و مەترسى گەورەى لە بەردەمدایە، چونکە ناوچەکە هێشتا هاوسەنگى هێزى تێیدا یەکلایى و جێگیر نەبووە، قەیرانى گەورەى بونیادى هەن، پەیوەندییەکانى وڵاتان و گەلانى ناوچەکەن ناهاوسەنگن، هەموو ئەوانە زەمینەخۆشدەکەن بۆ ئەوەى لە هەر ئانو ساتێکدا دۆخەکە بتەقێتەوە، ئەگەر پزیسکێک هەبێت.
بۆ نموونە ئاڕاستەى ململانێکانى ئێران و ئیسرائیل لە ساڵى 2022 دا لەوەیە بگۆڕێت لە بەریەککەوتن و ململانێی ناڕاستەوخۆەوە بە بەریەککەوتنى ڕاستەوخۆ، لە ئاکامى وتوێژەکانى ئێران و خۆرئاواییەکان لە سەر دۆسێیەى ئەتۆمى، هەروەها ئەمە کاریگەریشى بۆ سەر شەڕى یەمەنیش دەبێت، چونکە ئاشکرایە بۆ هەموومان هاوکێشە ئاڵۆزو تێکچڕاوەکانى ناوچەکە هەموو پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە.
ڕاستە ساڵى 2021 سیاسەتى هێمنکردنەوەو کەمکردنەوەى هەڵکشان و خاوکردنەوەى توندوتیژى لە لایەن هێزە ئیقلیمیەکانەوە کاریگەرى و ڕەنگدانەوەیەکى کەمى لە سەر خاوکردنەوەى ململانێکانى لیبیا و سوریا هەبوو، بەڵام چارەسەرى کۆتایى و یەکلاکەروەیان بۆ دانەنرا کە لە ساڵى 2011 و درێژەى هەیە ،بەڵکو چارەى کۆتایى ئەو قەیرانانە بارمتەو وابەستەى ڕێککەوتن و سات و سەوداى وڵاتانى ئیقلیمیە لە دواجاردا.
لەسەرئاستى جیهانیش ململانێی ئەمریکاو چین باڵى بەسەر زۆر لایەندا کێشاوە هەر لە سیاسەت و ئابورى و تەکنۆلۆجیاوە تاوەکو ڕۆشنبیرى، ڕووبەرى جوگرافیاکەشى فراونتربووە هەرلە ئاسیاوە تاوەکو خۆرهەڵاتى ناوەڕاست و ئەفریقیا، بەڵام ئەوەى ماوەى خۆشحاڵى و خۆشبەختیە ململانێی ئەم دووانە بە شێوەیەکى ئاشتیانەیەو بێ ئەوەى دەست بۆ چەک و پەلامارو توندوتیژى بەرن، بەهۆى سروشتى ئەو پەیوەندى و ئاڵوگۆڕەى کە لە نێوانیاندا هەیە، چونکە زۆر قورسە واشنتۆن چین لە خۆى دووربخاتەوە بە تەواوى، چونکە ئەمریکا تائێستاشى لە گەڵدا بێت پێویستى بە چینە لە بوارەکانى ئاسایش و ئابوورى، هەروەها لە بوارى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەواشدا.
لە کۆتاییدا عێراق و هەرێمى کوردستانیش لە سەرەتاى قۆناغێکى نوێدان بۆپێکهێنانى کابینەیەکى نوێ بۆ چارەسەرکردنى کێشەو قەیرانەکانى عێراق، هیوادارین بەروە ئاراستەى خۆشگوزەرانى پێکەوژیان بێت لە ساڵى 2022 .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت