بەختیار شارەزوری و سەرکەوتی جیهاز: پلانەکانی پێشتر و دابەشکاریەکانی ئێستای عێراق.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عێراق بوەتە سەکۆیەک بۆ بەریەککەوتن و ڕێککەوتن و گۆڕینەوەی کارتی وڵاتانی زل هێز و وڵاتانی ناوچەیی، لەم ڕوانگەیەوە ئەوەی ئێستە لە عێراق ڕوو دەدات ڕوداوێکی چاوەڕوانکراو بو بەو پێیەی کە پێشتر جموجۆڵی حیزبی و وڵاتانی ناوچە لە عێراقدا دەبینران و ڕەسمی دابەشکاری پۆستەکان کرا بو، ئەوەش دەزانین کە تورکیا و ئێران دو دەوڵەتن لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەم ناوچانەدا نەک هەر ڕۆڵیان هەیە بگرە خاوەنی بڕیارن و لە نێوان خۆشیاندا (ئەنقەرە و تاران ) هاوبەرژەوەندین و لە زەهاو و ئەرزڕۆمەوە تا ئێستا ڕیککەوتنەکانیان بەردەوامی هەیە و زۆر کات کارتەکانیان و مەهامیان بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی یەکتر دەگۆڕنەوە، بۆ نمونە سوریا بۆ تورکیا و عێراق بۆ ئێران، یەمەن بۆ ئێران و لیبیا بۆ تورکیا، هەردولاشیان سیاسەتی قوڵ لەگەڵ وڵاتە زل هێزەکان دەکەن، ئێران لە عێراق خاوەنی هێزی نەرم و هێزی ڕەقە، واتا هیچ هێزێک لە دەرەوەی کاریگەری و باڵادەستی ئێران و تورکیا نیە، ئێران هێزە ڕەقەکانی بەردەوام یاری پێ دەکات لەسەر هێڵیکی بەرز و نزم، بەڵام هێزە نەرمەکەی وەک جۆین لە نێوان خۆی و دوژمنەکانیان سەیر دەکات و نەرمە و لەسەر یەک هێڵی ڕاست دەڕوا بە دنیایەک سیناریۆو، لە پێش ئەم هەڵبژاردنانەدا هێزە رەقەکەی بەرامبەر کۆمەڵیک ڕیکەوتن خەواند وەک ( خەز عەلی، عامری، مالیکی، یەکێتی لەسەر ئاستی عێراق نەک کوردستان) لە بەرامبەردا کاری لەسەر هێزە نەرمەکەی کرد کە سەدر و بەرەی تشرین و هاوشێوەکانی بوە.
ئێمە دەزانین مەبدەئی( تەوافق ) سازان لە عێراق کاری پێدەکرێ جا ئیتر ئەم کازمیە کام تەوافقی پێ قبوڵە چۆن کاری پێ دەکات ئەمەیان بابێکی ترە، بە پێ ی ئەم سازانە سەرۆکی پەرلەمان بۆ سونە و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی کۆمار بۆ کورد، ئیتر لە خوار ئەمانەوە هەموی بەشکراوە، جا هەر هەمان خەریتە بۆ کوردستانیش هەر وایە، با بڵێین چۆن:
ڕێککەوتنامەی ستراتیژی کە لە ئەنقەرە و تارانەوە دانراوە و وڵاتانش تا ئێستا مامەڵەی بەرژەوەندی خۆیانیان لەگەڵ کردوە، ئەگەر چی وڵاتانی وەک ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و… هتد، کۆمەڵێک هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی دابەشکاری نەهێڵن بەڵام هیچ دەرئەنجامێکی نەبوە و نابێ، ئەم ڕێککەوتنە لەسەر ئاستی کوردستان بۆ پۆستەکانی ناو کوردستان و عێراق دابەش دەبێت بەسەر هەردو زۆنەکەدا بە پەنجا بە پەنجا، سەرۆکی کۆمار کە پشکی کوردە بۆ زۆنی سەوز و یەکێتی لە بەرامبەردا سەرۆکی هەرێم بۆ پارتی، جا دەتوانن بیگۆڕنەوە، کە پێشتر هەوڵێک درا کە نێچیر بچێتە کۆشکی سەلام و بەرهەم بێتەوە سەرۆکایەتی هەرێم، بەڵام لەبەر ئەوەی هاوسەنگی نێوان زۆنەکان تێک دەچێت و پارتیش بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی ململانێی مەسرور و نێچیر زۆر پێویستی بەو پۆستە هەیە، پۆستێکی تر سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر سەرۆکی پەرلەمانە کە دەبێ هەر کات سەرۆکی پەرلەمان بۆ پارتی بو ئەوا سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ یەکێتی دەبێت و بە پێچەوانەشەوە(بەرهەم و کەمال)، کە دەبو بە دوساڵ بە دوساڵ بێت، بەلام پارتی قۆرخی کردوە و یەکێتی بە هۆی کۆچی دوایی مام جەلال و کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆییەوە نەیتوانیوە ئەم گۆڕینەوەیە بکات، حیزبەکانی تریش پشکیان هەیە لەم ڕێککەوتنانەدا بە پێ ی زۆن، بۆ نمونە گۆڕانی کۆن 75% لە زۆنی سەوز 25% لە زۆنی زەرد، یەکگرتو پەنجا بە پەنجا لەهەردوو زۆنەکە، ئابەم شێوەیە بۆ هەمویان.
ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێ هیچ شتێکی نوێ نیە پێشتر ڕەسمی کراوە و ئێستە جێبەجێ دەبێت، سێلایەنە سەرکیەکە بە پێی دابەشکاری و خەریتەی وڵاتانی دەرەوە و ڕیککەوتنیان هەمان شت دابەش کراوە و ئێستە جێ بە جێ دەکرێ و کاندیدەکانیش لەهەر لایەک بێت دەبێت لایەنەکەی تر ئۆکەی لەسەر بکات، بەڵام لە نێوان کاندید و کوتلەی حیزبەکاندا ململانێ ی قوڵ دروست دەبێت، وە ساڵی 2022 هەم نرخی نەوت بەرز دەبێت هەم بانکی ناوەند بڕیار لەسەر دابەزاندنی بەهای دولار دەدا لەبەر ئەوەی کورتهێنانی بودجە نامێنێت و جارێکی تر بە هۆی کۆرۆنا و ئۆمیکرۆنیشەوە ئەگەر زیاتر بڵاو بێتەوە ناهێڵن جموجۆڵی ئابوری بازرگانی پەکی بکەوێت.
بە کورتیەکەی ئەوەی دەستکاری دەکرێت تەنها وڵاتانی جیهانی و ناوچەیین کە بە پێی ڕیککەوتنەکانیان هێزەکانیان و کاندیدەکانیان دەگۆڕن ئەگینا پۆستەکان هەمان دابەشکاریە کە پێشتر کراوە ، بە تایبەت دوای هێنانەوەی سونە بۆ ناو بازنەی دەستەڵات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت