هوشیار ئەحمەدی: فەلسفەی نەورۆز قووڵترە لە ساڵ نوێکردنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وشەی نەورۆز لە کولتووری کەوناری کوردەوارییا بە بەرینی و قووڵی باس لە نوێبوونەوەیەکی گشت لایەنە ئەکا. وەلێم لێرە پرسیار ئەوەسە، ئاخۆ ئەو نوێبوونەوە چە شتگەلێ ئەکرێتەوە؟
دڵنیام تەنیا نوێکردنەوەی ساڵ و ڕۆژی ڕواڵەتی نیە، تەنیا ماڵ خاوێنکردنەوە و جلوبەرگی جوان سەندن و پۆشین و کەواو کردن، ۆشت برژاندن و خوەش خواردن و نۆشان و تەپو دووکەڵ و ئاگر کردنەوە و مەشخەڵ داگرساندن و هەڵپەڕین و عیو، عیو و قریوە و قریو و ڕەشبەڵەکیش نیە. ئەمانە هەر کام بەشێکن لە فەلسفەی نەورۆز و ئەیڕازێننەوە.

ئەی ئاخۆ نەورۆز چە شتگەلێتر ئەگرێتەخۆی؟
هەرکام لە هێماکانی نەورۆز، پەیامێ قووڵ و شاراوەیان هەس. ئەو پەیامگەلە چەنێکیان ها لە بەرچاوەو، چەن ئەونەیان شاراوس. وەک دارێ، گوڵێ، بنچکێ ڕیشەیان هەس، ڕیشەکە بنج و بنەڕەت پەیامەکەس.
ماڵ خاوێن کردنەوە تەنیا بەس نیە، پێویستە پێش لە ماڵی ژینگە، ماڵی دەروون خاوێن بکەینەوە. جلوبەرگ کۆن لاوردن و هین نوێ لەبەرکردن وەختارێ مانا ئەدا، توانیوێتمان جلوبەرگی کۆنی ئەقڵی، بیرکردنەوە، خەیاڵ، خورافەمان فڕێ داوێ و بەرگێکی پاک و پوختە و نوێمان کردوێتە بەر ئەقڵ و بیرکردنەوەمانا. ئەم خاڵەیان هەموو بوارەکانی بیرکردنەوە و ژیان و کردار و ڕوانین و وتنمان ئەگرێتەوە.
خۆق خواردن تەنیا لە خۆراکی زگا کورت نابێتەوە، بەڵکوو خۆراکی ئەقڵ و بیریش ئەگرێتەو، زانین، خوێندنەوە، بەدەستهێنانی زانیاری زیاتر، بەکارهێنانیان بۆ پێشخستن و پێشکەوتنی زیاتر، بۆ خزمەت خۆمان و مرۆڤایەتی.
ئاگر کردنەوە و مەشخەڵ داگیرساندن بە واتای حەقیقی و مەجازییەکەی. واتە گەرم و ڕووناک دەهێنانی ماڵی دروون و ژینگەمان. ئاگر لە ژینگە و ژیانی کەوناری کوردا دەورێکی باڵای ژینبایی هەس، بۆیەش یەک لە ڕەگە بنچینەییەکانی بۆنەی نەورۆزی کوردییە.
هەڵپەڕین و قیل و قریویش لە ناو کوردا زیاتر بۆ سەرکەوتن بووە یان بۆ دەستکەوتن. بۆ وێنە دووری بۆ نەچین، وەختارێ هێزێ پێشمەرگە لە هەڵمەت و بەرەنگارییەکا بە سەر دوژمنەکەیا سەرئەکەفت، تەنانەت بە بوونی شەهید و برینداریش، هەمیسان هەر هەڵپەڕکێیەکیان بە مانای شادیی سەرکەوتن ڕێکئەخست. واتە هەڵپەڕکێیەکەمان جیاوازە لە ڕەقس و سەمای فارس و عەرەب و تورک. ئەڵقەی هەڵپەڕکێ بە دەوری ئاگری نەورۆزا لەکوێ و ڕەقس و سەما و خۆبادان لەکوێ!
نەورۆزی کوردەواری لە نەورۆزی هیچ نەتەوە و گەلێتر ناچی، وەک چۆن ژینگە و داب و کولتوورە ڕیشەدارەکانیشمان تایبەت بە خۆمانن. بۆیە دەستنیشانکردنی ڕێوشوێنی نەورۆزی لە لایەن داگیرکەری فارسەوە، جۆرێکە لە بێڕێزی، جۆرێکە لە داگیرکاریی فراوانتری کولتووری و هزری. ملڕاکێشان بۆ ئەو چەشنە ویستانەی داگیرکەر، بەواتای پێشاوزی کردنە لە تواندنەوە و سڕینەوەی کولتووری باب و باپیرانمان، ئەوەش یەکسانە بە نەمان و سڕینەوە و لەناوچوونی نەتەوەکەمان.
تکایە نەورۆزی کوردەواریش وەک بەشێ لە بڕبڕەی پشتی نەتەوە و نیشتیمانەکەمان بپارێزن.
نەورۆزتان پیرۆز بێ. بە هیوای بەختەوەری، سەربەستی و شادیی هەموولایەک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت