چێنەر عەوڵا: ئەمریکا و گۆڕینی دەسەڵاتەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆر ئەم پرسیارە دەکرێ بۆچی ئەمریکا گۆرانکاریمان بۆ ناکا؟ بۆ مەجالی بەو حیزبانە داوە بەکەیفی خۆیان لێخوڕن؟
هەمان پرس لای ڕەوەندی ئێرانی لە ئەمریکا، ئەوەی پێی دەوتری (ئۆپۆزسیۆنی لۆس ئەنجلسی ئێرانی) هەیە، هەموو ئاواتێکیان لەسەر ترەمپ هەلچنیبوو کە رژێمی ئێرانیان بۆ بگۆڕێ. بۆیە ئێرانیەکانی ئەمریکا پشتگیری کۆمارەیەکان و ترەمپ بوون لە هەلبژاردنەکانی رابردوو. هۆکار چی بوو کە ئەمە ڕوینەدا؟ ئایا دیموکراتەکان سیاسەتیان نەرمترە بەرامبەر ئێران؟ هیوای گۆرینی ڕژێمەکان مرد دوای ترەمپ و کۆماریەکان؟
ئەم پرسە گرێدراوی سیاسیەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتیمانیە. سەرەتا با بزانین دەستوەردانی ئەمریکا لە کاروباری ئەو ولاتانەی دژی سیاسەتەکانیان بۆچی بەستراوەتەوە بە ئاسایشی نەتەوەییەوە؟ گەر چاوێک بە مێژووی دەستوەردانی ئەمریکا لە کاروباری ولاتانی تردا بخشێنین. کاتێک سەرۆک ترومان لە ساڵێ 1947 یاسای دامەزراندی دەزگای هەوالگیری (CIA) ئیمزاکرد، ئامانج لێی چاودێریکردنی سۆڤیەت بوو، دواتر لە ساڵانی شەستەکان ئەو ئامانجە بوو بە رێگە گرتن لە بڵاوبونەوەی کۆمۆنیزم و ڕێگری لە فراوانخوازی سۆڤیەت لە جیهاندا. بۆ ئەم مەبەستەش سەرەتا رێگای دەستوەردانی (راستەوخۆ)یان گرتەبەر، وەکو دەستوەردانی سەربازی (ڤێتنام و کوبا) کە ئەمانە بە شکست کۆتایی هات و کاردانەوەی زۆری ناوخۆی لێکەوتەوە. ئەمە بوە هۆی گۆڕینی شێوازی کارکردن و پەنایان بردە بەر دەستوەردانی (ناراستەوخۆ) وەک ئەوەی لە چەند وڵاتێکی ئەمریکای باشور بە پێدانی چەک و دروستکردنی ئاژاوە و پێدانی پارە و بەرتیل بە سەرکردە سەربازیەکان تا کودەتا بەسەر حکومەتەکان، دەسەڵاتیان لە چەند وڵاتێکدا گۆری (لابردنی ڕژێمی شای ئێرانیش). دواتر دەرکەوت ئەم شێوازە زنجیرە کاردانەوەی بەدوادا دێ و دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و دژیەکی درێژخایەن کە کۆنترۆل بەسەر بارودۆخەکەدا نامێنێ و دەبێتە هۆی چەندین کارەساتی مرۆیی و لێشاوی پەنابەران و لە چەند شوێنێک بوە هۆی جینوساید دژ بە کەمینەکان لە ناوخۆیی وڵاتەکاندا. وە لە زۆرێک لەو ولاتانە دەسەلاتێکی دژتر و توندر دژی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا دروست بوو وەک کاردانەوە.
لە کاتی بەدواداچونی ئەم باسە چەند سەرچاوەیەکم بەرچاو کەوت باسدەکات کە بە یاسا CIA ناتوانێ دەستوەردان بکات لە هیچ وڵاتێک. لە ساڵی 1998 دوای ئاشکرابوونی هەوڵێکی شاراوە بۆ کوشتنی سەدام حسێن لەلایەن CIA لە ساڵی 1995 و هەوڵی گۆڕینی ڕژێمی سەدام و ئاشکرابوونی ئەم پرسە لە دوای فیاسکۆکەی 31 ئاب زۆرێک لە ئەندامانی CIA کەوتنە ژێر لێکۆلینەوەی FBI بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ گۆرینی ڕژێمی عێراق بە نایاسایی و لە دەرەوەی خواستی کۆشکی سپێ! “ لینک لە خوارەوەیە”)!
لە سەردەمی سەرۆک رۆناڵد رێگاندا و روخانی بلۆکی سۆڤیەتی پێویستی گۆڕانکاری لە ئەرک و کاری CIA هێنا کایەوە ئەویش بە دروستکردنی هاوپەیمانی و دۆستایەتی لەگەڵ دەسەڵاتە باڵا دەستەکان و هێشتنەوەیان لە ژێر کۆنترۆلدا نەک گۆڕینیان، وەک نمونەی نزیکبونەوەیان لە دەسەلاتە دیکتاتۆرەکانی وڵاتانی عەرەبی سعودیە و میسر و… هتد.
ئەم سیاسەتە تازەیە لەناو دامەزراوەکانی ئەمریکا زۆر پێشوازی لێ نەکرا، کە ئەو کات جۆرج بوشی باوک سەرۆکی دەزگاکە بوو، هەر ئەوەش وایکرد دوای هاتنە دەسەلاتیان راستەوخۆ دەست وەربدەنەوە کاروباری عێراق و ئەفغانستان بە بیانوی پەیوەندی عێراق بە تیرۆر و چەکی کۆکوژەوە، رژێمەکەیان گۆری کە پێچەوانەی شێوازی کارکردنی پێشوتر بوو (جۆن نیکسۆن لە کتێبەکەیدا ورد لەسەر ئەم بابەتە دواوە).
ئەم هەڵانە کە بونە هۆی بەهەدەردانی ترلیۆنان دۆلار و کوژرانی هەزاران سەرباز و هاولاتی ئەمریکی و بەدناوکردنی ناوبانگی ئەمریکا و کاردانەوەی ناوخۆیشی لێکەوتۆتەوە، هەست بە نائارامی زیاتر کرا.
دوای روداوی یانزەی سێپتەمبەر و دیتنی هەڵەی ئەفغانستان و عێراق. پێداچونەوە لەم سیاسەتە پێویست بوو کە لە ئەنجامدا ئەوەی هاتەکایەوە (ئەمریکا پێویستی بە دۆستایەتیە لەگەڵ گەلانی وڵاتان، نەک حکومەت و سەرۆکەکانیان) گەل لە ناوخۆی ولاتەکانیان ئەگەر گۆرانکاری بە پێویست بزانن دەبێ پشتگیریان بکرێ، ئەو نەرمی نواندنە بوە هۆی شۆرشی سەوز لە ئۆکرانیا و بەهاری عەرەبی. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە شێوازی تێگەشتن بۆ ئەم سیاسەتە تازەیە جیاوازە لای دیموکراتەکان و لەگەل کۆماریەکان:
1-کۆماریەکان پێیان وایە دەبێ سزای توند بخرێتە سەر ئەو رژێمانە، ئەمەش دەبێتە هۆی لاواز بونی رژێمەکە و برسی بوونی گەل لە ئەنجامدا بەرامبەر گەلەکانیان تونتر دەبن و گەلی برسی و هەژاریش حکومەتەکەیان بە هۆکار دەزانن و دەبێتە هۆی سەرهەڵدان و گۆڕینی رژێمەکەیان! لە کاتێکی کورتردا.
2- هەرچی دێموکراتەکانن پێیان وایە نابێ سزادانی ولاتان ببێتە هۆی برسی کردنی گەلەکانیان چونکە گەلی برسی بەدوای ئازادی و ژیانی خۆشدا ناگەرێ، بەڵکو وێڵی دوای نان دەبێ بۆ بژێوی بۆیە پێویستە نەرمتر بین لەگەل ئەو وڵاتانە بۆ ئەوەی گەلەکانیان نەفەسێکیان بەبەردا بێتەوە بە هۆی تێکەڵبونی زیاتر لەگەل جیهانی دەرەوە کە گۆرانکاریەکان دەبینن و لە حکومەتی وڵاتەکانیان قبول ناکەن و دەبێتە هۆی سەرهەلدانی شۆرشێکی مەدەنی و گۆرانکاری کاتێکی زیاتریش بخایەنێ کێشە نیە.
سەرەتا ئەم سیاستەشیان بەرامبەر چین هەبوو تا ئەو دواییان پێیان وابوو گەر لەگەل خەلکی چین کراوەتر بن ئەوا دژی حوکمە تاکرەویەکەیان دەوەستنەوە.
گەر باسی ئێران کەین دەتوانین بڵێین لە هەردوو باردا و هەردوو حیزب چاویان لە ناوخۆی ولاتەکەیە بۆ گۆرانکاری بۆیە ئەوەی جالیە و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ئاواتی بۆ دەخوازی کە یەکێک لە پارتەکانی ئەمریکا گۆرانکاریان بۆ بێنێتە کایەوە خەیالێکە و هیچی تر.
ئەمە بۆ کوردی باشوریش راستە؛ هەتا گەل هێزی گۆڕانکاری خۆی نەنوێنێ و توانای ئەوە دەرنەخا کە خۆی سیستمی حوکمرانی خۆی دەگۆڕێ وە چاوەرێ بوون کە کۆماری یان دیموکراتەکان ئەوەت بۆ بکەن بێ هوردەیە، هەرکاتێ ئەوە رویداو و ئۆپۆزسیۆنێکی راستەقینە یان کەسایەتی جدی هاتە کایەوە ئەو کات گرینگ نیە کێ لە دەسەلاتە (کۆماری یان دیموکرات بایدن یاخود ترەمپ) بە دڵنیایەوە پشتگیری ئەمریکا بەدەست دەهێنێ.

بۆ ئەم باسە سودم لەم سەرچاوانە بینوە:
کتێبی/ ‏The CIA insider’s guide to the iran crisis, from the CIA Coup to the brink of war
https://www.washingtonpost.com/wp-srv
https://www.latimes.com/archives
https://warontherocks.com/
https://foreignpolicy.com//
https://www.washingtonpost.com/

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت