ھوشیار ئەحمەدی: بە بۆنەی 23 هەمین ساڵی گیرانی بەڕێز” ئۆجالان ـەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جارێ ھاوڕێیەکمان لە سێمینارێکا وتبووی: PKK تیرۆریستە.!
ساڵی 2006 پێشمەرگەی حیزبی دیمۆکرات بووم کە لە پەزیرش بانگھێشتی سێمینارێ لە سەر بابەتی”تیرۆریزم” کرابووم. زیاتر لە کاتژمێرێ لە سەر تیرۆریزم و رەھەندە جۆراوجۆرەکانی لە روانگەی حیزبی دیمۆکراتەوە بە نمونە و دیکیۆمێنتەوە قسەم کرد.
گەییشتە نۆبەی بەشداربووانەوە کە پرسیار، بۆچوون، تێبینی و رەخنەکانیان بخەنەڕوو. یەکێ لە ھاوڕێیانی بەشدار بە ھەندێ تووڕەییەوە وتی: مامۆستا من رەخنەیەکم ھەیە و ھەڵبەت ئەوە تەنیا رەخنەی منیش نیە. ئەگەر جوابێکی قەناعەت پێ ھێنەر وەرنەگرین، ناڕۆینە فێرگە و ھەر لێرەوە حیزبی دیمۆکرات بەجێ دەھێڵین!
وتم فەرموو کاکە، جارێ پرسیارەکەت بکە، ئەگەر وەڵامەکەی لە دەسەڵاتی منیشا نەبوو، داوا و قسەکەتان بە ئەمانەتەوە بە شوێنی پێوەندیدار رائەگەیێنم و سروشتی حیزبی دیمۆکراتیش ئەوەیە، بەپێی توانا ھیچ پرسیارێ بێ وەڵام ناھێڵێتەوە.
وتی: چەند رۆژ پێش، مامۆستایەکی دیکە لێرە بوو[ناوەکەی ھێنا] ولە روانگەی حیزبی دیمۆکراتەوە PKKی بە گروپێکی تیرۆریستی ناوبرد. ئێمە رەخنەمان لێ گرت و تووڕە بووین، بەڵام ئەو وتی: ئەوە سیاسەتی حیزبەوە تەواو!
من سەرەتا داوام کرد کە ھێور ببنەوە و پاشان بە پێکەنینەوە وتم: ئەو ھاوڕێیە ھەڵەی کردووە و تەنیا ناشارەزایانە رای خۆی دەربڕیوە، چونکی دڵنیاتان ئەکەمەوە ئێمە وەک حیزبی دیمۆکرات نە بە PKK و نە بە ھیچ ھێزێکی دیکەی کوردی ناێژین تیرۆریست. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە سیاسەتەکانی PKK لە روانگەی ئێمە و زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانەوە رەخنەی زۆری لەسەرە.
پاشان ئەو ھاوڕێیەم ئاگادار کردەوە کە تۆ چۆن رۆیشتووی و قسەی وات بە ناوی حیزبەوە کردووە؟! ھاوڕێ بە جێی راستکردنەوەی ھەڵەکەی رۆیشتبوو و منی وەک عامیلی نفوزیی پەکەکە ناساندبوو و وتبووی خەریکە لۆبیگەرییان بۆ ئەکا!
منیش لە لایەن چەند بەرپرسێ نابەرپرسیارەوە بانگ کرام و دیتم بەجیدی خەریکن ئاوەکە لێڵ ئەکەن. ھەڵبەت ھەستم کردبوو کە جەماعەتێ خەریکن PKK و حیزبی دیمۆکرات لێک بکەنە دوژمن و قازانجەکەشی بۆ ئەوان چی بوو، منیش بە روونی نەمزانی! بەڵام من لەوان تووڕە بووم و وتم دڵنیام کە حیزبی دیمۆکرات، PKKی پێ تیرۆریست نیە. بۆ ئەو مەبەستەش کاتێکم وەرگرت و رۆیشتمە سەردانی بەڕێز کاک”مستەفا ھیجری” و پرسیم حەز ئەکەم بەڕوونی بزانم ئێمە PKKەمان پێ تیرۆریستە؟
کاک مستەفا بە ڕاشکاوی وتی: نەخێر، کێ شتی وای وتووە؟! منیش بابەتەکەم لەگەڵ باسکرد. دیسانەوە جەختی کردەوە و وتی: ئێمە ھیچ ھێزێکی کوردی و لەوانەش PKKەمان پێ تیرۆریست نیە و بە پێچەوانەوە بە ھێزی شۆڕشگێڕ و خەباتکاری کوردییان ئەزانین، بەڵام رەخنەی زۆرمان لە سیاسەتەکانی بەتایبەت دەستوەردان لە کاروباری پارچەکانی دیکەی کوردستان ھەیە و بەڵێنیشی دا کە لەو بابەتە بکۆڵێتەوە. ھەقیش بێژم، بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کردبوو و پاشان کە لەگەڵ ئەو ھاوڕێیانە باسم کردەوە، خۆیان لێ ئەدزیەوە و خواخوایان بوو باسی نەکرێتەوە.
ئەمەش وانەیەک بوو بۆ من لە ھەست بە بەرپرسیاریەتی کردنی حیزبی دیمۆکرات لە پێوەندی لەگەڵ ھێڵە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان لە سیاسەتەکانیدا.

تێبینی: لە پەراوێزی هەندێ دەربڕینی نابەرپرسانەی کۆمەڵێ کۆمێنت نووسی حیزبی دا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە ئۆجالان و پەکەکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت