نەبەز جەلال: ساڵ.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەیرە ساڵەکانی ئێمە، وەک ساڵەکانی ئەم سەر زەمینە نەرم و ئاسایی و خۆش ڕەو نییە، هێندەی بە چیرۆکە نامۆ بووەکانەوە بەستراوە نیو هێندە بە ڕیزبەندی ژمارەکانی هەڵکشان و بڕینی سەرکەوتنەکانی بوونمانەوە نەبەستراوە!.
ساڵی ئێرە بە کۆمەڵە ساڵێکی دەستکردو، هاوشێوە لێکچودا تێدەپەڕێ! ژمارەکانی وەک ژمارە بە چەپکی پێکەوە نەهامەتی و، گرژییەکانی ژیانکردن دەناسین و بە ناوی ساڵەکانی شکست و ئازارو ڕاوەدوونان و کوشتارو برسیکردن و… شت گەلێکی لەو جۆرە ناو زەد دەکەین! نەک ساڵی تێپەڕین هەڵکشانی ژمارەو خۆش بەڕێکردنی ساتەکان.
تیاژیانی هەندێک ساڵی لێکچوی چەند بارەبووەوەمان هەیە لە ڕووی شێوەو شوێنی جیاوازەوە، هاوشێوەو هاوتەریبی یەک ئازارو ناخۆشی دووبارەن!
بۆمان نەبونە کەرەستەی ئەزموونی بەرهەمێکی گەشەسەندووی مێژووی ڕێ نیشاندەر، لە بازنەی بێ ئەزموونیدا گیر کەوتوون؛ بۆ دەیان و سەتان ساڵی تێپەڕیوو لە هەنگاوەکانی ڕابوردوومان دەگەڕێینەوەو وڕکی بوون و نا کامڵی لە تێگەیشتن و نوێ بوونەوە دەگرین!.
لێرە ساڵ کاردانەوەو خولانەوەی نەفەسێکی کۆنی خوێنڕشتن و پیشخواردووی سینە خەستەی دەست چڵێس و، چاوچنۆکی دروستکراوو، چەندبارەی یەک ئاهە وەرزی ژیانەوە و یەک مانگە ئومێدی ئازادی و، چەند کاژێرێکی کورتی پڕ حەسرەتی بە ئازارە!.
لەگەڵ ژیانکردنی خەڵکە سەخت و تەمەن نەبڕاوەکانی هاونشینی خۆیدا ڕاهاتووەو لێی نابێتەوە. بە هێمنی ئاڵۆزی بەرکەوتنەکانی ساڵانی تێپەڕیوی خۆیمان بۆ نۆژەن دەکاتەوەو، دەمانباتەوە بۆ هەمان ڕێچکە ڕێگای ئازارو برینی کوچە تەنگە تێپەڕیوەکەی بە نەزۆکی ئاشنای بووین و، بە هەمان چەخماخەی چەرخە نەگۆڕە کۆنەکە؛ رووناکی ساڵمان بۆ دادەگیرسێنێ و ڕێگا سواو تاریکەکەی بەردەممان بە ناوی ساڵی نوێ وە بۆ ڕۆشن دەکاتەوەو، ئێمەش بە کوتو کوێری ئومێدی نوێ بوونەوە خامۆشی دەکەین!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت