فەرەیدون کونجرینی: تـاپـۆ ڕەشـەکـە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تاپۆی ڕەش” جۆرە قەباڵەیەکی دەوڵەتییە دەدرێ بەکەسێك و دەبێتە خاوەنی موڵک و زەویی کەپێشتر هی ئەو نەبووە” سەرکردایەتی کوردی باشور ئەم باسەیان بەجۆرێك لێکردوە کە پێش ڕیفراندۆم خاکی هەرێمی کوردستان هی کورد نەبوەو بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تاپۆی بۆکراوەو بۆتە موڵکی کورد.
جار جارە کە دەکەونە تەنگەژەو تەزیقیەوە؛ بە لاساری و گرژیەکی پڕ شەپۆکاوییەوە باسی تاپۆ ڕەشەکە دێننەوە بەرباس و دەڵێن: لە گیرفانماندایە! ڕیفراندۆمیان بە ئاشکراو کردار ئەنجامدا, بەڵام ئەم پڕۆسەیان بچوکیان کردۆتەوە بۆ خەیاڵ و هیواخواستن” چەندیین جار ئەندامانی سەرکردایەتییان ئەوەیان گوتوە کە ڕیفراندۆن خەونێکەو دێتە دی!؟ ئایە ئەمە گوتەی سیاسی واقعبینە کەبە خەون و خەیاڵەکانی ئایندەی گەل سەرخا.
باسکردن و بەڕوودادانی ئەو هەڵگرتن و لەگیرفانی تاپۆ ڕەشەی ناویدەبەن بۆ پیشاندانی چەکی هێز و دژە بەرەنگاربونەوەی ڕۆژی پێویستی خۆیان دەزانن هەرچەند داوای ئەنجامدانی هەموو ئەو پێشبینیانەی دەیانکرد پێچەوانە بوەوە، لەم وەرزەدا باسکردن و چونەوە بەو مێژووە هەڵەدا کەنەدبوو بێ ڕای کۆنگرەی نەتەوەیی ئەنجامدرایە زیانی گەورەترو مەترسیدارتر دەخاتە دۆخی ئێستای دۆزی کوردی باشور.!
چیرۆکی پیاوێکی چوار شانەی بەویقارو، هەیکەل گەورەی بەناو خانی خانانی نێو دیوەخانان دەگێڕنەوە کە هەمیشە پاک پۆش و ساف سیما و دڵ نەرم و بە بەزەیی بووە بۆ داواکاری مەجلیس و چواردەوروبەر. بەڕێکەوت لەکاتی جۆینکردنێکی کوتوپڕدا، بەهەڵە دەستیان بەر خەنجەرە مشت نەرم و نوک بڕەکەی دەکەوێ کە چەپەک لاگێڕ بە کەمەرە ئەستورەکەیەوە وەک پیشاندانی هێز و شەهامەت هەڵیگرتبوو!.. دیوەخان دۆستی میوان بە سەر سوڕمانەوە پێی دەڵێت: ئەمە چییە و بۆ پێتەو وا لەویا داتناوە؟!.
ئەویش دەڵێت: چۆن وا دەڵێیت ئەوە بۆ تەنگانەو لێ قەومانە ئەی ئەگەر پیاو کەوتە ڕۆژی ڕەشەوەو پێویستی بوو چیبکات؟ خۆ دوو شتی وا نەبێت ڕزگارمان نابێ.!
کابراش دیارە زۆر چەتوون سەرەڕۆ دەبێ و پێی دەڵێت: جا لەمڕۆ ڕۆژی ڕەشتر دەبینی!؟. جا ئەم چیرۆکە لە هەمان چیرۆکی تاپۆ ڕەشەکەی نێو دیوەخانە سەر سواوەکەی باشوور دەچێت!.
با واز لەم ناوەرۆکە ئیحراجەش بێنین و بێینە سەر دیوە ڕووکەشەکەی و بپرسین” ئەم تاپۆ ڕەشە چییەو چۆنە؟.
لە ڕاستیدا چونکە پرۆژەکە تورکییە ئێوە تا ئێستاش بە ناوی تاپۆی تورکییەوە ناوی تاپۆکەتان بە ڕەشی عوسمانلی یەوە بەستۆتەوە و نەتانکردووە بە کوردی! گریمان سەرکەوتوون، تاپۆ ڕەشەکە کاری کرد و، کورد بووە خاوەنی یەک تاپۆی تورکی.
ئایا زۆرینەی خەڵکی هەرێمتان لەگەڵە، ئایا هاوڵاتی باکور و ڕۆژئاواتان لەگەڵە؟ ئایا دەتانەوێ شتێک بکەن و بمێنێتەوە یان ناوێک بڵێن و بهێنن و ڕاکەن.
ئێوە توانای ئیدارەدانی شارێکتان بە باشی نییە و خەڵک بەگشتی تف و نەعلەتتان دەکات، پێم ناڵێن باسی تاپۆی ڕەش و قاوەیی چی دەکەن. جگە لە قبوڵکردنی ملکەچی کەس بە کڵاوی ئێوە ناپێوێ، کەچی هەر لە دەمی پڕ قەفی هەراو هۆریاش ناکەوون. ئاخر میللەت لێتان ڕائەکات و ئیهانەتان ئەکات، ئێوە هەر خەریکی قەرسیل خواردنن و سەر هەڵنابڕن تا پشتێنەکەتان وەک کابرای خەنجەر لێ ئەکەوێتە خوارێ و هیچ بەسەر خۆتاندا ناهێنن و میلەتیش ڕوو شکێن دەکەن!.

تێبینی”
ئەم تانە و توانجە توندە ” سەرکۆنەی هەموو ئەوانە دەکا باس لە ڕیفراندۆم دەکەن و شانازی پێوەدەکەن” بەتایبەت هەموو ئەوانەی بونەتە خراپی دۆخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناویین و پەیوەندیە دیبلۆماسیەکانیان پێ پچڕاند.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت