نەبەز جەلال: مانگە شەوی عێراق سەر لە بەری دیارە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

باشی سیاسەتی بەناو سیاسیەکانی ئەم عێراق و عێراقییە سەر لێشێواوانە لەوەدایە کە ھەمیشە پولی دەستی دۆمینە گیراوەکەی سیاسەتیان ئاشکرایەو ناتوانن و ناشزانن یەک تۆزقاڵ چییە دەستەکەیان لە خەڵک بشارنەوە و بپارێزن، چونکە بێئاگایی و نەزانی ئەو داماوانە لە سیاسەت و تێگەیشتنیان وەک گەمەی دۆمینە وایەو تەنھا ژمارەی خاڵ و پولەکانی دەستیان لە بەرامبەر یەکگیردەکەن و ھەنگاوی بێ خواستی خۆیان دەلکێنن بەیەکەوە!.
ئاخر خۆ سیاسەتكردن لەم ناوچەیە ھەر وەک ساڵە كۆنەكانی سیاسەتەو ھیچ نەچۆتە پێشەوەو ھەر وەستاوە! بۆیە ھەتا ئێستاش ھەر جوڵەیەک پێش ئەوەی خۆیان باسی بکەن و بۆی بجوڵێن، ھێزە ئەقلیمییەکانی دەورووبەر بەجۆرێک لە جۆرەکان بۆ خەڵکەکەی ڕوون و بەیان دەکەن و پێیان دەڵێن کە ئەوانن نەک ئەمانی بێدەسەڵاتی نوێنەریان.!
دانانی مەرج لەسەر پۆست و ناوی کەس و جوڵەی ھێز و دابەشکردنی جوگرافیای شەڕگەکان و دروستکردنی باڵانسی ھێزو پڕ چەککردنی حەشدی شەعبی و ھانابردن و بە پیرەوە چوونی قاسم سلێمانی لە عێراق و کوشتنی لە پایتەخدا و چەندین جۆری بازرگانی و بەرژەوەندی ناوچەیی و داھاتی و… ھتد.ـ
بەڵگەی بوونی ئەو دەسەڵاتە دەرەکیەن لە عێراق و ناوچەکەدا.
ئەمانیش ئەوەندە بەوەفاو دڵسۆزن.! ناوێرن بە موو لێی لابەن و نوکە نقەیەکی ناڕەزایش بەرامبەر ئەو بێنرخیکردن ڕوو ھەڵماڵینەیان دەرببڕن!
ھێزە گەورەکانی دەرەوە و ناوچەکە سەری خەڵکی عێراقیان بە تونێلێکی تاریک و پرۆسەیەکی ھەڵبژاردنی« گوماناویی و کەسیش قسەنەکات »دا برد و تێپەڕاند.!
سەرەتای کارکردن و پلانی پێشوەختەی زلھێزەکان بۆ نەھێشتنی ئومێدی دەنگدەران و دورخستنەوەی دەنگە بزۆک و بزێوەکانیش مەبەستێکی دیاریکرابوو، ئەنجامیشیان کۆکردنەوەی ھێزە بەناو پوخت و سافەکەی خۆیان بوو بۆ، تەواکردنی پرۆسەی بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی ئەرکە تەواونەکراوەکانی مەرامی خۆیان بەدەستە شاراوەو سێبەرەکانیان لە ناوەوەو دەرەوەی خاکی عێراق و کارکردنیان بەو نوێنەرە ھاوبەش و سیاسیانەی لە ھەر سێ بەش و پێکھاتەکەی گەل و خاکی عێراقدا مەبەست بوو!.
ئێستا دەیانەوێ دوای تەواوبوونی سیناریۆی ھەڵبژاردن، پرۆسە کە بەردەوامبێ و ھەر سێ براوەکەی شیعەو کورد و سونە، بەناوی ئەرک و بەرپرسیارێتی براوەی سندوقەکانی دەنگدان، بکەنە سەرە ڕمی پارسەنگی ھێزو ململانێ زۆر و درێژەکەی ساڵانی ڕابوردووی شەڕو پەرتەوازەیی و ئاژاوە گێڕی خاکی عێراق و گرنگی بدەنە دەسەڵاتە سەپاوەکەی ئێستا و، ھەنگاوە درێژکراوەکانی داھاتووی پێبسپێرن.کە تێیدا قوربانییەکان خەڵکەکەی بۆ گرنگ نەبێ و بیر لە بەردەوامی جێکردنەوە و تۆکمەیی خۆی بکاتەوەو فێڵ بە دوای فێڵدا دۆخەکە تێیدەپەڕێنێ و ئازاری ئەو خەڵکەش نەبیستێ!.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ھەموو دنیا دەزانێت دەنگی دەنگدەرانی ئەمجارە پڕبوون لە وەڵامی نەرێنی خەڵک و بەدەنگێکی بەرز، زۆرینەی میلەت ھاواریکرد کە ئیتر نایەوێ لە ژیانی ڕابوردوی خۆیدا بە وجۆرە لە ژێردەستەیی و نادادی و نەشیاوی ژیاندا بمێنێتەوە!.
بەم جۆرە لە ترۆپکی سیاسی ئێستادا بە ڕوونی دەردەکەوێ کە عێراق بۆتە شوێنێک بۆ پێکەوە نەژیان و ڕێگە ئاراستەی دوورکەوتنەوەو دابڕان لەیەکترو، ئیتر ھیچ مەزھەب و ھێزێک ناتوانێ لەگەڵ ئەوی تردا بە بێ مەرج بژی!.
خوێن و زوڵم و برین و ئازارەکانیان سەبوری و تەسکینی پێکەوەییان بۆ ناھێنێ و ناتوانن ئەمە شۆڕەکەنەوە بۆ ناو خەڵک، خەڵکیش چاوەڕوانی جوڵە وەڵامە لە دەسەڵاتی ڕەوای گەل، نەک لەو دەسەڵاتەی ئێستا بە نایاسایی و سێبەر دەچێتەوە سەر کورسی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن، حکومەت دروست بێت یان نا خەڵک ھیچ جۆرە چاوێکی باش و ئومێدی لەسەری نییەوە ئاراستەی داواکارییەکانی خۆی ناگۆڕێ و عێراق دەبێتەوە شوێن شەڕو ململانێ و لابردنی ھێزە سەپاوەکان و دوورخستنەوەیان دەبێتە چارەسەر.
لەم جوڵەیەشدا گەر کورد یەکگرتوو یەک ھێز نەبێ و خۆی لە پەرتەوازەیی بەدوور نەگرێ و وەک ئێستا ھەر بەو جۆرە ناجۆر و نالەبارییە شیرو تیر لەیەک بسوێ و بەردەوامبێ و دەست لە ملھوڕی حیزبی و سیاسی خۆی ھەڵنەگرێ، بە دڵنیایی وەک ڕابوردوو دەبێتەوە خۆراکی دوژمنان و ماڵ وێرانی ناوخۆیی و دەرەکیش دەبێتەوە چارەنوسی.
لە کۆتایی ئەم ھەڵوەشاندنەوەو دابەشبوونەی عێراقیشدا دەبێت بە ناچاری و مەجبوری خۆی بکاتە داردەستی یەکێک لە ھام نشین و ھاوسنورەکانی خۆی و، ژێر چەپۆکی زەلیلی و سەرکوتکردن بۆ خۆی ھەڵبژێرێ و بە بینینە بچوککراوەییەکانی بەرامبەرمان ڕازیببێ.
کەبەداخەوە ئەوسا تەنھا ناوەکەی لە شیمالی حەبیبی عێراقەوە دەبێتە شوێن ژێر چەپۆک و بندەست و گوێ لە مشتی دەستی دەسەڵاتەکانی خاکی تورکیا یان ئێران یان ئەگەری دروست بوونی شوێنێکی تر؛ ئەوکات قۆناغەکانی ژیانیشمان وەک گەمەی مارو پەیژەکە بە ھەڵدانی زاری بەدبەختی و نەزانی دێتەوە خوارەوەو، دەبێت ھەموو بە دەستپێکی دروشمێکی سەرەتایی نوێ دەسپێبکەین و سرودێکی تر بۆ ئازادی و ئازاری قوربانییەکانی میلەت بڵێین و ڕێی تولەڕێگایەکی تری پڕ خەباتی چەندە سەخت و دوور بێی شکست و بێ کۆتایی بەناوی کوردەوە بدەین بە گوێی دونیاداو ئەوانیش لێمان نەبێستن و بە بزەشەوە پێمانبڵێن ڕۆژێکی نوێی ژیانی پڕ نەزانینتان باش!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت